هاوسەرۆکی پژاک سیامەند موعینی بە بۆنەی ٢ی ڕیبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، پەیامێکی ئاراستە کرد.
هاوسەرۆکی پژاک سەرەتا بیرەوەری ٢ی ڕێبەندانی لە هەموو گەلی کورد، سەرجەم خەباتکاران و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەم ڕۆژە بیرەوەرییەکی مێژوییە کە تا ئیمڕۆ لە کۆمەڵگای سیاسی کورد جێگای دیارە.
سیامەند موعینی لە درێژەدا باسی ئەوەی کرد کە کۆماری کوردستان ئەزمونێکی سیاسی کۆمەڵایەتی بوو کە وەک ئەستێرەیەک خۆی لە گۆڕەپانی تێکۆشانی کورد نواند و پەیامی ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی بۆ نەوەکانی دەگێڕێتەوە، ئێمە رۆڵی پێشەوا قازی موحەممەد وەک کەسی سەرەکی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەرز دەنرخێنین و وەسیەتەکانی بەرچاو دەگرین.
هاوسەرۆکی پژاک خاڵەکانی سەرەکی وەسیەتی پێشەوا قازی موحەممەدی بەم شێوەیە باس دەکات کە: خاڵی یەکەم یەکگرتویی و یەکڕیزی گەلی کوردە، خاڵی دوەم ئەوەیە کە کۆمەڵگای کورد نابێت باوەڕ بە هیچ داگیرکەرێک بکات، خاڵی سێهەم پێویستی کۆمەڵگا بە پەروەردە کردنی خۆیەتی بۆ ئەوەی کە مێژووی تاڵی کورد دووپات نەبێتەوە.
هەروەها هاوسەرۆکی پژاک جەختی کردەوە کە ئێمە هەوڵمان داوە کە چوارچێوەی پەیامەکەی پێشەوا قازی موحەممەد بە بنه‌ما بگرین و هەروەها هەوڵ دەدەین بە کرداری بکەین.
سیامەند موعینی داوا لە خەڵکی کورد و کۆمەڵگا دەکات کە بۆ بەدی هێنانی ئەو پەیامەی قازی موحەممەد تێ بکۆشن و خۆیان بۆ پێشەڕۆژێکی ڕووناک بە ڕێخستن بکەن و لەو دەرفەتە مێژوییە کە بۆ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگا و بەدی هێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان پێک هاتوە کەڵک وەر بگرن.
لە کۆتایی قسەکانی دا هاوسەرۆکی پژاک جارێکی تر ساڵرۆژی ٢ی ڕێبەندانی پیرۆز کرد و بەڵێنی دووپات کردەوە کە تا دوایی بۆ بەدی هێنانی ئەو ئامانجانە هەوڵ و تێکۆشان دەکەین.