بەئەندازەی باڵای نیشتمانەکەی سەربەرزو خاوەن شانازی، لەم نیشتمانەدا چەند هاوڕێی ئەم خاکە هەن. چەند کەس بوونە وڵاتی خۆیان. بەئەندازەی واتای وڵاتیان مەزن دەبن و دەگەنە واتای حەقیقەت. بە ئەندازەی ئێش و ئازاری دایکیان فێری ژیان دەبن و هەنگاوە یەکەمینەکانیان دەنێن. کێ دەڵێ لەسەر سنگی ئەم خاکە سنور ماوە، کاتێ منداڵانی ئەم وڵاتە وەکو ڕوبارە مەستەکان و چیا سەرکەشەکان هەناسەی سنورە دەستکردەکان دەبڕن، کاتێ پێ لەودیو سنورە درۆینەکان دادەنێن و گاڵتەی پێدەکەن و تێپەڕی دەکەن. من ئەمڕۆ باسی لاوێکی دڵسۆز، عاشق، سادەو دڵ نزمی ئەم خاکە دەکەم کە چەندە لە خاکی دایک دەچوو. من باسی ئەو دەکەم بەڵام ئەوەندە لەوڵاتەکەی دەچێت کە مرۆڤ دڵی نایەت لەیەکیان دوور بخاتەوەو بەجیا باسیان بکات، لە ڕاستیدا تۆ دەڵیی یەکێکن. سیروان ئاریو لەیلاخ! هەر وەک چۆن لە نازناویدا راستی شاردبووەوە، هەر ئاواش لە ناو دڵمان هات و تێپەڕی. ڕووباری سیروان کە فراوانی سنگی هەورامانی لەت کردووەو کردوویە بە دوو هەورامان، دەڕوات، سنورەکان دەبەزێنێت تا دەگاتە دیجلە. هەڤاڵ سیروانیش کە من باسی ئەوتان بۆ دەکەم زۆر لە ڕووباری وڵاتەکەی دەچوو، خاوەنی دڵێکی گەورەی وەکو هەورامان و بەڵکو لەویش مەزنتر بوو، ئەویش سنورەکانی تێپەڕکرد و گەیشتە دیجلە، لەوێش وەڕێکەوت و گەیشتە ڕووباری هێزل، تا بە فورات گەیشت نەوەستا.

ئاریۆ بەرزەن، فەرماندەیەکی کوردی دژ بە ئەسکەندەر هەر لە سەر ئەو ڕێگایانە کە ئارەقی نێوچەوانی سیروان، خوێنێ پاکی سیروان هێشتاش لەسەری وشک نەبوەتەوە، دەڕۆیشت. ئاریۆ بە ٤٠ سوارەوە بەرەو جەنگی ئەسکەندەر دەڕوات و سنگی بەرامبەر سوپاکەی دەکاتە سیپەر. وە سیروانەکەمان چەندە لە ئاریۆ دەچوو، بەرامبەر ستەمکار و نەیارە هاوچەرخەکان سەری نەوی نەکرد. ساڵانێک لە ژێر ئەشکەنجەی ڕژێمی ئێراندا مایەوە و ئاخێکی نەکێشا! لە قەندیل و لە سەر رێبازی ئاریۆ بەرزەنەکان رێگەی نەدا سوپای رژێم خاکی پیرۆز پیس و گڵاو بکەن. دواین جاریش بووە ئاریۆ بەرزەنەکەی بۆتان و ڕێگای نەدا پۆستاڵی ستەمکاران پێ بنێتە سەر کەزی زینە عاشقەکانی جزیرەی بۆتان.

سیروان لەیلاخی بوو، لەیلاخ دەشتە زێڕینەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، پێی دەڵێن نیشتمانی بەستەڵەک و سارد، شنەبای فێنکی بەرەبەیانان لەیلاخ دەکاتە بەهەشتی سەر ڕووی زەوی، سیروان شەماڵی سپێدەی لەیلاخی لەناخیدا هەڵکێشابوو، بۆیە بە بێ وەستان، بەبێ دوودڵی ڕووی لە خۆر کردبوو. زامەکانی لەیلاخ بە قەدەر زامەکانی دایکی جەمیلە بوون کە هاواری بۆ هەموو کورستان کرد تا هەندیک بەفری بۆ ببەن و بیخاتە ژوور سەری کچەکەی. ئەو دڵەی ئاوی ساردی لەیلاخی خواردبۆوە، چۆن هاواری دایکی جەمیلەی لەبیر دەکرد، زامی دایە تایبەت و چەندان و چەندانی تریش. سیروان ڕێبواری حەقیقەتێکی نهێنی بوو، هەمیشە دەیوت ناچارین وەک نیشتیمانی خۆمان بین، ئەگەرنا ئێمەش دەبین بە بەشێک لە مێژووی نەفرین لێکراو. راستی فەرمووە دەبوایە وەک سیروان لێژ ببایەوە و سنورەکانی تێپەڕ بکردایە، دەبوایە وەک ئاریۆ بەرزەن ببوایە فەرماندەی پاراستنی بست بە بستی وڵاتەکەی. دەبوو ببێتە لەیلاخ و مەشخەڵی پیرۆزی لەگەڵ خۆی ببردایە دامێنەکانی جودی، دەبوایە وەک بەڵێنی خۆی بوایە، ئیدی سیروانێک لە بەستاش هەیە، ئیدی ئاریۆیەک لە گابار دەجەنگێت و ئیتر شنەبای دەشتی لەیلاخ لەناوسەری جودی، خۆزگەیەک وەدی دێنێت. ئیتر هەورامانێکی تر لە جزیرەی بۆتانە، ئیدی سیروانێک لە خاکی پیرۆزی باکور لە شیرینی خەوی دایە، بە بێ منەت، دیسان دەشتی لەیلاخ بەدووایین هەناسەی ئەو رازاوەتەوە، ئیدی ئەویش بۆتە ئێشکگرێک بۆ پاراستنی ڕۆژی پیرۆزمان، ئەویش بۆتە ئەڵقیەک لە چیرۆکەکانی قارەمانێتی چیاگەڕەکان، سیروان ئیدی بۆتە وڵاتێک…

گەلاوێژ ئەورین