گەلی كورد بە سەدان ساڵە لەلایەن هێزە داگیركارەكانەوە بە ئامانجی لەناو بردنی ئیرادەیان، رووبەڕووی قڕكردن و چەوساندنەوە بوونەتەوە. ئەو هێزانە هەر جارێك بە بیانووی جیاوازەوە لە كەسایەتی رێبەران و تێكۆشەرانی كورد، گەلەكۆمەی دڕندانەیان دژ بە گەلەكەمان ئەنجام داوە. بەو زهنیەت و رێبازە چەپەڵەیان سەرجەم سەرهەڵدانەكانی كوردانیان دامركاندووە و لەبەرامبەریشدا تاكە دەروازەی ژیانی پڕ لەنەهامەتی و چەرمەسەرییان بۆ پەرەپێدانی كلتووری خیانەت و تەسلیمیەت بۆ كوردان دەستنیشان كردووە.
سەرەڕای ئەو گەلەكۆمە و كۆمەڵكوژیانە، رۆحی تێكۆشان و بەرخۆدانی گەلەكەمان تێك نەشكاوە، بە پێچەوانەوە بە دەركەوتنی روحی ئاپۆچێتی ئاستی بەرخۆدان و تێكۆشان لەكوردستان بە فۆڕم و رۆحێكی تازە بەڕەنگاری زهنیەتی داگیركاری بووەتەوە. بۆیە داگیركارانی كوردستان لەگەورەبوون و بەهێزبوونی پەكەكە كەوتنە ناو ترس و دڵەڕاوكێوە و بڕیارێكی چەپەڵتر لە رابردوو لەدژی گەلەكەمان بەڕێوە دەبەن، بۆیە دەرئەنجامی گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی رێبەرئاپۆیان رفاند و رادەستی دەوڵەتی داگیركاری توركیایان كرد. بەو گەلەكۆمەیە ویستیان كۆتایی بە تێكۆشانی رەوای ئازادیخوازی گەلی كورد بهێنن، بەڵام بە بەرخۆدانی بێوێنەی رێبەرئاپۆ و گەلی كورد و بزاڤەكەی سەرجەم پیلانەكانیان مایەپووچ كرایەوە.
دوای کۆمپلوی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، رۆحی یەكێتی نەتەوەیی لەهەر چوار بەشی كوردستان پەرەی سەند و گەلەكەمان بە خاوەندارێتی لەرێبەر ئاپۆ گەلەكۆمەكەیان مایەپووچ كردەوە. لەدرێژەی بەرخۆدانی بێهاوتای گەلەكەمان بە راگەیاندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك پێگەی سیاسی خۆی دەستەبەر كرد و ئەوەش وەك گورزێكی قورس بووە كە لەهێزە پیلانگێڕەكان درا. ئەو دەستكەوت و بەرخۆدانە سەرجەم حسابات و پیلانەكانی دوژمنانیان تێكدا و ڕەوتێکی تری خەبات لە ساحەی سیاسیدا هاتە ئاراوە. بەرخۆدانی باکوری کوردستان کەوتە فازێکی نوێی سیاسی و خەبات گەییشتۆتە ئاستێکی هەستیار و ئێستا لەلایەن حكومەتی ئاكەپەوە بەهێرشی دڕندانە و كۆمەڵكوژكردنی گەلەكەمان لەجزیرا بۆتان و سووری ئامەد و شارەكانی تر تۆڵەی مێژوویی لە بەرخۆدانی گەلەكەمان دەكەنەوە.
تێكۆشانی رەوا و دیمۆكراتیانەی گەلەكەمان لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان ئیدی دەرفەتی درێژەدان بە پیلانگێڕیەكان نادات، بۆیە حکومەتی ئاکەپە لەهەر جۆرە هێرشێكی هۆڤانە لەدژی گەلەكەمان دەست ناپارێزێت. گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لەهەر بەشێكی كوردستان بە شێوازی جیاجیا پەیڕەو دەكرێت، هاوشانی هێرشە دڕندانەكانی دەوڵەتی توركیا لە باكوور، گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لەسەر گەلەكەمان لە رۆژهەڵات پەیڕەو دەكرێت، رژێمی ئێران بە كپ كردنی دەنگی ئازادی بۆ پشتیوانی باكوور و هاوکات بۆردومانی فڕۆکەکانی تورک بۆ سەر گەریلاكانی تەڤگەرەكەمان و شەهیدکردنی سێ هەڤاڵمان (بێریڤان هەژار، شیار وان و هێژا مەد) ئەو راستیە ئاشكرا دەكەن كە بڕیارێ كۆمەڵكوژی سەر كور و ئازادیخوازان بەردەوامە.
لەكۆتاییدا وێڕای شەرمەزار كردنی گەلەكۆمەی ١٥ی شوبات، سوێند و پەیمانمان لەگەڵ سەرجەم شەهیدان نوێ دەكەینەوە و بانگ لەسەرجەم گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و بەتایبەت كچان و كوڕان دەكەین كە بە رۆحی شۆڕشگێڕی شەهید بێریڤان، شیار و هێژا و سەرجەم شەهیدانی ٣ی رەشەممەی ١٩٩٩، بە ئەنجامدانی چالاكی رادیكال و بە بەشداریان بۆ ناو ریزەكانی گەریلا، یادەوەری سەرهەڵدانی ٣ی رەشەممە زیندوو رابگرن و خاوەندارێتی لەبەرخۆدانی باكووری كوردستان بكەن. بۆ مایەپووچ كردنەوەی دوا قۆناخی گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی، بەشداری هەڵمەتی ئازاد كردنی رێبەر ئاپۆ لە گرتووخانەی ئێمڕاڵی و رزگار کردنی کوردستان لە داگیرکاری دا بكەن.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)
١٤-٠٢-٢٠١٦