هەوڵدان لە پێناو ئازادی و ژیانێکی بە ئیرادە لە وڵاتی ئێمەدا خاوەن مێژوویەکی درێژە و بە درێژایی تەمەنی تێکۆشانی ئازادیمان رووبەرووی کارەسات و نەهامەتی زۆر مەزن بووینەتەوە. سەرەرای سەرجەم هێرش و زەخت و گوشارەکانی دوژمنان و نەیارانی گەلی کورد بەڵام، بەرخۆدان لەم وڵاتە هیچ کات کۆتایی پێی نەهاتووە و گەلی کورد هەرکات لە پێناو پاراستن وهەبوونی خۆی، بەرپەرچی سەرجەم پیلانگێرییەکانی داوەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەدیلی گرانبەها پێشکەش کردووە.

ئەمساڵ لە حالێکدا بەرەو پیری نەرۆز و ساڵی نوێی دەچین کە لە ئاستی هەرێمی و جیهانی دا قەیرانی مەزن لە ئارادایە و هەر دەچێت پانتایی ئەم قەیرانە سەرجەم هەرێمی ناوەراست لە خۆوە دەگرێت. هەروەک لەساڵی رابردوو دا بینیمان، بەشی هەرە زۆری ئەم قەیران و شەڕ و پێکدادانانە رووبەرووی کوردستان کرایەوە و لە ئاکامدا، کارەسات و قەتڵعام بەسەر گەلەکەماندا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان سەپێنرا. هەم داگیرکەرانی کوردستان و هەمیش هێزە بەکرێگیراو و چەتەکانی داعش هەر یەک بە شێواز و چەشنێک هەوڵی بەرفراوان کردنەوەی قەتڵعامیان داوە و ویستی سەر لەنوێی داگیرکردنەوەی وڵاتەکەمانیان هەبووە. بەڵام لە بەرامبەر سەرجەم ئەم هێرش و پەلامار و پیلانگێرییانە، گەلەکەمان و تەڤگەری ئازادی خوازی گەلی کورد بە بەرخۆدانی مێژووی و یەکگرتوویی هەتا ئێستاکە توانیویەتی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و هێرشەکان تێک بشکێنێت. بەرخۆدانی شەنگاڵ و کۆبانی کە بە بەشداری هەموو بەشەکانی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کورد بەرێوە چوو، بوو بە هێمای قارەمانیەتی و چەمکی بەرخۆدانی راستەقینە لەسەرجەم هەرێمەکە و ئیلهام بەخشی تێکۆشانی ئازادیخوازانە بوو بۆ سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان.

بێ گومان هێشتاش لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان، ئەم هێرش و پیلانگێرییانە بەردەوام دەکات و هێشتاش گەورە داگیرکەرانی کوردستان ئامادە نین دان بە ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد دا بنێن.

بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوازێک ئامادە نیە دەست لە زەخت و گوشارەکانی بۆ سەر گەلی کورد بەربدات. هێشتاش بە عەقلیەتی دەسەڵاتداری و سەرکۆتکاری سەدەکانی ناڤین و بەشێوەی هۆڤانە نیزیکایەتی لەبەردەم گەلی کورد دەکات. ئەم رژێمە داگیرکەرە بە پیلانگێری و سیاسەتی سێدارە، تۆقاندن و پاوانخوازی هەوڵی تەسلیم وەرگرتنی ئیرادەی گەلەکەمان دەدات. نەتەنیا لە بەرامبەر گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لەبەرامبەر سەرجەم گەلان و ناسنامە جیاوازەکان لە سەرتاسەری ئێران هاوشێوەی ئەم سیاسەتانە پەیرەو دەکات. هاوکات ئەم رژێمە لە ئاستی هەرێمی و لە بەردەوامی سیاسەتی هێژێمۆنگەرایانەی خۆی، رۆڵێکی بەرچاوی لە قووڵ کردنەوەی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە و بەشێکی بەرچاوە لەو قەیرانانە. هەموو ئەو فاکتەرانە وای کردووە کە رژێمی ئێران ببێتە مەترسیەکی جیدی لە بەردەم گەلی کورد لە رۆژهەڵات و چارەسەری کێشەی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان.

لەسەر ئەو بنەمایە پێویستی تێکۆشانێکی بەرفراوان لە بەرامبەر رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرکات زیاتر خۆی دەنوێنێت. لە پێناو تێک شکاندن و پووچەڵ کردنەوەی سەرجەم سیاسەت و پیلانەکانی رژێمی ئێران لە بەرامبەر گەلانی ئێران و بەتایبەت لە بەرامبەر گەلی کورد، تێکۆشانێکی هەمەلایەنە و چڕ و پڕ لە هەموو گۆرەپانەکانی خەبات پێداویستیەکی مێژووییە. بۆ ئەو مەبەستە یەکریزی و یەکگرتوویی سەرجەم پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئازادیخوازانی ئێران بەگشتی مەرجی سەرەکیە.

نەورۆز وەک هێمای خۆراگری و سەرکەوتن لەبەرامبەر دەسەڵاتخوازی و زوڵم و زۆری، بۆ سەرجەم گەلانی ئێران و بەتایبەت بۆ گەلی کورد، خاوەن واتایەکی تایبەتە. وەک کۆمەڵگای دێمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆدار بانگ لەسەرجەم گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرجەم پارتە سیاسیەکان، هەموو ئازادیخوازان و پێشەنگانی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران بەگشتی دەکەین: کە بە نەورۆزی ئەمساڵەوە بەرەو تێکۆشانێکی یەکگرتووانە و گشتگیرانە بچین و ئازادی راستەقینە بۆ سەرجەم گەلان مسۆگەر بکەین. بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزبایی جەماوری نەورۆز دەتوانێ هەڵگری پەیامی “سەرهەڵدان بەرەو ئازادی” بێت. لەسەر ئەو بنەمایە بانگ دەکەین کە لەسەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکان، نەرۆزی ئەمساڵ بەشێوەیەکی جەماوەری پیرۆز بکرێت و هەنگاوی جیدی بۆ یەکریزی و یەکگرتوویی لە پێناو تێکۆشانێکی هەمەلایەنە بنرێتەوە.

لە کۆتایی دا جەژنی نەورۆز، سەرەتا لە هەموو شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان، رێبەر ئاپۆ، سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان، گیراوان و بەرخۆدانڤانانی سیاسی، هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرجەم گەلانی ئێران و هاوکات لە هەموو گەریلاکان و کادیران و تێکۆشەرانی تەڤگەرەکەمان پیرۆزبایی دەکەین. هاوکات وەک کۆدار بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە جارێکی تر سوێند و پەیمانی خۆمان بۆ پابەندی شەهیدان و گوڕ کردنی تێکۆشان بەرەو شۆرش و ئازادی راستەقینە دوپات دەکەینەوە و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەبوونی خۆمان رادەگەیێنین.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگێڕی
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کۆدار
17.03.2015