فواد بیریتان ـ
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەیرانێكی گەورەدا تێپەڕ دەبێت، لە میانەی ئەم قەیرانەدا و لەپاڵ لایەنەكانی دیكە، هەر دوو دەوڵەتی ئێران و توركیا، دەیانهەوێت هەژموونی خۆیان لە هەرێمەكە پەرەپێبدن و پتەوتری بكەن. ئەم دوو وڵاتە بە قوڵتركردنەوەی شەڕ و ناكۆكی نێوان مەزهەبەكان، دوو ئامانجی سەرەكیان هەیە و پێداگری لە سەر دەكەن، یەكەم: شاردنەوە و سەرپۆش دانین بەسەر ئەو شەڕ و ناكۆكییەی كە لە نێوان هێزە ستاتۆپارێزەكان و پێشەنگانی مودێڕنیتەی سەرمایەداری لە ئارادایە و دەكرێت بە شەڕی جیهانی سێهەم ناوزەدی بكەین. دووهەم: درێژەدان بە سیاسەتی سەركوت و پاكتاوكردنی گەلی كورد، هەروەها كپ كردن و بەلاڕێدابردنی ئەو شۆڕشەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشەنگایەتی كوردان لە ئارادایە. ئەمەش بۆتە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە. هەر دوو دەسەڵات، نوێنەرایەتی و پێشەنگایەتی سیاسەتی قڕكردن و پاكتاوكردن لە هەرێمەكە دەكەن كە سەرچاوەكەی زهنییەتی دەوڵەت ـ نەتەوەیە. توركیا هەوڵ دەدات بە هاوكاری وڵاتانی عەرەبی، هەروەها ئەمریكا و ناتۆ، هێڵی سووننە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی بە كاربهێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پەنا بۆ هەر كارێك دەبات و رووبەرووی هەر هێز و لایەنێك دەبێتەوە كە ئاستەنگی بۆ دروست بكات. بۆیە بەهەر شێوازیك هاوكاری داعش دەكات و شەڕێكی هەمە لایەنە لە دژی گەلی كورد بەڕێوەی دەبات. ئامانجی لەم كارە، لاوازخستن و لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردە، چوون ئێستاكە گەلی كورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەكەی، بۆتە گەورەترین لەمپەر و هێز لە بەردەم زیادەڕەوییەكانی دەسەڵاتی تورك و پاوانخوازییەكانی ئەردۆغان.
لە لایەكی دیكەشەوە، ئێران لە هەوڵی پاراستن و بەرفراوانتركردنی هەژموونی خۆیە و ئەم سیاسەتەش لە رێگای دەست و پێوەندەكانی لە هەرێمەكە و بەتایبەت یەكخستنی هێڵی شێعە لە لە بەرامبەر هێڵی سووننە پەیڕەو دەكات. لە نێوان توركیا و ئێران و هاوپەیمانەكانیان، رۆژبەڕۆژ ناكۆكی زیاتر دەبن. هەر وەك دەبینرێت، شەڕی ئێراق، توركیا و سووریە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لەسەر خاكی كوردستان بەڕێوە دەچێت. راستی ئەوەیە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەكێك لە بناغە و پایە سەرەكییەكانی جیهانە و كوردستانیش بناغە و پایەی سەرەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هەروەها گەلی كورد و بزووتنەوەكەی سەلماندوویەتی كە توانا و وزەی گۆڕینی ئاراستەی پێشهاتەكانی هەیە و دەتوانێت داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیار بكات. بۆیەش دەوڵەتانی دەسەڵاتدار نایانهەوەێت كورد و كوردستان خاوەن رۆڵ بن و لەم بوارەدا سەركەون. كەوابوو لەم قۆناغەدا هیچ لایەن و هێزێك ناتوانێت بە بێ لەبەرچاوگرتنی كوردان وەك فاكتۆرێكی كاریگەر و دیاركەر لە سیاسەتی هەرێمی و جیهانی، سیاسەت و پێشكەوتنی هەبێت.
نابێت لە بیر بكەین كە لە كاتی شەڕی جیهانی یەكەم و دووهەم، كوردیان بێكاریگەر هێشت و پەرەیان بە سیاسەتە ئەمپریالیستیەكانی خۆیان دا، بەم شێوەیەش سیستەمێك پێشكەوت كە لە سەر ئەساسی تاڵان، قڕكردن و چەوساندنەوە بونیاد نراوە. بەڵام دۆخی هەنووكەیی كوردان وەك كاتی شەڕی جیهانی و رابردوو نەماوە و كوردان خاوەن هێز و رێكخستنی تۆكمە و كاریگەرن. لە هەرچوار بەشی كوردستان بە گەرمی و چڕوپڕ خەبات لە ئارادایە. كورد چیدی قەبووڵ ناكەن وەك دۆخی پێشوو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و ژیان بكەن. ئەمڕۆ كورد دەڵێت: من زیندووم و خاوەن ئیرادەیەكی ئازادم. بۆیەش دەبینین كە زۆر ئازایانە لە هەر چواربەشی كوردستان بەرخۆدان و تێكۆشان بۆتە پیشە و كاری گەلی كورد. راستی ئەوەیە كە كوردان ئەوڕۆ تاقە هێزی سەرەكی و زیندوون لە هەرێمەكەدا كە بە گوتار و كرداری خۆیان سەلماندوویان خوازیاری ئازادی و پێكەوە ژیانن. سەرچاوەی ئەمەش عەقلییەت و فەلسەفەیەكە كە پێشكەوتوو و دیموكراسی خوازە. ئەوەی كە دەتوانێت گۆڕانكاری لە هەرێمەكە پێش بخات، كوردانن، چوون خاوەن عەقلییەتێكی پێشكەوتنخواز و دیموكراتیكن. داگیركەران نایانهەوێت كە كوردان ببن بە ئیرادە و پێشەنگی ئازادیخوازی. بۆ ئەوەی كە سیستەمی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بپارێزن، خوازیاری لەناوبردنی كوردانن. بۆیەش پێویستە كوردان لەم قۆناغەدا یەكیێتی خۆیان بەهێزتر بكەن و خاوەن لە یەكتر دەركەوەن، بۆ ئەوەی كە بتوانن وەڵامی هێرشی دوژمنان بدەنەوە و رۆڵی خۆیان بگێڕن.
ئەگەر كێشەی كورد لە توركیا و باكوور چارەسەر بكرێت، مسۆگەر لە بەشەكانی دیكە چارەسەری دێتە ئاراوە. خاوەنداریەتی و پشتیوانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرخۆدانی باكووری كوردستان، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی پێشكەوتنی خەباتی رۆژهەڵات و هەروەها بەشەكانی دیكەی كوردستان هەیە. گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لە ماكۆ و ورمێ تا مەهاباد و بۆكان، لە سنە و كرماشان و هەورامان، پێویستە لەوەها رۆژانێكی مێژوویی و چارەنووس ساز، بە خاوەنداریی لە بەرخۆدانی باكوور، ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییەی كە لەسەر شانیانە پێكبهێنن. بەرخۆدانی باكوور، زللەیەكە لە رۆخساری مرۆڤە خەواڵوو و بێ ویژدانەكان. پێویستە لە وەهادۆخێكدا چیمان لەدەست دێت بیكەین. تێكۆشان بۆ ئازادی گەل و رێبەر ئاپۆ، وەك عیبادەتێكە، كەوابوو خاوەنداریەتی لە تێكۆشانی باكوور، ئەركی هەر مرۆڤێكی بە شەرەف و ئازادیخوازە. گەلی كورد، بەتایبەت جەوانان و ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەو رۆح و گەرم و گوڕییەی كە لە كوبانێ خاوەن دەركەوتن ، ئەمجارەش هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ و ببن بە پشتیوانی تێكۆشانی باكوور. كوردان و هەموو ئازادیخوازان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لازمە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە هەڵوێستی خۆیان، بە هەموو سیاسەت و پلانی داگیركەران بڵێن ئیدی بەسە. لەم بارودۆخەدا، بێدەنگی و بێ هەڵوێستی، مردنە، لەناوچوون و قەبووڵی كۆیلایەتییە. لەم پێواژۆیەدا هەركەس لازمە بە درووشمی بەرخۆدان ژیانە، بەشداری تێكۆشان بێت و باكوور بە تەنیا نەهێڵێت. ئەوڕۆ ئێمە دەڵێن: “ئەگەر ژیانێك هەبێت، ژیانێكی ئازادە، بە رێبەرایەتییەكی ئازاد، وڵات و گەلێكی ئازاد”. جیا لەمەش هیچ شێوازێكی ژیان شایستەی خۆمان نابینین . بە درووشمی “بەرخۆدان ژیانە” ژیانی ئەمڕۆ ئاوێتەی ئازادی دەكەین.