شەپۆلی توند و تیژی و تیرۆر لەرۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت كوردستان لەپێناو چەوساندنەوەو سەركوت كردن و تۆقاندنی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلانی ناوچەكە و بە تایبەت گەلی كورد لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان لەپەرەسەندایە. ئەو شەپۆلە تیرۆرەی ناوچەكەی گرتووەتەوە مەترسییەكی جددییە بۆ سەرجەم هێزە ئازدیخوازەكانی جیهان و ناوچەكە. ئەو هێز و دەوڵەتانەی كە ئەمڕۆ پاڵپشتی تیرۆر و توندوتیژی لەناوچەكەدا دەكەن سام و ترسێكی مەزن یان لەتێكۆشانی رەوا و دیموكراتیكی گەلی كورد هەیە، تایبەت رۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و چالاكانی سیاسی، پێشمەرگە و گەریلا تێكۆشەرەكانی گەلی كورد كەوتوونەتە بەر ئامانجی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە.
شەوی سێشەممە رێكەوتی 20ی دسامبر هێرشێكی چەپەڵ كرایە سەر بارەگایەكی حزبی دیموكراتی كوردستان و بە دوو تەقینەوە پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان بوونە ئامانج و بەداخەوە 5 پێشمەرگەو دوو ئەندامی ئاسایش شەهید كران و ژمارەیەكیش بریندار بوون. ئێمە ئەو هێرشە تیرۆریستییە شەرمەزار دەكەین و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدانەو حزبی دیموكرات دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداربووەكان دەخوازین.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرجەم پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەقۆناخە جیاجیاكاندا بوونەتە ئامانجی كردەوە تیرۆریستەكانی رژێمی داگیركاری كۆماری ئیسلامی ئێران و بە رێگای تیرۆرەوە بەردەوام ئاستەنگی لەبەردەم تێكۆشانی رەوای گەلی كورد دروست كردووە. بۆیە ئەو هەوڵە تیرۆریستیانەیە شەرمەزار دەكەین و بۆ مایەپووچ كردنی ئەو تیرۆرانە بانگی بە بەهێزكردنی تێكۆشان و یەکێتی نەتەوەیی دەكەین.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)
22\12\2016