رۆژی 8ی مانگی جۆزه‌ردان یه‌كه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هاده‌تی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵانی جه‌وانانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (KCR)، هه‌ڤاڵ “سه‌یوان ره‌حیمی” ناسراو به‌ “برووسك ئانی”یه‌. شه‌هید برووسك یه‌ك له‌و هه‌ڤاڵانه‌ بوو كه‌ له‌ دوای دامه‌زراندنی سیسته‌می كۆمه‌ڵگای دیموَكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان(KODAR)، بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناخێكی دیكه‌ له‌ تێكۆشانی ئازادی، به‌ ئیراده‌ و هه‌ڵوێستێكی شۆڕشگێڕانه‌ چووه‌ ناوخۆی وڵات و رێگای چیای داڵاهۆی گرته‌به‌ر. شه‌هید برووسك له‌ تێكهه‌ڵچوون له‌ گه‌ڵ پاسدارانی رژیمی فاشیست و سه‌ره‌ڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ شێوازێكی قاره‌مانانه‌ هه‌تا دوا هه‌ناسه‌ شه‌ڕ و خۆڕاگری كرد و له‌ رێگای سه‌ربه‌ستی و ئازادی گه‌ل و مرۆڤایه‌تیدا گیانی به‌خت كرد. هه‌ر شه‌هیدێك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ژیان و روونكه‌ره‌وی رێگای ئازادیه‌. بێگومان خۆڕاگری و شه‌هاده‌تی هه‌ڤاڵ برووسك و هه‌موو شه‌هیدانی سه‌ربه‌ستی، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌ سه‌ر رۆحی خه‌بات و به‌رێكخستن بوونی زیاتری جه‌وانانی رۆژهەڵاتی كوردستان داناوه‌. ئه‌م شه‌هیدانه‌، سه‌لماندیان كه‌ كاروانی به‌رخۆدان و تێكۆشان له‌ رۆژهەڵاتی كوردستان، چیدی راناوه‌ستێت و خاو نابێته‌وه‌. هه‌ر هه‌نگاوێكی به‌رخۆدانی ده‌بێته‌ ته‌واوكه‌ری هه‌نگاوه‌كانی دوای خۆی و بناخه‌ی هه‌‌نگاوێكی تری خۆڕاگری و سه‌ركه‌وتن. ئه‌مه‌ش سروشتی بزووتنه‌وه‌ی نوێی ئازادیخوازی گه‌لی كورده‌ كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ و رامانی رێبه‌ر ئاپۆ بونیاد نراوه‌ و راوه‌ستانی بۆ نیه‌. له‌ ساڵیادی شه‌هاده‌تی هه‌ڤاڵ برووسك ئانی، سه‌ری رێز و نه‌وازش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م شه‌هیده‌ و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای ئازادی داده‌نه‌وێنین و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی گه‌لی كورد و به‌تایبه‌ته‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی ده‌كه‌ین. سۆز و به‌ڵێنمان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تا پێكهێنانی ئاوات و ئامانجه‌كانی شه‌هید برووسك و شه‌هیدانی دیكه‌ی ئازادی، درێژه‌ به‌ تێكۆشانمان بده‌ین. هه‌روه‌ها بانگ له‌ هه‌موو جه‌وانانی رۆژهەڵاتی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ به‌شداربوونیان له‌ شۆڕشی ئازادی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی خۆیان پێكبهێنن. بێگۆمان ئه‌مه‌ش باشترین شێوازی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی شه‌هیدانه‌.

 

یادی به‌رز و رێگای به‌رده‌وامه‌
كوردیناسیۆنی كۆمه‌ڵانی جه‌وانانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ─ KCR
28.05.2015

Şehîd Birusk - KCR

Şehîd Birusk - KCR

Şehîd Birusk - KCR

Şehîd Birusk - KCR