شەڕ و ئاڵۆزی نێوان دەوڵەت نەتەوەكانی جیهانی و هەرێمی تا دەڕوات قووڵتر دەبێت، دەرئەنجامی ئەوەش شەڕێكی ماڵوێرانكەر لەناوچەكەدا بەرپا كراوە، كە بۆ گەلانی ناوچەكە شێواندنی شیرازەی كۆمەڵگاكان، تێكشكاندنی خۆڕاگری گەلان، قووڵتركردنی شەڕی تایفی و مەزهەبی، مالوێرانی، كۆچبەری، تیرۆر و كۆمەڵكوژی بەدوای خۆیدا هێناوە. هێزە دەسەڵاتخوازەكان لەژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان لە ساڵی 2015دا چەپەڵترین پلانیان لەدژی ئیرادەی گەلانی ناوچەكە بەڕێوە بردووە. تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوین كە لانكەی شارستانیيە، وەریانگەڕاندوەتە زەلكاوی مردن و گۆمی خوێن.

لەسەریدا دەوڵەتانی توركیا و ئێران لەپەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتە چەپەلەدا زیاترین پشكیان بەردەكەوێت. هەر دوو دەوڵەت لەپێناو سەپاندنی هەژمۆنيان بەسەر ناوچەكەدا سڵیان لەهیچ رێكارێكی تۆقێنەر نەكردوە. بە ئامانجی سەپاندنی هەژمونۆییان لەئێراق و سوریا شەڕی مەزهەبی و تایفییان قووڵتر كردوەتەوە. لەو پێناوەشدا گەلێك كە تەسلیمی ویست و داخوازەكانیان نەبووبێتەوە، لەژێر مۆركی تیرۆر، رووبەڕووی هێرش كراونەتەوە. هەر چەند شەڕەكە لەچوارچێوەی ئێران و توركیادا كراوەتە شەڕی دوو بەرەی سوونەو شێعە، كورد بە بژاردەی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی وەك هێڵی سێهەم توانیویەتی لەو ململانێیەدا هێڵی خۆی جیاواز بكاتەوە. توركیا و هاوپەیمانەكانی بە هەموو شێوەیەك هەوڵیان دا كوردان لەناوچەكەدا بێ‌رۆڵ بهێڵن، بۆیە هێرش و پەلاماریان سەر رۆژئاوا بەرفراوانتر كرد و هاوكات گەلی ئێزیدیان لەشەنگاڵ رووبەڕووی كۆمەڵكوژی كردەوە. بەڵام بەرخۆدانی گەلی كورد و هێزە دیمۆكراتیخوازەكان لە ناوچەكەدا، ئاراستەی پلانی داگیركەرانیان گۆڕی و ساڵی 2015یان كردە ساڵی بەرخۆدان و خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیكی گەلان و تێكشكاندنی سنوورە دەستكردەكان.

لە كاتێكدا گەلەكەمان ساڵی 2015 تێپەڕ دەكات و لەناو بەرەكانی شەڕ و بەرخۆدان دا پاراستنی ئازادی و دەستكەوتەكانی دەكات و ئامێز بۆ ساڵێكی پڕ لەهیوای ئازادی دەكاتەوە لە باكووری كوردستان دا گەلەكەمان رووبەڕووی پەلاماری دڕندانەی دەوڵەتی فاشیستی توركیا دەبيتەوە، گەلی ئێمە لەپێناو پاراستنی بوونی خۆیدا، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری راگەیاند و بەرگری لە ناسنامەی خۆی دەكات، بەڵام حكومەتی ئاكەپە و ئەردۆغان بە هاوكاری بنەماڵەی بارزانی بۆ تێكشكاندنی ئەو بەرخۆدانە، هێرشێكی سەربازی و راگەیاندنیان بۆ سەر گەل دەستپێكردووە و سەرتاسەری كوردستانیان ملیتاریزە كردووە. دەرئەنجامی ئەو كردەوە هۆفانە تا ئێستا بە دەیان هاوڵاتی شەهید بوون و بە سەدانیش بریندار بوون و ژیان لەشارەكاندا راگیراوە. بۆ مایەپووچ كردنەوەی ئەو هێرشانە بە دەستپێكردنی ساڵی تازە، پێویستی بە راپەڕینی سەرتاسەری لەدژی زهنیەتی فاشیزم و كۆنەپەرەستی هەیە.

بێ‌دەنگی رای گشتی جیهان و هەرێمەكە لەمەڕ ئەو كۆمەڵكوژییە، نیگەرانی لەلای گەلی كورد و هێزە دیمۆكراتیخوازەكان دروست كردووە. بۆ خاوەندارێتی گەلی كورد لە خۆبەڕێوەبەریەكانی باكووری كوردستان، لە باشوور و رۆژهەڵات پشتیوانی گەل رووبەڕووی دەستێوەردان و هێرش بووەتەوە. ئەوەش دەريدەخات كە ئەو لایەنانە بوونەتە بەشێك لەو پلانە نەگریسە. هێرشی هێزەكانی رژێمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی وڵات كە بۆ پشتگیری لەباكووری كوردستان رێكیان خستبوو، دەریدەخات كە هەر دوو دەسەڵات بە زهنیەتێكەوە مامەلە لەگەل پرسی كورد دەكەن. ئێران بەو هەڵوێستەی خزمەتی سیاسەتی داعش و توركیا دەكات. ئەگەر ئێران دەیەوێت رووبەڕووی دۆخی توركیا، سوریا و ئێراق نەبێتەوە، پێویستە رێز لەویست و داخوازی گەلانی ئێران بە تایبەت گەلی كورد بگرێت.

لەكۆتایی دا بە هاتنی سەر ساڵی زاینی، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلانی خۆڕاگر و بەتایبەت گەلی كورد دەكەین كە لەدژی فاشیزم لە بەرخۆدان دان. هیوادارین ساڵی تازە ببێتە ساڵی سەقامگیری ئاشتی و ئازادی و پێكەوە ژیانی گەلانی ناوچەكە. بەم بۆنەشەوە جارێكی تر هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر گەلی كورد بە توندی شەرمەزار دەكەین و سڵاوی شۆڕشگێڕانەمان ئاراستەی ئەو بەرخۆدانە مێژووییە لەباكووری كوردستان دەكەین و یادی سەرجەم شەهیدانی ئەو بەرخۆدانە بەرز رادەگرین. هاوكات داوا لەگەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین بۆ خاوەندارێتی لەبەرخۆدانی باكوور پەرە بە چالاكیەكانیان بدەن.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)

30/12/2015