گه‌له‌کۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی 9ی تشرینی یه‌که‌م ساڵی 1998 له‌که‌سایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ له‌دژی گه‌لی کورد پێکهات. تایبه‌ت سه‌رجه‌م ئه‌و هێز و وڵاتانه‌ی که‌ له‌داڕشتن و ئه‌نجام دانی پیلانگێڕیه‌که‌ رۆڵیان هه‌بووه‌، جارێکی تر به‌ توندی شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین. هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڤاڵ‌ و مرۆڤه‌ ئازادیخوازانه‌ی که‌ بۆ مایه‌پووچ کردنی پیلانگێڕییه‌که‌ به‌ قاره‌مانییه‌وه‌ گیانیان به‌خت کردووه‌، به‌ رێزه‌وه‌ یادیان به‌رز راده‌گرین.

کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و کاته‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا و ده‌سته‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى تورک (MGK) هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سوریا کرد تا رێبه‌ر ئاپۆ راده‌ستیان بکه‌ن و ئه‌گه‌ر سوریا ئه‌و داخوازه‌شیان جێ‌به‌جێ‌ نه‌کات، ئه‌وا ده‌ستێوه‌ردانى سه‌ربازى له‌سوریادا ده‌که‌ن. هه‌ر پاش ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش، له‌سه‌ر سنوورى نێوان سوریا و تورکیا جموجوڵى سه‌ربازى ده‌ستى پێ‌کرد و هێزێکى زۆریش کۆکرایه‌وه‌. له‌وه‌ها دۆخێکیش دا، رێبه‌ر ئاپۆ نه‌یده‌ویست هه‌رێمه‌که‌ ڕووبه‌ڕووى شه‌ڕێکى ماڵوێرانکه‌ر ببێته‌وه‌ و بڕیارى دا سوریا به‌جێ بهێڵیت. بۆیه‌ له‌ 9ى مانگى تشرینی یه‌که‌م له‌ساڵى 1998دا قۆناغێکی سه‌خت و دژوار ده‌ستى پێ کرد و رێبه‌ر ئاپۆ له‌سوریاوه‌ چووه‌ یۆنان. به‌ڵام به‌هۆى گوشاره‌کانى ئه‌مه‌ریکا، به‌ریتانیا و ئیسرائیل رێگه‌ به‌ رێبه‌ر ئاپۆ نه‌درا له‌یۆنان بمێنێته‌وه‌ و دواتر چووه‌ روسیا به‌ڵام روسیاش له‌به‌رامبه‌ر (10) ملیار دۆلار قه‌رز، رێبه‌ر ئاپۆی له‌وڵاته‌که‌ى وه‌ده‌رنا. بۆیه‌ گه‌شته‌ ئاشتیخوازانه‌که‌ی رێبه‌ر ئاپۆ رێگری لێکرا و له‌ 15ى شۆباتى ساڵى 1999دا به‌شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ له‌وڵاتى کینیاوه‌ به‌ره‌و زیندانی ئیمڕاڵی له‌تورکیا ده‌ڕفێندرێت. سه‌رۆک وه‌زیرى پێشووى تورک (بوله‌ند ئه‌جه‌وید)، پێشتر دانى به‌ ڕۆڵى ئه‌مه‌ریکا له‌ پیلانگێڕیه‌که‌ دا نابوو و وتبووی:”بێ ئه‌مه‌ریکا گرتنى ئۆجالان مومکین نه‌بوو، ئه‌مه‌ریکا ئۆجالانى ڕاده‌ستى ئێمه‌ کرد. به‌ڵام هۆکارى ئه‌وه‌ چى بوو، من نازانم”.

ئه‌وا ده‌که‌وینه‌ 17هه‌مین ساڵڕۆژی ئه‌و پیلانگێڕییه‌ هێشتا کۆتایی به‌ پیلانگێڕیه‌که‌ نه‌هاتووه‌ و له‌دژی ئیراده‌ی ئازادیخوازی گه‌لی کورد و رێبه‌ر ئاپۆ پیلانی نه‌گریسانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. له‌و پێناوه‌دا گۆشه‌گیری سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ رانه‌گیراوه‌. له‌مافی چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ پارێزه‌ره‌کانی بێ‌به‌ش کراوه‌. کۆمه‌ڵکوژی سه‌ر گه‌لی کورد له‌هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به‌ رێبازی جیاوازه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. کوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و ده‌ستگیرکردنیان تا ده‌ڕوات زیاتر ده‌بێت. هه‌ر چه‌ند له‌که‌سایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ، پاکتاوکردنی ئیراده‌ی ئازادیخوازی گه‌ل و شۆڕشی گه‌لی کورد کرا ئامانج، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پیلانه‌وه‌ گه‌لی کورد له‌هه‌ر چوار به‌شی کوردستان بۆ مایه‌پووچ کردنی پیلانگێڕیه‌که‌ له‌ده‌وری رێبه‌ره‌که‌یان یه‌کیان گرت و به‌ به‌رخۆدان پیلانگێڕییه‌که‌یان مایه‌پووچ کرده‌وه‌. دواتر گه‌لی کورد سه‌رکه‌وتنی خۆی له‌ئاستی جیهان به‌ راگه‌یاندنی خۆسه‌ری دیموکراتی له‌رۆژئاوا و باکووری کوردستان مسۆگه‌ر کرد و تا ئێستاش به‌ نه‌به‌زانه‌ خاوه‌ندارێتی لێ ده‌که‌ن.

ئه‌وه‌ی بۆ گه‌لی کورد جێگای شانازییه‌، هاوشانی رێبه‌ر ئاپۆ توانیان به‌ بێ‌وچان دژ به‌و پیلانگێڕیه‌ به‌دفه‌ڕه‌ بوه‌ستنه‌وه‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌ستکه‌وتێک بۆ گه‌له‌که‌یان خۆڵقاند که‌ سه‌رجه‌م داگیرکه‌رانی کوردستانی تۆقاند. هاوکات مایه‌پووچ کردنی ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌یه‌ ده‌مامکی سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی که‌ خۆیان به‌ دۆستی کوردان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، داماڵی و ئیدی به‌ پشت به‌ستن به‌ ئیراده‌ی گه‌وهه‌ری خۆیان له‌پێناو ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی ره‌وایان هه‌وڵه‌کانیان چڕتر کرد. واتا به‌رخۆدانی رێبه‌ڕ ئاپۆ و گه‌لی کورد و ته‌ڤگه‌ره‌ ئازادیخوازه‌که‌ی هیوای داگیرکه‌رانیان شکاند و هیوای گه‌لی کورد بۆ گه‌هێشتن به‌ئازادی زیاتر کرا و به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م پیلانه‌کان ئیدی رێبه‌ر ئاپۆ گه‌ره‌نتی ئاشتی و دیموکراسی له‌ناوچه‌که‌یه‌.

تایبه‌ت گه‌لی کورد له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ستی به‌ قووڵایی گه‌له‌کۆمه‌که‌ کردو به‌ به‌رپرسیاریه‌وه‌ بۆ مایه‌پووچ کردنی ئه‌و پیلانگێڕیه‌ له‌ساڵی 1999 ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌جێ هێناو ده‌هێنێت. به‌و پێیه‌ش ده‌بێت رژێمی ئێرانیش رێز له‌هه‌ست و خواستی گه‌لی کورد له‌رۆژهه‌ڵات بگرێت و خۆی له‌ریزی پیلانگێڕه‌کان بکێشێته‌وه‌و دان به‌ مافی ره‌وای گه‌لی کورددا بنێت و سیسته‌می کۆمه‌ڵگای دیموکراتی ئازادیخوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان په‌سه‌ند بکات.

له‌کۆتاییدا ده‌ڵێن پیلانگێڕی ته‌نیا به‌ ئازادی رێبه‌ر ئاپۆ و دامه‌زراندنی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی له‌کوردستان و ناوچه‌که‌دا ده‌توانێت کۆتایی بێت، بۆیه‌ داوا له‌گه‌له‌که‌مان له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و سه‌رجه‌م هێزه‌ سوسیالیست و ئازادیخوازه‌کانی ئێران ده‌که‌ین له‌پێناو به‌رقه‌راری ئاشتی و دیموکراسی له‌ناوچه‌که‌دا خاوه‌ندارێتی له‌ئه‌رکی مێژوویی خۆیان بکه‌ن.

 

مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
08.10.2015