زنجیرە تەقینەوەكانی دوێنێ لەبڕۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بە توندی شەرمەزار دەكەین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی بە پەلەش بۆ سەرجەم بریندارانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە دەخوازین.
ئێمە وەك گەلی كورد ساڵانە رووبەڕووی تیرۆر و كۆمەڵكوژی بووینەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گەلێك قوربانیمان داوە و ئێستاش زیاتر لەهەر كەس ئێش و ئازارەكانی گەلی بەلجیكا هەست پێ دەكەین، بۆیە هیوادارین ئەو ئێش و ئازارانە ببنە هەوێنی پتەو بوونی ئاشتی و پێكەوە ژیانی گەلان و تێكۆشانی هاوبەش لەدژی تیرۆر.
ئەو زنجیرە تەقینەوانە لەپایتەختی بەلجیكا و پێشتریش فڕەنسا سەلماندی كە تیرۆر و فاشیزم سنوور ناناسێت، بۆیە لەو باوەڕەداین تا یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا سیاسەتەكانیان لەبەرامبەر دەوڵەتی فاشیستی توركیا نەگۆڕن، كە راستەوخۆ پشتگیری تیرۆر دەكات، هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئەوروپا لانابردرێت و ئاشتی و ئارامی لەناوچەكەو جیهان سەقامگیر نابێت.
بۆیە قۆناخێكی ئێستا گەلان تێیدا ژیان بەسەر دەبەن، زۆر هەستیار و چارەنووسسازە. گرنگی قۆناخەكەش ئەوەی دەوێت كە سەرجەم گەلانی جیهان لەپێناو گەهێشتن بە ژیانی ئازاد و یەكسان و بەرقەراری ئاشتی و دیمۆكراسی لەناوچەكەو جیهاندا، پێویستە بە سیاسەتێكی هاوبەش لەدژی تیرۆر تێبكۆشن و بەرەی گەلانی ئازادیخواز لەدژی زهنیەتی فاشیزم بەهێزتر بكەن.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)
23\03\2016