لە چەند رۆژی رابردوو زەنجیرە تەقینەوەیەک لە شاری خانەقین لە لایەن تیرۆریستەکانی داعشەوە کە گرێدراوی دەوڵەتی تورکیەن روویدا، کە لە ئانجامدا زیاتر لە پەنجا کەس لە هاونیشتمانانمان ژیانی خۆیان لەدەست دا و بە دەیان کەسیش بریندار بوون. چاوخشاندنێک بە بارودۆخی ئەم دوایەی کوردستان ئەوە نیشان دەدات کە ئەم تەقینەوانە بەشێکە لە بازنەی سیاسەتی دژە کورد و بۆیەش پێویست دەکات گەلەکەمان بە هەڵوێستێکی وشیارانەوە برواننە بابەتەکە. ئەم تەقینەوانە لە کاتێکدا پێک دێت کە لەلایەک دەوڵەتی تورک لە سنوورەکانی باکوور و رەژئاوا خەریکی دروست کردنی دیوار و خەندەق هەڵکەندنە، لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دموکراتی کوردستانی عێراق لە ئاراستەی هەمان سیاسەتدا خەریکی جیاکردنەوە رۆژئاوا و باشووری کوردستانە و هەروەها لە هەڵکەندنی خەندەقی خیانەت بەردەوامە. ئەم کردەوانە هاوتەریب و هاوکات یەک ئامانجی ئەساسی پەیرەو دەکەن کە بە جگە لە پارچەکردن و ناکۆکی دروستکردن لە نێوان گەلەی کورد شتێکی تر نییە.

هاوکات بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی دەزگای میتی تورکیە کە لەوێ دا بە بەردەوام کردنی هەڵکەندنی خەندەق، لەناوبردنی رۆحی بەرخۆدانی گەلی کورد و لاواز کردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە باشووری کوردستان ئیشارەی پێکراوە، هەروەها نیشاندەری ئەم راستیەیە کە دەوڵەتی تورکیە، تیرۆریستەکانی گرێدراوی ئەم دەوڵەتە و بەشێک لە هێزە کوردیەکان هێرشێکی هەمەلایەنەیان لە دژی ستاتۆی سیاسی هەموو گەلی کورد و بەتایبەت رۆحی شۆرشی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دەستی پێکردووە. بێگومان لە وەها کاتێکدا ئەوەی کە لە هەموو هێزەکانی کورستان و گەلەکەمان چاوەروان دەکرێت یەکگرتوویی و یەکپارچەیی و هەڵوێست گرتنێکی روون و ئاشکرا لەبەرمبەر ئەم کردەوە دژە مرۆیی، تیرۆریستی و دژەکوردەیە.

وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە دژی گەلەکەمان لە خانەقین بە توندی شەرمەزار دەکەین و پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمان و بەتایبەت گەلی وڵاتپارێزی ئەم شارە و سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین و هیوای چاک بوونەوە بۆ بریندارەکانیش دەخوازین.

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
30.04.2014