جەژنی نەورۆز سەرەکیترین جەژنی گەلی کورد و جەژنی بەرخۆدان و سەرکەوتنی ئیرادەی گەلەکەمان بە سەر داگیرکاری و زۆردارییە و سەمبولی وڵاتپارێزی و پەیوەست بوونی گەلی کورد بە سروشت و نیشتمانیەتی. جەژنی نەورۆز هەروەها نرخی هاوبەشی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرانە و نیشاندەری ژیانێکی هاوبەش و ئاشتیخوازانە نێوان گەلانە.
نەورۆزی 2714ی کوردی (1393ی هەتاوی) لە ئاستی هەری بەرزدا، جەوهەر و واتای راستەقینەی نەورۆز، نوێنەرایەتی دەکات. گەلەکەمان لە هەرکاتێک زیاتر لە گەیشتن بە ئازادی نزیک بووەتەوە. ئەمڕۆکە گەلی کورد ئیرادەی بەهێزی خۆی بە تێکۆشانێکی قارەمانانە نیشانی هەموو جیهان داوە و لە سەر بنەمای ئەم ئیرادەیە، پێشەنگایەی داڕشتنی مۆدێلی هەری دیمۆکراتیک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لە راستیدا بەهاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوردستان پێکدێت.
ساڵی 2713ی کوردی (1392ی هەتاوی) ئەگەرچی ساڵی پێشکەوتنی گشتی لە پرسی گەلەکەمان لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت دامەزراندنی شکۆداری خۆسەری دیمۆکراتیک لە رۆژئاوای کوردستان بوو، بەڵام لە رۆژهەڵاتی وڵاتماندا سەرەڕای بانگەشەکانی بە ناو گۆڕانکاری کۆماری ئیسلامی و هاتنە سەر کاری دەوڵەتی روحانی، ئاستی گوشار، سەرکوت و ئیعدام لە هەرکاتێک بەرزتر بوو. لە ئیعدام کردنی دوو هەڤاڵی تێکۆشەرمان، حەبیبوللا گۆڵپەریپوور و رەزا ئیسماعیلی و هەری دوایی تیرۆری هەڤالمان شەهید دەرسیم لە شاری سنە، نیشانیدا کە سیاسەتی سەرەکی ئەم رژێمە لە بەرامبەر پرسی گەلەکەمان، تیرور و کوشتارە. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی کۆمەڵگای کورد و نرخەکانی ئەو لە ئاستی هەری سەرەوە لەم ساڵەدا بەردەوام بوو. هەوڵدان بۆ بێ ئیرادە کردن و بێ نرخ کردنی کۆمەڵگای کورد، تواننەوەی فەرهەنگی و کوشتاری سپی جەوانان، وەکوو کرداری سەرەکی رژێم لە دژی گەلەکەمان بە شێوازێکی ئاشکرا بەڕێوە دەچوو. بە تێپەڕکردنی ساڵی 2713 بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، رادەگەیەنین کە کاتی ئەوە هاتووە کە ئیرادەی گەلی کورد بەرێکخستنێکی بەهێزەوە کۆتایی بە سیاسەتی کوشتاری کۆماری ئیسلامی بهێنێت و بە دەستپێکردنی قۆناخێکی لە تێکۆشان، پێشەنگایەتی ئازادی و دیمۆکراسی لە هەموو ئێراندا بکات. نەورۆزی ئەمساڵ، سەرەتای بەهاری گەلی کورد و گەلانی ئێران دەبێت. بەرزکردنەوەی ئیرادەی رێکخستنی گەلی کورد و تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ هەموو گەلانی ئێران، ناوەڕۆکی راستەقینەی پیرۆزبایی نەورۆزی ئەمسالە. لەو چوارچێوەیەدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلەکەمان و هەموو گەلانی ئێران، دەسپێکردنی قۆناخێکی نوێ تێکۆشانی دیمۆکراتیک، وەکوو تاکەرێگای گەیشتن بە ئازدی و دیمۆکراسی و دەسپێکردنی بەهاری گەلان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەبینین.
سڵاوی و رێزی شوڕشگێڕی
کوردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
28.12.2713 / 19.03.2014