رامان دارا ـ

دوو دیمەن یا خود دوو تابلۆی هاوشێوە لە دوو سەدەی بیستم و بیست‌و‌یەکەم لە تێکۆشان و خەباتی گەلی کورد بە روونی هۆکارەکانی دڕندەیی و هێرشەکانی سەر گەلی کوردمان نیشان دەدا. ئەو دوو دیمەنە هاوئاراستەیی خەباتی دوو سەدەی گەلەکەمان وەک رەوتێک ڕادەخاتە بەرچاو. کاتێک باس لە هەبوونی ڕەوتێک دەکەین، نە بە واتای ستراتژییەکی داڕێژراو لە لایەن گەلی کوردەوە لەو سەد و چەند ساڵەدایە. بەڵام دیارکەری زهنییەتێکی مێژوویی _ کۆمەڵایەتیە کە لە تەک هەبوونی کەسایەتی کورد تێکەڵاوە. لەوانەیە پرسیار ئەوە بێت کە کام رەوت و کام ستراتيژی؟

لە هەردوو قۆناغی ناوبراو، کورد لە دژی بابەتێک ڕاوەستاوە کە پڕۆژەیەکی جیهانییە. مەبەستم دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بڕوام وایە کە دەبێ، ئەو خۆڕاگری و بەربەرەکانیە لە ڕابردوودا بە پلان نەبووبێ، بەڵام خاوەن ڕیشە و کۆكێکی مێژووییە و لەگەڵ ناخ و تان‌وپۆی کەسایەتی کورد تێکەڵاوە. ئەو کاسایەتيەی کە دیزاین و شابڵۆن هەڵناگرێ. لە سەدەی ڕابردوودا، کاردانەوەکانی گەلی کورد زیاتر پشت‌بەستوو بە ئەو دیاردە مێژووییەوە بوو کە باسمان کرد، واتە ناخوداگای تاک و کۆمەڵگای کورد. من ئەو دیاردەیە وەک هەبوونی ستراتژییەک لە ناخوداگای کۆمەڵگای کورد بە ناو دەکەم. ئەو دەروون و ناخە سەربزێو و نەسرەوتووەی کە نەوەک لەخۆوە، بەڵکوو سەرەڕۆیانە و بەئەنقەست سەرپێچی لە نیری مۆدێڕنیتەی ناتەبا لەتەک هەبوون و هزری‌دا کردووە و دەکا.

لە دیزاینی سەدەی بیستەم‌دا، ئەو ناخوداگایە بەرخۆدانی مێژوویی یەکجار مەزنانەی تۆمار کرد. بەڵام بە کۆمەڵکوژی و کۆچبەری و تواندنەوە ڕا رووبەڕوو ما. هاوکات چەندین پەیماننامەی بەسەردا سەپا. تا بە پارچەکردنی خاک و نیشتمانەکەی، بتوانن زەبری هەری گەورە لە ناخوداگای گەلەکەمان بدەن و کاردانەوەکانی لەناو تەنگ‌وچەڵەمەکانی دەوڵەت _ نەتەوەدا قەتیس بکەن. تێکۆشان لەهەمبەری کارامەترین شکل یا خود چەکی دەستێوەردان لە خود‌اگای گەلان و بە تایبەت گەلی کورد، کە بە هەموو چەشنێک پڕچەک کراوە، واتە دەوڵەت _ نەتەوە بەبێ‌ڕێکخستن نابێ. واتە ئەو سەرپێچییەی کە لە راستیدا مل‌کەچ‌نەبوونە بۆ هەر پێکهاتە و سیستەمێکی ناخۆماڵیانە و لەهەموو هەل‌ومەرجێکدا دەیهەوێ بە پێناسەی خۆیەوە بژی، ئیتر وەک سەدەی رابردوو ناتوانی بەسەربەرێ. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتی دەستێوەردانەکان لە سەدەی بیست‌ویەکەمدا.
دەستێوەردەرەکان، بە لانی زۆر لە پاڵ هێرشی سەربازی و هەوڵ بۆ گۆڕینی هەرێم بە رێکاری سەربازی، لە ڕێبازی دەستێوەردانی فەرهەنگی کەڵک وەردەگرن. هەم سیستەمی جیهانی و هەم گەلانی هەرێمەکە بە باشی دەزانن کە پارچە و پرت کردنی ئەو ناوئاخن هزری و ئەندێشەییە تەنیا بە هێرشی فەرهەنگی دەکرێ. بۆ زیاتر وردبوونەوە لە بابەتەکە سەردانی شێعرێکی فەیلەسوف و شاعیری گەلەکەمان شێرکۆ بێکەسی نەمر دەکەین. بێکەس لە چەند دێرێکدا ئەم سیاستانە و هێرشانەی کە بەسەر گەلەکەماندا دەسەپێ وەها لێکدەداتەوە:

“ئێمە وەک تەختەی سەر ئاوی ئاموون دەچین

قوم نابین و نایشخنکێین

بەڵام بڕبەندی ئەو کەنارانە و مشاری ئەو شەپۆلانە

هێدی هێدی وردمان دەکەن

بەرەو تاریکی ئۆقیانووسمان دەبەن.”

ئەمەی کە بێکەس دەیبینێ و هەراسی لێیەتی، ون‌بوونە لە ئۆقیانووسی جیهانی‌کردن‌دا. لە کاتێکدا کە ئەو تەختە یەکپارچە و ئەستەمە لە یەک هەڵوەشاوەتەوە و وردە تەختەکان کە هەمان تاکەکانی کوردی پەرتەوازەی چوارگۆشەی جیهانن، دابڕاو لە زهنییەتی و ناخوداگای یەکپارچەی گەلەکەیان لە تەک هەر شەپۆلێکی گەورە و بچووک بۆ هەر کانارێک دەڕۆن. ئەمە سیاسەتی سەپاو و چارەنووسی دیاریکراوە بۆ ئەو کوردەی کە نابێ بە بەشێک لە نەخشەی داڕێژراوی ئەوان و دەیهەوێ نەخشەی ژیانی داهاتووی، بۆخۆی بكێشێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ، ئەو ناخودئاگایە کە کوردی هەتا ئەم قۆناغە ‌هێناوە، وەرگەڕێتە بواری هۆشیاری و ئاگادارییەک کە ئاوێتەی راستیەکانی ئێستاکەی کۆمەڵگای کورد و ئەو جیهانەیە کە تێیدا دەژی. بە واتایەکی دیکە، تێپەڕی خۆئاگاییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ببێ و لە کرداری عاتیفی بەرەو رەفتارێکی سیاسی هەنگاو بنێ.

ئەو بابەتەی کە باسمان کرد، هەمان بەڕێکخستن‌کردنی عاتیفە و هەستی تاک و کۆمەڵگایە. تێپەڕین لە کاردانەوەی هەستی و کاتی بۆ هەڵوێستی سیاسی تێکەڵ لەگەڵ پێش‌بینی و دووربینی. توانای بەرهەست کردنی داهاتوو لە ڕێگای شرۆڤە و لێکدانەوەی رابردوو و ئەوڕۆ. هەبوونی کارامەیی لە بواری بەرهەمی فکری و ئەندێشەیی نیشانەی ئەو وەرچەرخانەیە. کاتێک کە ئەو گۆڕانکارییە روویدا، لە ستراتژییەکی ناخودئاگاوە هەنگاو بۆ بەستێنی ستراتژییەکی داڕێژراو لەسەر بنەمای راستینەکانی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکاندا و لە پێوەندی لەتەک کۆمەڵگای جیهانی دەنێین. بێ‌گومان نەتەوەیەکی خاوەن ستراتژی دیار و هۆشیارانە نابێتە موڵکی هیچ کەس و لایەنێک و کۆیلە نابێ و داگیرناکرێت.

ئەو بابەتەی کە باس کرا، بە درێژایی مێژوو لە لایەن داگیرکەرانەوە بەربەستی بۆ سازکراوە تا گەلی کورد خۆی لەو بەندە و داوە رانەپسکێنێ. خۆناسین و بەهرەمەندی لە جیهانبینی تایبەت بە خۆ لە کوردستاندا لەسەر بنەما و رەوتی سروشتی بەنەتەوەبوون(ناسیوناڵیتە) هاوکاتە لەتەک دەسپێکردنی خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بزووتنەوەی ئاپۆیی. ئەوەش زهنییەتی کۆمەڵگای کوردی کە لە لایەن جیهان‌بینیە‌کانی هەرێمی و جیهانیەوە تاپۆ کرابوو رزگار کرد. هەموو لایەنەکان باش دەزانن، کە رزگار کردنی زهنییەتی کۆمەڵگای کورد گەیاندنی ئەو تەختەیەی سەر ئاوی ئاموونە بە کەنارێکی ئارام.

کاتێک کە رێبەری گەلی کورد لە ٢٣ ژوەنی ٢٠٠٣ کتێبی کوردی ئازاد ناسنامەی نوێی رؤژهەڵاتی ناوەڕاستی نووسی و پاشان خرایە بەر دەستی خوێنەران، کەس بڕوای بەوە نەدەکرد کە ئەو ناسنامەیە وەها درەوشاوە بێت و کورد سەرفرازانە بەرەو مۆدێڕنیتەیەکی نوێی هەڵقوڵاو لە ئەندێشەیەکی خۆماڵی هەنگاو بنێ. بەڵام ئەو ئەندێشەیە زۆر بە ئەسپایی و خزۆکی رێگای پێوا و لووتکە و تڕۆپکی تواناکاری و کارامەیی خۆی لە کۆبانی نیشان‌دا. ئەمڕۆ ناسنامەی کوردی ئازاد لە جیهان بڵاو بۆتەوە و هەموو پارچەکانی تەنیوەتەوە. تامەزرۆیانی هەڵگرتنی ئەو ناسنامەیە نەتەنیا گەلی کوردە، بەڵکوو هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە.

کەوابوو هەر دەسەڵات‌دارێک لێی دەترسێ و بە هەموو دڕندەییەوە بۆ لە ناو بردنی هێرش دەکا. جا ئەوە دەسەڵات‌دارێکی تورک، فارس دەبێ یا قۆرغکار و پاوان‌خوازی کورد، هەر هەموویان یەک رێباز رەچاو دەکەن. بە تایبەت کە خاوەنانی ئەو ناسنامەیە لە هەر کوێ بن پشت‌گیری یەکتر دەکەن، دەسکەوتەکانی یەکتر دەپارێزن.

ئەم هێرشانەی لەم دواییەدا لە لایەن ئێرانەوە دەکرێتە سەر گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ پشت‌گیری لە خەباتی باکووری وڵات دێنە مەیدان لە چوارچێوەی پلانێکی گشتی‌دایە. هاوئاراستەییە لەگەڵ سیاسەتەکانی فاشیستی تورکیا و هیچ جیاوازییەکی نییە لەتەک ئەو سیاستەی کە ڕۆژانە کوردەکان لە دەریای ئێژەدا دەخنکێنێ.