ئامەد شاهۆ-
زەهنیەتی دەوڵەت- نەتەوە دژی كۆمەڵگایە
لە سەدەی مۆدێڕنیتەی كاپیتالیستی گەورەترین هەڕەشە كە بەڕۆكی دیموكراسی و خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیکی گەلانی گرتووەتەوە، لەلایان هێزەكانی دەوڵەت-نەتەوە ئەنجام دەدرێت. زەهنیەتی دەوڵەت-نەتەوە لە دژی گەوهەری راستەقینەی كۆمەڵگا داڕێژراوە. چونكە كۆمەڵگا لەلایان گەلانەوە گەشەی پێدراوە. گەلان بە بێجیاوازی بە درێژایی مێژوو لەناو كۆمەڵگادا پێكەوە ژیانیان كردووە. كۆمەڵگا هەموو رەنگەكان لەناو خوێدا قەبووڵ دەكات و تەنیا سەر بە تاكێك، چین و دەوڵەتێك نییە. بەڵكوو بەپێچەوانەی دەوڵەت-نەتەوە، فەلسەفەی كۆمیناڵ-دیموكراتیکی بە بنەما وەرگرتووە. كۆمەڵگا بە پێی ئەخلاق بونیاد دەنرێت و بە چەمكی بێئەخلاقیش لەناو دەبرێت. جیاوازی كۆمەڵگاكان لە ئەخلاقدا شاراوەیە، ئەو كۆمەڵگایانەی كە لە ئەخلاق دابڕا بن و بە لاڕێدا چووبن، تەمەنیان كورت دەبێت و هەڵدەوەشێن.
كۆمەڵگا بە بێمرۆڤ بێواتایە، چونكە مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییەو مرۆڤیش بە بێكۆمەڵگا پێناسە ناكرێت. ئەو كۆمەڵگایەش كە یادگەی كۆمەڵایەتی خۆی بپارێزێت و بیگەیەنێتە دەستی نەوەی داهاتوو، داهاتووی درەوشاوە دەبێت و دەتوانێت رووبەڕووی هەر جۆرە كێشەوگرفتیش ببێتەوەو چارەسەریان بكات. كۆمەڵگا بونیاد دەنرێت، ئاڵوگۆڕی تێدا دەكرێت و دەگوازرێتەوە و هەر نەسلێک بە نۆبەی خۆی گۆڕانكاری تێدا دروست دەكات.
بەپێی ئەوەش دەتوانین كۆمەڵگا بە دوو بەش دابەش بكەین. یەكەم، كۆمەڵگای دەوڵەتی؛ دووهەم، كۆمەڵگای دیموكراسی (گەل). ئەوەی جێگای سەرنجە تەمەنی كۆمەڵگای دەوڵەتی بە درێژایی مێژوو تا بە ئەمڕۆ لە (%2) ە. واتا كۆمەڵگای دەوڵەتی و هیرارشی تەمەنی (7) هەزار ساڵە. بەڵام كۆمەڵگای سرووشتی یان دیمۆكراسی لە %98ی مێژووی مرۆڤایەتی پێكدێنێت. واتا (%98) مێژووی كۆمەڵگای مرۆڤ بە شێوەی كۆمیناڵ بووە. ئەمەش بەڵگەیەكی سەلمێنراوە كە داخوازی دیمۆكراسی و خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی گەل داخوازییەكی رەوا و سرووشتییە. كۆمەڵگای دەوڵەتی بەو تەمەنە كەمەیەوە ریشەی شۆڤینیزم، دیكتاتۆریەت، نادادپەروەری، كۆمەڵكوژی، درۆ و فێڵ و پێشێل كردنی مافی مرۆڤی لەناو كۆمەڵگاكاندا داكوتاندووە. ئەوەش بەپێچەوانەی گەوهەری حەقیقی كۆمەڵگای سرووشتی یان كۆمەڵگای گەلە كە چەمكەكانی ئازادی، دیمۆكراسی، یەكسانی و دادپەروەری و پێكەوەژیان كردنی گەلان و پاراستنی مافی مرۆڤی بە بنەما گرتووە.
كۆمەڵگای دیمۆكراتی، چالاكی بە زمانی دیموكراسی لەقەڵەم دەدات
لێرەدا بۆ روونكردنەوەی بابەتەكەم ئاماژە بە چەندین جیاوازیەكی نێوان كۆمەڵگای دەوڵەتی و كۆمەڵگای گەل دەكەم. كۆمەڵگای دەوڵەتی لەلایەن دەوڵەت بەڕێوە دەبڕێت. دەوڵەت كۆمەڵگا ئیدارە دەكات. دەوڵەت خۆی دەسپێرێتە دەسەڵاتداری، دەسەڵات و هێز باڵادەستە، تاك پەرەستی بە بنەما دەگرێت، ناو كۆمەڵگادا قەیران و شەڕ قووڵاتر دەكات. بەرژەوەندی جیاواز پەسەند ناكات و دژ بە دیمۆكراسی یە، زانستی پۆزتیڤیستی و تەكنۆلۆژی بە بنەما دەگیردرێت، گەل بەكۆیلە كراوە. توندوتیژی و هەژاری و بێكاری كۆمەڵگای داپۆشیوە.
بەڵام كۆمەڵگای گەل یان دیمۆكراسی رادیكاڵ؛ گەل خۆی، خۆی بەڕێوە دەبات، واتا لەدیمۆكراسی دا بەڕێوەبردن هەیە. دیمۆكراسی خۆی دەسپێرێتە رەزامەندی كۆلەكتیڤ. دیمۆكراسی یان ئیرادەی گەل باڵادەستە. كۆمینالیزم بە بنەما دەگرێت. ناو كۆمەڵگا چارەسەری و ئاشتی دەپارێزێت. فڕەڕەنگی پەسەند دەكات و بەرژەوەندی هەموو لایەك بە بێجیاوازی دەپارێزێت. زانستی گەل و ئەخلاق بە بنەما دەگیردرێت. گەل ئازاد دەكات. ئاشتەوایی و دادپەروەری و كارابوون پەرە پێدەدات.
دەستەواژەی دیمۆكراسی لەدوو وشەی دیمۆس بەواتای كۆمەڵگا و كراتیا بە واتای خۆبەڕێوەبەری پێكدێت و بە گشتی بە واتای خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی گەوهەری ئەو كۆمەڵگایانەیە كە لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵات ئاشنا نەبوون. بە واتایەكی تر خۆبەڕێوەبەری گەوهەری گەل كە دەروەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەسەڵات ماونەتەوە دەتوانین لەچوارچێوەی چەمكی دیمۆكراسی پێناسە بكەین. یان بە واتایەكی تر دیمۆكراسی رژێمێكە كە پەیوەندیداری چالاكی گەلە. چۆنكە لەو شوێنەی چالاكی گەلی لێ نەبێت دیمۆكراسی لێ سەوز نابێت. لەوڵاتێكدا ئەگەر گەل لەبەڕێوەبەری ئەو وڵاتەدا بەشدار نەبن، ئاستەمە كە باسی هەبوونی دیمۆكراسی و گەشەسەندنی دیمۆكراسی لەو وڵاتەدا بكەین. چۆنكە رێبەر ئاپۆ كۆمەڵگایەكی بە بێسیاسەتی وەك مریشكی سەربڕاو پێناسە كرد كە بەر لەرۆحدان پەلەقاژە دەكات و خۆی بە راست و چەپدا دەدات یان وەك مێگەل ملكەچی رێسای خەڵكانی دیكە دەبێت.
ئەمڕۆ لەتەواوی جیهاندا هەر دەوڵەت و هێزێك بە پێی بەرژەوەندی خۆی دەستەواژەی دیمۆكراسی پێناسە دەكات و بە كاری دێنێت. هەر كەس بەگوێرەی خۆی حەقیقەتێكی بونیاد ناوە. پێناسەی ئێمەش وەك PJAK، لەگەڵ پێناسەی دەوڵەت ـ نەتەوە زۆر جیاوازە. دەوڵەت ـ نەتەوە دەڵێت دیمۆكراسی لەیۆنان پێشكەوتووە. دەیانەوێت بە دەستەواژەیەكی ئەوروپایی لەقەڵەمی بدەن و خۆیان بە خاوەنی دیمۆكراسی نیشان بدەن. ئەوەش لەكاتێكدایە كە دیمۆكراسی ئاتن تایبەت بووە بە چینی برۆكرات و ژن و كۆیلەش لەو دیمۆكراسیەدا بێبەش كراون و نەیتوانیوە كۆمەڵگا لەكۆیلەداری رزگار بكەن. بۆیە ئەگەر تیۆری لەسەر دیمۆكراسی هەڵە بێت ئەوا كردەوەكەشی هەڵە دەبێت.
كۆمەڵگای سرووشتی یان كۆمەڵگای دیمۆكراتیك كۆمەڵگایەكە كە زهنیەتی دیمۆكراسی پێشدەخات. واتا كۆمەڵگایەكە كە چالاك و كارایە. چالاكی بە زمانی دیموكراسی لەقەڵەم دەدات. سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگا مافدارن كە لەدەستنیشان كردنی چارەنووس یان بەشداربن. تەنانەت لەمنداڵی هەفت ساڵانەوە تا هەفتا ساڵان بە بێجیاوازی لەبەڕێوەبردنی كۆمەڵگا خاوەن ئەركن. ئەم جۆرە كۆمەڵگاش بە درێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی ژیان كراوەو پاشكۆی ئەوەش تا ئەمڕۆ لەبەشێكی زۆری كوردستان و زۆر ناوچەكانی تر دەبینرێت.
نابێت رێبەر ئاپۆ و بارزانی لەنەتەوەیەك حساب بكەین
تایبەت كۆمەڵگای كوردی یەكێك لەو كۆمەڵگایانە كە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی تا بە ئەمڕۆ لەگەشەپێدانی دیمۆكراسی خاوەن رۆڵ بووە. واتا لەسەر ریشەی خۆی كە دیمۆكراسییە، دەڕوێتەوە. ئەم كۆمەڵگا چۆن لەمێژوودا لانكەی شارستانی بووە. هاوكات دەتوانێت ئەمڕۆش ببێتە لانكەی شارستانی دیمۆكراتیك. سەڕەرای چەواشەكاری و بەلاڕێدابردنی گەوهەری ئەم كۆمەڵگایە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتخوازەكانەوە، گەوهەری خۆی پاراستووە. ئەم كۆمەڵگایە كاراكتەری دژە دەوڵەتە. دەوڵەت لەناو خۆدا قەبووڵ ناكات. بۆ ئەوەش كوردستان تا بە ئەمڕۆ نەبووەتە دەوڵەت. چۆنكە هەرگیز نە كۆمەڵگا دەبێت بە دەوڵەت و نە دەشێت دەوڵەتیش ببێت بە كۆمەڵگا. ئەوەش شانسێكی مەزنە بۆ گەلی كورد كە تا بە ئەمڕۆ بێدەوڵەت ماوەتەوە. ئەمەش بە پێچەوانەی سەرجەم ئەو روانگەو بۆچوونانەیە كە نەبوونی دەوڵەتی كوردی، بە بێبەختی لەقەڵەم دەدەن. ئەم بۆچوونەیە كە كۆمەڵگای كوردی لاواز و پەرتەوازە كردووە. دەبێت بەوە دڵخۆش بین كە كۆمەڵگاكەمان لەشێرپەنجەی دەوڵەت ـ نەتەوە پارێزراوە. چۆنكە كۆمەڵگای كوردی لەم قۆناخە هەستیارەدا كە زهنیەتی دەوڵەت نەتەوە لەناو قەیراندایە، دەستپێشخەری رژێمی دیمۆكراسی لەرۆژئاوای كوردستان و ناوچەكەدا دەكات. ئەم كۆمەڵگایە زهنیەتی پێكەوە ژیان كردنی لەگەڵ نەتەوەكانی تر و بەرقەراری ئاشتەوایی بە بنەما دەگرێت. ئەوەش لەكاتێكدایە كە زهنیەتی فاشیستی دەوڵەت نەتەوەی ئێران هاوڵاتی، نەتەوە و كۆمەڵگا یەكدەست و همۆژەن دەكات. لایەنەكانی تر دەچەوسێَنێتەوە. كێشەكان چارەسەر ناكات و قەیرانەكان قووڵتر دەكات. یەك زمان، یەك نەتەوە، یەك ئاڵا و یەك مەزهەب بە سەر كۆمەڵگادا دەسەپێنێت. لێرەدا دەتوانم بڵێم گەلی ئازادیخوازی كورد تا بە ئەمڕۆ خاوەندارێتی لەسرووشتی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەكات، لەبەر ئەوەی توانای گەهێشتن بە رژێمی حەقیقەتی هەیە. بەس ئەوانەی كە دەستیان لەسرووشتی كۆمەڵگا بەردابێت، نابێت سەر بە ئەو كۆمەڵگایە لەقەڵەم بدەین. ئەگەر كەسێك پاراستنی نرخ و پرەنسیبی ئەخلاقی نەتەوەكەی بكات لەسەر ئەو نەتەوە حساب دەكرێت. بۆ بەراوردی ئەوەش نابێت رێبەر ئاپۆ و بارزانی، لەنەتەوەیەك حساب بكەین و بە یەك چاو سەیریان بكەین، چۆنكە بە پێچەوانەی فەلسەفەی تێكۆشانی رێبەر ئاپۆ، بارزانی و هاوتاكانی لەدیمۆكراسی، كۆمەڵگا و نەتەوە لایانداوەو دەسەڵاتدارن و فەلسەفەی ژیانی یان بە پێچەوانەی رژێمی دیمۆكراسی یە.
خۆسەری دیمۆكراتی لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڕێوەبەری سیاسی دیمۆكراتی كۆمەڵگایە
كۆمەڵگای كوردی لەرۆژهەڵات لەبەر ئەوەی بە پێچەوانەی زهنیەتی دەوڵەت نەتەوەی ئێران فرەزمانی، فرەنەتەوەیی و فرەمەزهەبی و ئایینی و فرە ئاڵایی بە بنەما گرتووە، بووەتە كۆمەڵگایەكی نموونە لەئێراندا. ئەوەش تایبەتمەندی كۆمەڵگایەكی دیمۆكراتیكە. جیاوازیەكان و رەنگەكان بە بێجیاوازی قەبووڵ دەكات. گەڕانەوەی بەدوای كۆمەڵگایەكی ئەخلاقی و سیاسی هەیە. ژن و جەوان بە هێزی پێشەنگی دیمۆكراسی لەقەڵەم دەدات. بەڕەنگاری چەمكە هەڵەكانی رژێمی ئێران دەبێتەوە. تێكۆشان و خۆڕاگری وەك رێبازێكی گەهێشتن بە كۆمەڵگایەكی دیمۆكراتی گرتووەتە بەر. بەئۆبژەكردنی كۆمەڵگا لەلایەن رژێمەوە پەسەند ناكات. بە بەشداری لەگۆڕەپانی سیاسەت، مافی خۆبەڕێوەبەری دەستەبەر دەكات. بۆ لەئامێزگرتنی سەرجەم لایەن و هێمانی دیمۆكراتی لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆنفیدرالیزمی دیمۆكراتیك دادەمەزرێنێت. بۆیە رژێم سەرجەم هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ تا گەوهەری راستەقینەی كۆمەڵگای كوردی بەلاڕیدا ببات و ئەمڕۆ كۆدار لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو حەقیقەتەی كۆمەڵگا، لەژێرچەتری دیمۆكراتی خۆیدا كۆدەكاتەوەو گەشەی پێدات.
كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی كوردستانیش تا ئێستا لەپێناو پاراستنی نرخەكانی تێدەكۆشێت. زهنیەتی دەوڵەت نەتەوەی ئێران تا بە ئەمڕۆ كار لەسەر لەیادبردنی یادگەی كۆمەڵگای كوردی دەكات. گەل لەهەبوونی خۆی نامۆ دەكات. لەكەسایەتی شۆڕشگێڕەكاندا ویست و داخوازی رەوای گەل پاكتاو دەكات. رێگا نادات گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان بەڕێوە ببەن. بە پارچە كردنی كۆمەڵگا و قووڵكردنی دژایەتی ناو پێكهاتەكانی كوردستان و ئێران زهنیەتی دەسەڵاتداری خۆی بەسەر گەلاندا بەهێز دەكات. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو كردەوانە كۆمەڵگا تێكنەچووەو ویست و داخوازی رەوای گەل زیندووە. رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی گەلان دەست لەداخوازیەكانیان بەردەن، بە كردەوە تیرۆریستیەكانی وەك؛ گرتن، ئەشكەنجە، لەسێدارەدان، تیرباران، بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بێكاری، هەژاری و دەیان كردەوەی تری پێشخستووە. بەڵام دەبینرێت هەرگیز هیچ كۆسپێك ناتوانێت لەبەرانبەر ویست و داخوازی دیمۆكراتیانەی گەلان لەمپەڕ دروست بكات. ئەوە تایبەتمەندی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكە كە پاراستنی رەوا بە بنەما دەگرێت. ئێمەش وەك PJAK لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە پێشخستنی سیاسەتی دیمۆكراتی دەمانەوێت خاوەنداری لەو رۆحە خۆراگرەی كۆمەڵگا بكەین و تەشەنەی پێبدەین. چۆنكە خۆسەری دیمۆكراتی رێوەبەری سیاسی دیمۆكراتی كۆمەڵگایە، ئەو سیستەمەش تەنیا بۆ گەلی كورد نییە، بەڵكوو بۆ سەرجەم گەلانی ئێرانە. ئێمە لەو باوەڕەداین دیمۆكراسی لەئێران و رۆژهەڵات تەنیا بە بەشداری خۆبەڕێوەبەری گەل لەگۆڕەپانەكانی ژیاندا دەستەبەر دەبێت. واتا فرەڕەنگەكان دەبێتە دەوڵەمەندی بۆ وڵاتی هاوبەشی گەلانی ئێران. ئەوەش تایبەتمەنی سەرەكی دیمۆكراسییە كە بە فرەڕەنگییەوە جوان دەبێت.
رۆژئاوای كوردستان ناوەندی پاراستن و گەشەدانی دیمۆكراسی و ئازادی كۆمەڵایەتییە
ئەم پڕۆژەیە لەرۆژئاوای كوردستان بەدەستپێشخەری گەلی كورد خرایە بواری جێبەجێ كردنەوە، واتا هیوای بەدیهێنانی داخوازی رەوای سەرجەم گەلانی ئازادیخوازی جیهان رۆژ لەدوای رۆژ دێتەدی. بەساڵانە گەلی كورد پێداگری لەسەر مافی رەوا و داخوازی دیموكراتیانەی خۆی دەكات، بەڵام دەوڵەت نەتەوەكانی هەرێمەكە زیاتر لەدوو سەد ساڵە كوردستان وێران و داگیر دەكەن و شەڕێكی ماڵوێرانكەریان داوێنگیری هەرێمەكە كردووە. دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە گەلی كورد كە لایەنگری دیمۆكراسییە چۆكی لەبەرامبەر نەیارانی دیمۆكراسیدا دانەنا و بە نەبەزی بەردەوامن لەتێكۆشان. ئامانجی گەل لەپێشخستنی دیمۆكراسی لەرۆژئاوای كوردستان و ناوچەكە رەت كردنی دەوڵەت یان بە تەواوی بێكاریگەر كردنی دەوڵەت نییە. هاوكات گەهێشتن بە دەوڵەتیش بۆ خۆی بە بنەما ناگرێت، بەڵكوو دیمۆكراسی + دەوڵەت بە بنەما گرتووە. جیا لەئاڵ وگۆڕ و گۆڕینی هاوسەنگی هەرێمەكە، گەلی كورد لەرۆژئاوا كۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی بە بنەما گرت. واتا هەر كەس لەپێناو پاراستنی كۆمەڵگا و ئیرادەی گەوهەری گەلەكەی بەشداری ریزەكانی تێكۆشانی دیمۆكراسی بوون. تاك و كۆمەڵگا لەدەستنیشان كردنی چارەنووس یان خاوەن بڕیار بوون. گەل بڕیاری سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی دا. گەل مۆدێل و فەلسەفەی ژیانی كۆمەڵگای خۆی دیار كرد. ژیانی كۆمیناڵ دیمۆكراتی لەسەرجەم گۆڕەپانەكانی ژیاندا بە بنەما گرت. لەپێناو بەدیهێنانی ئەوانەش بە بێوچان شەو و رۆژ تێكۆشان. چاویان بە هێزە دەرەكیەكان نەبەست. باوەڕی بە هێزی گەوهەری خۆی هێنا. رەنگ و جیاوازیەكانی تری ناو خۆی كۆمەڵگای لەبەڕێوەبردنی كۆمەڵگا بەشدار كرد. كۆی ئەم رێبازانەش كە لەتێكۆشانی گەلی كورد لەرۆژئاوای كوردستان گیراوەتەبەر، دژ بە زهنیەتی مۆدێڕنیتەی كاپیتالیستییە. گەلی كورد رێبازەكانی گەهێشتن بە مۆدێڕنیتەی دیمۆكراتی كە رۆحی كۆنفیدرالیزمی دیمۆكراتییە بە بنەما گرت. رەهەندەكانی نەتەوەی دیمۆكراتی بە ژیانی كرد. هێڵی سێهەم كە هەمان هێڵی دیمۆكراسی یان نەتەوەی دیمۆكراتییە هەڵبژارد. بۆیە سەرەڕای هێرشە دڕندانەكانی داعش و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر گەلی كورد و شەڕڤانانی YPG و YPJ، گەلی كورد سەركەوتنێكی مێژوویی تۆمار كرد.
رۆژئاوای كوردستان سەرەڕای ئەوەی ناو بازنەی ئاگردایەو لەبەر نەبوونی دیمۆكراسی لەناوچەكەدا هەڕەشەی گەورەی لەسەرە، لەسەدەی 21دا گەورەترین شۆڕشی دیمۆكراسی بە دەستپێشخەری ژن و جەوان پێشخست. كورد لەناوچەكەدا گەورەترین هێزی داهێنەری دیمۆكراسییە. ئەو شۆڕشەش بووە چەترێك بۆ سەرجەم هێزە ئازادیخواز و سۆسیالیستەكانی جیهان. گەرەنتی سەركەوتنی ئەو شۆڕشەش لەبەشداربوونی كارای گەلە لەهونەری خۆبەڕێوەبردنی ژیاندا. هاوكات پەرەپێدانی زهنیەتی نەتەوەی دیمۆكراتیك لەدژی زهنیەتی فاشیزم، كۆمەڵگای لەئازادی نزیكتر كرد. ئیدی ئەم كۆمەڵگا خاوەن كاراكتەرێكە كە چ هێزێك دژایەتی بكات، جیا لەلاوازی و تێكچوونی خۆی قازانجێك بەدەست ناخات. بەڵام هێزێك كە خۆی لەكوردان نزیك بكات و پەیوەندی خۆی بەهێزتر بكات، قازانج دەكات. چۆنكە رۆژئاوای كوردستان ئیدی بووە ناوەندی پاراستن و گەشەدانی دیمۆكراسی و ئازادی كۆمەڵایەتی. لەبەر ئەوەی رۆژئاوای كوردستان لەسەر ریشەی خۆی شین بوویەوەو داخوازیە رەواكانی گەل دێنێتە دی.
گەلی باكووری كوردستان لەسەر رێچكەی دیمۆكراسی خۆسەری دیمۆكراتی راگەیاند
هاوكات لەلایەكی ترەوە كۆمەڵگای باكووری كوردستان لەسەر رێچكەی دیمۆكراسی خۆسەری دیمۆكراتی راگەیاند. ئەوەش وەك داخوازیەكی رەواو سرووشتی گەلی كوردە. زیاتر لە 40 ساڵە گەلی كورد لەپێناو دامەزراندنی ئەم رژێمە تێدەكۆشێت. ئەو گەلە بە هەزاران رۆڵەی خۆی لەپێناو بەدیهێنانی دیمۆكراسی بەخت كرد. بۆیە تێكۆشانی 40ی ساڵەی گەلی كورد لەباكوور بەرەو ئەنجام دەڕوات. گەلی كورد ئیدی زنجیری كۆیلەتی پچڕاند. ئیرادەی خۆی رادەستی دەوڵەتی تورك ناكات. ئیدی لەبەرانبەر كۆمەڵكوژی و زەخت و زۆریەكانی دەوڵەت بێدەنگ نابێت. ترس و تۆقاندنی گەلان كە لەلایەن دەوڵەت توركیاوە بەسەر كۆمەڵگادا سەپێنراوە بەراگەیاندنی خۆسەری دیمۆكراتی تێكشكێنرا. گەلی كورد ئیدی بووەتە گەلێكی خاوەن ئیرادە. لەگۆڕەپانی سیاسەت و سەرجەم گۆڕەپانەكانی تر خاوەن رۆڵی گرنگە. بەدامەزراندنی رێكخراوە مەدەنیەكان و خاوەندارێتی لێیان پێگەی دەوڵەت نەتەوەی توركیان لەكوردستان لاواز كرد. تێكۆشانی دیمۆكراسیخوازی گەل گەیشتووەتە ئەو ئاستە كە ئیدی لەشارێكی وەك ئامەد گەلی كورد لەیازدە پەڕلەمانتەر خاوەن 10 پەڕلەمانتەر بێت و دەوڵەتیش خاوەن پەڕلەمانتارێك بێت. ئەمەش گەڕانەوەی مێژوو بۆ سەر هێڵی حەقیقی خۆیەتی كە لەكۆمەڵگا دەوڵەت لاواز بكرێت و گەل بەهێز بكرێن. حكومەتی AKP ئەو وەرچەرخانە مەزنەی گەلی كوردی پێهەرس ناكرێت. بۆیە بە كۆمەڵكوژیەكانی وەك؛ ربۆسكی، ئامەد، پرسۆس و هەرە دوایی ئەنقەرە، پەلاماری دڕندانەی بۆ سەر هاوڵاتیان، شێواندنی تەرمی هاوڵاتیان، بۆردومان كردنی مەزارگەكانی گەریلا، ناوچە شاخاویەكانی كوردستان گرتنی هەزاران سیاسەتمەتدار، رۆژنامەنووسان و دەیان كردەوەی چەپەڵی تر رێگری لەخۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی گەل دەگرێت.
بەڵام چۆنكە كۆمەڵگا لەسەر رێچكەو زهنیەتی نەتەوەی دیمۆكراتی تێدەكۆشێت، هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك نەیتوانیوە داخوازی دیمۆكراتیانەی گەل بەلاڕێدا ببات. بۆیە سووربوون لەسەرداخوازی دیمۆكراتیانەی كۆمەڵگا، پێگەی زهنیەتی فاشیزمی AKP لەناو كۆمەڵگا رۆژلەدوای رۆژ لاوازتر دەكات. راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی گەل لەباكووری كوردستان بەدیهێنانی داخوازە رەواكانی گەلە. گەلی كورد و گەلانی ئاشتیخواز و سۆسیالیستی كۆمەڵگاكانی توركیا لەپێناو دەستەبەركردنی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی لەژێر چەتری پارتی دیمۆكراتی گەلان (HDP) كۆبوونەتەوە. بۆیە HDP بووەتە پڕۆژەیەك كە پێكەوە ژیانی دیمۆكراتیانەی گەلانی توركیای كردووەتە ئامانج. واتا دەیەوێت كە هەر گەلێك لەتوركیا خۆی، خۆی بەڕێوە ببات. بۆیە پشتگیری و خاوەندارێتی لە HDP لەماوەیەكی كورتدا سەلماندی كە بەدیهێنانی داخوازە رەواكانی گەل تەنیا لەژێر زهنیەتی نەتەوەی دیمۆكراتی كە HDP بە بنەمای گرتووە دەستەبەر دەبێت.
گەلی باشوور لەمافی خۆبەڕێوەبردن و ژیانی ئازاد بێبەش كراون
لەلایەكی تریشەوە كۆمەڵگای باشووری كوردستان كە لەژێر دەسەڵاتی هێزە كوردیەكاندایە، تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە ویست و داخوازیە رەواكانی گەلی كورد دەستەبەر بكات. واتا دەسەڵات لەژێرناوی كوردبوونەوە، زهنیەتی دژەدیمۆكراسی لەناو كۆمەڵگادا بڵاو دەكاتەوە. نموونەی بەرچاوی ئەوەش وازنەهێنانی مەسعوود بارزانی و پارتەكەی لەپۆستی سەرۆكی هەرێم و رێكنەكەوتنی لایەنەكانی تر لەگەڵ یەك ئاماژە بە پێشخستنی زهنیەتی دیكتاتۆریەت لەكۆمەڵگادا دەدرێت. دەسەڵات سەرجەم گۆڕەپانەكانی ژیانی قۆرخ كردووە. گەل لەمافی خۆبەڕێوەبردن و ژیانی ئازاد بێبەش كراوە. سیاسەت كردن تەنیا بە مافی 5 پارتی سیاسی و سەركردەكانی دەزانرێت. بۆیە ناڕەزایەتی گەل كە لەرێكەوتی 9ی ئۆكتۆبر لەشارەكانی هەرێمی باشووری كوردستان سەریهەڵدا و شەهید بوون و برینداربوونی ژمارەیەك هاوڵاتی لێكەوتەوە، ئەو پەیام دەدرێت كە داخوازی رەوای گەل تا ئێستا دەستەبەر نەكراوە. تەنانەت لەباشوور زهنیەتی پێكەوە ژیان كردنی كۆمەڵگای كوردی جێگیرنەبووە. لەبەر ئەوە تا دەڕوات كۆمەڵگا پارچەپارچە دەكرێت و دژایەتی و ناكۆكیەكان قووڵتر دەبێت و بێكاری، هەژاری، چوون بۆ هاندەران و بێهیوایی تەشەنە دەسێنێت. بۆیە چەندێك نەخۆشی كۆمەڵایەتی لەبەرزبوونەوەدا بێت، ئەوەندە كۆمەڵگا لەدیمۆكراسی و مافی رەوای بەدوور دەبێت. كۆمەڵگای باشوور لەبەر ئەوەی نە كۆمەڵگایەكی سیاسییە، ئەنجامدانی چالاكی دیمۆكراتی زۆر لاوازە. ترس و تۆقاندن دەبێتە لەمپەڕ لەبەرانبەر راگەیاندنی ویست و داخوازیەكانی. چالاكیەكانی پچڕپچڕ و بەربڵاو و ئامانجی نادیاریان هەیە. چۆنكە بەبێ سیستماتیك ئەنجام دەدرێت. هەر ناڕەزایەتی مەدەنی گەل سێبەری حزبایەتی بەسەر دەسەپێندرێت و ئاراستەی داخوازی رەوای گەل بەرەو ئاقارێكی تر رادەكێشێت. چۆنكە زهنیەتێك لەمەیدان دایە، بێئیرادەكردنی تاك و كۆمەڵگای كردووەتە ئامانج. ئەو زهنیەت چالاكی مەدەنی بە گێرەشێوێنی و پشێوی لەقەڵەم دەدات، لەكاتێكدا چالاكی زمانی دیمۆكراسییە. دەسەڵات باوەڕی نە بە هێزی گەل و خۆی هەیە، بەڵكوو باوەڕی بەهێزە دەرەكیەكان هەیە. بۆیە حكومەتی هەرێم، بووەتە حكومەتی قەیران. چۆنكە زهنیەتی دەوڵەت نەتەوەی كوردی كردوەتە ئامانج. واتا بەردەوام چاوی لەهێز و دەسەڵاتی سەرووی خۆیەتی. ئەم زهنیەتەش بە پێچەوانەی ویست و داخوازی گەلە. تەنانەت ئامادەیە لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەكی دڕندانە هاوڵاتیانی خۆی بكوژێت. ئەوەش بن بڕكردنی دیمۆكراسی ناو كۆمەڵگایە. دیمۆكراسی لەخوارەوە بونیاد دەنرێت. بەخاوەندارێتی لەگەل و دابین كردنی پێداویستە ژیانیەكان بەدی دێت. كۆمەڵگا بە هێزی گەل دەبێتە كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و دیمۆكراتیك. لەو پێناوەدا تاكە رێگای چارەسەری قەیران و كێشەكانی باشوور و بەدیهێنانی ویست و داخوازە رەواكانی گەل، بونیادنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتییە، كە گەل خۆی خۆی بەڕێوە ببات.
دەرئەنجام ئەوە روون و ئاشكرایە كە گەلی كورد لەهەر چواربەشی كوردستان وەك فاكتەر و هێزی سەرەكی لەپێناو بەدێهنانی دیمۆكراسی گەلان لەتێكۆشانێكی بێوچاندایە. هاوكات دەبێتە داهێنەری ئاشتی و دیمۆكراسی گەل لەناوچەكەدا. واتا بە پیێ زهنیەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری كە دیمۆكراسی دەوڵەتی داهێناوەو تەنیا داخوازی لایەنە دەسەڵاتدارەكان بەدی دێنێت. بەپێچەوانەوەی ئەو زهنیەتەوە مۆدێڕنیتەی دیمۆكراتی كە جێبەجێ كردنی داخوازی رەوای گەل دەكاتە ئامانج و وەك مزگێنیەك بۆ گەلانی ناوچەكە و جیهان بە دیاری دێنێت.