لە کاتێکدا ڕۆژی یەکی گوڵان (مای) وەبیر دەهێنینەوە کە لە بەشێکی هەرە زۆری گۆی زەوی بە هۆی سیاسەتی هۆڤانە و دژە ئینسانی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیستی و دابەشکردنی ناعادڵانەی داهاتەکان لە ناو کۆمەڵگادا، کارکەر و ڕەنجبەران و بێکاران، ژیانێکی دور لە پێوانەکانی ئینسانی لە بواری ئابوریەوە دەبەنە پێش، لە کاتێکدا سەرمایەداران و دەستەڵاتداران لەوپەڕی خۆشی، ژیان دەبەنە سەر، دەستڕەنجی کارکەران دەکەنە کەڵەکە. بە سەدان ساڵە کارکەری ژن بۆ پێکهێنانی ئازادی و بەرابەری نێوان ژن و پیاو لە مەیدانی کاردا تێکۆشان دەکەن، بەڵام نابەرابەری نێوان ژن و پیاو و زوڵم و ستەم بە سەر ژنان دا کەم نەبۆتەوە بەڵکو لە ئێران لە ژێر یاسای دژە ژن و کۆنەپەرەستانە و پیاوسالارانەدا، ژیان بۆ ژنان ئەوەندەی تر سەخت بۆتەوە، بە واتایەکی تر کارکەری ژن سەرەڕای چەوسانەوە لە سەر کار، لە ماڵ و لەناو کۆمەڵگاشدا دەچەوسێتەوە.

بە هۆی سیاسەتی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو چین و توێژەکان لە ژێر کارگەری ئەم سیاسەتە کەوتونەتە ژێر گوشاری ئابوری و ڕێژەیەکی هەرە زۆری کۆمەڵگا بە تایبەت کارکەران، مامۆستایان و زەحمەتکێشان و بێکاران، ژیانێکی لەو پەڕی ناخۆشی و تەنگدەستی دا دەبەنە سەر. سیستەمی ئابوری ئێران لە ژێر چاوەدێری مافیایی سپای پاسدارانی ئێراندا کۆنتڕۆڵ دەکردرێت و شێوازی مۆنۆپۆلی ئابوری دەرفەتی کار و ژیانی ئاساییان لە جەماوەری خەلک بەرتەسک کردۆتەوە.

لە کاتێکدا کە مڵۆزمی قەیرانی ئابوری پەیکەری کۆمەڵگای ئێرانی ئیفلیج کردو، و سیاسەتی پاوانخوازی و هێژمۆنگەرایی سیستەم و دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتر لە هەر دەم بودجەی وڵات دەخەنە خزمەت هێزەکانی سەربازی، و ئەم هێزە نیزامیە، وەک ئامرازێکی سەرکوتی زەحمەتکێشان و کارکەران و ئازادیخوازان بە کاریان دەهێنن و زیندانەکانیان ئاخنیوە لە کارکەر و ئازادیخوازان. لە پەنای ئەم قەیرانەشدا سیستەم بە ژینوسایدی سپی و فەحشا و بی ئیرادە کردنی کۆمەڵگا دەیهەوێت درێژە بە دەستەڵاتداری خۆی بدات.

لە هەمان کاتدا کوردستان وەک پێشەنگی تێکۆشان و ئازادیخوازی بە ساڵانە دژ بە ئەم نابەرابەرییە بۆ گەیشتن بە مافی رەوای خۆی و بندەستان و چەوساوەکان بەهای داوە و هیچکات لە خەبات بۆ وەدەست هێنانی ئازادی و بەرابەری کۆمەڵگا سڵەی نەکردوە، دژ بە ئەم تێکۆشانە داگیرکەران هەمیشە هەموو کەرەستە و ئیمکانی خۆی بە کار هێناوە و بە هەموو هێز و تکنۆلۆژیا هیرشی کردۆتە سەر بزاڤی ئازادیخوازی گەلەکەمان. لە ڕۆژی یەکی گوڵانی ٢٠٠٨ بە هێرشی فرۆکە جەنگیەکانی تورکیە بۆ سەر بناری قەندیل ٦ تێکۆشەر و ئازادیخواز و هەڤاڵی ئێمە بوونە قوربانی و گیانیان بەخت کرد. هەروەها بە خوێنی گەشی خۆیان لە یەکی گوڵان پیوەندی خەباتی ئازادیخوازی تەڤگەری ئێمە لە گەڵ ویست و خواستی زەحمەتکێشان و کرێکاران و بەش مەینەتان یەکیان گرتەوە. دیاکۆ به‌ختیاری، ناسراو به‌ هێرش ئامه‌د، کاردۆ عه‌لیالی، ناسراو به‌ ئارگه‌ش باوه‌ڕ، به‌هجه‌ت ته‌کین ئاڵپ، ناسراو به ‌فرات چه‌لێ، جه‌مال ڕه‌سولی، ناسراو به‌ ئارمانج مه‌ریوان، محه‌مه‌د گویره‌ن، ناسراو به‌ وەداد ئامه‌د، ره‌حیم بۆرنا، ناسراو به‌ ڕامان جاوید، گیانبەختکردوانی ڕێڕەوانی ڕێگای ئازادی و خەباتی ڕەوای گەلی ئێمە و هەمو گەلانی ئازادیخوازن و هەتا گەیشتن بە سەرکەوتن ڕێگایان درێژەی دەبێت. کۆمەڵگایەک کە چەوسانەوە و ناعەداڵەتی و جنسیەتگەرایی، دەستەڵاتداری تێدا بکات ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێت سالم بێت و گەل بە گشتی و کرێکاران و ژنان بە تایبەت ناتوانن بە حەقی خۆیان بگەن. هەڤاڵانی شەهیدمان بە خەبات و تێکۆشانیان لە گۆڕەپانی راگەیاندن دا و بە شەهید بوونیان لەم ڕۆژەدا پەیامیان بە هەمو کۆنەپەرەستان داوە کە هەتاکو زوڵم و زۆری و نابەرابەری لە کۆمەڵگا دا بمێنێت، بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی بندەستان دەمێنێت.

یاد و بیرەوەری هەموو تێکۆشەرانی رێگای ئازادی و هەڤاڵانی شەهیدمان وەبیر دەهێنینەوە و ڕۆژی یەکی گوڵان لە هەمو کرێکاران، زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان پیرۆز دەکەین.

 

مجلیسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان ─ PJAK
30.04.2015‌