ئەم ساڵ لە کاتێک دا ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەین کە ناوچەکە لە ناو قۆناخێکی مێژۆیی دا تێپەڕ دەبێت و ئاڵوگۆڕی سیاسی، فۆڕمی ژئۆپولتیک و ئاکتەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی جێگۆڕکین و بە دیزاینێکی نوی خەریکە ناوچەکە نوژەن دەبێتەوە. هێژمۆنخوازانی دەوڵەت-نەتەوەی ناوچەکە ناتوانن بە سیاسەتی سەدەی ڕابوردو هەڵسوکەوت لە گەڵ پرسی گەلان و ناسنامەی بکەن. ئەم ساڵ ساڵی سەرکەوتنی گەلەکەمانە. لە ڕۆژاوای کوردستان بە ڕاگەیاندنی قەوارەی فیدڕالیزم دەستکەوتی مێژویی بۆ کوردستان تۆمار کرا و باکوری کوردستان لە ناو جەرگەی شۆڕش دا مێژو تۆمار دەکات.

رۆژهەڵاتی کوردستان دوای دەهەی ٨٠ و ٩٠کان لە ناو بۆشاییەکی سیاسی دا تێپەڕ بو کە لەم دەورە مێژوییەدا کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێکی بەرفراوانی سیاسی – کۆمەڵایەتی بۆ سەر گەلەکەمان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکرد. گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ پاراستنی سیاسی ماوە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ بەربەست سیاسەتی چەپەڵی خۆی لە سەر کوردستان پێڕەو کرد. لەو قۆناخەدا خواستی گەل و زەرورەتی سیاسی پێویستی بەوە هەبوو کە هێزێکی تۆکمە  بە فەلسەفە و شێوازێکی نوێ لە خەبات، بەرەنگاری داگیرکاری و چەوسانەوە ببيتەوە و هەنگاوی جیدی بۆئازادی گەلی کورد بنێتەوە. فکر و رامان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ گونجاوترین ئاڵترناتیوە کە لەم قۆناخە لە مێژوی گەلەکەمان بۆ چارەسەری پرسی کورد و گەییشتن بە ئازادی پێڕەو بکرێت و لە سەر ئەم ئەساسە لە ساڵی ٢٠٠٤ یەکەم کۆنگرەی پژاک ئەم بێدەنگیە سیاسیەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شکاند و بە فەلسەفەی ئازادیخوازی و ڕزگاری لە چەنگ داگیرکاری خەباتێکی نوێ دەستی پێکردەوە و شەپۆلی هیوا و ئیرادەمەندی، گۆمی مەندی دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامی هەژاند، و بە سەدان شەهیدی سەربەرز لەم ڕێبازەدا گیانیان بەخت کردوە. لە ماوەی ئەم ١٢ ساڵە دا پژاک وێرای ئەوەی کە هەنگاوی بە کاریگەری لە پێناو ئیرادەمەندی گەلەکەمان ناوە و وەڵامی شیاوی داوە بە هێرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە هەمان کاتیش دا هەرکات هەوڵی داوە پرسی کورد بە شێوازی دیالۆگ چارەسەر بکات. بەڵام  بەردەوام لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە هێرش و پێداگری لەسەر سیاسەتی  نکۆڵی سەر گەلی ئێمە وڵامی  ئەو هەوڵدانانەی داوەتەوە.

لە هەلو مەرجی ئەم سەردەمەش دا بە پێداچونەوەیەکی زانستیانە و ڕەخنەگرانە بە سەر تێکۆشانی پژاک دا چەند مەرحەلەی مێژویی تێپەڕکردوە و پێشەنگایەتی دامەزراندنی کۆدار بەشێکە لەم ئەرکە مێژوییە. سەرەڕای تێکۆشان و قوربانیدانێکی زۆر لە پێشگای گەلەکەمان  بەڵام بێگومان پێویستی بە هەنگاوی بەرزتر و وەدەست خستنی دەرەنجامی بەرفراوانتر لە پيناو ئازادی گەلەکەمان هەبوو کە بە رەخنەدانێکی کرداری و بابەتیانە و بە پشت بەستن بە ئەزموونە بە نرخەکان سەرجەم هەوڵدانەکانمان دەخەینە گەر تا بتوانین ببین بە وەڵامی ویستوداخوازییەکانی مێژوویی گەلەکەمان و ئەرک ومیسێۆنی خۆمان بۆ گەییشتن بە ئازادی و کۆمەڵگایەکی دێمۆکڕاتیک بە شێوازی پێویست بە ئەنجام بگەیەنین. شان بە شانی بەشەکانی تری کوردستان پێویستە هەنگایی جیدی بەرەو سەرکەوتنی شۆرشی رۆژهەڵات بنێینەوە. ئەو ئاستەی کە گەلەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە تێکۆشانێکی بێ وچان پيی گەییشتووە ئیتر سیستەمی داگیرکاری وەچۆکداهێناوە. بۆیە پێویستە کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە باشی لەم بابەتە تێبگات و بۆ ئەوەی تووشی چارەنووسی تورکیا و سوریا و عيراق نەبيت پيویستە دان بە هەبوون و ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد دا بنێت.  تەڤگەری ئازادیخوازی و گەلەکەمان  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیترنەتەنیا نکۆڵی و سیاسەتی قڕ کردن پەسەند ناکات بەڵکوو سورتر و شێلگیرانەتر و بە مێتۆدی ڕادیکاڵتر پاراستنی کەرامەت و دەستکەوتەکانی خۆی دەکات.

بەڵێن بە خوێنی شەهیدان، تێکۆشانی خۆمان گوڕتر دەکەینەوە و چرکەیەک لە خەبات و بەربەرەکانی بۆ گەییشتن بە ئامانجمان ناسرەوین. ساڵی ٢٠١٦ دەکەینە ساڵی خۆبەرێکخستن و ساڵی بەربەرەکانی چڕتر بە دژی کۆنەپەرستی و داگیرکاریە. کۆماری ئیسلامی ئێران باش بزانێت گەلی ئازادیخوازی کورد ئیتر لەهەمو بەشەکانی کوردستان لە سەر پێیە و ئامادەی هەمو فیداکاریەکەو بە پشتیوانی گەلی خۆمان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەربەرەکانی لە گەڵ هەر دوژمنکاریەک دەکات و فەلسەفەی ئێمە “یان سەرکەوتن یان سەرکەوتنە” .

مجلیسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

٠٤-٠٤-٢٠١٦