لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گۆڕانکاری ڕیشەیی دەبینین. بەردەوامی شەڕ و نەبوونی خواستی دەوڵەتانی هەرێمەکە بۆ چارەسەری سیاسی و دیموکراتیک بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەریەکانی قەیران و کاولکاریهكان تا دەچێت زیاتر دەبێت. هێزە هێژمون گەراکانی جیهان بۆ بەدەست هێنانی بەشێکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، دەست بۆ هەر کارێک دەبەن. دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکەش هاوشانی سیاسەتی دەسەڵاتخوازانی جیهانی، لە ڕەوشێکی پاراستن یان پاسیڤ بووندا هەندێ جار بەدوای بەش و هەندێ جاریش دەیانەوێ پێگەو هەبوونی خۆیان بپارێزن. ئەوان بەهۆی نەپەرژانە سەر هۆکارەکانی هەبوونی هێزە هێژمۆنیکە جیهانیەکان لە ناوچەکەدا و نەناسینی بنچینەی بیانووەکانی ئەم هێزە دەستێوەردەرانە، هەموو توانای خۆیان بۆ شەڕ لەناو ماڵی خۆیان تەرخان کرد. هەرچەندە هەندێ جار خۆشحاڵن لەوەی کە لەدەرەوەی سنورەکانی خۆیان لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی تر سەرقاڵی ئەم شەڕەن؛ بەڵام دەبێ باش ئەوە بزانن کە ئەم سنورانە زادەی تێڕوانینی هێژمۆن گەرایانی سەدەی ڕابردوون کە بەپێی بەرژەوەندیەکانی ئەوان کێشراون. پێویستە هەموو هێزە هەرێمیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەباشی ئەوە بزانن کە بەبێ تێگەیشتن لە تەواوی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕوو لە دیموکراسی کردن، ناتوانن هەبوونی سیاسی و کەلتوری خۆیان بپارێزن. ڕەوشی عیراق، سوریا، لیبیاو ئەفغانستان بەباشی ئەم ڕاستیە دەسەلمێنن.
ئێران، جیۆگرافیای سیاسی-نیشتمانی نەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە خاوەن فرە ناسنامەو ڕەنگ، لەم دۆخ و هەلومەرجە هەڵئاوساوەدا پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوەو و نوێ بوونەوە لە پێکهاتەی سیاسی خۆیدا هەیە. پێویستی گۆڕانکاری زیهنی و سیاسی لە ناوخۆی ئێران زیاتر لەهەر کاتێ هەستی پێ دەکرێت. بە پێچەوانەوە لەم بارودۆخە قەیراناویەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، شایەتی لێکترازان و ڕوو بەڕووبوونەوەی زیاتری نێوان دەسەڵات و چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی تری ئێران دەبین. ڕاستیەکە ئەوەیە کە ڕۆژهەلاتی ناوین ناتوانێ بۆ هاوسەنگیە سیاسیەکانی ڕابردوو بگەڕێتەوەو کەوتۆتە سەر ڕێڕەوی گۆڕانکاری -جا چ بە دەستێوەردانی دەرەکی بێت چ لەڕێگای گۆڕانکاری دیموکراتیکی ناوخۆیی-. هەموو وڵاتانی ناوچەکەو ئێرانیش ناچاری ئەم گۆڕانکاریەن. ئاشکرایە کە خواستی بنچینەیی هێزە دیموکراسی خوازەکان و گەلانی ئێران بۆ گۆڕانکاری گرتنە بەری ڕێگای شەڕو دەستێوەردانی هێزە جیهانیەکان نیە، بەڵکو لەڕێگای چارەسەری دیموکراتیک و کرانەوەی سیاسی ناوخۆییە. پژاک وەک پارتی پێشەنگ بۆ دیموکراتیزاسیۆنی ئێران و چارەسەری پرسی کورد، خاوەنی نەخشەڕێیەکی بەهێزە بۆ هەنگاو هەڵگرتن لە ڕێگای چارەسەری سیاسی کێشەکاندا. ئەو مۆدێلە دیموکراتیکەی کە ئیستا کوردان لەناوچەکەدا بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشەکانی خۆیان و گەلانی دراوسێ پێشکەشیان کردووە، وەک ئەزمونیکی بەنرخ بۆ گەلانی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار. هەرچەندە پژاک هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ڕێکاری دیموکراتیک و سیاسی چارەسەری پرسی کوردی وەک هەڵبژاردەیەکی گونجاو خستە بەردەم ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا هەنگاوێکی ئەرێنی لەم چوارچێوەیەدا لەلایەن ڕژێمەوە نەنراوە. لەئەگەری هەڵوێستەیەکی جدی بۆ چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کورد لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامیەوە، وڵاتی ئێران دەکەوێتە سەر ڕێگایەکی نوێ و ئەرێنی لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا. دواخستنی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، تەنها بە سوتاندنی دەرفەت بۆ دەوڵەتی ئێران تەواو دەبێت.
ئێستا لەهەموو کات زیاتر ڕوون بۆتەوە کە پێداگری لەسەر سیاسەتی سەرکوت و نەکرانەوە بەڕووی گۆڕانکاری دیموکراتیک کە سودی کۆمەڵگاو دەوڵەتی تێدایە، زەمینەی پێویست بۆ سیاسەتەکانی “پەرت کەو زاڵ بە”ی هێزەکانی ئیمپریالیزمی جیهانی دەستەبەر کردووە. بەم هۆیەوە سود وەرگرتن لە ڕێگاچارە ئاشتیخوازانەو دیموکراتیکەکان کە لەسەر دیالۆگ و تێگەیشتنی بەرامبەر دابڕێژرێت بە باشترین ستراتیژیکی چارەسەری پرسی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوینمان زانیوەو دەزانین. بەهەمان ئەندازە پێداگری لەسەر تێکۆشانی دیموکراتیک به میحوهرهتی گهل، بۆ گەلی کورد و هەموو کۆمەڵگای ئێران هەڵوێستێکی ژیانی دەبینین. تا ئێستاش ستراتیژێکمان لەچوارچێوەیەکدا بەناوی هێڵی سێهەم گرتۆتە بەرو بەردەوام دەبین. ئەم بابەتە لە پرنسیپ و پێوانە ئەخلاقی و سیاسیەکانی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردو بەتایبەت پژاکە. هەڵبژاردەی چارەسەری دیموکراتیک وەک بونیادنەرانەترین و کەم خەرجترین ڕێگا لە پێش دەسەڵاتی بەڕێوەبەر و لایەنەکانی تریش دەزانین. بەڵام لەئەگەری سەرنج نەدانی دەسەڵاتی ئێران بۆ ڕێگا چارەی بەم ڕەنگە، ناتوانرێ ئایندەیەکی باشتر لە سوریاو عیراق بۆ ئێران چاوەڕوان بکرێت. لەبەر ئەوە بەردەوامی سیاسەتە ناوەندگەراکان و پێداگری لەسەر چارەسەرنەکردنی پرسی گەلان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هەڵبژاردەی تێکۆشان و پێشخستنی گۆڕانکاری یەک لایەنەی شۆڕشگێڕی لەلایەن هێزە دیموکراتیکەکانەوە وەک تەنها ڕێگا چارە بگیرێتە بەر.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
٢٧ / ١ / ٢٠١٧