وەك وشە ژنۆلۆژی مانای زانستی ژن یان ژنناسی دەبەخشێت.مانایەكی دیكەی وشەی ژن لە زمانی كوردیدا ئافرەتە.سەرچاوەكەشی بۆ وشەی ژیان دەگەڕێتەوە. مانای وشەی ژیانیش روون و ئاشكرایە. لە زمانەكانی ناوچەو زمانە هیندۆ ئەوروپیەكان مانای ژیان و زیندووێتی دەبەخشێت. هەروەها وشەی زەن یش بە مانای ژن بەكاردەهێنرێت. وەك رەگەز یەكەمجار ژن دەركی بەخۆی كردووە. هەر ژنیشە كە سەرجەم پرەنسیپەكانی سەبارەت بە ژیانی داهێناوە. واتە ئەخلاقی ژیان و پرەنسیپە سیاسیەكان لە دەوری ژن هۆنراوەتەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش كۆمەڵگابوون پێشخراوە. دیسان هەر ژنە كە لەمیانەی بەها سیاسی و ئەخلاقیەكانەوە كۆمەڵگای سیاسی بونیادناوە. هەربۆیەش كاتێك دەلێین ژیان ژن بە ئەقڵماندا دێت، كە دەڵێین ژنیش یەكەمین شتی بە ئەقڵماندا دێت ژیانە. بەمانایەكی دیكە سوڕی ژیان لە جەستەی ژندا دەست پێَدەكات. دۆخی دووگیانی و خوێنبەربوونی مانگانەش لە هەمانكاتدا رایەڵەكەی لەگەڵ ژیان و رۆڵی لە بەردەوامكردنی ژیاندا دەخاتە روو. هەم لە پێشخستنی بەها ژیانیەكان، هەم لە بواری جەستەییەوە ژن بووە بە هاوتای ژیان.هەربۆیەش پەیوەندی و رایەڵەی نەپچڕاو لەنێوان ژن و ژیان جێگای باسە. لەو روانگەشەوە سەبارەت بە راستی ژیان ژن بەرفراوانترەو رەهەندگەلی زیاتر لەخۆوە دەگرێت. بە بەراورد لەگەڵ رەگەزی نێر هەستی بەرپرسیارێتی ژن زیاترە. راستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە هەم لە بواری فیزیكی (جەستەیی)، هەم لە بواری ماناوە ژن نوێنەرایەتی بەرفراوانترین بەشی كۆمەڵگای سروشتی دەكات. هەر ئەوەش سەرچاوەی هاوتابوونی ژنە لەگەڵ ژیاندا. لەو روانگەوە ژنۆلۆژی كە زانستی ژنە لە هەمانكاتدا زانستێكی ژیانیشە. لەو چوارچێوەیەشدا بە ئەندازەی سەرلەنوێ پێشخستنی رایەڵەیەكی بەهێزی ژن لەگەڵ ژیانداو گەیاندنی ژیان بە دۆخێك كە دەرفەتی ژیانی تێدا هەبێت، ئەوا هێندەی ئەركە مێژووییەكەی، لە مانا هەنووكەییەكەشدا ئەرك و بەرپرسیارێتی مەزن لەپێناوئازادكردنوجوانكردنیژیان دەكەوێتە سەرشانی ژنۆلۆژی.
لە رێگای بەرگرینامەی سۆسیۆلۆژیای ئازادیەوە رێبەر ئاپۆ ژنۆلۆژی خستۆتە رۆژەڤی بزاڤی ئازادیخوازی ژنەوە. لەو بارەیەوە بەڕێزی ئاماژەی بەو دێرانە كردووە؛ ” لەجیاتی فێمینیزم لەوانەیە دەستەواژەی ژنۆلۆژی باشتر وەڵامی ئامانجەكان بداتەوە. ئەو راستیانەی ژنۆلۆژی بیخاتە روو بەلانی كەم راستی و واقیعەكەی لەو راستیانە كەمتر نابێت كە لقەكانی دیكەی سۆسیۆلۆژیا دەیخەنەروو. راستیەكی حاشاهەڵنەگرە كە هەم لە بواری جەستەیی هەم بواری ماناوە ژن بەرفراوانترین بەشی كۆمەڵگای سروشتی پێكدێنێت. كەواتە ئەو بەشە گرنگەی كۆمەڵگای سروشتی بۆچی نابێتە بابەتی زانست؟ پێشنەخستنی ژنۆلۆژی لەلایەن ئەو سۆسیۆلۆژیایەی تا ئاستی (پەدۆلۆژی) پەروەردەو فێركردنی منداڵدا بەشبووە جگە لەروانگەو گوتە پیاوسالاریەكەیەوە هیچ شتێكی دیكە روونی ناكاتەوە. تاسروشتی ژن لەتاریكیدا بمێنێتەوە، ئەوا تەواوی سروشتی كۆمەڵگاش بەشاراوەیی دەمێنێتەوەو رۆشن ناكرێتەوە. رۆشنكردنەوەی بەرفراوان و راستەقینەی سروشتی كۆمەڵگاش تەنیا لەمیانەی رۆشنكردنەوەی بەرفراوان و واقیعی سروشتی ژن فەراهەم دەبێت. رۆشنكردنەوەی دۆخی ژنیش لەمێژووی كۆلۆنی كردنیەوە تا داگیركردنی لەبوارەكانی ئابوری، كۆمەڵایەتی، سیاسی وزهنیەوە كۆمەكێكی مەزن پێشكەش بەئاشكرابوونی تەواوی بابەتەكانی دیكەی دیرۆك وسەرجەم لایەنەكانی كۆمەڵگای ئێستامان دەكات. زانستی ئەتیك و ئەستاتیكاش بەشی دانەبڕاوەی زانستی ژنن. پێشخستنی زانستی ئابووریش وەك بەشێكی زانستی ژن راست تر و گونجاوترە. ئابووری شێوەیەكی چالاكی كۆمەڵایەتییە كە هەر لە سەرەتاوە ژن رۆڵی بنەڕەتی تێدا بینیوە. بزووتنەوەیەكی یەكسانی، دیموكراسی و ئازادی ژنانی پشتبەستوو بە زانستی ژن كە فێمینیزمیش لەخۆوە دەگرێت ئاشكرایە كە رۆڵێكی سەرەكی لە چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكاندا دەبینێت”.هەروەك لەو دەست نیشانكردنەشدا ئاشكرا دەبێت رێبەر ئاپۆ ژنۆلۆژی لە دیدگای زانستی كۆمەڵایەتی پارادایمی نوێ جێگیر دەكات و وەك لقێكی سۆسیۆلۆژیای ئازادی بیری لێدەكاتەوە. زانست چالاكیەكی هزری پشتبەستوو بە تاقیكردنەوەیە، بەشێوەیەكی سیستەماتیك لە دیاردەو رووداوەكانی گەردوون دەكۆڵێتەوەو نەست و گریمانەكانیش پشتگوێ ناخات. لە ناوەڕۆكدا بەشێكی بچووكی فەلسەفەیە كە بە زانیاری مسۆگەر گەیشتووە. هەر پێكهاتە یاخود بابەتێكی هەمووێتی و یەكپارچەییەكی فیكرو پەیوەندی لۆژیكی لەخۆوە بگرێت بابەتی زانستە. زانست رێبازی بەركەمالی هێزی گۆڕانكاری، رێژەیی و كار- كاردانەوە ئاڵۆزەكەی مرۆڤە لەناو گەردوونێكی زۆر زیندوودا. راستیەكی حاشاهەڵنەگرە كە ئەوەیان تەنیا پشت بە ژیری و ئەقڵی ئەنالیتیك نابەستێت، بەڵكو وەك بەرهەمی ژیان و پەرەسەندنێكی كۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆی هێناوەتە بوون. لەو چوارچێوەیەشدا زانست بەرهەمێكی خۆگەیاندنی ئەقڵی كۆمەڵگایە بە هێزی گۆڕانكاری و گۆڕان. كاتێك زانیاری و مەعریفە دەكرێت بە ئامرازێكی دەسەڵات، ئەوا لە رەگ و ریشەی خۆی و هەمووێتی كۆمەڵگا- سروشت دادەبڕێنرێت. دابڕاندنی مەعریفە لە ئاكار، گەورەترین زەبری لێداوە؛ لە ناوەڕۆكە راستەقینەكەی نامۆی كردووە. زانست یش ئەو زەمینەیە كە ئەو واقیعەی تێدا چڕبۆتەوەو بە ئاشكراترین شێوە گوزارشت لەخۆی دەكات. لەو سۆنگەوە زانست ئەو بوارو پێگەیە كە رەگەزپەرستی دژە ژنی تێدا قاڵبۆتەوە. بونیادی رەگەزپەرستانەی زانست تەنیا بریتی نییە لە پەراوێزكردن، بە ئەویتردانان یاخود حیساب نەكردنی ژن. بەڵكو رەنگدانەوەی شێوە جیاوازەكانی رەگەزپەرستی لە تێڕوانین بۆ سروشتی كۆمەڵگا، گەردوون، سروشت و مێژووش بە روون و ئاشكرایی دەبینرێت. لەمیانەی واقیع و راستیەكانی رۆژی ئەمڕۆمان ئاشكرا بووە كە نەك تەنیا ژن، بەڵكو كۆمەڵگا، سروشت و پیاویشی قۆستۆتەوە، لە دیرۆك و سروشتی خۆی دایبڕاندوون و بۆ هەموو جۆرە قۆستنەوەو بەكارهێنانێك كراوەن. خودی زانست تەواو وەك نێرخوداوەندێك بونیادنراوە. لەو چوارچێوەیەدا زانستە كۆمەڵایەتیەكان رۆڵی ئەندازیارێتی كۆمەڵگا دەبینن و كۆمەڵگا بەگوێرەی پیاوی باڵادەست بونیاد دەنێت. كاتێك زانست خۆی لە سەرچاوەكانی و مێژوو دابڕاند، وەك فەرموودەی خوداوەند خۆی كرد بە باڵادەست، رەهاو حاشاهەڵنەگر: خیانەت بوو بەرامبەر بە سەرچاوە راستەقینەكەی. بە مانایەك لە ماناكان ژنۆلۆژی زەمینەی سەرلەنوێ بەیەكگەیشتنەوەی زانستە لەگەڵ سەرچاوە رەسەنەكانی خۆی.
وەك دەزانرێت تا رۆژی ئەمڕۆمان هیچ دسپلین یاخود لقێكی زانستە كۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەكی تایبەت ژنیان نەكردووە بە بابەتی زانست، بێگومان جگە لە ژنۆلۆژی. ژنۆكۆلۆژیش لاوترین و نوێترین لقی بواری پزیشكییە.پێشتر پاڵپشت بە دانایی ژن و كلتوورو ئەزموونی هەزاران ساڵە ئەو بوارە لە زەمینەی كۆمەڵایەتی بەناوەندی نەكراوە، بوارێكی سروشتی هاوكارییەو بە تەواویش بەدەست ژنەوەیە. ژنۆكۆلۆژی بەو سیفەتەی بوارێكی پسپۆڕی زانستی پزیشكییە، وەك لقێكە پەیوەست بە گرفت و نەخۆشییە بایۆلۆژییە رەگەزیەكانی فیزیۆلۆژی ژن پێشدەخرێت. زیندە كردارەكانی چوارچێوەی منداڵبوون و كێشەو گرفتە پەیوەندیدارەكانی لەخۆوە دەگرێت.بێگومان بەو ئەندازەیە بە پزیشكیكردنی كردەیەكی سروشتی وەك منداڵ خستنەوەو ئەرك و رۆڵە جەستەییەكانی ژن، هۆكارەكانی گرێدراوی كۆنترۆڵكردنی جەستەی ژن و رێكخستنی بونیادی دیموگرافی كۆمەڵگایە بەگوێرەی پێویستی و سیاسەتەكانی سیستەمی دەسەڵاتگەرا.هەروەها لەژێر ناوی تەندروستیەوە قۆرخكردنی كۆنترۆلكردنی منداڵ خستنەوە لەلایەن بواری پزیشكی و دەوڵەتەوە، دیسان نەزۆككردن یان بەكارهێنانی جەستەی ژن وەك ئامێرێكی منداڵبوون بەرهەمێكی سیاسەتەكانی كۆمەڵكوژی و پاكتاوی نەژادی یان سیاسەتە میللیگەرایی، نەژادپەرستی – شۆفینیەكانی دەوڵەت – نەتەوەیە.
جگە لە ژنۆلۆژی، لە سەرجەم زانستە كۆمەڵایەتیەكان و تیۆریەكانی دەروون شیكاری فرۆیدیدا ژن وەك بوونێكی هیستریایی، ناتەواوو هێزێكی زایەندی رەها پێناسە دەكرێت و وەك جەمسەرەكەی دیكەی پیاوی “چالاك، زاڵ و كامل” دەسەڵاتدار وێناكراوە.سایكۆلۆژی بەو سیفەتەی زەمینەی ” بەزانستیكردنی” قووڵكردنەوەی زهنیەتی فالوس – ڤاجیناو بچووككردنەوەی سروشتی كۆمەڵایەتی مرۆڤە بۆ سەرەتاییترین ئاستی رەمەك و كاردانەوە مەرجدارەكان، رۆڵێكی بەمجۆرە دەبینێت. پەرەسەندنی زیاتری ئەو دۆخە لەمیانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریەوەو بەخێرایی بەناوبانگبوونی و گەیشتنی بە حاڵەتی “دەسەڵات” ی زانستی؛ پێویستی بە پێشخستنی پەیوەندی بەهێزی هەردووكیانەوە هەیە.
سایكۆلۆژیاشی لەناودا لە سەرجەم لقەكانی زانستدا ژن ئۆبژەیەكەو ئامرازی ئایدیۆلۆژی ئافراندنی زەمینەی رەواكردنی سیستەمی پیاوسالارییە. پێویستە بەشێوەیەكی قووڵ و وردەكارانە شیكارێك لەو بارەوە بكرێت كە چۆن لەپاڵ باڵادەستی ئایدیۆلۆژیەوە سیستەمێكی بەرفراوانی باڵادەستی بە دەستی زانست لەسەر رەنجی ژن، هزرو ئیرادەكەی ئاواكراوە. لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە بە گومانەوە سەیری هەرجۆرە “پێدراوی زانستی” بكرێت كە سەبارەت بە ژن پێشخراوەو بە سیفەتی زانیاری زانستی مسۆگەر دەناسرێت، بگرە مەرجە كە پەسەند نەكرێت و زانیاریەكانی چوارچێوەی زانستی كۆمەڵایەتی ئەلتەرناتیف بە بنەما بگیرێت. ئاشكرایە كە ئەوە هەم پەیوەندی بە شێوەی پێكهاتن و دامەزراوەبوونی زانستە كۆمەڵایەتیەكانەوە هەیە، هەم پەیوەندی بە بونیادی زهنیەتی باڵادەستی- دەوڵەتی و پیاوسالاریەوە هەیە. شیكاركردن و رەخنەكردنێكی بنەڕەتیانەی بەرەی ژن سەبارەت بە زانستە كۆمەڵایەتیەكانی قەڵای پۆزیتیفیزم و لیبرالیزمن، سەرەكیترین كاروخەباتی ژنۆلۆژییە. لەو چوارچێوەیەدا شیكارێكی بنەڕەتیانەی كێشەی رێبازو مەعریفە- دەسەڵات لەمیانەی فەلسەفەو روانگەی ژنانەی زانستە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەست لێبەرنەدراوە. رۆڵی ژنۆلۆژی لە ئاشكراكردن و بونیادنانی ئەلتەرناتیفە بەهێزەكەی ئەو زانستە كۆمەڵایەتیانەدا گرنگە كە بە بەراورد لەگەڵ راهیبەكانی دەوڵەتی سۆمەر رۆلێكی زۆر كۆنەپەرستانەتریان هەیە لە دابڕاندنی كۆمەڵگا لە مێژووەكەی، بە ئۆبژەكردنی ژن و كۆمەڵگا، سڕینەوەی هۆشیاری و یادەوەری كۆمەڵگا، بێ ئیرادەكردنی ژن و كۆمەڵگاو فەراهەمكردنی مەشروعیەتی باڵادەستیدا. پێویستەسەرلەنوێ چیەتی زانست، رۆڵە كۆمەڵایەتیەكەی و كارەكتەری كۆمەڵایەتی زانیاری و مەعریفە سەرلەنوێ پێناسە بكاتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە لەمیانەی رایەڵەی دیالیكتیكی زانست بە شێوەكانیدیكەی هزرەوە پێناسە بكرێت و هەمووێتی و یەكپارچەییەكەی بئافرێنرێت. لەو خاڵەوە سەرلەنوێ تاوتوێكردنی مێژوو، هزر، بوون و شێوازی ژیانی ژن گرنگ و بایەخدارە. پێویستە بەرفراوانترین كاروخەباتی زانستی ژنۆلۆژی لە بواری مێژوو زانستی بوونی ژن بێت.بەتایبەتیش پێشخستنی رایەڵەیەكی ریشەیی بوونی ژن لەگەڵ فەلسەفەدا، رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە كەمكردنەوەی چەواشەكاریەكانی مەعریفەو سنورداركردنی شێوەكانی ژیری ئەنالیتیكی زلكراودا. دیاریكردنی ئەو رادەیەی دابڕاندنی زانست لە فەلسەفە، باوەڕی و نەستەكان، بونیادی هزری میتۆلۆژی- روحانی وكردنی بە شێوازێكی زاڵ و زانیاری- دەسەڵاتەكان بە دژێتی ژنەوە تەنیا لەمیانەی ئافراندنێكی بنەڕەتی زانستی بوونی ژن لەلایەن ژنۆلۆژیەوە بەدیدێت. پێشخستنی رایەڵەیەكی بەهێزی زانست لەگەڵ ئاكارو ئەستاتیكا جێگەیەكی گرنگی لە گەیشتن بە پێناسەیەكی راست و كۆمەڵایەتی هەیە. بە مانایەك لەماناكان پێویستە زانست لە ئەقڵی زێدەرۆیانەی ئەنالیتیك و پیاوسالاری دەربخرێت و لە تەوەرەی ژن و كۆمەڵگادا جێگیربكرێت، ئیتر زانست رێگاو رێبازی شێواندن و چەواشەكردنی حەقیقەت نەبێت، بەڵكو بكرێت بە زەمینەیبنەڕەتی گەیشتن بە حەقیقەت و ئەو تێكۆشانەی لەو پێناوە ئەنجامدەدرێت.
راستیەكی روون و بەرچاوە كە لە دوا چارەگی سەدەیبیستەم بونیادو چەمكی مۆدێرنیستانەی زانستی كۆمەڵایەتی رووبەڕووی رەخنەگەلێكیزۆر بوویەوە.لەو بارەوە زەمینەو هێزێكی گرنگی رەخنەكردن هاتە ئاراوە. دەتوانین بڵێن كە نەگەیشتنی ئەو رەخنانە بە سیستەمێك و رزگارنەكردنی سیستەم و رێبازی مەعریفەی دەسەڵات بە تایبەتی پەیوەندی بە تێڕوانینیان هەیە سەبارەت بە كێشەی رزگاری و ئازادی ژنەوە. بەهۆی هەڵوێستیان بەرامبەر بە ژن و نەبوونی پێناسەیەكی راست بۆ ناسنامەی كۆمەڵایەتی ژن و كێشەكانی ئازادیەوە، نەبوون بە سیستەم یاخود رەوتێكی بنەڕەتی. بێگومان سەرباری ئەو هەموو رەنجەو هەوڵەكانیان لەپێناو سیستەمی ئەلتەرناتیف، بەڵام تێرخۆراكبوونیان لە بونیادی پیاوسالاری زاڵ كاریگەریەكی زۆری لەسەر ئەو دۆخە هەیە. بەمجۆرە كاتێك لەو چوارچێوەیەدا ژنۆلۆژی رەوتی پۆست مۆدێرن و رەخنەكان بە شێوەیەكی بەهێز تاوتوێ و رەخنە دەكات و لە زەمینەیەكی كۆمەڵایەتی تەوەرەی ژن جێگیری دەكات و بە سیستەمێكی دەگەیەنێت، هەستان و قەڵەمبازێكی گرنگ فەراهەم دەكات.
لەناوەڕۆكدا زانست بەرهەمی ژیریەكی زۆر نەرم، فەمینەن و ئیكۆلۆژییە.زانستی ژن پەیوەندی ژن بە سروشت، بایۆلۆژی ژن، فەلسەفەی بوونی ژن و پێناسەی زانستی پەرەسەندنی ژیری سۆزداری و ئەنالیتیكی و پەیوەندیەكانیان لەخۆوە دەگرێت. پێویستە لەمیانەیدرێژ ماوەدا ژنۆلۆژی پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتی- زانستی لە چوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای كلتووری، بونیادی،پۆزێتیف و بە تایبەتیش لە چوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای ئازادی دەستەبەر بكات. جێگیربوونێكی تۆكمەی ژنۆلۆژی لەو تێڕوانینە سۆسیۆلۆژیەدا، لەدینامیكیەتوپێوەریئازادیناو زانستە- كۆمەڵایەتییە ئەلتەرناتیفەكاندادەیكاتبەلقێكیسەرەكی. بەگوێرەی ئەوەش:
• لەچوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای درێژ ماوەدا: ئەو بوارانە لەخۆوە دەگرێت ؛ بوون و ژیانی ژن لە كۆمەڵگای كلتووری، پەیوەندی ژن لەگەڵ فاكتەرە كۆمەڵایەتییە سەرەكیەكانی لە شێوەی كلتوور، زمان، هونەرو ئایین، هەروەها لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندی ژن- منداڵ، پەیوەندی و ناكۆكیەكانی دوالیزمی ژن- پیاو، مێژووی پەرەسەندنی زایەند، پەیوەندی زایەند لەگەڵ ئەتیك- ئەستاتیك و ئابوری، رۆڵی ژن لە كۆمەڵگابوون، پەرەسەندنی كایە كۆمەڵایەتیەكانی لەجۆری ئابووری، ئاكار- ئیكۆلۆژی- ئەستاتیك لە تەوەرەی ژن و كاریگەریەكانی لە رۆژی ئەمڕۆمان لەخۆوە دەگرێت. تاوتوێكردنی وردەكارانەی ئەو بابەتانەو پێشخستنی لەگەڵ پێدراوە زانستیەكان وەك زانستی مانا دەكەوێتە چوارچێوەی ژنۆلۆژیەوە.
• لە چوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای بونیادیدا: بنچینەكانی بونیادی كۆمەڵگابوونی تەوەرەی ژن، سیستەمی هزری و میتۆلۆژی كلتووری مادی و مەعنەوی كۆمەڵگای دایكسالاری نیولیتیك، بە دامەزراوەبوونی ئۆرگانە سیاسی و ئەخلاقیەكان، پەیوەندی رۆڵ- بونیاد لە كۆمەڵگابوونی تەوەرەی ژن، ئاشكراكردن و پێناسەكردنی كۆڵەكە زانستیەكانی لایەنی مێژوویی و ئەركۆلۆژیەكانی كلتووری مێخوداوەندی دایك لەخۆوە دەگرێت. لە هەمانكاتدا ژنۆلۆژی كاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر رۆژی ئەمڕۆمان روون دەكاتەوەو ئاشكرا دەكات. پێویستە پێگەی ژن لە بابەتەكانی لەجۆری ئایین- دەوڵەت- دەسەڵات- خانەدانێتی- بەرهەمهێنان- چین- دابەشكردنی كار بەشێوەیەكی بەهێز شیكار بكرێت كە كۆڵەكەكانی دامەزراندنی بونیادی شارستانی دەوڵتی- پیاوسالارییە كە دژە تێزی كۆمەڵگابوونی تەوەرەی ژنە لە چوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای بونیادیدا. مێژوو رێكارەكانی كۆڵینیكردنو چەوسانەوەی ژن لە بوارەكانی رەنجی ژن و ئابووری- زایەندی- خێزان-ئاكار- ئەستاتیكا، رەخنەكردنی سیستەمی پێدراو لە جەمسەری ژنەوە، پەیوەندی نێوان ژن- دەسەڵات، رایەڵەی نێوان ژن- ئەخلاق، ژن- سیاسەت؛دیرۆك و فۆرمەكانی ژیان- بەرخودانی ژن لەناو سیستەمی شارستانی ناوەندی لەخۆوە دەگرێت. لەو چوارچێوەیەشدا شانبەشانی هەڵسەنگاندنی قووڵ و تێرو تەسەلی ئەو كۆیلایەتیەی لەناو شارستانی ناوەندی دەرخواردی ژن دراوە، پێویستی بە شیكاركردنی “كۆدەكانی كۆیلایەتی هەرسكراو” یش هەیە.
• لە چوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای پۆزیتیفدا: دیاردەو رووداوەكانی كورت ماوەو ماوەی ناوین لەخۆوە دەگرێت؛ رۆڵی ژن لە پرۆسەكانی ریفۆرم و گۆرانكاری سیستەم، بەكارهێنانی ژن لەو شەڕانەی بە ئامانجی باڵادەستی بەرپادەكران، كاریگەری ئەو شەڕانە لەسەر ژنان، ژن- بەرهەمهێنان، فۆڕمەكانی رەگەزپەرستی كۆمەڵایەتی دەرهەق بە ژن، رایەڵەی میكانیزمەكانی دەسەڵات سەبارەت بە ژن لەگەڵ كێشە بونیادیەكانی سیستەم، ئەو گۆڕانكاریانەی تێیدا روودەدات، مۆدێلەكانی ژنی دەسەڵاتدار لە هەر سیستەمێك و پەیوەندیەكانیان بە سیستەمەوە، پەیوەندی گۆڕانكاریە دیموگرافیەكان لەگەڵ چەوساندنەوەو كۆلۆنیكردنی ژن، رۆڵی ژن لە رووداوە كۆمەڵایەتی- مێژووییە هەمەجۆرەكان.
• لەچوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای ئازادیدا: ئەوەش ئەو بوارانە لەخۆوە دەگرێت؛ چوارچێوەی فەلسەفی- تیۆری و زانستی ئازادی ژن،رایەڵەكانی ئازادی ژن لەگەڵ كۆمەڵگا، هێڵی پەرەسەندنی مێژوویی بەرخودان و ئازادی ژن، رەخنەكردنی فێمینیزم، چەمكی زانستی- كۆمەڵایەتی دەسەڵاتدارو بونیادە مەعریفیەكەی لە تەوەرەی ژن و هەڵسەنگاندنی چەمكی زانستی- كۆمەڵایەتی ئەلتەرناتیف لە تەوەرەی ئازادی ژن لەخۆوە دەگرێت.لەسەر ئەو بنەمایەش بابەتگەلی گرنگی لەجۆری پەرەسەندنی بونیادی مەعریفی پشتبەستوو بە سەنتێزو بەیەكەوەبوونی هاوسەنگانەی ژیری سۆزداری- ئەنالیتیك، بنەماكانی بەیەكەوەبوونی ژیانی ئازادانەو دیاردەی خێزانی دیموكراتین، پێشخستنی پەیوەندی نێوان زانست- ئاكار و پەرەپێدانی ماناناسی و شرۆڤەناسی ژنان لەخۆوە دەگرێت. هەروەها دیموكراتیزەكردنی سیاسەت لەسەر بنەمای دامەزراندنی پۆزێتیفانە، سەنتێز یان بەیەكگەیشتنی دیدگای ئازادی ژن لەگەڵ دیدگای ئازادی كۆمەڵگا، هەروەها كێشەكانی بونیادنانی كۆمەڵگابوونی ئازادی ژن، ئەركەكانی و پەیوەندیەكانی لەگەڵ شارستانێتی دیموكراتیك، چەمكی رێكەوتن و بابەت و بوارە جیاوازەكانی دیكەی لێكۆڵینەوە لەخۆوە دەگرێت. لەسەر ئەو بنەمایەش خەباتێكە هەم پێناسەی ژن، ناسنامە كۆمەڵایەتیەكەی، هەم مێژووی كۆلۆنیكردنی و نامۆبوونەكەی تاوتوێ دەكات، هەروەها كارو خەباتی تیۆری- فەلسەفی و زانستە- كۆمەڵایەتیەكانی ئازادی بەهێزو تۆكمە دەكات. ئاشكرایە كە ئەوەش هێزی گۆڕانكاریو رۆشنگەریەكی تێروتەسەل و درێژخایەن دێنێتە ئاراوەو شێوەی پێدەدات.لەو سۆنگەوە مایەی تێگەیشتنە كە ئەوە كاری یەكینەیەك دەرباز دەكات. بەڵام ئەوەش راستیەكی دیكەیە كە ئەو خەباتە لەناوە خۆیدا پێویستی بە ئاواكردنی یەكینەی جیاواز هەیەو لەمیانەی رێكخستن و دیدگایەكی گشتیدا بەڕێوە نابرێت.
تا رۆژی ئەمڕۆشمان ژن پێناسەنەكراوە. وێڕای ئەوەی گریمانەی سیستەماتیك و بونیادێكی بەرفراوانی مەعریفە لە بوارەكانی میتۆلۆژی- ئایین- فەلسەفە- هونەرو زانست لە دەوروبەری ئاواكراوە؛ بەڵام بەردەوام بوون و كەینونەی ژن لە تاریكیدا هێڵراوەتەوە.خەیاڵ،سیمبۆل و داوەری لەژمار نەهاتوو سەبارەت بە چیەتی ژن پێشخراوە.قووڵترین و سیستەماتیكترین ئایدیۆلۆژیا لە دەوروبەری ژن ئاواكراوە. دەتوانرێت بگوترێت كە هیچ بوونێكی دیكە تا ئەو رادەیە بەشێوەیەكی ئایدیۆلۆژی پێكنەهێنراوە. بەو ئەندازەیەی لە ئاستێكی بەرزدا ئۆبژەی شكۆداركردنە، بە هەمان رادە ئۆبژەی بچووككردن و سووكایەتی پێكردنیشە.ژن كە بە سیفەتی بەرجەستەبوونی ناسنامەیەك ئاواكراوە كە هەم دەپەرسترێت، هەم نەفرینە، تایبەتمەندێتییە شەیتانی و قێزەونەكان و بێگەردو ئەتیكیەكان لەخۆوە دەگرێت، فاكتەرێكی دەست لێبەرنەدراوی میتۆلۆژیا، ئایینەكان، فەلسەفەو هونەرە. ژن لە دۆخی ئامرازێكدایە كە رۆح و مەعریفەی مرۆڤێك، كۆمەڵگایەك و دونیایەك سەرلەنوێ لە دەوری بونیاد دەنرێتەوە. ئەگەر لە بواری نەرێنی _ بە مانای دەسەڵات _ بێت یاخود ئەرێنی _ بە مانای بونیادی كۆمەڵایەتی _ بێت ژن ناسنامەیەكە مەعریفەو رۆحی مرۆڤ، كۆمەڵگاو ژیانی لە دەوردا ئاوا دەكرێت. بەدەستهێنانی یەكەمین ناسنامەش سەرچاوەی خۆی لە ژنەوە دەگرێت.نەك هەر تەنیا پەسەند نەكردن و رەدكردنەوەی ئەو ناسنامەیەی ژن كە بەگوێرەی باڵادەستی پیاوو دۆخە باڵادەستەكەی پێكهێنراوە، بەڵكو پێشخستنی رەخنەیەكی رادیكال و ریشەیی یەكێكە لەئەركە هەرە سەرەكیەكانی ژنۆلۆژی. پێویستە ژن بەگوێرەی پیاو پێناسەنەكرێت؛ بەڵكو لەمیانەی بوون و ناسنامە كۆمەڵایەتیەكەی خۆیەوە پێناسە بكرێت و بنەما زانستیەكانیشی بەشێوەیەكی تۆكمە ئاوا بكرێت. لەو چوارچێوەیەدا ئەو رۆڵ و ناسنامانە پەسەند ناكرێن كە رەگەزپەرستی كۆمەڵایەتی ئاوایكردوون. ئەوە لەهەمانكاتدا پاساوی تێكۆشانی ستراتیژیشە.ئەوەی بە مانا راستەقینەكەیەوە ژنۆلۆژی دەكاتە زانستی ژن پەسەند نەكردنی ناسنامە پێدراوەكانی ژنە، لەو بارەیەوە پێویستی بە پەرەسەندنێكی رادیكالانەی پێوەرەكانی رەدكردنەوە لە مەعریفە، چەمكی ژیان، قەبوڵكردن، هەڵسوكەوت و هەستەكاندا هەیە. ئەو پێوەرانەی رەدكردنەوە پەرە نەسەنێت ئەستەمە ژن بە حەقیقەتی خۆی بگات و خۆی بە گوزارشتێكی رەسەنی زانستی بگەیەنێت. لەو سۆنگەیەوە ژنۆلۆژی ئەو ژنە پەسەند ناكات كە لە ستاتۆی كۆیلایەتی پێدراودایەو لەگەڵ ئەو پێگەیە بووە بە یەك. هەروەها ناشێت ئەو ژنانەش پەسەند بكرێن كە لە خوارەوە ماونەتەوە، سەركوتكراون و رادەستبوون یان بە پیاو دەچن، یاخود بەناوی رەدكردنەوەی رۆڵی رەگەزپەرستی كۆمەڵایەتی و ئیرادەو هزری ئازادەوە بەشێوەیەكی پێچەوانە پەرە بە رەگەزپەرستی دەدەن.
لەسەر ئەو بنەمایە یەكێك لە سەرەكیترین خەباتەكانی ژنۆلۆژی، پێشخستنی زانستی بوونناسی ژنە.چیەتی راستەقینەی ژن، چۆنیەتی پێناسەكردنی، چۆنیەتی خۆ ئافراندنی و گەیاندنی پەیوەندی و ناكۆكیەكانی لەگەڵ گەردوون، سروشت و كۆمەڵگا بە فەلسەفەیەكی بەهێزی بوون دەكەوێتە ئەو چوارچێوەوە. قەبول ناكات كە لە بەرامبەر پیاو وەك ئۆبژەیەك پێناسە بكرێت و پیاو بێباوەڕی ، ئێرەیی و هەموو جۆرە هەستێكی لاوازی خۆی بەسەردا بتەقێنێت و بە بچووككردنەوەو سووكایەتی پێكردن و بە موڵككردنی خۆی گەورە بكات.بە هەمان شێوە دژی هەموو چەشنێكی دیكەی ئەوجۆرە ناكۆكی و دیالیكتیكانەیە، دژی جیاوازیەكانی لەجۆری سەردار- كۆیلە، سپی پێست- رەش پێستو سۆبژە- ئۆبژەیە. لەگەڵ ئەو ئاڵۆزیەشدا ئاشكرایە كە بۆگەیشتن بە پێناسە راستەقینەكەی خۆی پێویستی بە لێتوێژینەوەو قاڵبوونەوەیەكی مەزن هەیە، بەر لە هەموو شتێكیش پێویستی بە خەباتێكی فەلسەفی تۆكمەو لێهاتوانە هەیە. پێناسەكردنی دیالیكتیكی سروشتی بوون لە ژندا پێویستی بە دەربازكردنی دوالیزمی نەزۆك و كوشندەی دونیابینی زاڵ هەیە.
بەو رادەیەی شیكاركردنی تێروتەسەلی سیستەمی شارستانی زاڵ لە روانگەی زانستی- كۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی جەمسەری ژن لەلایەن ئازادی ژنەوە پێویستە، ئەوا بونیادنانی سیستەمی كۆمەڵایەتی ئەلتەرناتیف و پێشخستنی سیستەمی هزریش گرنگە. لە بەرامبەر زانستگەراییدا سەرلەنوێ زانست لە زەمینەی كۆمەڵایەتی- مێژووییدا پێناسە دەكات ، بە تایبەتیش لە بەرامبەر ئەو پۆلێنبەندی و دابەشبوونە زێدەڕۆیانەی لە دسپلینەكانی نێوان زانستەكان، ژن و كۆمەڵگا لەمیانەی روانگەیەكی سەرتاسەری و هەمووێتیەوە تاوتوێ دەكات. لەو سۆنگەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان ژنۆلۆژی دەبێتە زەمینەی هەمووێتی و هاوبەشێتی چەمكی زانستی نوێی نێوان زانستەكان. سەرەكیترین خەسڵەتی ژنۆلۆژی لە چەمكی زانستی- كۆمەڵایەتی زاڵ و زانستگەرایی جیادەكاتەوە، بەیەكەوە لەگەڵ ئاكار بنەماكانی تێكۆشان و پڕۆژەی ژیانی ئازاد دادەنێت. بەمجۆرە ئەو خاڵە روون دەكەینەوە كە دۆزی ئازادی ژن پێیگەیشتووە.
هەڵسەنگاندنێكی قووڵو تێرو تەسەلی فێمینیزم _ كە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە ” سەرهەڵدانی كۆنترین كۆلۆنی” پێناسەی كردووە_ دەكەوێتە چوارچێوەی ژنۆلۆژیەوە. بەهاكانی زادەی فێمینیزم لەخۆوە دەگرێت و ئەو بەرخودانەش بە میراسی خۆی دادەنێت كە لە وشیاركردنەوەی ژن و خستنەرووی كێشەكە پیشانیداوە. لەپاڵ ئەوەشدا شیكارێكی بەرفراوان و رادیكالانەی ژنۆلۆژی سەبارەت بە دەربازنەكردنی پۆزیتیفیزم لە شیكاركردنی كۆمەڵگای رەگەزپەرستی لەلایەن فێمینیزمەوە، هەروەها لایەنەكان و هۆكارەكانی شیكارنەكردنی شارستانی دەوڵەتی و پیاوسالاری لەناو یەكێتیەكی بەهێزی سیستەماتیك و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ پێناسە پێدراوەكانی دەرهەق بە ژنان گرنگ و بایەخدارە. لەو سۆنگەوە لە هەمانكاتدا ژنۆلۆژی زەمینەی پاككردنەوەی فێمینیزمە لە كاریگەریەكانو سنوورەكانی سیستەمی باڵادەست و پێشخستنی دیدگای ئەلتەرناتیفی ئازادی ژنو ئاواكردنیسیستەمەكەی. كاتێك لەو چوارچێوەیەدا دۆزی ئازادی ژن بە رێنومایی و دیدگای كۆمەڵایەتی- مێژوویی دەگات، ئەوا لێكۆڵینەوەی ژن بەو سیفەتەی چڕبوونەوەیەكی كۆمەڵایەتیەو گەیشتنی بە گوزارشتێكی زانستیانە، هەنگاوێكی گرنگ دەستەبەر دەكات. رەخنەكردن و شیكاركردنێكی بەهێزی ئەو كێشانەی فێمینیزم كە لە بواری رێكخستن و شێوازی ژیان، بونیادی فەلسەفی و تێكۆشەری پێیەوە دەناڵێنێت، ئەو لایەنانەی لە زەمینەی كۆمەڵایەتی دابڕاوە، شارستانی ناوەندی بەشێوەی سیستەمێكی یەكپارچە تاوتوێ و شیكار ناكات، خۆی لەناو سیستەم رزگار ناكات، گرنگ و بایەخدارە. ئەو بزووتنەوەو رەوتە فێمینستیانەی لەلایەكەوە تا دەچێت مارژینال دەبن، لەسەر بنەمای لیبرالیزم لە زەمینەی سیاسەتی زاڵ و باڵادەستدا دەكەونە ناو سیستەمەوەو لە ئامانجی ئازادی دووردەكەونەوە پێویستە لەو چوارچێویەدا تاوتوێ بكرێن. لەلایەكی دیكەشەوە پێویستە ئاماژە بەو خاڵەش بكرێت كە بە تایبەتی لە دوای 1985 وە ئەگەر لەناو بزووتنەوەی فێمینیستی بێت یان لە دەرەوە، خەباتێكی بەهێزی ئەكادیمی پێشكەوت. لەو چوارچێوەیەشدا گفتوگۆیەكی بەرفراوان لەلایەن ناوەندە ئەكادیمیەكانی ژنان دەستی پێكرد، چەندین گروپ و ناوەندی لێكۆڵینەوەو گفتوگۆ ئاواكران. هەرچەندە لەناوەخۆیدا لە چوارچێوەی نوخبە مابێتەوەو كۆڵەكە كۆمەڵایەتیەكانیان لاواز بێت، بەڵام لە بواری زهنیەتدا هەوڵەكایان بۆ شیكاركردنیسیستەم و دونیابینی زاڵ، تاوتوێكردنی ئابوری و سیاسەت لە تەوەرەی ژندا لە ئاستێكدایە بچووك ناكرێتەوە. لەپاڵ ئەوەی ژنۆلۆژی بەهاو بایەخێكی زۆر بەوجۆرە خەباتانە دەدات ئامانجی ئاواكردنی زەمینەو پلاتفۆرمی هاوبەش و گفتوگۆی هاوبەشە لەگەڵ ئەو ناوەندانەدا.
بەڵام ژنۆلۆژی لە بنەڕەتدا بونیادنانی ئەكادیمیە ئەلتەرناتیفەكانی ژنان بە بنەما دەگرێت. بەگوێرەی ئەوەش ژنۆلۆژی ئەو ناوەندو ئەكادیمیانە ئاوا دەكات:
• ناوەندەكانی ژنان بۆ زانست
• ئەكادیمیەكانی ژنان بۆ سیاسەت
• پەیمانگاكانی ژنان بۆ ئەستاتیكا
• زانكۆكانی ژنان بۆ زمان و وێژە
• ئەكادیمیای ژنان بۆ زانستی- كۆمەڵایەتی
• ئەكادیمیاكانی ژنان بۆ كلتوور
• ئەكادیمیاكانی هونەرە جوانەكانی ژنان
• ئەكادیمیاكانی مێژووی ژنان
• ئەكادیمیاكانی ژنی ئازاد (بە تایبەتی فەلسەفەی ئازادی ژن و پرۆژەكانی ژیان پێشدەخات).
• ناوەندەكانی تەندروستی ژنان- منداڵان یاخود ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی چارەسەری سروشتی.
ئامانجی پێشخستنی پێكهاتەو بونیادی ئەو ناوەندانەیە كە راستەوخۆ گۆڕانكاری و رۆشنگەری كۆمەڵگا بەبنەما دەگرێت. ئاشكرایە كە ئەوەش پێویستی بە بونیادێكی خۆسەر- تایبەتی بەرفراوان و تێروتەسەل هەیە.
گەیاندنی سەرجەم رەهەندەكانی بوونی ژن بە گوزارشتێكی زانستی، پێویستی بە راڤەو رەخنەكردنێكی سیستەماتیك و بەرفراوانی تەواوی بونیادە مەعریفیەكانی سەبارەت بە مێژوو، كۆمەڵگا، سروشت و گەردوون هەیە. چونكە ژن بوونێكی گەردوونی، كۆمەڵایەتی، مێژوویی و سەرتاسەرییە كە سەرچاوەی خۆی لە سروشت وەردەگرێت. تەواوی بوونەكانی لە جۆری كلتوورو ئاژەڵ- رووەك- بەرجەستە بەشێوەیەكی تێكەڵ و یەكپارچە لە بوونی ژندا پوخت دەبێتەوە. پێناسەكردنی بوونی ژن پێویستی بە گۆڕانكاریەكی زۆر ریشەیی و رادیكالانەی زهنیەت و مەعریفە هەیە. لەو چوارچێوەیەدا ژنۆلۆژی ئاشكراكردنی پێگەی ژن لە سەردەمی مێژووی كۆلۆنیكردنیەوە تا كۆلۆنیكردنی لە بوارەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و زهنیەوە بەبنەما دەگرێت. ژنۆلۆژی گەیشتنی ژنە بە تۆڕێكی سیستەماتیكی مەعریفەی مێژوویی و هەنووكەیی. لەو سۆنگەوە كێشەكە بە گوزارشتێكی زانستی دەگەیەنێت. وەك چۆن بەڕێز ئۆجالانیش گوتویەتی وێڕای ئەوەی خستنەرووی كێشەكە رەهەندێكی گرنگی مەسەلەكەیە بەڵام رزگاركردنرەهەندە گرنگەكەی دیكەی ژنۆلۆژی پێكدێنێت. سەبارەت بە چارەسەری لە سەرووی هەموانەوە لە بواری ئەپستمۆلۆژی بەو سیفەتەی بونیادی مەعریفی ژنە، لە سەرجەم بوارەكانی سایكۆلۆژی، فیزیۆلۆژی، ئەنترۆپۆلۆژی، ئەتیك- ئەستاتیك، ئابووریو دیموگرافی پێویستی بەشیكارو پێدراوی زانستی وردەكارانەتر هەیە. لەسۆنگەی یەكەمین گفتوگۆوە كە لەو بارەیەوە ئەنجاممانداو وەك بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالانیش ئاماژەی پێكردووە ئەگەر ژنۆلۆژی سەرەتا بوارەكانی لەجۆری ئەتیك- ئەستاتیك، ئابوری و دیموگرافیا بەبنەما دەگرێت، بەڵام دواتر هەنگاو بە هەنگاوو بەگوێرەی پێویستیەكان خەباتێك پەرە پێدەدات كە سەرجەم بوارەكان بگرێتەوە . چارەسەركردنی كێشەی ئازادی ژن تەنیا لەمیانەی رێكخستن و بونیادی یەكپارچەیی و تێروتەسەلی بەمجۆرە فەراهەم دەبێت.
بواری ئەتیك و ئەستاتیك بەشێكی دانەبڕاوی زانستی ژن پێكدێنێت. فاكتەرە رەسەن و بنەڕەتیەكەی كۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی ژن رۆڵێكی ژیانی سەبارەت بە ئەتیك و ئەستاتیكای ژیاندەبینێت. ژن كە بەردەوام بەرامبەر بە ژیان خاوەن هەستی مەزنی بەرپرسیارێتییە، لەمیانەی دونیا رۆحی و هزریەكەیەوە پێكهێنەرێكی بەهێزی ئەتیك و ئەستاتیكایە. ئەتیك و ئەستاتیكا بەو سیفەتەی فاكتەرە بنەڕەتیەكانی پێكهێنەری ئەو كلتوورەن كە ژیان دەئافرێنن، لە كەسایەتی ژنی ئازاد بەهێزترین نوێنەری خۆی دەدۆزێتەوە. بەراورد بەپیاو هەستی بەرپرسیارێتی ژن بەرامبەر بە ژیان مەزنترە. بەو سیفەتەی ئەتیك و ئەستاتیك دوو فاكتەری جوانكردن و ئازادكردنی ژیانن لەلایەن ژنەوە بابەتێكی ژیانین. سەبارەت بە ماناداركردن و جوانكردنی ژیان لەسەر بنەمای بەها ئەتیكی و ئەستاتیكیەكانەوە ژن پێویستی بە راوەستەیەكی سروشتی هەیە. ئەستاتیك و ئەتیك پێوەرە بنەڕەتیەكانی ئازادكردن و جوانكردنی ژیان دەخەنە روو. لەمیانەی ئەستاتیك و ئەتیكەوە ئازادی بە پرەنسیپ و شێوە دەگات. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدان و پێشكەوتنی شارستانی سروشتیبوونی ژن گۆڕانكاری بەسەر داهاتووە. زهنیەتی دەسەڵاتگەرا- دەوڵەتی و هەڵوێستە موڵكایەتیگەراكانی سروشتی ژنی چەواشە كردووە، ژیانی وەهمی و مۆدێلی نوێی جێگیر كردووەو لە بەهاكانی ئەتیك و ئەستاتیكای دوور خستۆتەوە. خەسڵەتە رەگەز پەرستیەكان جێگایان گرتۆتەوە. دووبارە گەڕانەوەی ژن بۆ سروشتی خۆی و گەیشتنی بە ناسنامە رەسەنەكەی خۆی تەنیا لەمیانەی رزگاربوون لە سەرجەم هەڵوێست و چەمكە موڵكایەتیگەراكانەوە فەراهەم دەبێت. ئەگەر ناموس وەك پرەنسیپی ژیان و خاڵە سەرەكیەكانی خۆڕاگری پێناسە بكەین، لە حاڵەتێكی وەهادا سەرەكیترین پرەنسیپی ئاكار پرەنسیپی ” ناموسمان ئازادیمانە” یە. بەو رادەیەی ژن گرنگی و بەها بەراستی و ناسنامەی خۆی بدات دەتوانێت لەو وابەستەییە رزگاری بێت و خۆشی بەهێزتر بكات. ئەو ژنەی لەسەر بنەمای ناسینی ناسنامە باشتر دەرك بە رۆڵ و ئەركی بەهاكانی ئەتیك و ئەستاتیكا دەكات، سەرەتا تەبایی و هاوسەنگیەك لەگەڵ خۆی بەدەست دێنێت. لەسەر ئەو بنەمایەش زیاتر ناسینی جەستەی ژن كە لەسەر بنەمای هەڵوێستە رەگەزپەرستیەكان پێناسەكراوە، هەروەها شیكاركردنی هەڵوێستە رەگەزگەراییەكان لەمیانەی هەڵوێستێكی ریشەیی رەخنەگرانەوەو دەربازكردنیان ئەركی ژنۆلۆژییە. لەو چوارچێوەدا پێویستە دەستەواژەی جوانی دەرهەق بە ژن لە سەرجەم سیفەت و پێناسە رەگەزپەرستیەكان پاك بكرێتەوەو سەرلەنوێ پێناسە بكرێتەوە. بەیەكگەیشتنی ناوەڕۆك و شێوەو هاتنە مەیدانی لەمیانەی هزرو گوتەو مامەڵەی جوانەوە گوزارشت لە گەورەترین تێكۆشان و بەدواداچوونی ژن لەپێناو حەقیقەت دەكات. فەلسەفەش سەرچاوەی هزرو بیركردنەوەی جوانە. فەلسەفە دەربڕی ئەو هەمووێتی و نەرمیەیە كە بەیەكەوەبوونی تەباو هاوسەنگی ژیری سۆزداری و ژیری ئەنالیتیكی فەراهەم دەكات. لەلایەن ژنەوە فەلسەفە تەنیا خۆشەویستی مەعریفە نییە، بەڵكو لە هەمانكاتدا پێناسەكردنی وەك سەرچاوەی جوانی گرنگ و بایەخدارە. لە رۆژی ئەمڕۆمان وەبەرهێنەرەكانی پیشەسازی مۆدێل و ئاڵۆزیەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جەستەی ژنیان وەك لاشەیەك لەت و پەت كردووەو نرخی تایبەتیان بۆ هەر بەش و ئۆرگانێكی داناوە. گرتەكانی فیلم، تەلەفزیۆن و ریكلامەكان ئەنجامی بەكارهێنانی قێزەونانەی ژنە وەك كاڵایەك. بوارێكی دیكەی ئەو دۆخەی رەوا كردووە میدیای رەگەزپەرستە. لەمیانەی سەرجەم ئەو سیاسەتە رەگەزگەراییانەوە تەندروستی رۆحی و جەستەیی ژن خراپتر دەبێت و لاوازتر دەكرێت. ژنۆلۆژی بۆ ناو تەواوی ئەو كێشانە شۆڕ دەبێتەوەو لەسەر بنەمای تیۆری و رێكخستنە ئەتیكی و ئەستاتیكاكانی ژنان هێزی چارەسەركردن دەئافرێنێت. بەو سیفەتەی ئەتیك ئەقڵی هاوبەش و ویژدانی كۆمەڵگایە، هەروەها ئەستاتیكاش رۆڵی جوانكردنی ژیان و گەڕاندنەوەی بۆ سروشتی خۆی دەبینێت یەكێك لەو بوارانە دەبێت كە ژنۆلۆژی پێیەوە سەرقاڵ دەبێت. پێویستە قاڵبوونەوەودیدگا بنەڕەتیەكانی چۆنیەتی پێشخستن و چیەتی ژیانێكی باش، جوان و راست دەربخرێتە مەیدان. لەمیانەی مەعریفەو رێكخستنێكی بەهێزی ئەتیك و ئەستاتیكا، كارو خەباتەكانی بونیادنانی تازەگەری دیموكراتیك ناوەڕۆك و شێوەیەكی بەهێزتر بەدەست دێنێت.
ئابووری وەك بەشێكی سەرەكی ژنۆلۆژی تاوتوێ دەكرێت. ئابووری وەك چالاكی بنەڕەتی دیموكراتیانەی كۆمەڵگا بە پێشەنگایەتی ژن داهێنراوەو پێشخراوە. لەو سۆنگەوە ئابووری چالاكی و پیشەی سروشتی ژنە. لەبەرئەوەی كۆمەڵگابوون لەبنەڕەتدا لەمیانەی پەیوەندی نێوان دایك و منداڵ پێشدەكەوێت، هەم ئەو رۆڵە گشتییەی ژن لە ژیاندا بینیویەتی، هەم ئەو رەنجەی سەبارەت بە مناڵەكەی و كۆمەڵگابوون خەرجیكردووە گشتیان ستاتۆی ژنیان دەستنیشان كردووە. ژن ئابووری وەك چالاكیەكی كۆمەڵایەتی پێشخست. خودی كۆمەڵگاش لەسەر بەرهەم و پەیوەندییە مادی و مەعنەویەكان پێشخراوە. واتە لەمیانەی رەنجەوە پێشخراوە. رەنجی ژنیش جێگایەكی دیاری لەوەدا هەیە. خودی كۆمەڵگابوونیش گەورەترین رەنجە. لەهەمانكاتدا ئەو رەنجە بەهای خودی ژنیش دەخاتەروو. ئابووری كە چالاكیەكی كۆمەڵایەتییەو ژن پێشەنگایەتی دەكات، لەناو سیستەمی شارستانی كراوە بە ئامرازی بەدەستهێنانی قازانج و سەرمایەو خراوەتە ژێر چەپۆك و دەسەڵاتی زهنیەتی قۆرخكارەوە. ئەو ئابووریەی چالاكیەكی كۆمەڵایەتی بوو، لە هەمانكاتدا لە كارەكتەری بوارێكی دیموكراسی دوورخراوەتەوەو خراوەتە ژێر باڵادەستی هێزە قۆرخكارەكانەوە. ئیندوستریالیزم (پیشەسازیگەرایی) لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەك پاوان و قۆرخكاریەك درێژە بە هەژموونگەرایی سەر كۆمەڵگا دەدات. كاریگەری دەكاتە سەر زۆربەی دیاردەو بونیادە كلتووری، زهنی، زمان و ئەتنیكەكان و كشتوكاڵی رووبەڕووی لەناوچوون كردۆتەوە كە بواری سەرەكی ژیانی كۆمەڵگاو سەرچاوەی خودبژێوییە. بەمجۆرەش پەیوەندی نێوان شارولادێ پچڕێنراوە، دژی یەكتر بەكارهێنراون و ئابووریش كەوتۆتە نێوان بەرداشی قازانج- سەرمایەوە. لەرێگای بێكاری، برسێتی و هەژاریەوە كۆمەڵگا وابەستەی دەسەڵات كراوە. ئەو هەڵوێستەی رەنجی ژن لەناو ماڵ نابینێت، بە نەبووی دادەنێت و بچووكی دەكاتەوە سەرچاوەی خۆی لە زهنیەتی سووخۆر، بازرگان و خۆسەپاندن وەردەگرێت. بەهۆی ئەو سیستەم و زهنیەتەوە ژن لە چالاكیە پیرۆزەكەی خۆی واتە لە ئابووری دوورخراوەتەوەو كراوە بە هێزی كاری هەرزان. لە بەرامبەر ئەو كێشانە ژنۆلۆژی پێشخستنی تیۆریەكی نوێی رەنج- بەهای سەبارەت بە رەنجی دایكایەتی ژن بەبنەما دەگرێت كە هێزی بنەڕەتی بەڕێوەبردنی ئابوورییە. لەسەر ئەو بنەمایەش نەهێشتنی ئەو رەگەزپەرستییە كۆمەڵایەتیەی زهنیەتی باوكسالاری لەسەر رەنجی ژنەوە لەناو كۆمەڵگا ئافراندوویەتی و سەرلەنوێ پێشخستنی پشكداری، پەرەسەندن و رێكخستنێك لەسەر بنەمایەكی دیموكراتیانە یەكێكە لە راستییە سەرەكیەكانی تێكۆشان. لەمیانەی ئەو تێكۆشانەوە سەرجەم ئەو پەراوێزخستن، جیاواز پیشاندان و نامۆكردن و بێناوەڕۆككردنە كۆتایی پێدێت كە لەسەر رەگ و ریشەی رەنج پێشخراوە. سەرلەنوێ پیناسەكردنێكی راستی ئابوری لە تەوەرەی ژن، گەیاندنی بە رۆڵە راستەقینەكەی، رزگاركردنی لەدەست قۆرخكاریەكانی سووخۆر، بازرگان، دەوڵەت و سەرمایەداران و دراو، بە زانستیكردن و بەكارهێنانێكی بەهێزی لە ژیر پێشەنگایەتی ژندا لە سەرەكیترین ئەركەكانی ژنۆلۆژییە. رێكخستەبوونێكی ئابوری خودبژێوانە شوێنێكی گرنگی لە شكاندنی چەمكی چاوەڕوانیكردن لە دەوڵەت – دەسەڵات دەبینێت و بونیادێكی نوێی ئابوری و مەعریفەیەكی بەهێزی ئابوری دەستەبەر دەكات.لەو سۆنگەوە بەو رادەیەی ژنۆلۆژی هێزی شیكاركردنێكی راستی ئەو كێشانەی ئابورییەو دەیانخاتەروو، پێویستە دەربازكردنی ئەو كێشانەو ئافراندنی ئەلتەرناتیفەكانیشی لەخۆوە بگرێت.
بوارێكی دیكەی زانستی ژن بە بایەخەوە تاوتوێی دەكات دیموگرافیایە. روونكردنەوەو ئاشكراكردنی رەهەندە كۆمەڵایەتی- مێژووییە راستەكانی ئەو كێشەیەی لە رۆژی ئەمڕۆمان هەڕەشەیەكە بۆ سەر كۆمەڵگاو سروشت دەكەوێتە چوارچێوەی ژنۆلۆژیەوە. بواری زایەندی لەسەرووی ئەو بوارانەوە دێت كە چەوسانەوە سنوورنەناسەكەی سەر ژن پشتی پێدەبەستێت. كەچی لەو كۆمەڵگا سیاسی و ئەخلاقیەی كە لە دەوری ژن هۆنراوەتەوە كرداری زایەندی مرۆڤ لەمیانەی تابۆو رێسای كۆمەڵایەتی بەرفراوان بەستراوەتەوە، پیرۆزكراوەو كراوە بەكلتوور. لەبنەڕەتدا ئەوانە نەبن كۆمەڵگابوونیش پەرەناسەنێت. زایەندێك بە ئامانجی زۆربوون لە ئارادایە. منداڵ خستنەوەو رەنج و هەوڵدان لەپێناوی هۆكاری سەرەكی مەحسوبیەتی منداڵە لەسەر دایك- ژن. خستنەوەو بەخێوكردن ئەو ناسنامەی بە ژن بەخشیوە. لەو سۆنگەوە رەمەكی زایەند لەسەرووی كۆنترین فێربوونەكانەوە دێت و بووە بە پۆتانسێلی سەرلەنوێ زۆربوونی كۆمەڵگا. وەك بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالانیش ئاماژەی پێكردووە بووە بە وەڵامێكی مردن و مەترسی لەناوچوونی رەچەلەك. زۆربوون و زیادبوونی مرۆڤ پێویستیەكی كۆمەڵایەتییە. كاتێك ئیرادەو مافی ئاخافتنی ژن بەبنەما بگیرێت ئەو پێویستییە لەسەر بنەمای سوودی كۆمەڵگا گەشەی كردووە. بەڵام لەناو ئەو بونیادو زهنیەتە باوكسالاریانەی مافی ئاخافتن و ئیرادەی ژنی بە نەبوو داناوە ئەو بوارەی چەوسانەوەی هەرە زۆری ژنی بەخۆوە دیوەو سروشتی ژنی گۆڕیوە بواری زایەندییە. لەمیانەی سیستەمی دەسەڵاتی خۆسەپێنەرەوە زایەند كراوە بە بوارێكی دەسەڵات و باڵادەستی تەواو. لەو سۆنگەوە ئەو زایەندەی لە ئارادایە دەسەڵات و پیاوێتیەكیهەڵكشاوو هاربوە. پیاو كە خۆی بە خاوەنیژن دادەنێت لە بواری زایەندیشدا خاوەن چەمكێكی قەبەو دڕندێتی دەسەڵاتە كە هەر شتێك لەناودەبات. لەسەر ئەو بنەمایە هەڵوێستی پیاو لەبواری زایەند دەسەڵاتگەرایە. خاوەن هەڵوێستی نابەرپرسانەیە، خۆپەرست و خۆسەپێنەرە. زایەندو جەستەی ژن كراوە بە ئۆبژەیەك كە موڵكی خۆی نییە. لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە ژنۆلۆژی زایەندێتی ژن تاوتوێ بكات ، پشت بە مەعریفەی خۆیی و متمانە بەخۆكردنەوە زایەند بناسێت و پێوانەكانی پەسەندكردن- رەدكردن سەرلەنوێ لەسەر بنەمای ئازادی پێناسە بكاتەوە.
وەك پێویستیەكی كلتووری خانەدانێتی هەڵوێستی سەرەكی پیاو بونیادی خێزانێكی فرە منداڵییە. بنەماڵەگەرێتی و خێزانی فرەمنداڵ، لە بنەڕەتدا بەردی بناخەی ئایدیۆلۆژیای خانەدانێتییە. منداڵی زۆر لەناو بنەماڵەدا موڵكایەتی پیاو، لەناو كۆمەڵگاشدا موڵكایەتی دەوڵەت بەهێز دەكات. بەمجۆرەش ژن و منداڵ دەكرێت بە موڵكی پیاو، لەرێگای پیاویشەوە دەكرێت بە موڵكی دەوڵەت. لەسەر ئەو بنەمایەش نەك تەنیا هزرو هەستی ژن، بەڵكو جەستەكەشی دەكرێت بە ئامرازێكی چەوسانەوە. ئەو مایەپوچبوون و بنبەستبوونەی دامەزراوەی خێزان لەگەڵ بونیادە باوكسالاریەكەی دووچاری هاتووە سەرلەنوێ شیكاركردن و چارەسەركردنێكی بەهێز دەسەپێنێت. ناوكی خێزان و بنەماڵەی باوكسالاری كە سەرەتا پیرۆزكرابوو، لە رۆژی ئەمڕۆمان لەبواری ئابوری، كلتووری و ئەخلاقیشەوە لەدۆخێكدا نییە توانای بەردەوامكردنی هەبێت. ئەو رۆڵەی ژنۆلۆژی لە گۆڕینی خێزان و كردنی بە فاكتەرێكی یەكسانیخوازو دیموكراسیخوازی تازەگەری دیموكراتیك و گەیشتنەوەی بە راستی خۆیدا دەیبینێت، دیاریكردنی چوارچێوە زانستی- ئەتیكیەكەی و رێگاو رێبازەكانێتی. سەرجەم ئەو سیاسەتە ستەمكاریانە لەبواری زایەندیدا ستەم و باڵادەستی پیاو بەهێزتر دەكات. لەپێناو بەردەوامی بایۆلۆژی و دەسەڵات و دەوڵەت ژندەكرێت بە ئامێرو ئامرازی منداڵ خستنەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش هەرەسهێنانی جەستەیی و رۆحی ژن لەناو شارستانی لەناویەكترو بەشێوەیەكی تێكەڵ روودەدات. ئەو كێشە جدیانەی ئەو هەڵوێستانە رێگای لەپێش دەكەنەوە تەنیا بە ژنەوە سنوردار نییە. ژمارەی رادەبەدەری دانیشتوان واتە كێشەی دیموگرافی كاریگەری دەكاتە سەر تەواوی سروشتی كۆمەڵگاو دەوروبەری ئیكۆلۆژی. كێشەی دیموگرافی كە لەگەڵ قووڵبونەوەی قەیرانی ئیكۆلۆژی ناو سیستەمی سەرمایەداری بەكاریگەرتر بووە وەك سەرجەم زانستە كۆمەڵایەتیەكان یەكێك لە رۆژەڤە سەرەكیەكانی زانستی ژنیشە. بەدرێژایی مێژووی مۆدێرنیتەو شارستانی، رەمەكی خۆڕسكانە وەك سەرەتاییترین رێبازی درێژەپێدانی رەچەلەك پێشخراوە. ئەو راستیانەی ژنۆلۆژی ئاشكرایان بكات پۆتانسێلی بەركەمالتری بەردەوامكردنی ژیان و بوونە كۆمەڵایەتیەكان و ئاستی سیاسی و ئەخلاقی كۆمەڵگا دێنێتە ئاراوە. لەو بوارەدا كلتووری دیموكراتی پێویستی بە گۆڕانكاریەكی بەرفراوان هەیە. ژن كە لە بەرامبەر كۆمەڵگاو سروشت خاوەن هەستێكی مەزنی بەرپرسیارێتییە، چارەسەركردنی ئەو كێشەدیموگرافیەیهەڕەشە لە كۆمەڵگاو سروشت دەكات لە بەرپرسیارێتییە سەرەكیەكانێتی. ژنۆلۆژیش كە ئەوەی وەك ئامانجێكی خۆی دەستنیشان كردووە، بونیادە پێدراوەكەی ژن دەرباز دەكات، دەرفەتی بۆ دەرەخسێنێت تا بە ئیرادەو فیكری ئازادانەی خۆی بەشداری لە گشت بوارەكانی ژیان بكات. لەمیانەی ئەو بونیادە ئازادو دیموكراسیخوازانەی لەسەر بنەمای مافی گوتەو ئیرادەی ژن لەو بوارەدا پێشدەخرێت بونیادی چارەسەری و ئەلتەرناتیف دێتە ئاراوە، لەناو سیستەمی كۆنفیدرالی دیموكراتیانەشدا ژن بەشێوەیەكی بەهێزتر دەبێتە خاوەنی ئەو مافە. سەبارەت بە مافی گوتەو ئیرادەی ئازاد ژنۆلۆژی رۆڵێكی گرنگ لە بەدەستهێنانی مەعریفەی سیاسی و ئەخلاقی دەبینێت.
ژنۆلۆژی ناچارە لەگەڵ مێژووناسی لە پەیوەندیدا بێت. گەڕاندنەوەی كێشەی ئازادی ژن بۆ ریشە مێژووییەكەی هێزی چارەسەركردنی زیاد دەكات. وەك چۆن رووداوەكان دابڕاو لە زهنیەت روویاننەداوە، ئەنجامەكانیشی تەنیا بەو قۆناخانەوە سنوردار نەبوون. بەو سیفەتەی دەوڵەت دەسەڵاتی دامەزراوەبووە، بەهەرحاڵ پێویستە لەناو هەمووێتی و یەكپارچەیی مێژوودا تاوتوێ بكرێت تا راستیەكەی ئاشكرا بێت. بە مردوو دانانی مێژوو هەڵوێستی زهنیەتی دەسەڵاتگەرایە كە دەیەوێت كێشەكان بشارێتەوە. دەسەڵاتگەرێتی زانست نەخۆشی زانستە كۆمەڵایەتیەكانیشە. لەهەمانكاتدا پێویستە ژنۆلۆژی ببێتە بەهێزترین رەخنەگری ئەو دۆخەو خەباتیدەستنیشانكردنی راستیەكە. لەمیانەی ئەوراستیەوە بە ئامانجی پێناسەكردنێكی راست بۆ كۆمەڵگا كۆنەكان، هەم سەبارەت بە تێگەیشتنی فاكتەرە سەرەكیەكانی گەشەكردنی كۆمەڵایەتی لەمیانەی ئەنترۆپۆلۆژی كلتووریەوە پەیوەندیكردن بە ئەنترۆپۆلۆژیەوە بۆ ژنۆلۆژی پێویستیەكە. كاتێك ئەو كارە ئەنجامدەدات دابڕانەكەی نێوان خودی زانستە كۆمەڵایەتیەكان بەلاوە دەنێت و یەكێتی و یەكپارچەیی بوارەكە دەستەبەر دەكات و دەبێت بە سەرەكیترین خەباتی ناسینی هەموو لایەنەكانی راستی مرۆڤ و كۆمەڵگا. لەو سۆنگەوە دەركەوتنی دسپلینێكی مەعریفی پشتبەستوو بەو چەمكە رێگا لەپێش دەربازكردنی بنبەستبوونەكەی ئێستای زانستی كۆمەڵایەتی دەكاتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا ژنۆلۆژی تەنیا پەیوەست بە ژن نییە، بەڵكو لەمیانەی گەیشتنی روانگەی تەوەرەی ژن بەبنەمایەكی زانستی، ئەوا بە خەسڵەت و كارەكتەرێك دەگات كە سەرجەم كێشەكانی كۆمەڵگاو مانای ژیان لەخۆوە دەگرێت.
لەگەڵ دوورخستنەوەی سروشت لە ژیان و ئازادی ژن،ئیتر بوارێكە كە لە مرۆڤ دوورخراوەتەوەو خراوەتە ژێر كۆنترۆلەوە. لەبەرئەوەی دابڕان لەو سروشتەی خۆشی بەشێكی پێكدێنێت، تا رادەیەكی زۆر مرۆڤی بێ پێناسە هێشتۆتەوە، هەربۆیە نامۆشی كردووە. زهنیەتی مرۆڤ و شێوازی ژیانی زۆر دووری هاوكێشەی گەردوون- مرۆڤە. بێبەشبوون لە تێگەیشتنێكی بەمجۆرە هۆكاری بنەڕەتی نامۆبوونی زیاترو ئاراستەگرتنە بۆ تێكدانی سروشت. بێگومان لەدەستدانی دەرككردن لەخۆیەوە رووینەداوە. چەسپاندنی “ژن وەك سروشتە” لەلایەن زهنیەتی دەسەڵاتگەراو دامەزراوبوونەكەی هەڵوێستێكەدەستبەسەرداگرتنی هەردوو بوارەكە رادەگەیەنێت و روونی دەكاتەوە. چی لە بەرامبەر سروشت بكات هەمان شت بەرامبەر ژنیش ئەنجامدەدات، پێچەوانەكەشی راستە. كەواتە ئەگەر نامۆبوونی مرۆڤ بەرهەمی لادان و گومڕاییە، پێویستە ژنۆلۆژی رایەڵەی ژن- سروشت، مرۆڤ- سروشت بە گوزارشتە راستەقینەكەیەوە بخاتە روو. لەو مانایەدا ژنۆلۆژی پەیوەندیەكی بنەڕەتی لەگەڵ ئیكۆلۆژی دەبێت، لەمیانەی هەستیاربوون و تەنانەت كاری هاوبەشیش لەگەڵ ئەو بوارەدا بوارە هۆگرەكەی خۆی رێكدەخات. دەشێت كێشەی ئازادی لەجیاتی تێڕوانینی دەسەڵات لەمیانەی تێڕولنینی ئازادی و لەسەر بنەمای سەرلەنوێ تاوتوێكردنی دیالیكتیكی ژن – سروشت چارەسەری بدۆزێتەوە. شتگەلێكی زۆر هەیە كە سەبارەت بەو بابەتە بگوترێت و هەڵبەتە بەهۆی توانستەكەیەوە ژنۆلۆژی بەشێوەیەكی قووڵتر نزیكی ئەوانە دەبێتەوە.
زانستی سیاسەتیش كە لقێكی دیكەی زانستی كۆمەڵایەتییە بەبێ رەزامەندی كۆمەڵگاو ژیان وەك لقێك رێكخراوە كە لە سەرخان دەكۆڵێتەوە. لەكاتێكدا دەوڵەتەكان و پەیوەندی نێوان دامودەزگاكان وەك سیاسەت هەڵدەسەنگێنێت، پێناسەی كۆمەڵگای سڤیل و شێوەی سیاسەتكردنیش وەك ژێرخان تاوتوێ دەكات كە لە راستیدا مەشروعیەت بۆ دەوڵەت بەدەست دێنێت. ئەو زانستە سیاسیەی سیاسەت وەك هێزی ئەقڵ و ئیرادەی هاوبەشی كۆمەڵگا ناخاتە تەوەری خۆیەوە، زۆر دووری ئیرادەی كۆمەڵی مەدەنی كەینونەی ژنە. لەو سۆنگەوە لێكۆڵینەوەی ژن، كۆمەڵگاو ژیان، وەك ئیرادە ناسینی ئەو راستیەی پشتبە زانیاری و مەعریفەی راستەوە هاتۆتە ئاراوە، ئەو نوێبوونەوەیە كە ژنۆلۆژی بۆ زانستی سیاسەتی دێنێت. ژنۆلۆژی كە راستی كۆمەڵگای كردووە بە تەوەرەی خۆی ئامانجی رزگاركردنی سیاسەتە لە مەیدانی تەراتێنكردنی دەسەڵات. لەو سۆنگەیەوە لە بەرامبەر زانستی سیاسەتدا ژنۆلۆژی خاوەن رۆڵێكی رەخنەگرانەو راستكەرەوەیە.
گەردوونیبوونی خێرای تێكۆشانی ئازادی ژن گرێدراوی پێشكەوتنی بەربڵاوی ژنۆلۆژییە وەك موڵكی كۆمەڵگاكان. لەو سۆنگەیەوە سەدەی 21 پاڵێوراوە كە زیاتر ببێتە سەدەی ژن. هەربۆیە لەو خاڵەدا ژنبوون بوێری دەبەخشێت و خرۆشێنەرە. تێكۆشانی ئازادیخوازی ژنان لەمیانەی قۆناخە نوێیەكەیەوە واتە لە رێگای ژنۆلۆژیەوە بە سنورێكی بەرفراوانترگەیشتووە. لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیارێتیو مەعریفەشەوە، لەمیانەی مانای ژنبوونمانەوە پەرەپێدانی كارو خەباتی ژنۆلۆژی یەكێك لە سەرەكیترین بەرپرسیارێتی ژنانە لەسەرووی هەمووشیانەوە ژنانی كورد. هەر لەسەر بنەمای ئەو مەعریفەو بەرپرسیارێتیەشەوە بە هەوڵ، دڵخۆشی و خرۆشانێكی مەزنەوە پێشوازی لە ژنۆلۆژی دەكەین كە شوێنی بەیەكگەیشتنی بەها هاوبەشەكانی ژنانەو لەمیانەی مەعریفەی ئازادیەوە مانادار بووەو لە پێشكەوتندایە.
لەگەڵ رێزو سڵاوی شۆڕشگێڕیمان
یەكینەی ژنۆلۆژی پارتی ئازادی ژنانی كوردستانPAJK