كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ قووڵ كردنەوەی شەڕ و ئاژاوەگێڕی لەناوچەكەو درێژەپێدانی دەسەڵاتی هژمژن خوازانەی، گەڕێكی نوێ دیبلۆماسی لەناوچەكە دەستپێكردووە، بەو هەڵمەتەش كە هەر چەند رواڵەتییە، كاربەدەستانی رژێم دەیانەوێت ئاستی هێز و ئامادەكاریەكانیان نیشانی رای گشتی جیهان بدەن. بەڵام كاتێك سەیری ترافیكی دیبلوماسی ئێران لەم قۆناخەدا بكەین، ئەوە ئاشكرا دەبێت كە ئێران هەستی بەوە كردووە رووبەڕووی هەڕەشەیەكی جددی دەبێتەوە. بۆ دەربازبوون لەو هەڕەشانەش دەیەوێت بە توندو تۆڵ كردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی پەرە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی بدات. پتەوكردنی پەیوەندیەكانی ئێران لەم دۆخە هەستیارەدا لەگەڵ وڵاتانی ئەرمنستان، ئازەربایجان، توركیا، روسیا و حكومەتی هەرێمی باشووری كوردستان بە واتای ئامادەكاری ئێران بۆ ئەگەری دەستێوەران بۆ سەر وڵاتەكەیەتی. بە تایبەت بە بەهێزكردنی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دراوسێ ئامادەكاری بۆ ئەو دەستێوەردانە دەكات كە بەڕۆكی ئێران دەگرێتەوە.
كاربەدەستانی ئێران لەیەكەم هەنگاودا، بۆ لەبار بردنی ئەو هەڵومەرج و دەرفەتانەی كە رێگا بۆ دەستێوەردان سەر رژێمی ئێران خۆش دەكات لاوازكردن و لەناوبردنی ستاتۆی ئازادیخوازی گەلی كورد لەسوریا و بەشەكانی تری كوردستانی كردووەتە ئامانج. لەو پێناوەدا رژێمی ئێران لەسوریا و رۆژئاوای كوردستان تا بە ئەمڕۆ بۆ لاوازكردنی پێگەی ئازادیخوازی گەلی كورد هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ. بە تایبەت سەردانی دوایی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ توركیا جیا لەپتەوكردنی پەیوەندی ئابووری بۆ لەناو بردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لەرۆژئاوای كوردستان و بەشەكانی تر، هەڵمەتێكی تازەیان وەگەڕخستووە. تایبەت ئێران بە نزیك بوونەوەی خۆی لەتوركیا دەیەوێت گوشارەكانی سەر خۆی كەم بكاتەوەو سەرجەم ئەو ئامادەكاریانەی لەدژی ئێران لەئاستی دەرەوە لەئارادان، ئاشكرا و مایەپووچی بكاتەوە. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەو دوو دەوڵەت نەتەوەی داگیركاری سەر كوردستان هەر چەند ناكۆكیەكانیان زۆر قووڵە، لە چ كات و سەردەمێكدا لەیەك نزیك بووبنەوەو رێككەوتبن، خاڵی سەرەكی رێكەوتنەكەیان پاكتاوكردنی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی كورد بووە. ناوەڕۆكی دیدارەكانی ئەو دوو لایەنە لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە ئابووری و ئەمنیەتیەكان و تایبەت سنوورداركردنی تێكۆشانی ئازادیخوازی و داڕشتنەوەی سیاسەتی چەپەڵی داگیركاری لەسەر هزری ئازادیخوازی گەلی كوردە. بەو مەبەستە دەوڵەتی توركیا و رووسیا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە بۆ ماوەیەك ناكۆكیەكانیان وەلا بنێن و پەیوەندیەكانیان هێور بكەنەو قۆناخێكی نوێ هاوكاری ئابووری دەست پێ بكەن. هۆكاری سەرەكی دانوستانەكانی توركیاش لەم دۆخەدا لەگەڵ روسیا و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونی دەوڵەتی توركیا دوای كودەتاكەی 15ی تەمووز و سەرهەڵدانی دیمۆكراتیانەی گەلی كوردە. حكومەتی ئاكەپە بۆ قازانج كردنی كات و بەهێزكردنی خۆی، هەڵمەتێكی نوێ دانوستانی لەگەڵ ئێران و روسیا دەستپێكردووە. توركیا بۆ راكێشان و رازی كردنی ئێران بەرەو لای خۆی، پژاك، پەكەكە و پەیەدە بە تیروریست لەقەڵەم دەدات و بۆ داڕشتنەوەی پیلانی هاوبەش بۆ شەڕی دژی گەلی كورد تێدەكۆشێت ئێران پەلكێشی ئەو پیلانە بكات.
ئێران بۆ ئەوەی سەرجەم هەڕەشەكانی سەر خۆی لاببات، لەژێر ناوی پەیوەندی ئابووری و دیبلۆماسی دەیەوێت هێز و دەوڵەتانی ناوچەكە بكاتە قەڵغانی پاراستنی خۆی و وەك دەمامكێك بۆ چەوساندنەوەی تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلانی ناوچەكە بە تایبەت گەلی كورد بە كار بێنێت. رژێم بە بەردەوام كردنی سیاسەتی هژمۆن خوازانەی خۆی سیاسەتی ملیتاریزەكردن، لەسێدارەدان و گرتن لەرۆژهەڵاتی كوردستانی پێش خستووە و بۆ بەردەوامی ئەو سیاسەتانەشی، هەڵمەتێكی پەیوەندی دیبلوماسی لەگەڵ كاربەدەستانی باڵای حكومەتی هەرێمی باشووری كوردستان چڕتر كردوەتەوە. بە بانگهێشت كردنی شاندی حكومەتی هەرێمی باشووری كوردستان دەیەوێت بەشێكی سەرەكی لەپیلانەكانیان بە رێگای كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ بكات. رژێمی ئێران بۆ پاكتاوكردنی پارتە رۆژهەڵاتیەكان و راگرتنی چالاكیەكانیان ماوەیەكە حكومەتی هەرێمی هێناوەتە ناو گەمەیەكی مەترسیدارەوە. كاربەدەستانی ئێران هەڵوێست و وتەكانیان لەسەر پارتە كوردیەكانی رۆژهەڵات بە رێگای كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمەوە دەردەبڕن. تایبەت لێدوانەكانی دوایی هەندێك لەكاربەدەستە كۆیلەكراو و نەفس نزمەكانی حكومەتی هەرێم كە پارتە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێن لەقەڵەم دا، ئاشكرای دەكات كە ئێران كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی باشووری كوردستانی پەلكێشی گەمەیەكی چەپەڵی سیاسی كردووە. ئەوەش دوای ئەوەی ئاشكرا بوو كە كاربەدەستە كۆیلەكراوەكانی هەرێمی باشووری كوردستان بەڵێن یان بە خاوەن كۆیلەكانی خۆیان داو رایانگەیاند كە ڕێگا بە هیچ گروپێك نادەن لە ناوچە سنووریەكانی ئێران گێرەشێوێنی بكەن و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا تێكبدەن، بۆیە بە هەموو هێزەكانیانەوە ڕووبەڕووی ئەو گروپانە دەبنەوە كە لە سنوورە هاوبەشەكانیان لەگەڵ ئێران چالاكی دەكەن.
ئێمە وەك پژاك لێدوانەكانی ئەو بەرپرسە كۆیلانە و خاوەن كۆیلەكانیان بە جددی وەرناگرین و بە پێچەوانەوە بە هەموو هێزمانەوە بەڕەنگاری سیاسەتی تەسلیم كراو لەكوردستان دەبینەوە كە خزمەت بە داگیركەران دەكات. ئێمە هێزێكی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازین و تێكۆشان بۆ بەرقەراری ئاشتی و دیمۆكراسی لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین. بۆ بەدیهێنانی ئەو ئەركە مێژووییەمان زۆربەی هێزەكانمان لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان جێگیر كراون. بۆیە هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێت كۆسپ و بەربەست لەبەرامبەر تێكۆشانی ئازادیخوازیمان دابنێت، چۆنكە ئێمە هێزێكین لەناو جەرگەی گەلەكەمان هەڵقوڵاوین و لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێكی ئازاد و دیمۆكراتیك بۆ گەلەكەمان تێكۆشان دەكەین و تەنیا فەرمان و رێنمایی لەگەلەكەمان وەردەگرین.
لەكۆتاییدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە بێ دەنگی و بێهەڵوێستی پارتە رۆژهەڵاتیەكان لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە كۆیلەكارانەدا، پێویستە لەكەشوهەوایەكی شۆڕشگێڕانەدا بە خەبات و تێكۆشانیان دەرفەتی ئەو جۆرە لێدوانانە پووچەڵ بكەنەوە و بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموكراسی لەرۆژهەڵاتی كوردستان هاوكاری و هەوڵەكانیان پتەوتر بكەنەوە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)
18.08.2016