ڕێوار ئاودانان

تێپەڕاندنی مۆدێلی پواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین واتا دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا، بەبێ پەسەندکردن “بەفەرمی ناسینی پێگەی سیاسی کوردان” ناکرێت. دەوڵەتە ستەمکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پێویستە بگۆڕدرێن؛ ئەمە خواستی کوردان و هەموو گەلانی هەرێمەکەیە و تەنها بەڕێگای دیموکراسی دەتوانرێت بەدەست بهێرێت. جگە لە ڕۆژئاواو فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا، لەکام شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە شەڕ بەرۆکی پێ گرتووە ئاماژەیەک لە دیموکراسی دەبینرێت؟!

دان پێدانەنان بە ئیرادەی سیاسی کوردان کە داینەمۆی هەڵسوڕێنەری ئەم دیموکراسیە نوێیەن، هۆکاری پەرەگرتنی پانتایی شەڕو قەیرانەکانە. دەوڵەتانی ناوچەکە بەهۆکاری ئەوەی دوژمنایەتی لەگەڵ دیموکراسی دەکەن، بەرەو ژێر بوونەوەیەکی ترسناکیان دەستپێکردووە، بەشێوەیەک کە نە ئیمتیاز دان بە سیستمی جیهانی ڕزگاریان دەکات و نە بەشەڕهاتن لەگەڵی. زلهێزانی جیهانیش ئەوە دەزانن کە بەبێ مۆدێلێکی ناوچەیی گونجاو لەگەڵ ڕاستینەی هەرێمەکە، هەرچەندەش تێچووی زیاتر خەرج بکەن ناتوانن شێوازێکی نوێ بە ڕۆژهەڵاتی ناوین بدەن. نەبوونی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، هەمیشە مەترسیەکی بەهێزە بۆ تەواوی جیهان. لەڕاستیدا شەڕی مەزهەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرباز بووەو ئێستا بە شێوەی تیرۆریزمی دین گەرا هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە.

پێکهێنانی کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکانی وەکو ژنێڤ و ئاستانا بەبێ ئامادە بوونی نوێنەرایەتی ڕاستینی کورد (واتا نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوا، پارتی یەکێتی دیموکراتیک و ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک)، هیچ سودێکی بۆ ئامادەکارانی ئەم کۆبوونەوانە نیە. ئاستانایەک کە کوردان تێیدا ئامادە نین، چارەنوسێکی باشتر لە ژنێڤی نابێت. ڕوسیا لەدوای چەشتنی تامی سەرکەوتن لە حەڵەب، وێنەیەکی ئاسیایی دانیشتنی ژنێڤی لە ئاستانای کازاخستان لەبەرامبەر ئەوروپا-ئەمریکا نمایش کرد، نمایشی هێزێکی چێژ بەخش بۆ ڕوسیا کە تورکیا تێیدا ڕۆڵی بوکەڵەیەکی یاری پێکردن دەبینێت. هەبوونی ئەم دانیشتنانە، بەردەوامی داگیرکاریەکانی خاکی سوریاو عیراق لەلایەن تورکیاوە، ناتوانێ نیگەرانیە قوڵەکانی ئێران، عیراق و سوریا بڕەوێنێتەوە. تورکیا بە کردار ستارتی پارچەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لێداوەو فراوان خوازی ئەردۆغان شەڕی زیاتر لەناوچەکەدا بەرپا دەکات.

بەبێ بەشداری کردنی سیاسی گەلانی سوریا، ڕێکارێکی شکڵی دیپلۆماتیکی دەبێت. بابەتی “ڕادەستکردنی حەلەب لەلایەن تورکیاوە” هەرچەندە لەباری هاوسەنگی سیاسی و سەربازیەوە کاریگەری زۆری هەبوو، بەڵام بۆ شێوەپێدانی ژیۆپۆلەتیکی یەک لایەنەی سوریا لەلایەن ڕوسیاوە تێر کەر نیە. تا پێگەی سیاسی فەرمی و ڕەوایەتی کوردان لە سوریادا پێناسە نەکرێت، ئەم کێشانەی ئێستا چارەسەر ناکرێن. فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا مۆدێلێکی چارەسەریە کە بە بڵاو بوونەوەی بەهەموو سوریادا دەتوانێ ئەو وڵاتە بکاتە کۆمارێکی فیدرال و دیموکراتیک و لە شەڕو قەیرانەکانی ئێستا ڕزگاری بکات.

ئەگەرچی ئەردۆغان لەهەوڵی ئەوەدایە بە مانۆڕە دیپلۆماتیکیەکانی وا پیشان بدات کە تورکیا بەهێزە، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە تورکیا لە سوریادا کەوتۆتە سەر چۆک. ئێستا تورکیا نەک یاریکەرێکی سیاسی بەڵکو ئامرازو هۆکارێکی گەمەی سیاسیە کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بەدڵی خۆیان سودی لێ وەردەگرن. نمایشەکانی هاوشێوەی ئاستانا، نە تورکیای لە زەلکاو چەقیو ڕزگار دەکات و ئۆپۆزسیۆنی لەپشتەوە خەنجەر لێدراوی سوریا. هەروەها ناتوانێ سوریا بۆ کاتی پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا بگێڕێتەوە. لەبەر ئەوەی ماوەی دەوڵەتە ناوەندگەراکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەسەر چووە. ئەوەی کە ئێستا لە موسڵ و ڕەقا لە سەرەمەرگدایە، نە تەنها داعش بەڵکو خودی دەوڵەت-نەتەوە (یانی فاشیزم)-ە.

پێشخستنی مۆدێلی دیموکراسی لە چوارچێوەی یەک پارچەیی خاکی سوریا، تاکە هەڵبژاردەیەکی ژیرانەیە بۆ ئەم وڵاتە. سەرسەخت ترین دوژمنی ئەم مۆدێلە، ڕژێمی تورکیایە. هەربۆیە نهێنی سەرکەوتنی کوردان و گەلانی دیموکراسی خوازی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تێکشکاندنی فاشیزم لە تورکیایە. کوردان بە تێکشکاندنی ڕژێمی فاشیستی تورکیا، ڕێگای دیموکراسی و ئازادی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەکەنەوە. ڕژێمی ئەردۆغان، تورکیای هەڕاج کردووە تا پێش بە فەرمی بوون و بڵاوبوونەوەی مۆدێلی دیموکراتیکی کوردان لە ناوچەکەدا بگرێت، لەبەر ئەوە هەموو ئاماژەکان هەواڵی شەڕێکی دژوارتر لەگەڵ ڕژێمی تورکیامان پێ دەدەن. نابێ ئەوە لەبیر بکەین ئێرە ڕۆژهەڵای ناوینە: لەبەرامبەر سەرکوت و دیکتاتۆری، ئێستاش شەڕو بەرخۆدان قسەی یەکەم دەکەن!

کوردان لە مەیدانی سیاسەت و پاراستنی جەوهەریدا، هەموو دانوستانە چەپەڵەکان تێک دەدەن. پشت بەستن بەهێزی خۆی، بۆ شێوەگرتنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوینی دیموکراتیک و کوردستانێکی ئازادو کۆنفیدراڵ، بەسە.