رژێمی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌درێژایی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری تا به‌ ئه‌مڕۆ له‌پێناو بێ‌ئیراده‌و بێ‌ناسنامه‌ کردنی گه‌لی کورد، چرکه‌ ساتێک درێغی نه‌کردووه‌. تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانی سیاسه‌تی شه‌ڕی تایبه‌ت سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ پێشه‌نگه‌کانی کۆمه‌ڵگا پاکتاو و بێ‌کاریگه‌ر کرد و کۆمه‌ڵگاشی په‌لکێشی چه‌مکی بێ‌هیوایی و بێ‌باوه‌ڕی کردووه‌. به‌ڵام به‌ په‌ره‌سه‌ندنی فه‌لسه‌فه‌و رامانی ئاپۆیی و دامه‌زراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK)، گورزێکی کوشنده‌ له‌سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزی و فاشیستی رژێمی داگیرکه‌ری ئێران ده‌درێت. چۆنکه‌ به‌به‌شداری گه‌نجانی پێشه‌نگ وه‌ک؛ عاکیفه‌کان، هێمن ه‌کان، سمکۆکان، زیلانه‌کان و … هتد بۆ نێو ریزه‌کانی گه‌ریلا قۆناخێکی نوێ‌ به‌ ناوی شۆڕشی ژیانه‌وه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ستپێده‌کات.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ کاربه‌ده‌ستانی رژێم چاویان به‌و قۆناخه‌ تازه‌ هه‌ڵنه‌هات و بۆ له‌ناو بردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ هه‌ڵمه‌تی پاکتاوکاریان ده‌ستپێکرد و تا به‌ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌. به‌تایبه‌ت به‌ بره‌ودانی سیاسه‌تی به‌کرێگیراوی، بڵاوکردنه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر، له‌سێداره‌دان، گرتن، ئه‌شکه‌نجه‌، تیزاب پژاندنه‌ سه‌ر ژنان و ده‌ستدرێژی کردنه‌ سه‌ر نرخ و که‌رامه‌تی گه‌ل و به‌ ده‌یان کرده‌وه‌ی چه‌په‌ڵی تر له‌هه‌وڵدان دان تا کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م تێکۆشانی ره‌وای گه‌لی کورد و گه‌ریلاکانی PJAK دروست بکه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش رژێم نه‌یتوانی به‌و کرده‌وانه‌ سنوور له‌به‌رده‌م خه‌باتی ئازادیخوازی گه‌لی کورد دابنێت و تا ده‌ڕوات گه‌لی کورد نزیکی ئازادی ده‌بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش رژێمی تۆقاندووه‌. بۆیه‌ بۆ فریودانی لایه‌نگرانی خۆی جارێکی تر رۆخساری شه‌ڕانگێزی و نه‌گریسانه‌ی خۆی له‌ساڵی 2011 به‌ ئامانجی پاکتاوکردن و دامرکاندنی تێکۆشانی ره‌وای PJAK، به‌ سوپایه‌کی 30 هه‌زار که‌سی و پێشکه‌وتووترین ته‌کنۆلۆژیای شه‌ڕه‌وه‌ هێرشیان کرده‌ سه‌ر قه‌ندیل. به‌ڵام گه‌ریلاکانمان و هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان(HRK) له‌دژی ئه‌و هێرشه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌، به‌ که‌مترین ئیمکانه‌وه‌ به‌رخۆدانێکی بێ‌وێنه‌مان ئه‌نجام دا و حه‌ماسه‌ی قه‌ندیل مان بۆ گه‌له‌که‌مان تۆمار کرد و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌ش نزیک به هه‌زار چه‌کداری رژێمی ئێران کوژران و ئه‌وه‌ش رژێمی تووشی شکستێکی گه‌وره‌ی سیاسی، سه‌ربازی، ئابووری و دیبلۆماسی کرد و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ش رژێمی تا ئه‌مڕۆ له‌ په‌له‌قاژه‌ رزگار نه‌کردووه‌و رژێم له‌و راستیه‌ش خۆی ده‌دزێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و به‌رخۆدان و سه‌رکه‌وتنه‌ مێژووییه‌ی ئه‌فسانه‌ی شه‌ڕی قه‌ندیل به‌ هونه‌ری شه‌ڕ و تایبه‌تمه‌ندی فه‌رماندارێتی شه‌هیدی نه‌مرمان سمکۆ سه‌رهه‌ڵدان و 22 هه‌ڤاڵی هاوسه‌نگه‌ری که‌ قاره‌مانانه‌ په‌یوه‌ستی کاروانی شه‌هیدان بوون، تۆمار ده‌کرێت.

فه‌رمانده‌ شه‌هید سمکۆ له‌ 2ی سپتامبر 2011 واتا رۆژێک دوای رۆژی جیهانی ئاشتی که‌ هه‌ر که‌س بانگه‌وازی کۆتایی هێنان شه‌ڕ و به‌رقه‌راری ئاشتی ده‌کرد، له‌لایه‌ن رژێمی شه‌ڕانگێزی ئێرانه‌وه‌ شه‌هید ده‌بێت. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌کانی فه‌رمانده‌ سمکۆ له‌پێناو به‌رقه‌راری ئاشتی و دیموکراسی له‌ناوچه‌که‌دا بووه‌. بۆیه‌ تاکه‌ رێگای گه‌ره‌نتی ئاشتی له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران درێژه‌پێدان به‌ رێبازی تێکۆشانی فه‌رمانده‌ سمکۆ مسۆگه‌ر ده‌بێت. فه‌رمانده‌ سمکۆ به‌ تێگه‌هێشتن له‌رێبازی نوێى فه‌رماندارێتى، بۆ پیاده‌ کردن و دامه‌زراندنى هێلى تازه‌ى به‌رێوه‌به‌رى و فه‌رماندارێـتیه‌کى کارامه‌ و پێشکه‌وتوو به‌ بێ‌پسانه‌وه‌ تێکۆشانی کرد. هه‌موو ساته‌کانی ژیانى شۆڕشگێڕی وانه‌ى سه‌رکه‌وتن بوو بۆ گه‌له‌که‌ی. بناغه‌دانه‌رى خه‌تى فه‌رماندارێتى هاوچه‌رخه‌. به‌ تێپه‌ڕاندنى عه‌قلییه‌تى کلاسیکی فه‌رماندارێتى به‌ زهنیه‌ت و ئه‌ندێشه‌یه‌کى نوێ و رۆحى هه‌ڤاڵێتى و له‌خۆبووردوویى و به‌ ئه‌خلاق و پره‌نسیبی شۆڕشگێڕی، ئاسۆیه‌کى تازه‌ى بۆ گه‌له‌که‌ی و هێزه‌کانی گه‌ریلا کرده‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌ تێكۆشانی خۆی خاوه‌ندارێتی له ‌رێچکه ‌و ده‌ستکه‌وته‌کانی رێبه‌ری یه‌کێتی جووتیاران و کۆمه‌ڵه‌، کاک فواد موسته‌فا سولتانی کرد و له‌پێناو به‌دیهێنانی هیواکانی و سه‌رجه‌م شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی گه‌له‌که‌مان تا دوا ساته‌کانی ژیانی ئه‌رکی هه‌ڤاڵێتی و شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی پێکهێنا. بۆیه‌ له‌چواره‌مین ساڵیادی شه‌هید بوونى فه‌رماندارى مه‌زن مان هه‌ڤاڵ‌ سمکۆ که‌ دوو رۆژ دوای 31هه‌مین ساڵیادی شه‌هاده‌تی کاک فواده‌ و رۆژی ئاشتی جیهانیش پردی نێوان دوو فه‌رمانده‌ی مه‌زنی گه‌له‌که‌مانه‌، له‌که‌سایه‌تی کاک فواد و هه‌ڤاڵ‌ سمکۆ جارێکیتر به‌ڵێن و سۆزى خۆمان له‌ پێناو به‌رز راگرتنى حه‌ماسه‌ى قه‌ندیل و درێژه‌پێدان به‌ رێبازى پیرۆزى شه‌هیدانى ئه‌و حه‌ماسه‌یه‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى رێگاى ئازادى کوردستان، دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌ و هه‌تا وه‌دیهاتنى ئاشتی و دیموکراسی فیداکارانه‌ درێژه‌ به‌تێکۆشانی ره‌وامان ده‌ده‌ین.

له‌کۆتاییدا رژێمی فاشیستی ئێران هۆشیار ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ له‌ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام کردنی سیاسه‌تی نکۆڵی کارانه‌ی، گه‌لی کورد لێگه‌ڕینی بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکرات ده‌بێت و ئیدی سیاسه‌تی سه‌رکوتکارانه‌ی رژێم قه‌بووڵ‌ ناکات و پێویسته‌ رژێم ئیراده‌ی سیاسی گه‌له‌که‌مان په‌سه‌ند بکات و کۆتایی به‌سیاسه‌تی کۆمه‌ڵکوژی و قڕکردنی کلتووری بێنێت. هاوکات بانگه‌وازی له‌سه‌رجه‌م گه‌لانی ئێران و گه‌نجان و ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ین که‌ خاوه‌ندارێتی له‌ره‌نجی بێ‌وچانی که‌سایه‌تی شۆڕشگێڕی گه‌له‌که‌مان فه‌رمانده‌ سمکۆ بکه‌ن که‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی و پته‌وکردنی یه‌کێتی و یه‌کڕیزی نێوان گه‌لانی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز گیانیان به‌خت کردووه‌. هاوکات به‌ به‌شداریان بۆ ناو یه‌کینه‌کانی پاراستنی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوه‌ندارێتی له‌ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌هه‌رچوار لای کوردستان و ناوچه‌که‌ بکه‌ن.

 

مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
02.09.2015