پژار ئاودانان:

لەوانەیە کەس بیری لەوە نەکردبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای جدیەتی هەڵوێستی لە شکڵی، لە بێدەنگی هەواڵێک کە خۆی دروستی کردبوو، “سی وپێنجەمین پارێزگای خۆی” یان هەمان “سوریای ستراتیژیک” بفرۆشێت. ڕێک سێ مانگ لەمەوبەر بوو کە هەواڵی فرۆشتنی سی و پێنجەمین پارێزگای ئێران یان هەمان خوزستانی دووهەم ڕاگەیاندنەکانی پڕ کرد. بەڵام بێدەنگی واتاداری مێدیا حکومیەکان و خودی ئاغای مەهدی تائیب وەک ئافرێنەری ئەم دەستەواژەیە، بووە هۆی ئەوەی کە هاوکات کەلوپەل گواستنەوەی تورکیا بۆ ئەم پارێزگایە لەگەڵ بێدەنگیەکی ڕێژەیی لەناو میدیاکانی ئێراندا یەکانگیر بێت.

 

مەهدی تائیب سەرۆکی بڕیارگەی ناوەندی عەماری سوپای پاسدارانی ئێران لە جانیوەری ٢٠١٣ وەک خوزستانی دووهەم و پارێزگای ستراتیژیک باسی لە سوریا کردبوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆرێک ناوەندی بڕیارگەی عەمار گرێدراو و زۆر نزیک لە ماڵی ڕێبەر(بەیتی رێبەری) لە کۆماری ئیسلامیدا دەزانن. بڵاو بوونەوەی دەستەواژەی خوزستانی دووهەم بەشێوەیەکی فراوان لە مێدیاکاندا، بووە هۆی ئەوەی کە تەنانەت خودی مەهدی تائیب بگاتە ئەو باوەڕەی کە پەیوەندیەکانی ئێران و سوریا یەکێتیەکی ستراتیژیکە. بەڵام لەگەڵ هاتنە ناوەوەی ئەرتەشی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا دەرکەوت کە ئێران چۆناوچۆن پارێزگا ستراتیژیکەکانی دەپارێزێ.

 

ڕایەدارانی کۆماری ئیسلامی کە چەندین جار سەبارەت بە یەکێتی ستراتیژیکی دەسەڵاتی ئێستای سوریا لێدوانیان داوە، بەتەواوی سەلماندیان کە مەبەستی ئەوان لە وشەی ستراتیژیک، هەر هەمان وشەی تاکتیکی بووە، بەڵام بەگۆڕانکاریەک لە شێوەدا بۆ بازاڕی ناوخۆیی. لە پەیوەندی ستراتیژیکدا، دوو وڵات هەبوونی خۆیان دەکەنە گرەوی هەبوونی یەکتری بەڵام لە ٢٤ی ئۆگەست و لە ڕۆژی داگیرکردنی جەرابلوس لە باکوری سوریا لەلایەن ئەرتەشی تورکیاوە، دەرکەوت کە نە سوریاو نە ئەسەد شوێنێکی سترتیژیکیان بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەبووەو کۆماری ئیسلامی ئامادەیە کە لەسەر “پارێزگا ستراتیژیکەکانی” مامەڵە بکات. وا دێتە پێش چاو کە بەشار ئەسەد بێ ئاگا بێت لەم ڕوانگەیەی کۆماری ئیسلامی بەڵام ترس لە دەست بردن بۆ ئەو تابۆیانەی کە خودی کۆماری ئیسلامی بەرپرسی یەکەمی پیرۆزکردنیان بووە، بووە هۆی ئەوەی کە ئەسەد نەتوانێت بۆ هەڵبژاردەیەکی باشتر هەڵوێست وەرگرێت. لەوانەیە ئەگەر هەر لەسەرەتاوە ئەسەد خۆڕێوەبەری کوردانی پەسەند بکردایەو پەیوەندیەکی ستراتیژیکی لەگەڵیاندا دروست بکردایە، ئێستا بارودۆخی سوریا بەم شێوەیە نەبوایە. لەڕاستیدا ئەوە کۆماری ئیسلامیە کە ڕێگا بە ئەسەد نادات بیر لە هەڵبژاردەی تر بکاتەوە.

 

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی کۆماری ئیسلامی خوزستانی دووهەمی بە هەموو کەلوپەلەکانی ناویەوە فرۆشت و ئەسەدیش لەم بارەیەوە نەیتوانی هیج بەرگریەک بکات. دەتوانرێ لە “کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا” بەدوای وەڵامی پرسیارەکەدا بگەڕێی. ئەسەد باش دەزانێت کە ستاتۆی کورد و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا بەهیچ شێوەیەک بەمانای پارچە بوونی ئەو وڵاتە نیە. ڕژێمی ئێرانیش لەم بابەتەدا ئاگاداری تەواوی هەیە، بەڵام لەوێدا کە هەمان ئایدیۆلۆژی هاوبەشی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پ.ی.د) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەتوانێت هەر ئەو شۆڕش و کانتۆنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ناوچە کورد نشینەکانی ئێران) لە داهاتوویەکی نزیکدا دروست بکات، کۆماری ئیسلامی وا لێدەکات کە بەشێک لە خاکی سوریا بە جدی ترین رەقیبی خۆی واتا تورکیا بفرۆشێت؛ ئەو رەقیبانەی کە تەنها یەک خاڵ ئەوان بەیەک دەگەیەنێت و ئەویش ڕێگری کردن لە ستاتۆی راستەقینەی کوردان لە ناوچەکەدایە. هیچ گەرەنتیەک نیە لەئەگەری گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی، ئەم وڵاتە لە داهاتوویەکی نزیکدا پارێزگای سی و شەشەمی خۆی واتا عیراق لە بێدەنگی ئەو مێدیا ساختانەی دروستی دەکات، بە دوژمنی ستراتیژیکی خۆی واتا تورکیا نەفرۆشێت.

 

بە لەبەرچاوگرتنی پەیمانی “میساقی میلی” و چاوچنۆکی تورکیا سەبارەت بە چەند ناوچەیەکی عیراق و سوریا، ئێران بەتەواوی ئاگاداری ئەمەیە کە ئەم وڵاتە هەروا ئاسان لە خاکی عیراق و سوریا ناکشێتەوە. تەنانەت لە گریمانەیەکی چاوەڕوان نەکراویشدا ئەگەر داعش بەتەواوی لە سوریا لەناو بچێت و سوپای ئازادی سوریاش لەگەڵ ئەسەد شەڕ نەکات، ئەوکاتەش ئەگەری ئەوەی کە هێزەکانی ئەسەد لەباکوری ئەو وڵاتە شکست بە تورکیا بێنن زۆر کەمە. پێویستە لەبیر نەکرێت کە هاوکاری پڕچەک کردنی ئێرانیش بۆ ئەو ئەرتەشە کۆنەی ئەسەد توانای زیندوو کردنەوەی ئەو سوپایەی نیە.

 

لەلایەکی ترەوە دوای ئازاد کردنی ڕەقا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە یەپەگەو یەپەژە بەشێکی سەرەکی پێکدەهێنن، دەبنە بەهێزترین و گرنگترین هێزی سەربازی لە سوریا. لەگەڵ زیاد بوونی جوڵەکانی ئەرتەشی تورک لە باکوری سوریاو پەلاماردانی سەنگەری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، ئەمڕۆ لەهەموو کاتێ زیاتر ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی بەتەواو مانا لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا هەیە. ساڵح موسلیم لە دوواین لێدوانی لە پارلەمانی بەریتانیا، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا بەردەوام بێت، ئەوکاتە ئەرکی لە پێشینە لە ئازاد کردنی ڕەقاوە دەبێتە شەڕکردن لەگەڵ ئەرتەشی تورکیا لە منبج و دەوروبەری. لە ڕاستیدا ئەم لێدوانەی ساڵح موسلیم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە دەمێکی نزیکدا جەنگ لەنێوان بەرەی کوردان و ئەرتەشی تورکیا ڕوو دەدات؛ جەنگێک کە بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی ناوچەکەو ئامادەکاریەکانی پەکەکەو ئەرتەشی تورک بۆ پێکدادان “شەڕی چارەنوس”، لایەنەکانی شەڕەکە ئیتر نە تەنها ئەرتەشی تورک و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەبن و نە شەڕەکەش تەنها لە خاکی سوریادا دەمێنێتەوە.

 

هەواڵە نافەرمیەکان باس لە ئامادەباشی ٤٠ هەزار شەڕوانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هـ.س.د) دەکەن. بەم شێوەیە جگە لە ئەنجامی شەڕ، هیچ سودێک بە ئەسەد ناگات. ئەسەد بەردەوام کۆنترۆڵی باکوری سوریا لەدەست دەدات و ڕەشبینە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک یەک لایەنەو بەبێ ڕەزامەندی ئەسەد بەجێ دەکەن. ڕاستیەکە ئەوەیە کە لەهەر لایەکەوە سەیری بابەتەکە بکرێت کۆماری ئیسلامی پارێزگای سی و پێنجەمینی خۆی یان هەمان خوزستانی دووهەمی تەنها بۆ نەگەیشتنی کوردان بە ستاتۆ لە خاکی سوریادا، فرۆشتووەو ئەسەدی ڕوو بەڕووی مەترسی زیاتر لە قەیرانی ئەم وڵاتەدا کردۆتەوە.

 

بەڵام لەدەرەوەی ئەم باسانە، وا دێتە بەر چاو کە ئامادەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بۆ سەندنەوەی خوزستانی دووهەم لە چنگی ئەرتەشی تورکیا لەهەموو کات زیاتر جدی ترە. بەهێز بوونی هێزەکانی هـ.س.د، ژماردنی کات بەپێچەوانەوە بۆ ئازادکردنی ڕەقا، قبوڵ نەکردنی جوڵەی ئەرتەشی تورکیا لەلایەن ئەم هێزەوەو زۆر هۆکاری تر لەسەر ئاستی ناوچەکە ئاماژەیەکی بەهێزن بۆ “هەڵمەتی سەندنەوەی خوزستانی دووهەم لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە”.