ماوەیەكە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بە هەڵمەتێكی نوێی هێرشكارانە لە دژی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كردۆتەوە. ئەم هەڵمەتە هێرشكارانەی كۆماری ئیسلامی كە هەنووكە لە سەر گیراوانی سیاسی و مەدەنی كورد لە گرتووخانەكان بەرێوە دەچێت، لە ناوەرۆكی خۆیدا ئامادەكاری رژێم بۆ هێرشێكی بەرفراوان لە بەرامبەر سەرجەم گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان نیشان دەدات. ماوەیەكە كە بەتایبەت لە بەرامبەر چالاكڤانانی سیاسی و مەدەنی لە گرتووخانەی ورمێ ئاستی ئەم هێرشانە چڕتر كراوەتەوە و 6 كەس لەم گیراوانە بەناوەكانی ئیبراهیم عیساپور، سیراوان نەژاوی، حەبیبوڵڵا و عەلی ئەفشاری، سامان نەسیم و یونس ئاقاییان كە هەر شەشیان سزای هۆڤانەی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، بە مەبەستی پیـَك هێنانی سزاكەیان لەم گرتووخانەیەوە بۆ شوێنی نادیار دەرخراون و هەتا ئەم ساتەش چارەنووسیان نادیارە. چەندین رۆژە كە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە چارەنووسی ئەم گیراوانە بە رێبازی شەڕی تایبەت گەمە بە سایكۆلۆژیای بنەماڵەی گیراوان و گەلی كورد دەكات. بە پێی ئەو زانیارییانەی كە بە رێگای رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە رای گشتی دا بڵاو بۆتەوە، هەر دوو گیراوی كورد سیروان نەژاوی و ئیبراهیم عیساپور لەبەرامبەر ئەو كردەوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی 5 رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و چارەنووسی گیراوانی تر هێشتاش روون نییە. لە كاتێكدا كە لە گرتووخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئەم شێوە هەڵسووكەوتە بەرێوە دەچێت، كۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی گرتووخانەكانیش بە راگواستنی هێزی چەكداری بەرفراوان بۆ هەرێمەكانی ماكۆ، سەردەشت، مەهاباد و سنە و جم و جۆڵ لە هەرێمە سنوورییەكان، لە بەرامبەر تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی كورد لە ئامادەكاری شەڕ دایە.

ئەم هەڵسووكەوتانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كاتێك دایە كە لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان بە شێوەی جیاجیا ئاستی هێرش و گوشارەكانی سەر گەلی كورد رووی لە زیاد بوون ناوەتەوە و تەنانەت لێگەرینی هاوپەیمانی نێوان هێزە هێرشكارەكان لە ئارادایە. لە قۆناخەكانی رابردووش دا هەڵسووكەوت و هێرشی هەمەلایەنەی هاوشێوە لە بەرامبەر گەلەكەمان بەرێوە چوو. نموونەی بەرچاوی ئەم بابەتە ساڵی 2011 بوو. دەوڵەتی ئێران كە بە خەیاڵی راكێش كردنی رژێمی توركیا بۆ بەرەی خۆی ویستی قوربانی كردنی گەلی كوردی لە هاوسەنگییە سیاسیەكانی هەبوو، هەم لە گرتووخانەكان و هەمیش لە هەرێمە شاخاوییەكان هێرشێكی بەرفراوانی دەست پێكرد. بێ گومان سەرجەم پیلان و حیسابە سیاسیەكانی كۆماری ئیسلامی لەو ساڵەدا رووبەرووی شكست هاتەوە و بەتایبەت هاوسەنگیە سیاسیەكان بە پێچەوانەی پیلانگێرییەكانی ئەوان و لە دژی كۆماری ئیسلامی بەدیهات.

سەرجەم دەوڵەتەكان و بەتایبەت كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە ئەم بابەتە زۆر بە باشی بزانێت كە ئاستی هێز و وشیاری سیاسی و نەتەوەیی گەلی كورد و تەڤگەری ئازادیخوازی گەلەكەمان لە لوتكەدایە و سیاسەتی سێدارە و تۆقاندن و هێرشی سەربازی ئیتر هیچ چەشنە كاریگەرییەك ناكات. ئەم سیاسەت و پیلانگێرییانە بەو خۆراگرییە بێوینەیەی كە بە درێژایی زیاتر لە دە ساڵی رابردوو لەسەرجەم گۆرەپانەكانی خەباتی ئازادیخوازی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەرێوە چوو و بە بەرخۆدانی بە سەدان شەهیدی قارەمان، بە تەواوی تێك شكێنراوە.

لەسەر ئەوە بنەمایە وەك كۆمەڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆدار، كۆماری ئیسلامی ئێران وشیار دەكەینەوە كە بە زووترین كات كۆتایی بەو سیاسەت و هەڵسووكەوتانە لە بەرامبەر گەلی كورد بهێنێت و بەتایبەت دەست لە هێرشكارییەكانی لەبەرامبەر گیراوانی سیاسی كە هیچ دەرفەتێكی خۆپاراستنیان نیە، بەربدات. بەم رێگایەوە جارێكی تر رادەگەیێنین كە لەسێدارەدانی گیراوانی سیاسی بۆ ئێمە هێڵی سوورە و لەبەرامبەری دا كاردانەوەی توندمان دەبێت. هیوادارین كە كۆماری ئێسلامی هێڵە سوورەكانی گەلەكەمان تێپەر نەكات و بە زووترین كات لەسەر چارەنووسی ئەم گیراوانە زانیاری بدات.

هاوكات بانگ لەسەرجەم گەلەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هەندەران دەكەین كە لەبەرامبەر ئەم سیاسەتانەی كۆماری ئیسلامی هەستیار نیزیك ببنەوە و هەتا دیاری بوونی چارەنووسی ئەم گیراوە سیاسیانەی كورد پەرە بە چالاكییەكان بدەن. هاوكات بانگ لە سەرجەم بنەماڵەی گیراوانی سیاسی و مەدەنی كورد دەكەین كە بە شێوەیەكی یەكگرتوو، لەبەرامبەر گەمەكانی شەڕی تایبەتی كۆماری ئیسلامی وشیار بن و هەستیارانە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی بەندكراوەكان بكەن.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
25.02.2015
هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەرێوەبەری ─ كۆدار