ماڵپەڕی پژاك لەسەر دۆخی دوایی ئێران لەناوچەكە و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان دیدارێكی تایبەتی لەگەڵ ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK) ئەنجام داوە، كە دەقی چاوپێكەوتنەكەتان لەخوارەوە بۆ بڵاو دەكەینەوە.
پرسیار: ئێوە رۆڵی ئێران لەقووڵ بوونەوەی قەیرانەكان و بەربڵاوبوونی تیرۆر لەناوچەكە و جیهان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئامەد شاهۆ: لەبەر ئەوەی ئێران راستەوخۆ دەستێوەردانی زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەی كردووە، لەقووڵبوونەوەی قەیرانەكان و بەربڵاوبوونی تیرۆر پشكی شێری هەیە. هۆكاری دەستێوەردانەكەش دەگەڕێتەوە بۆ درێژەپێدانی تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی و زاڵا بوونی هێڵی شیعەی دەسەڵات بە سەر هێڵی سووننەی دەسەڵات لەناوچەكە و دوورخستنەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لەناوخۆی ئێران. رژێمی ئێران بەو سیاسەتەی بەرگری لە عەقڵییەتی تیرۆر و فاشیزم لەناوچەكە دەكات و بەردەوام كردنی ئەو سیاسەتەش هەڕەشەیەكە بۆ بەرژەوەندی سەرجەم زلهێزەكانی جیهانی و ناوچەكە. ئێران بەو سیاسەتەی دەیەوێت ترس و دڵەڕاوكێ لەناوچەكە دروست بكات و بەوشێوەیەش هەبوونی هێزی داگیركاری خۆی بەسەر ناوچەكە دا بسەپێنێت. بۆیە لەقووڵكردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزیەكان لەسوریا، ئێراق، یەمەن و تەنانەت توركیا و كردەوە تیرۆریستیەكانی دوایی لەوڵاتانی ئەوروپا، رۆڵی كاریگەر و بەرچاوی رژێمی داگیركاری ئێران تێدا هەیە. ئێران نایەوێت لەناوچەكە ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بێت، چۆنكە بەرقەراری ئاشتی و ئارامی لەناوچەكە، بۆ ئێران بەواتای كۆتایی هاتنی دیكتاتۆریەت و عەقلییەتی موتلەقەی فەقییە. بۆیە بە قووڵكردنەوەی شەڕ و پشتگیری لەتیرۆر و دەستێوەردان دەیەوێت لەو دۆخە گێژاوییە خۆی قوتار بكات.
پرسیار: ئایا ئێران دەتوانێت لەو دۆخە خۆی قوتار بكات؟
ئامەد شاهۆ: زۆر زەحمەتە ئێران لەو گێژاوەی كە لەناوچەكە دروست كراوە، بە سەركەوتووی سەرهەڵدەربێنێت. چۆنكە هیچ هێزێك بە رێگای قووڵكردنەوەی قەیران و پشتگیری لەتیرۆر ناتوانێت بۆ ماوەی درێژخایەن بەرژەوەندی دەسەڵاتداری خۆی بپارێزێت. ئێستا لەناو خودی ئێراندا دووبەرەكی و شەڕی دەسەڵات لەئارادایە. ئەوەش لەسیاسەتە دەرەكی و ناوخۆییەكانی رژێم دەردەكەوێتەڕوو، كە بەرەی میانڕەو لایەنگری پتەوكردنی پەیوەندی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایەو بەرەی توندڕەویش دژی ئەو پەیوەندیانە دەوەستێتەوە. سوپای پاسدارانیش لە هەوڵدایە ئەو دۆخە وەك دەرفەتێك بۆ سەپاندنی هێزی خۆی بەسەر سەرجەم جۆمگەكانی كۆمەڵگا بقوازێتەوە.
هەڵبژاردنی خوڵی دەهەمی پەڕلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان بەڵگەیەكی ترە كە قووڵبوونی ناكۆكی نێوان لایەنەكانی دسەڵاتدار دەخاتەڕوو. تەنانەت لایەنەكانی دەسەڵات بۆ رەوایەتیدان بە خۆیان یەكتریان بە نفوزی، فتنەگەری، ئامووری بێگانە، تیرۆریسم، دژەخودا، پابەندنەبوون بە یاسای بنەڕەتی و شەریعەتی ئیسلامی و دەیان دەستەواژەی تر تۆمەتبار كرد، ئەوەش راستیەكە ئاشكرایان كرد كە هیچ یەك لەو لایەنانە نوێنەرایەتی گەلان ناكەن. هاوكات شورای نیگەهبان و سوپا بە رەدكردنی سەلاحییەتی بەربژێرانی پەڕلەمان لەدژی ئیرادەی گەلان كودەتای سیاسی یان كرد. بە فەراهەم كردنی ئەو كەش و هەوایەی كە خامنەیی و سوپا خوڵقاندیان، عەقڵییەتی تیرۆر و فاشیزم زیاتر سەرهەڵدەداتەوەو ئەوەش هەڕەشەیەك دەبێت بۆ سەر كۆمەڵگای مەدەنی و سەرجەم ئازادیخوازان لەئێران.
پرسیار: كاربەدەستانی باڵای ئێران بە هاتنی ساڵی تازە ئاماژەیان بە كۆمەڵێك مەترسی بۆ سەر وڵات كرد و هەندێك بەرنامەو پڕۆژە خرانە بەر باس، ئێوە هەست دەكەن لەم ساڵ چی روودەدات و ئێران چەندە دەتوانێت پلان و بەرنامانەكانی جێبەجێ بكات؟
ئامەد شاهۆ: ئەو هەڕەشەو گوڕەشانەی سوپای پاسداران و كاربەدەستانی رژێم دەیكەن، نیشانی دەدات كە ئێران لەژێر گوشارێكی قورسی دەرەكی و ناوخۆیدایە. هەستیان بەوە كردوە كە ئاڵوگۆڕەكانی ناوچەكە بەرۆكی خۆیان دەگرێتەوە و ئەوەش دەبێتە دەرفەتێك بۆ گەلانی ئێران كە خۆیان رێكخستن بكەن و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری خۆیان رابگەیەنن.
بۆیە كاربەدەستانی رژێم لەئەگەری ئەو گۆڕانكارییە، تۆقاون و دەیانهەوێت بە هەڕەشەو گوڕەشە دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی دیكە رابكێشن. تۆقاندنی رژێمیش سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزبوون و بەرفراوانی تێكۆشانی دیمۆكراتیانەی گەلان بە دەستپێشخەری گەلی كورد. بە پێ ئەو تێكۆشانەی گەلی كورد بە پاڵپشتی گەلانی ئازادیخواز لەناوچەكە بەڕێوە دەبات، ساڵی 1395 دەبێتە ساڵی سەركەوتنی گەلان یان دیمۆكراسی لەبەرامبەر زهنییەتی دەوڵەت ـ نەتەوە، كە ئەوەش داگیركەرانی كوردستانی خستووەتە ناو جووڵەوە.
رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بە پێ ئەوە دەیەوێت خۆی لەشاڵاوی تووڕەیی گەلان بپارێزێت و بە رواڵەت خۆی بەوڵاتێكی دیمۆكراتیك نیشان دەدات. ئیدی بۆ فریودانی رای گشتی بە قسە، باسی ئازادی و مافی گەلان و نەتەوەكان لەئێران دەكات. لەژێر دەمامكی سوپای پاسداران دەیانهەوێت ئیرادەی گەل راكێشی دەزگاكانی رژێم بكەن. خامنەیی ساڵی نوێ بە ساڵی ئابووری مقاومەتی، هەنگاو نان و پراتیك ناوزەد كرد. ئەوەش پڕۆژەیەكە كە رژێم لەهەموو بوارەكانەوە بە تایبەت بواری ئابووری دەیهەوێت سەربەخۆیی رابگەیەنێت. بەڵام بە پێچەوانەوە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمار بە راشكاوانە رایگەیاند؛ ئەگەر پەیوەندی ئابووری لەگەڵ دونیای دەرەوە بپچڕێنن و قسەكانی خامنەیی تەنیا بە دروشم بێت، پڕۆژەكەیان رووبەڕووی شكست دەبێتەوە.
پرسیار: روانگەی ئێوە لەسەر ئەو پڕۆژەی خامنەیی چییە؟
ئامەد شاهۆ: هەر پڕۆژەیەكی دژی بەرژەوەندی گەلەكەمان بێت، مایەپووچی دەكەین. دوای كاوڵكاری وڵات، خامنەیی بە پڕۆژەی ئابووری مقاومەتی (خۆڕاگرانە)، هەنگاونان و پراتیك؛ دەیەوێت كێشەی هەڵاواردن، بەرهەمی ناوخۆیی و بێكاری چارەسەر بكات، گرانی كۆنتڕۆڵ بكات، بەس باس لەچۆنیەتی رێبازەكەی ناكات. خامنەیی و سوپا دەیانەوێت هاوشێوەی كودەتای سیاسی لەهەڵبژاردن ئامادەكاری بۆ كودەتای ئابووری لەئێران بكەن. بۆیە دەیانهەوێت لەدەستپێكەوە رێ و شوێنی توند بۆ هەناردەكردن و هاوردەی كاڵا لەئێران بگرنەبەر. بەو پڕۆژەش زەمینەی كوشتنی كاسبكاران و كۆڵبەران لەسەر سنوورەكان زیاتر خۆش دەكەن. دەیانهەوێت لەناوەندە گۆمركیەكانی كوردستان سەرمایەگوزاری زیاتر بكەن. بەس چ حسابێكیان بۆ گۆمركی ماكۆ، حاجی عۆمران، خوسرەوی و پەرویزخان، باشماخ و شوێنەكانی تر هەیە، ناڕوونە، بۆیە لەو پڕۆژەدا حسابیان بۆ هەڵوێستی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد نەكردووە. ئەم پڕۆژەیە ئەوە دەخاتەڕوو كە دەیانەوێت سەرجەم كەلێنە ئابووریەكانی وڵات رادەستی سوپای پاسداران بكرێت. ئیدی سوپای پاسداران دەیەوێت بە دەمامكی ئابووری مقاومەتی؛ شەڕی بێكاری، گرانی و هەڵاواردن لەدژی گەلان بكات، بە دەستپێكردنی ئەم دۆخەش، لەو باوەڕەداین رەوشی ئابووری گەل لەوەی كە هەیە خراوتر دەبێت.
ئێمە رووبەرووی هەر جۆرە سەرمایەگوزاری دەوڵەتی كە زیان بە ئابووری كۆمیناڵ بگەیەنێت دەبینەوە. هەرگیز رێگا نادەین لەژێر ناوی چەسپاندنی تیرۆر و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لەكوردستان سەرجەم داهاتی ئابووری گەلەكەمان زەوت و تاڵان بكرێت، یان كوردستان بكرێتە هێلانەی مافیاگەرانی ئابووری كە لەسەر ناوی ئابووری مقاومەتی، ئابووری كۆمیناڵ دیموكراتیكی گەل لەناوبەرن ولەسەر رەنجی گەلان ژیان بەسەر بەرن.
پرسیار: سەرەڕای قەدەخەكاریەكانی رژێم، گەلی كورد جەژنی نەورۆزی پیرۆز كرد، بەشداری گەل لەئاهەنگەكانی نەورۆز چۆن دەنرخێنن؟
ئامەد شاهۆ: نەورۆز جەژنی نەتەوەیی كورد و جەژنی پێكەوە ژیانی گەلانی ئێرانە. بۆیە گەلی كورد و گەلانی تر مافی خۆیانە كە جەژنی نەورۆز پیرۆز بكەن. بەس رژێم جارێكی تر سیاسەتی دووڕوویانەی خۆی ئاشكرا كرد و لەزۆر گوند، ناوچە و شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەربەستی لەبەرامبەر ئامادەكاریەكانی ئاهەنگی نەورۆز دروست كرد و بەدەیان كەسیشیان دەستبەسەر كرد. سەرەڕای ئەو قەدەخەكاریانە، گەلەكەمان بە دروشمی؛ “بژی سەرۆك ئاپۆ و شەهید نامرن” قەدەخەكاریەكانیان تێكشكاند. پیرۆز كردنی جەژنی نەورۆزی 2716ی كوردی لەلایەن گەلەكەمانەوە كە بە جۆش و خرۆشەوە بەڕێوە چوو، بە واتای هەڵكردنی ئاگری سەرهەڵدان و تروسكەی شۆڕشی ئازادی لەرۆژهەڵاتی كوردستانە. لێرەدا سڵاوی شۆڕشگێڕانەمان ئاراستەی سەرجەم دایكانی شەهید، دایكانی ئاشتی، منداڵان، جەوانان و سەرجەم پێكهاتەكانی تری گەلەكەمان دەكەین كە بە رۆحی شۆڕشگێڕییەوە ئاگری نەورۆزیان هەڵكرد. سەرجەم مەراسیم و ئاهەنگەكانی نەورۆزی ئەمساڵ لەسەرجەم گوند، ناوچە و شارەكانی رۆژهەڵات بە راپەڕین لەدژی زوڵم و زۆری و هەڵكردنی مەشخەڵی ئازادی لەقەڵەم دەدەین. ئەوەش پەیامی پشتگیری گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ راگەیاندنی سیستەمی فیدڕاڵی دیمۆكراتیكی رۆژئاوای كوردستان ـ باكووری سوریا و راگەیاندنی یەكێتی هێزی شۆڕشگێڕی گەلانی توركیا و بەرخۆدانی شكۆداری گەلەكەمان لەسەرجەم بەشەكانی تری كوردستان وەسف دەكەین.
پرسیار: رژێم لەسەر ناوی راهیانی نوور گەنجان و ژنان بۆ ناوچەكانی تری ئێران دەبەن، ئەم سیاسەتەی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئامەد شاهۆ: رژێم بۆ فریودانی گەلی كورد هەر چەشنە سیاسەتێك پەیڕەو دەكات. بە تایبەت بۆ فریودانی ژنان و جەوانان لە ژێر ناوی راهیانی نوور دەیەوێت پەردە بە سەر راستیەكاندا بنێت. جەوانان و ژنانی خوێندكار دەبەنە ناوچەكانی باشووری ئێران كە شەڕی 8ی ساڵەی ئێران و ئێراق تێیدا روویداوە. بردنی ئەو خوێندكارانەش وەكوو گەورەترین چالاكی كلتووری لەقەڵەم دەدەن. رژێم بەو سەفرە نازانستیانە دەیانەوێت حافزەی سیاسی و مێژوویی جەوانان و ژنانی كورد بسڕنەوە. بە پیشاندانی هەندێك شوێن كە سەمبۆلی دەسەڵاتە و ئەو قسەو باسانەی كە لەو سەفرەدا بۆیان دەكرێت و ئەو سی دی و ماتریاڵانەی پێیان دەدرێت هەمووی لەپێناو چەواشەكردنی بەرخۆدان و تێكۆشانی رەوای گەلی كورد دەكرێت. چۆنكە رژێم بەو كردەوانەی هێزە چەكدار و داگیركەرەكانی بە شەهید لەقەڵەم دەدات و بەپێچەوانەشەوە تێكۆشانی رۆڵە قارەمانەكانی كوردیش دەخاتە خانەی تیرۆرەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئیدی ژن و جەوانی كورد كانگای بەرخۆدان و ئازادی لەكۆبانی، گەڤەر، جزیری بۆتان و شەنگاڵ دا دەبینێت، بۆیە زیارەت و سەردان كردن بۆ ئەو شوێنانە لەلایەن پێش هەر شوێنێكی ترە.
بە رای من ئەوانەی كە بەشداری ئەو مەراسیمانە دەبەن بەكرێگیراوانی رژێمن، ئەو كەسانەن كە هەستی كوردایەتی یان لێ زەوت كراوەو لەشووناسی خۆیان نامۆ كراون. كەسێكی وەك سەردار محەمەد حسێن رەجەبی كە خەڵكی شاری قومەو فەرماندەی سوپای بەیت ولموقەدەسی پارێزگای كوردستانە، رۆڵی سەرەكی لەبە لاڕێدا بردنی جەوانانی كورد هەیە، نرخێكی لەلای گەلی ئازادیخواز نییە. رژێم بە رێگای كار و چالاكیەكانی بەسیج و ئەو مرۆڤە خوێنمژانە دەیهەوێت سیاسەتی شكست خواردووی پەردەپۆش بكات. گەلەكەمان بۆی روونە كە گەل لەرۆژهەڵات بە ساڵانە لەدژی زوڵم و زۆری بەرخۆدانی كردووە و چوونی بۆ ناوەندێك كە لەژێر كۆنتڕۆڵی داگیركەر دابێت، لەلای نرخ و واتای نییە.
پرسیار: مەبەستتان لەوە چییە كە ژنان و جەوانانی كورد ئیدی رۆژئاوا و باكووری كوردستان ئادرەسی تێكۆشانیانە؟
ئامەد شاهۆ: گەلی كورد لەچ جێگایەكدا بێت بەڕەنگاری داگیركاری دەبێتەوە. ئێستا رۆژئاوا و باكووری كوردستان ناوەندی بەرخۆدان و سەرهەڵدان لەدژی داگیركاری و فاشیزمە. بەشداری و پشتگیری كردنیان بۆ ئەو ناوەندانە بە ئەركی ئەخلاقی و نەتەوەیی دەبینن. رژێمی داگیركاری ئێرانیش لەم دۆخەدا دەیەوێت جەوانان و ژنانی تیكۆشەری گەلەكەمان لەو ناوەندانە درووربخەن و وزەی شۆڕشی گەلەكەمان بە پێ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربێنن. رژێم دەیەوێت ناوەند و شوێنەكانی خۆی كە تێدا شەڕی دەسەڵاتداری ئەنجام داوە، بە شوێنی پیرۆز بە گەلەكەمان لەقەڵەم بدات. لەهەمان كاتدا بە پێچەوانەوە شوێنە پیرۆزەكانی گەلەكەمان وەك هێرش بۆ سەر مەزارگەیەك لەشاری نەقەدەو جەمخانەكانی پەیڕەوانی یارسان لەئیسلام ئابادی كرماشان و سووكایەتی بە جل و بەرگی نەتەوەیی كورد لەورمێ و زۆربەی شارەكانی تر نرخ و بەهاكانی كۆمەڵگای كوردەواری بێبایەخ و بێنرخ لەقەڵەم دەدات. ناڕەزایەتیەكانی گەلەكەمان لەدژ ئەو كردەوە تیرۆریستیانەی رژێم سەلمێنەری ئەوەیە كە گەلی كورد ئیدی ئەو ناوەند و شوێنانەی كە رژێم بۆ چەواشەكاری پیرۆزی كردووە، قەبووڵی ناكات و بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە و ناوەندانە پەسەند دەكات كە نوێنەرایەتی راستەقینەیان دەكات.
پرسیار: بەرێز ئامەد لە كۆتاییدا چ پەیامێكدان بۆ گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە؟
ئامەد شاهۆ: هیوادارم گەلەكەمان بە هەموو هێزیەوە پشتگیری لە بەرخۆدان و سەرهەڵدانی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژئاوا و باكووری كوردستان بكات و تایبەت گەنجان بە بەشداربوونیان بۆ ناو ریزەكانی یەپەسە و یەپەگە خاوەندارێتی لەئەركی نەتەوەیی و مێژوویی یان بكەن. لێرەوە لەسەر ناوی پارتەكەمان جارێكی تر سڵاوی بەرخۆدانی بێوێنەی گەلەكەمان لەباكووری كوردستان دەكەین و دامەزراندنی یەكێتی هێزەكانی شۆڕشگێڕی گەلان لەتوركیا و سیستەمی فیدڕالیزمی دیمۆكراتیكی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا پیرۆز دەكەین.