لە پێنجەمین ساڵیادی شەهید بوونی هەڤاڵان عەگید، ساریا، شاهان و تێکۆشەر، یاد و بیرەوەری هەموو شەهیدانی حیماسەی قەندیل وەبیر دێنینەوە. مێژووی شۆڕشی تەڤگەری ئاپۆیی، پڕە لەو فیداییانەی کە بە شەهادەتی خۆیان قۆناغێکی نوێیان لە مێژووی تێکۆشان خوڵقاندووە و هەرکات سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە.

پێنج ساڵ پێش ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە دڵی شۆڕشی گەلی کورد، واتا قەندیلی کردە ئامانج. کۆماری ئیسلامی جگە لە تەڤگەری ئازادی خوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو دەسکەوتەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کردە ئامانج و خەیاڵی لە ناوبردنیانی بوو. ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و نەیدەزانی کە رووبەروی چ هێزێک بۆتەوە. لە بەردەوامی رێگای کەماڵ و خەیری و زیلان و بێریتاندا، ئەو هێزە فیداییە بوو کە لە شەڕی قەندیلدا چۆکیان بە کۆماری ئیسلامی دادا و خەڵاتی شکستیان بەدیاری پێدان و سەرکەوتنی ئیرادەی ئازادیان لەبەرامبەر تانک و تۆپی دوژمن سەلماند.

چالاکی فیدایی زمزیران، بنگەی پاراستنی هەموو ئەو نرخ و بەها پیرۆزانە بوو کە لە درێژایی شۆڕشی بەرخۆدانی کورددا، پێک هاتبوو. ئیرادەیەکی ئازاد و کەسایەتیەکی نوێ شۆڕشگێرانەی لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئافراند. شەهیدان عەگید، ساریا، تێکۆشەر و شاهان هێمای ناسنامەی کوردی ئازادن. لەسەر ئەو بنەمایە بیرەوەری و بەرز راگرتنی یادیان، ئیرادەیەکی نوێە، بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی ئازاد.

عەگید بە وێنەی فەرماندارێکی بوێر و سەرفراز، ساریا ژنە تێکۆشەرێکی ئازاد و شاهان و تێکۆشەر وەک دوو جەوانی ئاپۆیی بە روحێکی نەتەوەییەوە هێڵی نوێی فیدایی بوونیان لە کوردستاندا بەدیهێنا.

لە پێنجەمین ساڵرۆژی شەهادەتی ئەو شەهیدە قارەمانانە، ئێمە سوێندی تێکۆشانی خۆمان لەگەڵ ئەوان دووپات دەکەینەوە و بەردەوامی رێگایان دەکەینە هەوێنی خەباتمان.

ala

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK

23/7/2016