ئا: زانا پشكۆ –
رێزان جاوید هاوسەرۆكی كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان «كۆدار» شەوی رابردوو لەدیمانەیەكی تایبەت لەكەناڵی نەورۆز هەڵسەنگاندنی گرنگ سەبارەت بە دوا پێشهاتەكانی بەرخۆدانی گەلی كورد لەباكووری كوردستان و سیاسەتە چەپەڵەكانی دەوڵەتی فاشیستی توركیای كرد و بانگەوازی لە سەرجەم گەلی كورد و لایەنە سیاسیەكان كرد كە لەبەرانبەر كردەوەكانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی خاوەن هەڵوێستێكی روون بن و بێدەنگی یەكانیان بشكێنن.
ئیدی كەس ناتوانێت گەلی كورد فریو بدات
رێزان جاوید لەسەرەتای وتەكانیدا سڵاوی خۆی ئاراستەی گەلی قارەمانی باكوری كوردستان كرد و بە بەرخۆدانێكی مێژووی و بەنرخ لەقەڵەمی دا و یادی سەرجەم شەهیدانی ئەو بەرخۆدانەشی بەرز راگرت و بەتوندی هێرشەكانی حكومەتی ئاكەپەی بۆ سەر گەلی كورد شەرمەزار كرد و رادەگەیەنێت كە ئیدی گەلی كورد داوای مافی رەوای خۆی دەكات و كەس ناتوانێت كوردان فریو بدات.
ئامانجی توركیا زیندوو كردنەوەی خیلافەتی عوسمیانییە
لەدرێژەی قسەكانیدا رێزان جاوید تیشك دەخاتەسەر هاوپەیمانی تازەی نێوان توركیا و بەشێك لەوڵاتانی عەرەبی و پارتی و دەڵێت: “دەوڵەتی توركیا، بە هاوكاری ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی و پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق و بنەماڵەی بارزانی دەیانهەوێ سەرلەنوێ لەناوچەكە بەرەی سووننە دروست بكەنەوە. توركیاش دەستپێشخەری ئەو كارە دەكات و ئامانجیان زیندوو كردنەوەی خیلافەتی عوسمانیە. ئەمەش نەتەنیا مەترسییەكە بۆ سەر گەلی كورد، بەڵكوو مەترسیەكە بۆ سەر ئیرادەی ئازادیخوازی سەرجەم گەلانی ناوچەكە”.
رێزان جاوید لەبەشێكی تری وتەكانیدا تیشك دەخاتە سەر ئامانجی دەستێوەردانەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكەو كوردستان و دەڵێت: «حكومەتی ئاكەپە بەهەموو هێزیەوە دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەكە دەكات، ئەو دەستێوەردانەش بە رێگای داعشەوە دەیكات، توركیا و هاوپەیمانەكانی پاڵپشتی داعشن. زۆر جار دەبێنین كە توركیا دەیهەوێ وانیشان بدات كە لە دژی داعش شەڕ دەكات، بەلام ئەوەش درۆیەكی گەورەیە. پارتی و حكومەتی ئاكەپە لە هەموو شوێنێك پشتگیری و هاوكاری داعشیان داوە، كە ئەمە بە بەڵگە بۆ هەموو كەس ئاشكرا بووە. گەلی كورد بە راشكاوانە رادەگەیەنێت كە ئیدی لەژێر سیاسەتی داگیركەری كۆماری توركیادا نامێنم و كۆمەڵكوژی و قڕكردن پەسەند ناكەم و دەیەوێت خاوەن ئیرادەی ئازادی خۆی بێت و پێویستی بە دەوڵەت نییە و ئەوەش داخوازییەكی رەوای گەلی كوردە. باكووری كوردستان وەك فلستینی لێهاتووەو دونیاش لەبەرامبەر ئەو كۆمەڵكوژییە بێدەنگە. بۆچی رای گشتی لەبەرامبەر هەڵوێستەكانی توركیا بێ دەنگە؟ بۆچی گەلی كورد دەبێتە قوربانی سیاسەتەكانی توركیا و ئەو وڵاتانە؟ هەر كەس چاوپۆشی لەكۆمەڵكوژیەكانی دەوڵەتی توركیا دەكات”.
ئەوەی لە كوردستاندا خاوەن حافزەی سیاسی نەبێت، بێ رەوشتە
رێزان جاوید لە بەشێكیتری دیمانەكەیدا جەخت لەسەر پلانێكی مەترسیداری پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەگەڵا دەوڵەتی توركیا دەكات و دەڵێت: «پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا بە شێوازێكی هاوبەش لەكوردستاندا سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی زۆر مەترسیدارن. ئەمەش لەكاتێك دایە كە گەلی كورد خاوەن حافزەیەكی مێژوویین بە پێی ئەوە پێناسەی ئەخلاق چییە؟ ئەخلاق حافزەی سیاسی و مێژوویی نەتەوەیەكە. ئەوەی كە لە كوردستاندا خاوەن حافزەی سیاسی نەبێت، بێ رەوشتە. گەلی كورد بە دەیان جار لە كاتی مەلا مستەفای بارزانیەوە تا ئێستاكە لە هەموو قۆناخە هەستیارەكاندا رووبەڕووی سازی ناكۆكی بنەماڵەی بارزانی بۆتەوە. كەی گەلی كورد لە سەربەستی و سەركەوتن نزیك بۆتەوە، بنەماڵەی بارزانی و پارتەكەی لە دژی بەرژەوەندی گەلی كورد چیان لە دەست هاتووە، كردوویانە. لە كاتی مەلا مستەفای بارزانیەوە تا ئێستا گەلی كورد رووبەڕووی چ كۆمەڵكوژیەك بوبێتەوە، دەستی ئەو بنەماڵەی تێدا بووە. كاتی ئەوە هاتووە كە گەلی كورد بەم بنەماڵەیە بڵێن ئیتر بەسە. تا كەی ئەم بنەماڵەیە لە بەردەم گەلی كورد دەبنە دێوەزمەیەك؟ تا كەی لەبەرانبەر ئازادی و سەركەوتنی گەلی كورد كۆسپ و تەگەرە دروست دەكەن؟ تا كەی گەلی كورد دەبێ جەوری بەكرێگیراوی و خیانەتی ئەم بنەماڵەیە بكێشێت؟”.
هاوسەرۆكی كۆدار لەقسەكانیدا تیشك دەخاتەسەر كوشتنی دەیان سیاسەتمەداری كورد و هەوڵدانی پاكتاوكارانەی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و دەڵێت: «كوشتنی دەیان سیاسەتمەداری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە دەستی بنەماڵەی بارزانی، پاكتاوكردن و بێ كاریگەركردنی دەیان لایەنی سیاسی كوردی بە رێگای قیادەی مووقەتە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، نموونەی هەرە بەرچاوی خیانەتی ئەم بنەماڵەیەن. بەداخەوە تەڤگەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش حافزەی مێژوویان سڕاوەتەوە. ئەوانەش لە دژی رزگاری رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاستەنگیان دروست كرد و پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كۆمەڵكوژ كرد، هەر بنەماڵەی بارزانی بوون. ٣١ی ئاب، ئاشبەتاڵی بنەماڵەی بارزانی، شەڕەكانیان لەگەڵ پارتە كوردستانیەكان، شەڕەكانیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەگەڵ گۆڕان، شەڕەكانیان لەگەڵ پەكەكە، دژبەرییان لەمەڕ رزگاری و سەركەوتنی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، چۆل كردن و فرۆشتنی شەنگال و هەرە دواییش هێنانی هێزەكانی توركیا بۆ باشوری كوردستان مشتێكن لە خیانەتەكانی بنەماڵەی بارزانی لەدژی دەسكەوتەكانی گەلی كورد. بنەماڵەی بارزانی لە رابردوودا كەسایەتی زۆر باشیان وەك شێخ ئەحمەد تێدا هەڵكەوتووە، بەڵام لەكاتی مەلا مستەفای بارزانیەوە تا ئێستاكە كەنگێ گەلی كورد بەرەو ئازادی و سەركەوتن رۆیشتووە، ئەو بنەماڵەیە ناكۆكیان دروست كردوە و لەمپەڕیان بۆ گەیشتن بە ئازادی گەلی كورد دروست كردووە”.
دەبێت یەكێتی، گۆڕان و یەكگرتوو لەبەرامبەر سیاسەتەكانی پارتی خاوەن هەڵوێست بن
رێزان جاوید لەبەشێكی تری قسەكانیدا رەخنە ئاراستەی یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو و لایەنەكانی تری باشووری كوردستان دەكات و دەڵێت: ” رەخنە لە یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو و لایەنەكانی تری باشووری كوردستان دەكەین كە پێویستە لەبەرامبەر هەڵوێستەكانی پارتی خاوەن هەڵوێستی روون بن. چۆنكە لەدونیادا شتێكی وا لەئارادا نییە كەپارتێك بتوانێت سەرۆكی پارلەمان لەئەركەكەی دووربخاتەوەو رێگا نەدات پەڕلەمانتاران بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانیان بچنەوە ناو پەڕلەمان. یان بەگوێرەی ویست و بەرژەوەندی خۆی وەزیرەكان لەئەركەكانیان دووربخاتەوە. جێگای سەرسووڕمانە كە كاتێك پەڕلەمانتارێكی كورد دەڕواتە پەڕلەمان، سەیارەكانیان لەلایەن پارتییەوە بەوردی دەپشكێنرێت. بانگەوازی لەسەرجەم لایەنەكان دەكەین كە لەبەرامبەر ئەو بابەتانە هەڵوێست وەربگرن. هەڵوێستەكان تا ئێستا لاوازن, پارتی بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەكات كە ئەگەر هەوڵی لاوازی كردنمان بدرێت ئەوا لەگەڵا داگیركەران رێكدەكەون و لەناوتان دەبەین. بەس دەبێ لایەنە كوردیەكان ئیدی بە پارتی بڵێن چ لەدەستت دێت ئەنجامی بدە”.
بەڵێنی ئەمیرنشینی بە مەسعوود بارزانی دراوە
رێزان جاوید تیشك دەخاتە سەر ئامانجی هێنانی سوپای داگیركەری توركیا لەلایەن بارزانییەوە بۆ باشووری كوردستان و دەڵێت: «دەبێ گەلی كورد ئەم راستیە بزانن كە داگیركەرانی كوردستان پاڵپشتی بنەماڵەی بارزانی دەكەن. لە لایەكەوە لە باكوری كوردستان حكومەتی ئاكەپە و چەتەكانی كۆمەڵكوژی سەر گەلی كورد پەیڕەو دەكات لە هەمان كاتدا مەسعود بارزانی باشووری كوردستان دەكاتە داڵدەی سوپای داگیركەری توركیا. لەبەر ئەم هۆیە بە هیچ شێوازێك ناتوانین باس لە وڵاتپارێزی ئەم بنەماڵەیە بكەین، چون لە كاتی وادا دەبێ پرسیاری ئەوە بكەین كە پێوانەكانی وڵاتپارێزی لە كوردستان چین؟ مەعقوڵ نیە كە تاكێكی كورد بیر لەوە بكاتەوە كە دەوڵەتی داگیركەری توركیا لە باشوری كوردستان، پارێزەری لە كورد دەكات. ئەردۆغان و حكومەتەكەی لە باكوری كوردستان بە هەموو شێوازێك هەوڵی لەناوبردنی دەسكەوتەكانی گەلی كورد دەدا، لە هەمان كاتدا مەسعود بارزانی ئەوانی هێناوە بۆ باشوور و بەخێوییان دەكات و دەڵێ مەشق بە پێشمەرگەكانمان دەدەن. ئەمە چ مەشقێكە؟ ئەمە چ دۆستایەتیەكە لە ناوبەری ئێوەدا؟ دەوڵەتێك كە لە ناوخۆدا ئامادە نیە دان بە هەبوون و ناسنامەی كورد دابنێت و رۆژانە ئەردۆغان وەك خەلیفەی عوسمانی فتوای لەناوبردنی گەلی كورد دەدات، ئەوكات خێرە هاتۆتە باشوری كوردستان و پێشمەرگەكانی تۆ پەروەردە دەكات؟ بەڕای من پلانێكی شاراوە لە ئارادایە. دەیانهەوێ جارێكیتر لە رێگای كێشەی ناوخۆیی گەلی كورد لەناو بەرن. هەر وەك ئاشبەتاڵەكەی ئەو كاتە كە بە فەرمانی شای ئێران بوو، ئێستاش بە فەرمانی خەلیفەكانی عوسمانی ئەركیان بە مەسعود بارزانی داوە كە لە چارەسەری پرسی كورد لە ناوچەكەدا گێرەشێوێنی بنێتەوە و بەڵێنی ئەمیرنشینیان پێداوە. گەلی كورد ئیتر ئەمە قەبووڵ ناكات. پێویستە پێوانەكانی وڵاتپارێزی لە كوردستان سەر لە نوێ پێناسە بكرێتەوە.
لە كۆتایی بەرنامەكەدا رێزان جاوید هاوسەرۆكی كۆدار داوای دەربڕینی هەڵوێست لەپارت و لایەنە سیاسیەكان لەدژی كردەوەكانی بارزانی دەكات و دەڵێت: ” وەكوو كۆدار بانگ لە سەرجەم گەلی كورد و لایەنە سیاسیەكان دەكەین، كە لەبەرانبەر ئەم كردەوانە خاوەن هەڵوێستێكی روون بن و بێدەنگی هەڵنەبژێرن. بانگ لەسەرجەم لایەنەكانی باشور و رۆژهەڵات و هەموو بەشەكانی كوردستان دەكەین، كە لەبەرانبەر ئەم مەترسیانە ووشیار بنەوە. كورد هیچ كاتێك وەك رۆژی ئەمڕۆ خاوەن رۆڵ و پێگە نەبووە و مەترسیەكانی دژە ئەمەش كەم نین. پێویستە كە هەموومان ووشیاری نەتەوەییمان بەرفراوان تر بكەین و حافزەی میژووییمان كارا بكەینەوە. هیچ هێزێك توانای ئەمەی نیە كە ئیدی هێزی كورد لەناو ببات. پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق وەك ئەم لایەنە ناوخۆییەی كە ئێستاش هەیە و دەستی داوەتە دەستی دوژمنانی كورد، ئەوەندە بەهێز نیە كە گەلی كورد تێك بشكێنێ. هەر بەو هۆیە پێویستە گەلی كورد و هەموو لایەنەكان لەمەڕ ئەم خیانەتە گەورەی بنەماڵەی بارزانی خاوەن هەڵوێست بن. هاوكات داوا لە سەرجەم گەلی كورد دەكەین كە پێوانەكانی وڵاتپارێزی یان بەرز بكەنەوە”.