پێنجەمین کۆنگرەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-PAJK، بە دروشمی ” بە پارتی بوون و گەل بوون بەرەو شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ”، بە بەشداری کردنی ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەم لە رێکەوتی پانزدە و شازدەی ئۆکتۆبر هاوکاتی ٢٤ و ٢٥ رەزبەڕ، پێک هات. ئەو کۆنگرەیە وێڕای وەبیر هێنانەوی یاد و بیرەوەری هەموو هەڤاڵانی شەهید بە تایبەتی شەهیدانی هێژا ”بێریڤان و کەمال”، بەڕێوەبردنی کۆنگرەی پێنجەم لە رێبەر ئاپۆ، گەلی بەروومەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەموو هەڤاڵان پیرۆز دەکات.

پێنجەمین کۆنگرەی پژاک لە هەلومەرجێکدا پێک هات کە رەوشی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوین و هاوسەنگیە سیاسیە ناوچەییەکان کەوتوونەتە قۆناغێکی نوێ، کە ئەمەش پێویستی پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی ئیستراتێژیکی نوێ، زۆر زیاتر لە پێشو دەگەیێنێت. قەیران و ئاڵۆزی ناوچەیی کە لە ئاستی هەرە بەرزی خۆی دایە، هاوکات خاوەن رێکاری چارەسەریش هەیە. شەڕی جیهانی سێهەم لە ناوچەکە بە هەموو بوارە جیهانیەکانیەوەو بە هاتنی هێزە ناوچەییەکان و دەرەکیەکان لە ناوەندی ئەو قەیرانە واتە سوریا گەیشتووەتە ئاستی ژووری خۆی. هەر یەکە لە هێزە داگیرکەرەکان لەم شەڕەدا لە لایەکەوە دەیانهەوێ پێگەی خۆیان سەقامگیر بکەن و لە لایەکی تریشەوە هەر لەوان بەشێک لە ناوەڕۆکی قەیرانەکەن. رۆڵی هەر یەک لە هێزە ناوچەییەکان و بە تایبەتی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران و تورکیا لە رەوشێکی وەهادا، قووڵ کردنەوەی قەیرانەکەیە. هەروەها دەیانهەوێ کە هێزە دیموکراتخوازەکان کە زۆربەیان ئەو نەتەوانەن کە لەم جوغرافیا قەیراناویەدا دەژین؛ لاواز بکەن. لەو ناوەدا کوردستان وەک لانکەی توانابوونی گۆڕانکاری دیموکراتیک لە ناوچەکەدا، لە لایەکەوە خاوەن زۆرترین بنەمایە بۆ پێشەنگی ئەو قۆناغە و پەرەپێدانی دیموکراتیک و لە لایەکی تریشەوە زۆرترین مەترسی سیاسەتەکانی ئەو دوو وڵاتەی لەسەرە. ئێران و تورکیا وێڕای کێبەرکێەکی ناوچەیی کە خاوەن بنگەیەکی مێژووی و ئایدیالۆژیکە و وێڕای ناکۆکی قووڵی سیاسی، سەبارەت بە دۆخی کورد خاڵی هاوبەشیان هەیە و هاومەیلی لە سیاسەتی دژە کورد، هاوبەشی ناوچەیی ئەوان زیاتر لە جاران پەرە پێدەدا. بەڵام سیاسەتی پەرگالی جیهانی بۆ پێکهاتنی ئامانجە ئیستراتێژیکەکان لە مۆدێلی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین و سنووربەندیە نوێیە سیاسیەکان، ئێران و تورکیاش جێ دەگرن.  روون و ئاشکرایە ئەو وڵاتانە خۆیان ئامانجن و ئەگەری دەرکەوتنی ئەوان لە بازنەی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوین زۆر کەمە. ئەو دیاردەیە بەتایبەتی بە کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکترە. لە وەها رەوشێکدا بازنەی هەڵبژاردەی بەردەم ئێران تەنگە کە ئەو وڵاتە وا لێدەکا ناچار بێت رێکارێک هەڵبژێرێت کە لەناو هاوسەنگیە جیهانی و ناوچەیەکان بەردەوام هەبوونی هەبێت. ئێران پێویستە یان تەسلیمی سیاسەتەکانی پەرگالی جیهانی بەتایبەتی لە بواری قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوین بێت و خۆی لەناو پەرگالی جیهانی بتوێنێتەوە، یان دژ بەوە راوەستێت. لە ڕەوشێکی بەمشێوەیەدا ئیمکانی کێبەرکێەکی سەقامگیر بۆ ئێران نیە و وێڕای قووڵایی قەیرانە ناوخۆییەکان و هەروەها لاوازی لە ناخی ئیستراتێژیکی ناوچەیی، بێ گومان ئەو وڵاتە بەرەو لەناو چوون و گۆشەگیری سیاسی زیاتر هاندەدا. وێدەچێ کە ئێران لە باشترین هەڵبژاردە، کە هەمان کرانەوە و گۆڕانکاری دیموکراتیکە خۆی دور رادەگرێت. هەڵبژاردەیەکی کە دەتوانێ ئێران بکاتە هێزێکی بە کاریگەر لە ناوچەکەدا. بەڵام سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتە تا ئێستا ترس و دڵەراوکێ لە ویستی دیموکراتیکی گەلان و هێزە کۆمەڵایەتیەکانە کە هەر ئەمەش بازنەی قەیرانە ناوخۆییەکان گەورەتر دەکاتەوە.  هەرچەند کە ئێران لە هاوسەنگیە ناوچەییەکان و لە بەکارهێنانی رێکاری گونجاو بۆ چارەسەری پرسە ناوخۆییەکان، بە شێوەیەکی زۆر خودمیحوەر هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام لە گەمەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوین و لە قەیرانی ئێرانی خۆی، زیاتر قەیران میحوەرە کە هەر ئەم چەمکەش دەبێتە هۆکاری خێرابوون لە دۆڕانی ئێران.

لە هەلومەرجێکی سیاسی بەمجۆرە، پێکهاتنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزب، خۆی نیشانەی خوێندنەوەیەکی راست و ئیستراتێژیکە لە قەیرانە ناوچەیی و جیهانیەکان. دیارکردنی هێڵە سیاسی و دوربینی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، میحوەری سەرەکی کۆنگرەی پێنجەم بووە کە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆی بەرفراوان لە کۆنگرەدا، بڕیارگەلێکی گرینگ بە شێوەی خاڵەکانی ئەنجامنامەی کۆتایی لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەم پەسەند کراوەو وەک سیاسەتی ئیستراتێژیکی پژاک بەم شێوەیەیە:

خاڵەکانی ئەنجامنامەی کۆتایی پێنجەمین کونگرەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

١- ئازادی رێبەر ئاپۆ کە سەمبولی راستەقینەی ئازادیخوازی نەتەوە زوڵم لێکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی نەتەوی کوردە، وەک ناوەندو و رپەیامبەری خەباتی ئازادیخوازی، بۆ بەرقەراری ئاشتی و دیموکراسی لە ناوچەکەدا، سەرەکیترین بوارەکانی خەباتی پژاکن کە لەم چوارچێوەیەدا پەرەپێدان، بڵاوکردنەوە و دەروونی کردنی ڕامان و ئەندیشەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە رۆژهەڵاتی کوردستا و ئێران لە گرینگترین خەباتەکانی سیاسی و ئایدیالۆژیکی پەژاکن.

٢- پژاک هەموو بوارەکانی خەباتی خۆی لە چوارچێوەی بیرو کردەوەی شۆڕشگێڕی ” هێڵی سێهەم” بە بنەما وەردەگرێ و وەک سەرەکیترین ئامانجە ئیستراتێژیکەکانی خۆی پەرەی پێدەدا و پێکیان دێنێت. لەسەر ئەم بنەمایە نە دەبێتە بەشێک لە سیاسەتەکانی پەرگالی جیهانی و نە لە پێناو ئامانجەکانی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەیی هەڵسوکەوت دەکات. هێڵی سێهەم، رێبازی خەبات بۆ پێکهاتنی نەتەوەی دیموکراتیک لە سەر بنەمای پارادایمی کۆمەڵگای ئەخلاقی-سیاسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە.

٣- پژاک خۆی لە چوارچێوەی پێناسەی ” حیزبێکی تەنیا کوردستانی” ناهێڵێتەوە و لەسەر بنەمای سیاستی دیموکراتیک، یەکێتی و هاوپەیمانی لەگەڵ هێز و گەلانی تری ئێران وەک فارس، ئازەری، عەرەب، بەلوچ، مازەنی و … وەک سەرەکیترین بەرنامە سیاسیەکان بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران ناوزەد دەکات. لەسەر بنەمای ئەم خوێندنەوەیە کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە ئێران بە بێ هاوپەیمانی لەگەڵ هێزی گۆڕانخواز و دیموکراتیکەکان مسۆگەر نابێت، پژاک تێکۆشان و خەبات بۆ مسۆگەر بوونی یەکگرتنەوەی تەواوی ئەم هێزانە لە ژێر ناوی ” بەرەی دیموکراتیکی گەلانی ئێران” بە پێویست دەزانێ.

٤- لە پێناو وەدی هاتنی دیموکراتیزاسیۆنی ئێران، کوردستان وەک دڵی گۆڕانخوازی و سەرچاوەی هەڵقولانی سیاسی لە ئێران پێناسە دەکرێ، ئێستاکە رەخساوترین زەمینەی هاوپەیمانی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستانیە. لەسەر ئەم بنەمایە پژاک هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی دروست کردنی ” بەرەی دیموکراتیکی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان” دەکات و بۆ وەدی هاتی ئەمەش، پژاک بە پێویست دەزانێ تێکۆشانی خۆی بەرفراوانتر و پێشەنگایەتی بکات.

٥- پژاک وەدی هاتنی خۆبەڕێوەبەری سیاسی-کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئاساییترین داخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکات. ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاری لە تێگەیشتن و روانگەی سیاسی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی هەیە و هەنگاوی کرداری پێویستە کە دەبێ پرسی کورد و گەلانی تری ئێران قبووڵ بکات و وەک ناسنامەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بیانناسێت. زۆر روونە کە دەرەوەی ئەمە، پژاک پێشخستن و وەدی هێنانی ئەم بابەتە بە شێوازی یەک لایەنە و لە هەموو بوارەکانی خەبات، مافی پاراستنی رەوا و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و … وەک مافی گەل دەزانێ و لە پێناو ئەمەش، تێکۆشانی خۆی بەرفراوان دەکات.

٦- ئازادی ژن لە کۆمەڵگا یەکێک لە بنەما ئایدیۆلۆژیکەکانی پژاکە کە پێشەنگی خەباتی بۆ ئازادی ژن لە هەموو بوارێکەوە خستۆتە ڕادەی کردارەوە. لەو چوارچێوەیەدا لەناو ساختاری حیزبی پژاکیش ئەمە وەدی هاتووە کە دەتوانرێت پژاک وەک یەکەمین حیزب لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە بکرێت، کە بەشداری یەکسان و بەرابەری ژنان و پیاوان لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبەرایەتی پێکهێناوە. لە کۆنگرەی پینجەمی حیزب بەشداری کردنی یەکسان و بەرابەری ژن و پیاو لە تەواوی بوارەکان و ئاستەکاندا، پەسەند کرا و پێکهێنرا.

٧- پێشخستی خەبات و تێکۆشانی کاریگەر لەمەڕ سیاسەتەکانی کۆمەڵکوژی وەک کۆمەڵکوژی سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی کە دەتوانرێت لەناو سیاسەتی سێدارە، گرتن، بڵاوکردنەوەی دژە کولتوری بەسیج، زۆر کردنی ئێعتیاد و ئالۆزی کۆمەڵایەتی، زۆر بوونی فەحشا، رەوا کردنی سیخوری، دژیایەتی لەتەک ژن و سیاسەتی بیۆدەسەڵات لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت و بە ئامانجی دژایەتی لەگەڵ رۆحی ئازادیخوازی و بیرمەندی هێزە کۆمەڵایەتیەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە شێوازگەلێکی جیاواز بەڕێوە دەچێت؛ پژاک خەباتێکی هەمەلایەنەی لەناو بەرنامەی ئیستراتێژیکی خۆی پەسەند کردووە کە سیاسەتی سەرەکی نوێی پژاک لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.

٨- بەشداری کردنی سیاسی و چالاکی مەدەنی چالاکوانان و رووناکبیرانی کۆمەڵگا کە هەرکات رووبەرووی سیاسەتە دژە مرۆڤایەتیەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە، و دەستبەسەر کردنی کەسایەتیە سیاسیەکانی کۆمەڵگا کە دەتوانرێت وەک کۆمەڵکوژی سیاسی ناوزەد بکرێت، لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزب هەڵسەنگێندرا؛ لەم بوارەدا پژاک ئازادی بێ مەرجی زیندانیانی سیاسی وەک گۆڕەپانی خەباتی سیاسی خۆی دەناسێ و بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسی لە پێناو خەباتی دیموکراتیک و گەیشتن بە ماف و ئازادی گەلان بەنرخ دەزانێ. ئازادی زیندانیانی سیاسیش لەو خاڵانەیە کە بۆ کرانەوەی دیموکراتیک لە ئێران پێویستە.

٩- لقی ژنان و جەوانانی حیزب، تەواوی چالاکیەکانی دوو ساڵی رابڕدوو و هەروەها ساختاربەندی نوێی خۆیان لەناو پژاکدا هەڵسەنگاند و لە ساختاری نوێدا بە کرداری کردنی هەموو بەرنامەکانی حیزب و تێکۆشان لە پێناو رێخستن کردنی شۆڕشی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خەبات و تێکۆشانی خۆیان زیاتر لە جاران قووڵ بکەنەوە و پەرەی پێبدەن.

١٠- هەموو ئەندامانی کۆنگرە و کادرەکانی پژاک وێڕای رەخنەدایین سەبارەت بە هەموو کەموکوڕیەکان لە دوو ساڵی رابڕدوودا بۆ بە کرداری کردنی سیاسەتەکان و پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی پێنجەم خۆیان بەرپرسیار دەزانن؛ هەروەها گۆڕانکاری بەڕێوەبەری و ساختاری پژاکیش لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵسەنگێندرا و لەم چوارچێوەیەدا هەڤاڵان ” سیامەند موعینی” و ” زیلان وەژین ” وەک هاوسەرۆکانی پژاک لە هەڵبژاردنی جڤاتی گشتی کۆنگرە، هەڵبژێردران. پێداچوونەوە بە بەرنامە و ئەساسنامەی کۆنگرەی چوارەم کراو بەرنامە و ئەساسنامەی کۆنگرەی پێنجەمی حیزب بە لەبەر چاوگرتنی گۆڕانکاریەکان، لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەند کرا.

 

سێی گەڵارێزانی 2716 کوردی بەرامبەر بە بیست و چواری ئۆکتۆبری 2016 زایینی

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-PJAK