لە رێکەوتی 19ی مانگی گۆڵان هێزەکانی سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر داموو دەزگا کوردستانیەکان وەکوو بیرۆی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، رۆژنامەی رۆژی وڵات، رۆژنامەی هاودەم، ئاژانسی دیجلە و رێکخراوەی ژنانی ئازادی کوردستان لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆ.
بێگومان لەو باروودۆخە هەستیارەدا کە گەلەکەمان تێکوشانێکی چڕووپڕ بۆ گەیشتن بە پێگەو رۆڵێکی بەرز و شایستە لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرێوە دەبات، ئەم هێرشانە، جێگای سەرنج و نیگەرانیە.
هاوکاریەکانی یەک لە دوای یەکی پارتی دیمۆکرات لە ماوەی دوایی دا لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەت هەماهەنگی لەرادەبەدەری ئەم پارتە لە گەڵ سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە، دژایەتی راستەوخۆی لەگەڵ تێکۆشانی گەلەکەمان و ئامانجە نەتەوەیەکانی هەیە.
پشتیوانی کردنی راستەوخۆ لە سیاسەتەکانی AKP لە دژی گەلی کورد لە باکووری کوردستان، دەست بە سەر کردنی هاوڵاتیانی روژهەڵاتی کوردستان بە بیانووی بەردباران کردنی کونسوولی ئێران، دژایەتی کردنی شۆرشی رۆژئاوا و لێدانی خەندەق لە دژی رۆژئاوای کوردستان، ئاوەڵا هێشتنەوەی دەستی تێروریستان بۆ کوشتاری هاوڵاتیانی کورد لە ناوچە ئازادنەکراوەکانی باشووری کوردستان بە تایبەت هاوڵاتیانی ئیزەدی و هەرە دواییش هێرش بۆ سەر داموودەزگا کوردیەکان، زنجیرە سیاسەتێکی سیستماتیکە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق هاوتەریب لە گەڵ سیاسەتی دەوڵەتانی هەرێمی و ناونەتەوەیی بەرێوەی دەبات.
پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق دەخوازێت بە جێ گرتن و رۆڵ بینین لە پرۆژەکانی دەوڵەتی تورکیە و هاوکات لە گەڵ ئەوەش سازکردنی هاوسەنگی و ئیمتیازدان بە دەوڵەتانی ئێران و سووریە خۆی بکات بە تاکە ئۆتۆریتەی کوردستان. هەر بۆیەش پارتی دیمۆکرات هەموو سیاسەتەکانی لە ژێر ناوی حکومەتی هەرێم بە رێوە دەبات و بەو شێوازە خۆی وەکوو حکوومەت و فەرمانرەوا بە سەر گەلی کورد رادەگەیەنێ.
بێگومان هەر هێز و لایەنێک بخوازێت بە زەربە لێدان لە تێکوشان و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد، خۆی بەهێز بکات، سیاسەتێکی هەڵە بەرێوە دەبات و هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەنێت.
ئێمە وێڕای شەرمەزار کردنی هێرشی هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق بۆ سەر داموو دەزگا کوردیەکان، سەرنجی گەلی کورد، ئازادی خوازان و رۆشنبیران لە هەموو کوردستان بە تایبەت لە باشووری کوردستان بۆ سەر مەترسی دار بوونی ئەنجامی سیاسەتەکانی پارتی دیمۆکرات رادەکێشین و داوایان لێ دەکەین بە نیشان دانی هەڵوێستی نەتەوەیی و دیمۆکراتیک، ئەم کردوە نادێمۆکراتیانە شەرمەزار بکەن و رێگا لە بەردەم بەرێوە چوونی سیاسەتی دۆژمنانی گەلی کورد لە کوردستان بگرن.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
21.05.2014