گەلانی جیاوازی ناو جوغرافیای ئێران، سەرەڕای تێکۆشانی بەردەوامیان بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانی دیموکراتیک، ئازادیخوازانە و نەتەوەیی خۆیان، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو تێکۆشانە بگەیننە ئەنجامێکی دڵخواز. یەکێک لە هۆکارەکان، نەبوونی بەرەیەکی هاوبەش و دیموکراتیکە بۆ ئەوەی هێزی سەرجەم گەلان و ئازادیخوازان لە دەوری یەک کۆبکاتەوە. گەلانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی دەوڵەمەندییەکی زۆری هاوبەشی کلتوری، کۆمەڵایەتی و مێژوویین، لە تێکۆشانی سیاسی سێ دەهەی دواییدا نەگەیشتوونە یەکگرتوویی پێویست لە نێوان ڕێکخراوە سیاسیەکانیان. لە حاڵێکدا بەرخۆدان لە بەرامبەر هەموو جۆرە ستەمەکانی سیاسی، مەزهەبی، نەتەوەیی، ڕەگەزیی، ئابوری و قەتڵوعامە کلتورییەکان کە لە بەرامبەریاندا بەڕێوەدەچن، پێویستیی بە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی تێکۆشان و چڕترکردنەوەی هاوکاریی نێوان ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانە. تاکە ڕێگا لە بەرامبەر سیاسەتی لێکهەڵاواردن و ئاژاوەنانەوە، سەرکوت، وەحشت، زیندان و لەسێدارەدان، یەکگرتنی دیموکراتیکە.
لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران تا ئێستا زیندانیکردن، لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. ڕژیم لە ڕێگەی زیندان و لەسێدارەدان کە یەکێک لە گەورەترین جەنایەتەکانی دژی مرۆڤن، ویستوویەتی ببێتە لەمپەڕ لە بەردەم ڕامانی ئازادیخوازانە. لە ڕاستیدا ڕژیم بەمشێوەیە هەوڵی سڕینەوەی ئەسڵی کێشەکانی داوە بە جێگەی چارەسەرکردنیان و هەمووی لە پێناو پاراستن و بەردەوامکردنی دەسەڵاتی خۆی بووە. بەڵام لەسێدارەدان نە تەنیا نەیتوانیوە ببێتە چارەسەریی بۆ کێشەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری و ئابوری بەڵکوو بووەتە هۆکارێک بۆ قوڵبوونەوەی زیاتری کێشەکان و هاوکات درووستبوونی قەیرانی قوڵتر لە هەموو بوارەکاندا.
ڕۆژی ٢١ی مانگی مای ٢٠١٦ لە شاری ستۆکهۆڵم بە هەماهەنگی و دەسپێشخەری نێوان کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و وەقفی فەرزاد کەمانگەر کۆنفڕانسێک بەڕێوەچوو. لەو کۆنفڕانسەدا حیزب و ڕێکخراوی جیاواز بەشداربوون و لە بواری سیاسی، حقوقی و ئاسایشیەوە سیاسەتی لەسێدارەدانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتە لەسەر کۆمەڵگا هەڵسەنگێنرا. هەروەها بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر گەلان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو دیاردەیەش بەشدارانی کۆنفرانس لە ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنانەدا چەند خاڵێکی هاوبەشیان دەستنیشان کرد.
وتاربێژانی کۆنفرانس پێکهاتبوون لە:
- کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک)
- بزوتنەوەی تێکۆشانی ئازادیی ئەلئەحواز
- گرووپی مافی مرۆڤی بەلوچستان
- مافناس و چالاکی بواری مافی مرۆڤ ـ سەحەر مەحەمەدی
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
- کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)
- تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان
- کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
- جەوانانی زاگرۆس
بەرنامە و چالاکیەکان:
- وەڕێخستنی کەمپینی هاوبەش وەکوو هەڵوەشاندنەەی لەسێدارەدان، ئازادیی زیندانیانی سیاسی، پەروەردە بە زمانی دایکی و ڕووبەڕووبونەوەی نیشانەکانی قەتڵوعامی کلتوری
- ڕاگەیاندنی هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دژە گەل و فاشیستی وەکوو قەتڵوعامی کلتوری، لێکهەڵاواردنی مەزهەبی-ڕەگەزی، سەرکوتەکان، دەستگیرییەکان، لەسێدارەدانەکان و…
- ڕووبەڕووبونەوەی ڕاگەیاندنیی لەگەڵ سیاسەتەکانی لەسێدارەدان، سووکایەتی پێکردن، هەڵاواردن، حاشا و قەتڵوعامی فیزیکی و کلتوری کە لەدژی گەلانی ئێران بەڕێوەدەچن
- پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش لە سەرجەم گەلانی ئێران بۆ هەنگاونانی کردەیی لە پێناو تێکۆشان لەدژی هەموو جۆرە شێوەکانی هەڵاواردن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدان لە ئێران
- کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندی و تواناکانی ناوچەیی خۆیی بۆ ساڕێژکردنی ئەو خەسارانەی کە لە ئەنجامی شەڕ بەتایبەتی لە زەمینەی لەسێدارەدان، سەرکوت و پەیوەندی گەلان(بە تایبەتی لە سەدساڵی دواییدا) تووشی هاتوون.
- هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بەو بێدەنگیەی کە کۆمەڵگای ئەوروپا لە بەرامبەر دیاردەی دژە مرۆیی لەسێدارەدان هەڵیان بژاردووە و بەشداریی پێکردنی ڕاگەیاندنەکان، کاربەدەستان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپایی لە کەمپینەکانی تێکۆشان لەدژی لەسێدارەدان
- پێکهێنانی ڕێکخراوی هاوبەش لە گەلان، باوەڕییەکان و حیزبەکان بۆ کرانەوەی دەرگای دیپلۆماتیک بەڕووی هێزەکانیتری دێموکراتیک و دەوڵەتان لەپێناو ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
- لێکۆڵینەوە و پێداچووەنەوە بە جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی جەنایەتەکانی جەنگ کە لەدژی گەلانی ئێران ئەنجامیداوە
- درووستکردنی زەمینە بۆ بەستنی کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی ئێرانی فرەنەتەوە – ئێرانی دیموکراتیک
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفرانس
22.05.2016