هاوسەرۆكی PJAK عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی لەلێدوانێكی تایبەت دا بۆ فورات نیوز رایگەیاند، پێویستە سەرجەم گەلی كورد پشتگیری خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی لەباكووری كوردستان دا بكەن و دەستنیشان دەكات چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوین بونیادنانی سیستەمی كۆنفیدرالیزمی دیموكراتیكە و دەڵێت:” ئەوەش باشترین مۆدێلە. چۆنكە كۆنفیدڕالیزمی دیمۆكراتیك بێسنوورە. وڵات پارچەپارچە ناكات. هەر نەتەوە و گەلێك لەچوارچێوەی مافی نەتەوەیی خۆیان دەتوانن ئازاد بژین”.
دەوڵەتی توركیا هەڕشەیەكە بۆ سەر جیهان
حاجی ئەحمەدی تیشك دەخاتە سەر هێرشی فاشیستی دەوڵەتی توركیا لەدژی گەلی كورد و دەڵێت:”لەباكووری كوردستان لەدژی فاشیزمی توركیا، بەرخۆدانێكی بێهاوتا لەئارادایە. چۆنكە دەوڵەتی توركیا نە فیدڕالیزم، نە كۆنفیدڕالیزم و نە خۆسەری دەناسێت. لەپێناو چارەسەری كێشەی كورددا هیچ شتێك قەبووڵ ناكات، لەهەوڵی پاكتاوكردنی نەتەوەیەكی 25 میلیۆنییە لەباكووری كوردستان”.
هاوسەرۆكی PJAK لەبەردەوامی لێدوانەكەیدا دەست نیشان دەكات كە هیتلر فاشیزمێكی سەربازی بوو، بەڵام توركیا ئێستا فاشیزمی دینی، سیاسی، كۆمەڵایەتی و سەربازی پێكەوە پەیڕەو دەكات و دەڵێت:” ئەو سیاسەتە نەتەنیا لەدژی كوردان، بەڵكوو لەبەرامبەر هەر كەس پەیڕەوی دەكات. دەوڵەتی توركیا ئێستا بۆ جیهانی ئیسلامی و سەرجەم گەلانی جیهان هەڕەشەیەكە “.
هیچ حكومەتێك ناتوانێت گەلی كورد پاكتاو بكات
حاجی ئەحمەدی تیشك دەخاتە سەر بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك لەباكووری كوردستان و دەڵێت:”سەرجەم رێكخستن و پارتی، بەو ئەندازەیەی كە باوەڕیان بە گەل هەبێت، سەركەوتوو دەبن. سەرمایەی گەورەی هەر پارت و رێكخستنێك، گەل و جەماوەرەكەیەتی. پەكەكەش لەو بابەتەدا سەركەوتنی مسۆگەر كردووە. باوەڕی بەگەلی خۆی هەیە. لەبەرئەوەش گەلی باكووری كوردستان بە پارتەكەیان تا دوایی باوەڕییان هەیە. نە تەنیا حكومەتی ئاكەپە، هیچ حكومەتێك لەبەرامبەر ئەو گەلە سەرناكەوێت. دەتوانێت كۆمەڵكوژی بكات، دەتوانێ شار و شارۆچكە و گوندەكان وێران بكات، بەڵام ناتوانێ ئەو گەلە پاكتاو بكات. رۆژئاوای كوردستانیش نموونەی بەرچاوی ئەوەیە”.
حاجی ئەحمەدی ئاماژە بەوەش دەكات كە گەلی كورد فاكتەرێكی بەهێزی ناوچەكەیە و لە بەرخۆدانێكی بێهاوتادایە و دروشمی (سەرهەڵدان و بەرخۆدان ژیانە) لەباكووری كوردستان بووەتە شێوازی ژیانی گەل. هاوكات بانگەوازی لەسەرجەم كوردان دەكات كە راوبۆچوون و ئایدیۆلۆژیان چی دەبێت با ببێت، پێویستە لەدژی هێرشەكانی دەوڵەتی فاشیستی توركیا، سەرهەڵدان بكەن و بۆ مایەپووچ كردنەوەی ئەو هێرشانە، هەر جۆرە شێوازێكی تێكۆشان بە كار بێنن و دەڵێت:”چۆن دوێنێ خاوەندارێتیان لەكۆبانێ و رۆژئاوا كرد، پێویستە ئەمڕۆش بۆ خاوەندارێتی لەئامەد، جزیرە، نسێبین و سلۆپی سەرهەڵدان بكەن”.
لەمێژووی كوردستان تەنیا شۆڕشێك كراوە، ئەوەش رۆژئاوایە
هاوسەرۆكی PJAK تیشك دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان پەدەكە و ئاكەپە و دەڵێت”: لەكاتی مەلا موستەفای بارزانی دا من جەوان بووم و لەناو ریزەكانی تێكۆشاندا جێگام گرتبوو، بە باشی ئەم پارتە دەناسم، هەر كەس سەرهەڵدانەكەی مەلا موستەفا بە شۆڕش ناوزەد دەكات، بەڵام ئەوە راست نییە. ئەوەی ئەوان كردیان شۆڕش نییە، بەڵكوو تەنیا سەرهەڵدانێكە. چۆنكە لەمێژووی كوردستان دا تەنیا شۆڕشێك ئەنجام دراوە. ئەوەش لەرۆژئاوای كوردستانەو لەلایەن پەكەكەوە كراوە. نە سەرهەڵدانەكانی شێخ سەعید و سەید رەزا و … هتد هیچ كامیان شۆڕش نەبوون، بەڵكوو هەموویان سەرهەڵدان بوون”.
دەیانەوێت بە زۆرەملێ ئاڵای بنەماڵەی بارزانی بكەنە ئاڵای گەلی كورد
عەبدوڵڕحمان حاجی ئەحمەدی لەسەر ئاڵای هەرێمی باشووری كوردستان كە ژمارەیەك لەدەزگا و میدیای راگەیاندن لە باشووری كوردستان بەڕۆژەڤ یان كردووە دەڵێت:” دەڵێن، پێشەوا قازی ئەو ئاڵایەی داوەتە دەستی مەلا موستەفا بارزانی و داوایان لێ كردووە بیپارێزیت. لەكاتێكدا شتی وا لەئارادا نییە. ئەوە درۆیەكی گەورەیە. هەروەها دەڵێن كوڕی قازی محەمەد عەلی قازی ئەو ئاڵای داوەتە نێچیروان بارزانی و پێ وتووە ئەمە ئەمانەتی باوكی منە، بیپارێزن. من ئەوەم راستەوخۆ لەعەلی قازی پرسیار كردووە. ئەویش وەڵامی داومەتەوە و وتوویە:”منیش نازانم، ئەوە شانۆیەكە”. لەراستیدا شانۆ و گەمەیەكە. ئەوە هەموو سیناریۆیەكە. بە زانا بوون ئەو قسانە بڵاو كراونەتەوە. لەبەر ئەوەی ئەو ئاڵایە هیچ پەیوەندی بە ئاڵای كۆماری كوردستان لەمەهاباد نییە. ئاڵای خۆیبوونیش جیاوازە. ئەو ئاڵایە تەنیا ئاڵای بنەماڵەی بارزانی یە. لەنێوان یەنەكە و پەدەكەش لەسەر ئەو ئاڵایە ناكۆكی هەبوو، مام جەلال لەبەر قووڵ نەكردنەوەی ناكۆكیەكانیان و لەپێناو سەرۆك كۆماری ئێراقدا ئەو ئاڵایە قەبووڵا دەكات. ئەمڕۆش دەیانەوێت بە زۆرەملێ ئەو ئاڵایە بكەنە ئاڵای تەواوی گەلی كورد. بەڵام گەلی كورد ئەوە قەبووڵا ناكات. چۆنكە ئەو ئاڵایە، ئاڵای بنەماڵەی بارزانی یە”.
لەكۆتایی دا حاجی ئەحمەدی دەڵێت:”ئاڵا و سروود بابەتی نەتەوەیین، ئەو كات پێویستە لەلایەن كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەڵبژێردرێن”.