لەم قۆناخەی مێژوودا، سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بۆ گەلان و نەتەوەکان جیا لە شەڕ و ژینۆساید هیچی تری لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە. شەڕی نێوان هێزەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و هێزە ستاتۆپارێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لوتکەدا بەرێوە دەچێت و لەلایەکی تریشەوە هێزە دیمۆکراتیکەکانی گەڵان لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە قووڵەن کە سەرجەم هەرێمەکەی لە خۆوە گرتووە. دەتوانین بڵێین کە شەڕی جیهانی سێهەم لە ئارادایە. ئەم شەڕە، لە بواری پانتایی و مەودادا، لە هەر دوو شەڕی جیهانی رابردوو، قووڵتر و درێژ خایەنتەرە. هێز و پۆتانسیەلی خۆنوێی کردنەوەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لە هەرێمەکەدا نابینرێت. ئەو شتەی کە روودەدات، تەنیا داڕزین و هەڵوەشانی سیستەمە. دەوڵەت- نەتەوەکانی ناوەندگەرای کلاسیک، ئیتر ناتوانن بەردەوامی بە هەبوونی خۆیان بدەن و وەڵامدەرەوە نەبوونیان هەر دەچێ زیاتر ئاشکرا دەبێت. مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە و رێگەچارەگەلی نەتەوەگەرایانە نەک تەنیا تێکۆشانی گەلان و بەتایبەت گەلی کوردی بە ئەنجام نەگەیاندووە، بەڵکوو داوێنی قەیران و کێشەکانی بەرفراوانتر و قووڵترکردۆتەوە. لە سەر ئەم بنەمایە داڕشتن و پێکهێنانی مۆدێلی دیمۆکراتیکی ئاڵتەرناتیڤ، کە توانای تێپەڕبوونی لە بنبەستی سەرچاوە گرتوو لە عەقلیەتی دەوڵەت- نەتەوەی هەبێت، خاوەن گرینگی مێژوویی و ژیانییە.
گەلی کورد و بزووتنەوە شوناسخواز و ئازادیخوازیەکەی بە ساڵانە بۆ پاراستنی هەبوون و ئازادی، تێکۆشان دەکات. بە پێی ئەزموونی مێژوویی خۆی، دەوڵەت- نەتەوەگەرایی تێپەڕاندووە و بە پشتبەستن بە رێکاری نەتەوەی دیمۆکراتیک، ئاڵتەرناتیڤێکی نوێی بۆ چارەسەری کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی پێشکەش کردووە. رۆژهەڵاتی ناوەراست لە یەک لە قەیراناویترین قۆناخە مێژووییەکانی خۆیدا تێپەر دەبێت و رژێمی ئێران سەرەرای ئەوەی کە لە بەدیهێنانی ئەم قەیرانە رۆڵی بەرچاوی هەیە، زیاترین بەشیشی لەم قەیرانە بەر کەوتووە. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین بلێین کە دەرکەوتنی ئێران لە رەوشی هەنووکەیی و سەقامگیر بوونی دیمۆکراسی لەم وڵاتە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت. وڵاتی ئێران موزائیکێکی دەوڵەمەندی پێکهاتوو لە نەتەوەکان، کوڵتوورەکان، ئایین و ئایینزا جیاوازەکانە کە بە درێژایی مێژوو بە بێ کێشە و بە کەڵک وەرگرتن لە دەوڵەمەندییەکانی یەکتر، بەیە کەوە ژیانیان بەسەر بردووە. ئەم پێکەوە ژیانە مێژووییە، بە درێژایی سەدەی رابردوو و دوای سەقامگیر بوونی دەوڵەت ـ نەتەوە و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی رەها، هەتا ئاستێکی زۆر رووبەرووی زیانی جیدی هاتۆتەوە. هەر دەچێت ئەم راستیە زیاتر ئاشکرا دەبێت کە سسیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە وەڵامدەرەوە نییە و لە گەڵ راستینەی تاریخی و کولتووری ئێران یەک ناگرێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە سەقامگیر کردنی مودێلێکی دیمۆکراتیانە کە سەرجەم جیاوازییەکانی ئەم وڵاتە لەخۆی بگرێت، پێداویستیەکی مێژوویی و حاشا هەڵنەگرە. لەو باوەرەداین کە هەڵ و مەرج و دەرەتانی سەرجەم ئەو مۆدێلانەی کە لە لایەن هێزە دەرەکی و هەرێمیەکان دەسەپێنرێت، لە ئارادا نەماوە. مۆدێلی کۆنفەردرالیزمی دیمۆکراتیانە و خۆبەرێوەبەری دیمۆکراتیک تاکە رێکار و رێچارەیە بۆ تێپەراندنی سەرجەم کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکانی ئێران.
چارەسازبوونی سیستەمی کۆنفێدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک بەتایبەت بە هۆی یەکانگیر بوونی لەگەڵ ناوەرۆکی فرەرەنگی کۆمەڵگا، مزگێنیدەری دەستپێکردنی سەردەمی دیمۆکراسی راستەقینە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە.
[gdl_gallery title=”konferansi-capemeni-kodar-20140505″ width=”57″ height=”57″ galid=”1″]
پرەنسیپە بنەرەتییەکانی سیستەمی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (KODAR) بەم شێوەیەیە:
1. دەوڵەت-نەتەوە و نەتەوەگەرایی، ئاستەنگییەکی جدییە لە بەرامبەر بە دەزگابوون و بڵاوبوونەوەی دیمۆکراسی و ئازادی لەناو کۆمەڵگادا. کۆمەڵگایان وەها تێگەیاندووە کە تاکە رێگای گەیشتن بە ئازادی و بە ئیرادە بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پێکهێنانی ئەم مۆدێلەیە. هێزە هەژمۆنیخوازەکانی سیستەمی سەرمایەداری بۆ گەیشتن بە بەهەرەی لەڕادەبەدەر، بەردەوام لە رێگەی سیاسیەتی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە و هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوان گەلان، کەڵک لەم سیستەمە وەردەگرێت. مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکدەست و یەک رەنگ، دژایەتی و نکۆڵی لە هەموو ئەو رەنگ و جیاوازیانە دەکات کە لە نێو کۆمەڵگادا هەبوونیان هەیە. سیستەمی KODAR لەبەرانبەر ئەم رەوشە، مۆدێلێکی نادەوڵەتی و دیمۆکراتیکە کە ئازادی و ئیرادەی گشت جیاوازییە کۆمەڵایەتیەکان لە خۆوە دەگرێت و بە تێپەڕ کردنی عەقلیەتی بەرژەوەندیخوازی سیستەمی سەرمایەداری، قەیرانەکان تێپەڕدەکات و ئاشتی و پێکەوەژیان بەدی دەهێنێت.
2. سیستەمی KODAR لەبەرامبەر ئەو تێڕوانینەی کە کۆمەڵگا بە هیچ دەزانێ و هەروەها ئەو روانگەیە کە تاکگەرایی رەهای لیبڕاڵ پەرە پێدەدات، تێکۆشان دەکات و هاوسەنگی نێوانی کۆمەڵگا و تاک بە بنەما دەگرێت.
3. لە سیستەمی KODAR ناوەندی بڕیاردان کۆمەڵگا بۆخۆیەتی. گفتوگۆ، بڕیاردان و جێبەجێ کردنی، لەلایەن هێزە دیمۆکراتیکەکانی کۆمەڵگا و لەسەر بنەمای هەڵبژاردن پێکدێت. دیمۆکراسی بە شێوەی راستەوخۆ و بە بەشداری سەرجەم جیاوازییەکانی کۆمەڵگا، بە گونجاوترین شێواز بەڕێوەدەچێت. لەم سیستەمەدا کەسانی هەڵبژێردراو و بەڕێوەبەر، تەنیا مافی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی کۆمەڵگایان هەیە.
4. لە سیستەمی KODAR، بڕیار و پەسەندکراوەکان لەلایەن مەجلیسی گوند، ناوچە(بەخش) و مەجلیسی گەرەک و هەرێمەکانی شار وەردەگیردرێت. باوڕپێکراوترین دەزگای بڕیاردان، مەجلیسەکانی گەلن. بڕیارەکان لەلایەن کۆنسەی بەڕێوەبەر کە نوێنەرانی هەموو جیاوازیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەکەوێتە بواری کردارییەوە.
5. سیستەمی KODAR، سیستەمێکی دیمۆکراتیکە کە تێیدا هەموو چین و توێژ و جیاوازێ کۆمەڵایەتیەکان و لە سەروی هەمووان ژنان و جەوانان، لەسەر بنەمای هاووڵاتی ئازاد و یەکسان، مەجلیسەکانی هاووڵاتی ئازاد و یەکسان پێکدەهێنن. هێزی خۆی لە هەموو گۆرەپانەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری، زانستی، هونەری، سیاسی، پاراستنی، دیپلۆماتیک و حقووقی، لە هێزی زاتی رەنگەکانی ناو کۆمەڵگا وەردەگرێت.
6. دان و سەندنەکانی سیستەمی KODAR لەگەڵ دەوڵەت، بەرێگای فۆرموولاسیۆنی “دەوڵەت + دیمۆکرسی” رێکدەخرێن. بنەمای ئەم بابەتە، رێککەوتنێکی بە پرەنسیپە کە بەپێی پەسەند کردنی دووڵایەنەی دەوڵەت و سیستەمی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک وەدی دێت. KODAR بە بێ رەد و نکۆڵی کردنی دەوڵەت و یاخود پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە، مۆدێلێکە کە سەقامگیر کردنی دیمۆکراسی لە کۆمەڵگا بە بنەما وەردەگرێت.
7. کەمترین مەرجی پێویست بۆ ئەوەی کە KODAR بتوانێت لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەژێر بانێکی سیاسی هاوبەش بەسەربەرێت، پەسەندکردنی ستاتۆی خۆبەرێوەبەری دیمۆکراتیک لە لایەن دەوڵەتەوەیە. دەبێت ئەوە دەستنیشان بکرێت کە ئامانج لە خۆبەرێوەبەری دیمۆکراتیک بەشدار بوون لە پێکهاتەی دەوڵەت نییە، بە پێچەوانەوە پێکهێنانی بەرێوەبەری یا ئۆتۆریتەی دیمۆکراتیکی کۆمەڵگایە لەچوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای ئێران دا. ئاشکرایە کە گەیشتن بە وەها ستاتۆیەک لە رێگەی یاسای بنەڕەتی دیمۆکراتیک پێکدێت کە نیشاندەری رێککەوتنی نێوان کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و دەوڵەتە. لە دەرەوەی ئەو حاڵەتە، KODAR بە شێوەیەکی تەک لایەنە بۆ پێکهێنانی خۆبەرێوەبەری دیمۆکراتیک هەنگاو هەڵدەگرێت.
8. ئازادی ژن، یەکێک لە پرەنسیپەکانی سیستەمی KODAR ە. ئاستی ئازادی کۆمەڵگا، پەیوەستە بە ئاستی ئازادی ژنانەوە. بی ژن، سیاسەتی دیمۆکراتیک بەرێوە ناچێت و ناتوانرێت پەرە بە ئاشتی بدرێت و پارێزگاری لە ژینگەش بکرێت. ژنان بە شێوەی کۆنفێدڕال، ئۆتۆنۆم و تایبەت لە سیستەمی KODARدا جێگە دەگرن و خۆیان بە رێکخستن دەکەن.
9. جەوانان، خاوەن رۆڵێکی پێشەنگ و بناخەیی لە سیستەمیKODAR ن. جەوانان هێزێکی دیمۆکراسیخواز و ئازادیخوازن کە لە پێشخستنی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی رۆلێکی بەرچاویان هەیە. جەوانان بە شێوەی پێکهاتەیەکی کۆنفێدڕاڵ و ئۆتۆنۆم، لە سیستەمی KODAR دا جێگا دەگرن و خۆیان بە رێکخستن دەکەن.
10. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەرێگەی سەرمایەپەرەستی، ئەندۆسترالیالیزم و دەوڵەت- نەتەوە گەرایی، زیانی جیدیان بەسەر ژینگە هێناوە. KODAR بە هەستیاری و هۆشیارییەوە لەگەڵ پرسی ژینگە هەڵسوکەوت دەکات و لەگەڵیدا هاوئاهەنگ و تەبایە. بە رێبازی سەرلەنوێ ژیاندنەوەی فەرهەنگی کۆمەڵگای ژینگەپارێز، لەبەرامبەر فەتح گەرایی، کاولکاری و داگیرکاری بەربەرەکانێ دەکات و ئابووری و کۆمەڵگایەکی ژینگەپارێزانە بە بنەما وەردەگرێت.
11. KODAR، لەبەرامبەر هەڕەشەی هێزە هێرشکارە دەرەکییەکان و دەستێوەردەانی هێزە پاوانخوازە ناوخۆییەکان و هاوکات دەستێوەردان و هێرشی چینی دەسەڵاتخوازی ناوکۆمەڵگا، خاوەنی هێزی پاراستی زاتییە. لە سیستەمی KODAR هەر یەکینەیەکی کۆمەڵایەتی بە پێی بنەمای گەردوونی پاراستنی زاتی، پارێزگاری لە خۆی دەکات، بەڵام ئەمە بەواتای ئەرتەشسالاری نییە. ئەگەرچی یەکینەکانی پاراستنی زاتی دەستپێشخەری پێویستیان هەیە، بەڵام لەژێر چاودێری ئۆرگان و دەزگاکانی سیاسەتی دیمۆکراتیک دان.
دامەزراندنی KODAR دەستکەوتی تێکۆشانی بەردەوامی گەلی کورد و هەزاران شەهێدێکە کە لە پێناو ئازادی ژیانیان بەخت کردووە. کۆمەڵگای دێمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان KODAR شیاوترین وڵام بۆ فیداکاری و لەخۆبردوویی گەلی کورد و رەنجی سەرجەم ئەو دایکانەیە کە ماندوونەناسانە لە پێناو ژیانێکی ئازاد و شەرافەتمەندانە تێکۆشانیان کرد. بەشداری لەم سیستەمە هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو ئازادی و دیمۆکراسی دەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە بانگ لەسەرجەم گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کورستان و ئێران دەکەین کە بە بەشداری خۆیان، خاوەندارییەتی لە ناسنامەی دیمۆکراتیکی خۆیان بکەن. هاوکات بانگ لەسەرجەم سازی، رێکخستن، پارت، رووناکبیران و کەسایەتێ ئازادیخوازەکانی کورد دەکەین کە پشتیگری و بەشداری لە سیستەمی KODAR بکەن. دامەزراندنی KODAR بەواتای قۆناخێکی نوێی لە تێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە. لەو باوەرەداین کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ پێک هێنانی بەرەی گۆرانکاری دێمۆکراتیانە لە ئێران رەخساوە. لەسەر ئەو بنەمایە بانگی پشتگیری و هاوکاری بۆ ئەم قۆناخە نوێیە لە تێکۆشان، لە سەرجەم ئەو هێزانە دەکەین کە داخوازی گۆرانکاری دیمۆکراتیک، پێکەوە ژیانی گەلان و چارەسەری دیمۆکراتیکی کێشەکانیان لە ئێران دا هەیە.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە دامەزراندنی KODAR وەک دەرفەتێک بۆ گۆرانکاری لە سیاسەتی خۆی سەبارەت بە گەلانی ئێران بنرخێنێت و دەست لە رەوانگەی ئاساییشی لەبەرامبەر سەرجەم گەلانی ئێران بەربدات. لەو چوارچێوەیەدا KODAR کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەری دیمۆکراتیانەی کێشەی کورد و کێشەکانی دیمۆکراسی لە ئێران بانگهێشتی دیالۆگ و موزاکەرە دەکات و ئامادەبوونی خۆی لە پێناو کرانەوەی دیمۆکراتیانە ئیعلان دەکات.
لە کۆتاییدا دامەزراندنی سیستەمی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان KODAR لەسەرجەم گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەت گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان و هەموو تێکۆشەران و ئازادیخوازان پیرۆزبایی دەکەین.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری
کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان — KODAR
5ی گوڵانی 2014