ئەهوەن چیاکۆ —
قڕکردنی چاندی یه‌کێک له تراژدیکترین شێوازه‌کانی قڕکردنه که به هیچ چه‌شنێک ناتوانین ره‌هه‌نده دزێوه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و قڕکردنه جه‌سته‌یانه‌ی که له رێڕه‌وه‌ی مێژوودا روویان داوه وه‌ک یه‌ک ببینین و بنرخێنین. ده‌توانین بڵێین گه‌وره‌ترین تاوانه له هه‌مبه‌ر مرۆڤایه‌تیدا. چونکه پاشماوه‌ی ئه‌و چه‌شنه قڕکردنه هه‌زاران جار ماڵوێرانکه‌رتر و دڵتهزینتر بووه. ئه‌گه‌ر چاوێک به قووڵایی مێژوودا بخشێنین به راشکاوی رووبه‌ڕووی گه‌لێک وێنه و نموونه ده‌بینه‌وه که زۆرجار به کوشتنی ملیۆنان که‌س نه‌یانتوانیوه نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ته‌واوه‌تی له ناو ببه‌ن، به‌ڵام به تواندنه‌وه‌ی زمانه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ته‌واوی سڕاوهتهو.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌و چه‌شنه قڕکردنه هه‌روه‌ک قڕکردنه جه‌سته‌یه‌کان ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌و لادانه‌ی له کۆمه‌ڵگای سروشتییه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی چینایه‌تی، وه‌ک به‌رهه‌م و رێبازی شاره‌ستانییه‌تی حاکم، بۆ قۆرخکردنی نرخه ماددی و مه‌عنه‌ویه‌کانی لایه‌نی به‌رانبه‌ر، واته: شاره‌ستانیه‌تی ــ دیموکراتیک هاته ئاراوه. دوابه‌دوای ئه‌و لادانه ژیاری ئه‌خلاقی ئه‌وه بۆ ماوه‌ی 5000 ساڵه له ژێر ته‌وژمی رهشبای شاره‌ستانی پاوانخوازه‌وه ده‌چه‌وسێته‌وه و تووشی هه‌زاران قڕکردن و ره‌شه‌کوژی چاندی و جه‌سته‌یی هاتووه و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌ڵه‌که و هێرشانه‌ی له لایه‌ن شاره‌ستانی سه‌رده‌سته‌وه به‌سه‌ریدا سه‌پاوه، به به‌رگریه‌کی گه‌وهه‌ری توانیویه‌تی به‌شێکی زۆر له به‌ها و نرخه‌کانی بپارێزێت.
کاتێک توێژێک له کۆمه‌ڵگا ده‌ستیان به سه‌ر به‌رهه‌می زێده‌ی کۆمه‌ڵگای سرووشتیدا گرت و ده‌ستیان به کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه، به رێبازی قۆرخکردنی به‌رهه‌می مرۆڤایه‌تی دا، هیدی هیدی چینایه‌تی ده‌وڵه‌تی ریشه‌ی دزێوی خۆی له سه‌ر سینگی کۆمه‌ڵگای ئه‌خلاقی ــ سیاسی داکوتا. له سه‌ره‌تای ئه‌و دیارده‌وه تا بگاته ئه‌مڕۆ هه‌م سروشتی یه‌که‌م، هه‌م سرووشتی دووهه‌م، واته: سرووشت به‌گشتی و کۆمه‌لگای سرووشتی به‌تایبه‌تی، له به‌ر ژان و ژاری مودا و نه‌شته‌ری ژاراوی ژیاری سه‌رده‌ست، ژان ده‌که‌ن و پێچ ده‌ده‌ن و ده‌ناڵێنن.
ئه‌وه بوو به بنه‌مایه‌ک بۆ رکه‌به‌رایه‌تی و سات و سه‌ودا کردنی ئهتنیسیتهکان له به‌رانبه‌ری یه‌کتره‌وه. ئهتنیسیتهیهک هه‌رچه‌ند توانیبێتی ده‌سه‌ڵاتی ماددی خۆی به‌رز بکاته‌وه، به‌و ئاسته‌یش ده‌بوو به خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و له‌شکه‌ری، که ئه‌وه‌ش بوو به هانده‌ری به‌کرده‌وه‌کردنی بیرۆکه‌ی داگیرکاری. لێره پرسیارێک دێته ئاراوه. گه‌لۆ هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌تنیسیته به‌م ره‌وشه رازیبوون؟ نه‌خه‌یر! ئه‌وه ته‌نیا گرووپێکی پاوانخواز بوون که به به‌هانه‌ی پێشخستنی ئهتنیسیتهی خۆیان هه‌ر هێرش و داگیرکهریهکیان ره‌وا ده‌دیت. له‌راستیشدا ته‌نیا ئارمانجیان به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆیان بوو، که بۆ گه‌یشتن به‌و به‌رژه‌وه‌ندیه، ته‌نانه‌ت له نێو ئهتنیسیتهی خۆیانیش ده‌ستیان به قورخکردن ده‌کرد. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش به هه‌زاران دا‌و و ته‌ڵه‌که، جه‌ماوه‌ری ئهتنیسیتهیان بۆ به‌هره‌گرتن له هێزی کارکردن و شه‌ڕکردن له گه‌ڵ خۆیان ده‌کرده یه‌ک. له‌م میژووه پێنج هه‌زار ساڵه‌دا به سه‌دان رێباز هاتۆنه‌ته گۆڕه‌پان و هه‌میشه به‌پێ پێویستی زه‌مه‌ن، ده‌مامه‌کی خۆیان گۆڕاوه، که دووایین دهمامهکهیشیان، ده‌مامه‌کی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌یه، که له ماوه‌ی سه‌دساڵی دوواییدا دوو شه‌ڕی جیهانی و ده‌یان شه‌ڕی هه‌رێمی هێناوه گۆڕێ و کوشتن و کۆچبه‌رکردن و قه‌ڵاچۆکردنی ملیۆنان مرۆڤ و ده‌یان و سه‌دان گه‌لی بنده‌ستی به‌دووادا بووه. ئیدی ئه‌وه بوو به‌هۆی هێرشکردنی لایه‌نی سه‌رده‌ست به سه‌ر لایه‌نی بنده‌ستدا. لایه‌نی بنده‌ستیش یا له به‌رانبه‌ری ئه‌و ترس و وه‌حشه‌ته‌ی به سه‌ریدا هاتووه چۆکی داداوه، یا به پێشکه‌شکردنی هه‌زاران ئه‌ندامی خۆی مه‌ته‌رێزی به‌رخۆدانی به‌رنه‌داوه. زۆرن و که‌م نین ئه‌و گه‌لانه‌ی که تائیستایش چۆکیان نه‌داوه و به‌رخۆدانی ده‌که‌ن. گه‌له نهبهزهکهمان نموونه‌ی هه‌ره زێندوو و به‌رچاوه.
ئه‌گه‌ر گه‌لێک له لایه‌ن سه‌رده‌سته‌وه نرخه مادیه‌کانی قۆرخکرابێ، بێگۆمان نرخه مهعنهویهکانیشی به‌ته‌واوه‌تی نه‌پارێزراون. چونکه کاتێک لایه‌نێکی سه‌رده‌ست ده‌ست به سه‌ر نرخه مادییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک داده‌گرێ له بواری چاندی و زمانیشدا له سه‌ر لایه‌نی بنده‌ست زاڵ ده‌بێت. واته: هه‌رچه‌نده بتوانێت بتوێنێته‌وه به‌و ئاسته‌یش رێگه له به‌ر پاوانخوازی ئاواڵه ده‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ش له‌لایه‌که‌وه ئیمکانی ژیانکردن به زمان و چاندی خۆیانی بۆ ناهێڵێته‌وه، له لایه‌کیتریشه‌وه هه‌موو کات له نێو خۆیدا وه‌ک هاوڵاتی دووهه‌م و به چاوێکی سووکه‌وه لێیان ده‌ڕوانێ و همیشه بچووک ده‌یانبینێت.
هه‌ر ده‌سه‌ڵات و لایه‌نێکی پاوانخواز، هه‌رچه‌نده بتوانێت سیاسه‌تی توواندنه‌وه به سه‌رکه‌وتوویی سه‌ر بخات و پێکهاته‌ی پلۆرالیزه، واته: فره‌ره‌نگی چاندی و زمانی کۆمه‌ڵگا که دهوڵهومهندی سه‌ره‌کی و ره‌هه‌ندی سروشتی کۆمه‌ڵگای سروشتییه به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی هموژن، واته: یه‌ک چاندی و ته‌ک زمانی ببات، به‌و ئه‌ندازه‌یش ده‌توانێت بیرۆکه‌ی پاوانخوازانه‌ی خۆی بخاته بواری کردارییه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یش له سه‌ره‌تای شاره‌ستانی پێنج هه‌زاره‌ی ماددییه‌وه تا بگاته رۆژی ئه‌مڕۆ، تواندنه‌وه‌ی چاندی و زمانی به دوو شێوازی ئاسمیلاسیۆنی کلاسیک و ئتۆئاسمیلاسیۆن، واته: تواندنه‌وه‌ی زۆره‌ملی و خۆ تواندنه‌وه په‌یره‌و کراوه. کاتێک دوژمن له به‌رخۆدانی گه‌له کۆڵنه‌ده‌ره‌کان له به‌رانبه‌ری رێبازی کلاسیک و زۆره‌ملی، بێهیوا بووه، ئه‌وکاته ئارمانجی خۆی به هه‌موارکردنی رێبازی خۆتواندنه‌وه که مه‌ترسی ئه‌و رێبازه گه‌لێک مه‌ترسیدارتره په‌یره‌و کردووه. واته: یا به هێرشکردن و کوشت‌وبڕ و قه‌ده‌خه و قه‌ڵاچۆکردن و ماڵوێرانی ئه‌و ئارمانجه ناحه‌زه په‌یره‌و کراوه یا لایه‌نی سه‌رکوتکه‌ر زمان و چاندی خۆی کردووه به سه‌رچاوه‌ی ئابووری و هه‌روه‌ها به قۆرخکردنی که‌ره‌سه‌ی راگه‌یاندن و په‌روه‌رده، زمانی خۆی وه‌کوو نرخێکی پیرۆز و هێمای پێشکه‌وتوویی نیشان داوه و هاوته‌ریبیش سه‌رچاوه‌ی ئابووری له زمان و چاندی ژێرده‌ست وشک کردووه و وه‌ک هێمای پاشکه‌وتن نیشان داوه، تا ئه‌و نرخه له‌لایه‌ن رۆڵه‌کانی، که‌م بایه‌خ و ته‌نانه‌ت بێ بایخ بکات. ئیدی ئاخاوهرانی ئه‌و زمانه له رووی ناچاری و هه‌ژاری و نه‌زانییه‌وه بۆ به‌رده‌وامی ژیانی کۆیلایه‌تی ناچار بوون ئاو بکه‌ن به ئاشی خۆتواندنهوهدا و ئه‌وه‌یان وه‌ک: ته‌قدیرێکی نه‌گۆڕ و پێویستیه‌کی سرووشتی زانیوه. له درێژه‌ی مێژوو و ئیستاشی له‌سه‌ربێ ئه‌و هه‌ردوو شێوازه‌ی تواندنه، داوێنی گه‌له‌که‌مانی گرتۆته‌وه که هێرشی ئاشوور و روم و عه‌ره‌ب له سه‌ر کوردستان، نموونه‌ی مێژوویی و پارچه‌کردنی کوردستان له ناوبه‌ری چوار ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رکوتگه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و په‌یره‌وکردنی سیاسه‌تی به تورککردن، ته‌عریب و به فارسکردنی گه‌لی کورد له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه له مێژووی سه‌رده‌مدا نموونه‌ی ئه‌مڕۆیین. بۆ نموونه له سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتداری که‌مالیزم له تورکیا، ئاخاوتنێکی کوردی تاوانی هه‌ر گه‌وره بوو. تا ئاستێک که قرانێک پاره، بارمته‌ی به‌کارهێنانی وشه‌یه‌کی کوردی بووه. ئه‌وه له حاڵێکدا بووه که به‌های بزنێک دوو قران بووه. وه‌ک ده‌زانین هه‌نووکه‌یش له تورکیا قه‌ده‌غه‌ی زمانی کوردی له یاسای بنه‌ڕه‌تی تورکیا هه‌ڵنه‌گیراوه. له ئێران و سووریهیش په‌رورده‌ی فه‌رمی به زمانی کوردی نیه و له باشووری کوردستانیش دوو زاراوه‌ی خواره‌وه، واته: هه‌ورامی و فه‌یلی که به‌شێکی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌ندی وێژه‌ی کوردین، له په‌روه‌رده‌ی فه‌رمی، له سه‌ره‌تاوه بێبه‌رین. وه‌کووتر زمانی کوردی به هه‌موو زاراوهکانییهو بۆ که‌وتنه نێو بازنه‌ی میدیا و راگه‌یاندن رووبه‌ڕووی گه‌لێک کوسپ و ئاسته‌نگی داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ش مژارێکی نادادورییه و له سه‌ر تاک و کۆمه‌ڵگای کورد کاریگه‌ری نه‌رێنی داده‌نێت.
که‌سایه‌تی و توواندنه‌وه
نیشتمانیبوون:
مرۆڤێك که تووشی توواندنه‌وه‌ی کلتووری هاتووه، یان گرنگتر له هه‌ر شتێک مافی په‌روه‌رده و ئاخاوتن به زمانی دایکی لێ زه‌وت کرابێ، هه‌رده‌م رابردووی خۆی وه‌ک پاشڤه‌ڕۆیی ده‌زانێت. له راستی خۆی دوور ده‌کوێته‌وه و ده‌بێت به‌شێک له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که رۆژبهدووایرۆژ نرخی نه‌ته‌وه‌که‌ی قۆرخ ده‌کات و گه‌له‌که‌ی ده‌چه‌وسێنێته‌وه. هیچ بایه‌خێک به نرخه مه‌عنه‌ویه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی نادا و ته‌نانه‌ت ده‌بێ به میکانیزمی شێواندنی پێکهاته‌ی کلتوور، وڵاته‌که‌ی و که‌سایه‌تیه‌کی بێکاریگه‌ر، دژه شۆڕش و دژه وڵاتی لێ بار دێت. ئاسۆی تێڕوانینی ده‌بێت به ڕه‌وتێک که به ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌ی زێد و مه‌ڵبه‌ندی دایکییه. به هیچ شێوازێک له زێد و ماوای خۆی ناهزرێ و بازنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ده‌بێت به بازنه‌یه‌کی بیانی. له راستیدا که‌سێکیش له سه‌ر راستی نیشتمانه‌که‌ی قووڵ نه‌بێته‌وه و وڵاتی خۆی نه‌کاته بازنه‌ی شیکاری خۆی، ناتوانێت راستی خۆشی بدۆزێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر تاکێک له چوارچێوه‌ی فورمۆڵی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ردا شیکردنه‌وه بکات و بفکرێت، له چه‌مکی ئازادی نه‌ته‌وه‌یی دوور ده‌که‌وێته‌وه و ناتوانێت له گه‌شه‌کردنی نرخه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کاریگه‌ری هه‌بێت. ته‌نانه‌ت ناتوانێ له‌سه‌ر ئه‌و نرخانهیش پێ‌داگر بێت.
ته‌ک تیپی و ئاکامه‌کانی، له ئه‌نجامی تواندنه‌وه‌دا:
ئه‌و بیرۆکه‌ی که داگیرکه‌ر دایده‌سه‌پێنێت، که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ک ــ تیپ و ته‌ک ــ رههند به‌رهه‌م دێنێت که ده‌بێته هوی بێباوه‌ڕی، دووڕوویی، چۆکددادان، ترسنۆکی، نادیموکڕاتیک بوون و … هتد. هێز و توانای به‌رخۆدانی له ده‌ست ده‌چێت و بێ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌ک ته‌سلیمی چه‌مکی داگیرکاری ده‌بێت. ته‌ک ــ تیپی به‌رهه‌می سیسته‌مه سه‌رده‌سته‌کانه، به ئارمانجی قۆرخ کردنی ره‌نج و پاوان‌کردنی به‌ها و نرخه بنه‌مایه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ژێرده‌ست. به خوڵقاندنی تاکێکی بێئیراده، کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌کوو مێگه‌ل پێک دێنێت و بنکه بۆ پاوان کردنی ده‌ستره‌نجی زه‌حمه‌تکێشان و نرخی مه‌عنه‌وی، وه‌ک چاند و زمانی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست ده‌کاته‌وه. ته‌ک ــ تیپی له مرۆڤ هێمایه‌کی یه‌ک ره‌هه‌ند دروست ده‌کات، که به به‌هانه‌ی پێشکه‌وتن و گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سک، گۆڕه‌پانی رکه‌به‌رایه‌تی ده‌کا به مکانیزمی له ناوبردنی نرخه دێرینه‌کانی خۆی و به شێوازێکی خه‌ڵه‌تاو، وه‌ک بنه‌مایه‌کی هزری و به‌هره‌مه‌ندبوون له که‌ره‌سه و نرخه پووچ و بێواتاکانی شاره‌ستانی سه‌رده‌ست له نێو سیسته‌مه سه‌رده‌سته‌کاندا به سه‌رلێشێوایی و هه‌ڵواسراو ده‌مێنێته‌وه و هه‌مووکات چاره‌سه‌ری له پانتایی و پێشکه‌وتنی هه‌رچی زۆرتری ده‌سه‌ڵاتداری سیسته‌مه داگیرکه‌ره‌کاندا ده‌بینێت. له ره‌وشێکی وه‌هادا به هیچ جۆرێ، ئه‌و که‌سایه‌تییه هێزی پێشبردن، زیندووکردن و ته‌نانه‌ت پاراستنی نرخه و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له خۆ نابینێت و له‌بواری که‌سایه‌تییه‌وه ناتوانێت له گه‌ڵ چوارچێوه‌ی شوناسی خۆی هاوسه‌نگ بێت. که‌سایه‌تییه‌کی ئاسمیله‌کراو ناتوانێت بیر له مژاری سیاسی و ئه‌خلاقی بکات و هه‌موو شتێک له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆی ده‌بینێت. له واتا داده‌بڕێ و ده‌بێته ئامێری ده‌ستی داگیرکه‌ر بۆ قورخ کردنی نرخه نیشتمانییه‌کان و هه‌روه‌ها ده‌بێته ئاشگێڕی چه‌مکی دزێوی ئۆتۆئاسمیلاسیۆن. له‌بواری فه‌لسه‌فییه‌وه تووشی قه‌یرانی هه‌ره‌به‌رزی که‌سایه‌تی ده‌بێت و له‌وێدا ئیدی هاواری کومه‌ڵگا به‌رز ده‌بێته‌وه. داگیرکه‌ر نکوڵی له ئه‌خلاق (پێویستیه‌که‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری کۆمه‌ڵگای ئازاد) ده‌کات و وه‌ک هێمای دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگا نیشانی ده‌دات و به‌م جۆره هیچ به‌رخۆدانێک بۆ پاراستنی نرخه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێشناکه‌وێت و بگره به‌رخۆدانیش که پێوه‌ری هه‌ره بنه‌ڕه‌تی ئه‌خلاقه به دوواکه‌وتوویی ده‌ژمێرێت. له ئه‌نجامدا به هیچ پهرهنسیپێکی ئه‌خلاقی پایه‌به‌ند نامێنێت و له به‌رانبه‌ری ئایدیۆلۆژیا ئازدیخوازهکانیشهوه دژبه‌ر ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وکاته قه‌یرانی که‌سایه‌تی ده‌گاته لووتکه و هه‌ر واتایه‌ک ئینکار ده‌کات و تاک و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌چن.
درووست‌کردنی که‌سایه‌تییه‌ک به‌م شێوه‌یه، سه‌ره‌تا به دوورخستنه‌وه‌ی تاک له نرخه ئه‌تنیکی و نه‌ته‌وه‌کانییه‌وه پێکدێت، ئه‌وه‌ش به ئارمانجی بنده‌ستکردنی کۆمه‌ڵگا له لایه‌ن چینی پاوانخوازه‌وه په‌یره‌و ده‌کرێت. به‌وبۆنه‌وه زمان که رۆڵی هزرمه‌ندی و رووناکبیریی وه‌ئه‌ستۆوه و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی هزر و رامانه، به‌ر له هه‌ر نرخێکیتر ده‌که‌وێته به‌ر په‌لاماره‌وه. له راستیدا ئه‌گه‌ر بێت و تاکێک به زمانی دایکی خۆیه‌وه په‌روه‌رده ببینێت و له‌گه‌ڵیدا ژیان بکات و مه‌زن ببێت، باشتر له رابردووی وڵاته‌که‌ی تێده‌گات. سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به هه‌ست و داخوازی خۆیه‌وه که‌م و کورتییه مێژوویه‌کانی گه‌له‌که‌ی ده‌نرخێنێت و لێیان تێده‌گات. هاوته‌ریبیش خاڵه به‌هێز و ئه‌رێنییه‌کانی مێژووی گه‌له‌که‌ی ده‌ناسێت و رێگاچاره به تێپه‌ڕکردنی خاڵه نه‌رێنییه‌کانی ده‌توانێت له به‌رانبه‌ر بیرۆکه‌ی پاوانخواز و تاڵانکه‌ر کاردانه‌وی هه‌بێت و به‌رخۆدانی بکات.
که‌سایه‌تییه‌ک که به ده‌ستی داگیرکه‌ر، بۆ یه‌ک ره‌نگکردنی پێکهاته‌ی فره‌ره‌نگی کۆمه‌ڵگا و به مه‌به‌ستی رێگا کردنه‌وه بۆ پاوانخوازی دروست ده‌بێت، ناتوانێت له پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگادا رۆڵ بگێڕێ و هه‌رچه‌نده ئه‌و که‌سایه‌تییه بکه‌وێته ئه‌و گێژاوه‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌یش هه‌ناسه‌کێشانی کۆمه‌ڵگا ئاسته‌نگ ده‌بێت. ئه‌و یهکرهنگ کردنه‌وه خۆبه‌خۆ رێگای دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگا به‌ربه‌ست ده‌کات. له راستیدا ئه‌وه بۆ خۆی پێشێلکردنی راشکاوی دیموکراسییه. چون سیاسه‌تی یه‌کڕه‌نگکردن له نێو پێکهاته‌ی فره‌ڕه‌نگی کۆمه‌ڵگادا شتێک نییه که به داخوازی به‌ڕێوه بچێت، مه‌گه‌ر ته‌نیا به له ناو بردن، زه‌خت و گوشار. کۆمه‌ڵگایه‌ک که تووشی پێکهاته‌ی ته‌ک ــ تیپی دێت، ئیدی هیچ پێویستییه‌ک به به‌ره‌نگار بوونه‌وه له به‌رامبه‌ری چه‌مکی داگیرکاری نابینێت. بێگومان ره‌وشێکی به‌و جۆره‌ش کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و کۆیله‌تی، کۆچبه‌ری، برسیه‌تی، بێ‌شوناسی، ناکۆکی، شه‌ڕ و… هتد، ده‌بات که ئه‌وه‌ش له گه‌ڵ بنه‌مای ئازادی‌دا ناکۆکه. واته کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ک ــ تیپ له ئازادی دووره و تا رزگاربوون له‌و کهسهیهتییهی له ئاکامی توواندنه‌وه پێکهاتووه، کۆمه‌ڵگا له کۆیله‌تیدا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و کۆیله‌بوونه ته‌نیا بۆ چینی بنده‌ست نییه، به‌ڵکوو به‌رۆکی توێژی سه‌رده‌ستیش ده‌گرێته‌وه. که‌سایه‌تی ته‌ک ــ ره‌هه‌ند له پێناوی دیموکراسی ده‌وڵه‌تیدا هێزێکه بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لان، که ئه‌مڕۆکه له پانتایی گۆی دونیادا به راشکاوی ده‌بیندرێت. ئه‌وه بۆ خۆی له‌به‌ر یه‌کێتی گه‌لان به‌ربه‌سته و رێگای له‌به‌ر شه‌ڕ و ئاژاوه‌گێڕی ده‌سه‌ڵاته ستاتۆپارێزه‌کان به مه‌به‌ستی پاوانی سه‌رچاوه ئابووریه‌کان و به‌چۆک هێنانی گه‌لان کردۆته‌وه. هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی که روویان داوه ئاکامی سیاسه‌تی توواندنهوهیه که به مه‌به‌ستی قورخکردنی سوود و سه‌رمایه په‌یره‌و کراوه. به شێوازێکی‌تر ده‌توانین بێڵین که ته‌ک ــ ره‌هه‌ندی، واتا فورمۆلهکردنی تاکگه‌لێک له شڵه‌ژاوی دۆخی قه‌یراناوی سیسته‌مه‌کانه که تاکه‌کان له چه‌قبه‌ستوویه‌کی هزری له ژێر خزمه‌تی پاوانخوازیدا کۆ ده‌کاته‌وه و به هیچ جۆرێ ئیزن به ئه‌و فره‌ڕه‌نگییه‌ی که داخوازی ئازادیخوازانه‌ی هه‌یه نادات. ئه‌مه‌ش تاک تووشی قه‌یرانی که‌سایه‌تی و کۆمه‌ڵگاش په‌رته‌وازه ده‌کات و له‌به‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکرات و ئازاد ده‌بیت به ئاسته‌نگی هه‌ره‌گه‌وره.
توواندنه‌وه و رووناکبیری:
کۆمه‌ڵگای کوردی یه‌کێک له نموونه به‌رچاوه‌کانه که به ساڵانه له ژێر ره‌شه‌کوژی چاندی و جه‌سته‌یی دایه. ئه‌و هیلالهزێڕینهی که سه‌رچاوه‌ی پێشکه‌وتنی هزری کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه، له ئاکامی توواندنه‌وه‌ی سه‌پێندراودا له تێڕوانینی داگیرکه‌ر و به‌شێک له ئه‌و رووناکبیرانه‌ی که تامزرۆی بێگانه‌ن، وه‌ک ناوه‌ندی پاشکه‌وتوویی ده‌بیندرێت. وڵاتێ که هه‌موو هێماکانی به‌هه‌شت له خۆی ده‌گرێت، له‌م چل ساڵه‌ی دواییدا، وه‌ک مه‌ڵبه‌ندێک که چیتر مه‌رجی ژیان تێدا نه‌ماوه، رۆژبه‌ڕۆژ قافڵه‌ی کۆچبه‌ریی به‌ره‌و هه‌نده‌ران درێژتر ده‌بێت. به‌داخه‌وه ئه‌و کۆچبه‌ریه له لایه‌ن رووناکبیری ئاسمیله‌کراو، وه‌ک پێویستییه‌ک ده‌بیندرێت که ئه‌وه‌ش هه‌ڵاتن له به‌رخۆدانه. زمانێک که ریشه‌ی وێژه‌یی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، له لایه‌ن رووناکبیری توواندراوهوه وه‌ک زمانێک که ناتوانێت ببێت به زمانی سیاسه‌ت، فه‌لسه‌فه، ئابووری، پزشکی و… هتد، ده‌بیندرێت. ئه‌م مژارانه و ئه‌و شتانه‌ی که له به‌شی توواندنه‌وه و که‌سایه‌تیدا ئاماژه‌ی پێکرا، بوونه‌ته هۆی ئه‌وه که له وه‌ڵاته‌ی ئێمه، وڵاتی رووناکی و سه‌رهه‌ڵدان، یا رووناک‌بیر ده‌رنه‌که‌وێت یان ئه‌گه‌ریش ده‌ربکه‌وێت به هزر و رامانی داگیرکه‌ره‌وه ده‌ربکه‌وێت. یان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده وره و ویژدانی مابێت که نه‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری داگیرکه‌رانی کوردستانه‌وه، ئه‌مجار هه‌رده‌م رووی له رۆژئاوایه، که ئه‌وه‌ش ئاکامه‌که‌ی هه‌ڵاتن، دوورکه‌وتنه‌وه و ونبوون له ره‌گ و ریشه‌ی خۆیه. ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی دوور و هاوچه‌رخی گه‌له‌که‌مان بده‌ینه‌وه، به‌دی ده‌کرێ که دوای رووناکبیرانێک وه‌ک ئه‌حمه‌دی خانێ و نالی و حاجی‌قادری کۆیه‌یی و مه‌وله‌وی و بێسارانی و پیره‌مێرد و جگه‌رخوێن و… هتد، له‌و ناوبه‌ره‌ی که توواندنه‌وه له کوردستان ده‌گاته لووتکه تا بگاته عوسیانی رێبه‌ر ئاپۆ و سه‌رهه‌ڵدانی PKK، له کوردستاندا بۆشایه‌کی رووناکبیری له ئارادایه. ئه‌گه‌ر رێبه‌ر ئاپۆیش له‌و دۆخه ناله‌باره‌ی کوردستاندا که ئاگری داگیرکاری رۆژ به‌دوای رۆژ نرخی گه‌له‌که‌مانی دهتوواندهوه، وه‌ک رووناکبیرێکی کوردستانی سه‌ریهه‌ڵدا به هۆی ئه‌ووه بوو، که سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی داگیرکه‌ر نه‌یتوانی خۆلیاکانی کوردبوونی بپسێنێت و بیتاوێنێته‌وه. به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه بناخه‌ی به‌رخودانێکی شۆڕشگه‌رانه‌ی داڕێژاند، که ئه‌مڕۆ ئێمه به راشکاوی به‌رهه‌می ئه‌و به‌رخۆدانه ده‌بینین. سه‌روکایه‌تی ده‌ڵێت من له باڵاترین زانکۆی تورکیا کارناسیباڵای زانستی رامیاریم وه‌رگرت، به‌ڵام به‌و ئاکامه گهیهشتم که ئه‌وشته‌ی له سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی داگیرکه‌ر فێر بووم، نه‌ته‌نیا له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌م و مرۆڤایه‌تیدا نییه، بگره من دێنێته به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌م، که ئه‌وه‌ش به هیچ ئاوایه‌ک له‌گه‌ڵ خولیای ئازادیخوازانه‌ی رێبه‌ر ئاپۆدا ناگونجێت. هه‌روه‌ها رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت: ”هه‌رچه‌ند که له سه‌ره‌تای درووستبوونی PKK دا، له ژێر کاریگه‌ری لننیسم ــ مارکسیسمدا بووین، به‌ڵام زۆر پێویستیم به خوێندنی به‌رهه‌مه‌کانییان نه‌ده‌دیت. چۆن نرخاندنه‌کانی ئه‌وان به‌پێی کۆمه‌ڵگای خۆیان بووه و من ده‌بێ کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌ڵبسه‌نگێنم”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ”شۆڕشی ئێمه شۆڕشی کوردستانه و کوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه”. رێبه‌ر ئاپۆ ده‌یه‌وێت ئاماژه به‌وه بکات که ئه‌گه‌ر رووناکبیرێکی چه‌پیش له کوردستان خوڵقا، ده‌بێ رووناکبیرێک به گوێره‌ی پێداویستی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کوردستان بێت.
ئه‌مڕۆ ده‌بینین که هه‌م ئه‌و رووناکبیره‌ی له سیسته‌می داگیرکه‌ردا په‌روه‌رده کراوه و هه‌م ئه‌و رووناکبیره‌ی که ئاسۆی دیتنی رۆژئاوایه، له به‌ر رێگای چه‌مکی شۆڕشگێڕی له کوردستاندا له‌مپه‌رن. له مه‌رجی یه‌که‌مدا رووناک‌بیر، به‌ره‌ی داگیرکه‌ر هه‌ڵده‌بژێرێت و هه‌مووکات وه‌ک، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه که داگیرکه‌ر وه‌کوو به‌شێک له خۆی په‌سه‌ندی بکات و هاوکات بزه‌ی داگیرکه‌ر وه‌ک خه‌ڵاتێک ده‌بینێ و هه‌رده‌م بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی بڕینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئامادیه. له مه‌رجی دووه‌مدا ئه‌گه‌ر رووناک‌بیر راسته‌وخۆ نه‌بووبێت به پیاوی داگیرکه‌ر، پێویستییه‌ک بۆ ئاوه‌ڕدانه‌وه له به‌ها نه‌ته‌وییه‌کان نابینێت. له لایه‌که‌وه داگیرکه‌ر په‌سه‌ند ناکات که ئه‌وه ره‌هه‌نده ئه‌رێنییه‌که‌یه، له لای دیکه‌وه باوه‌ڕی به نرخه نیشتمانییه‌کان نه‌ماوه که ئه‌وه‌ش ره‌هه‌نده نهرێنییهکهیه و ئاکامه‌که‌ی بێکاریگه‌ر بوونه. نه‌ته‌نیا هه‌وڵی پاراستنی نرخه نه‌ته‌وییه‌کان نادات، بگره به دواکهوتۆبوونیشی ده‌زانێت. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه دانیشتن له نێو وڵات له‌به‌رچاوی ره‌شبێت و رووبکاته دیاسپۆرا و گۆڕه‌پان بۆ قۆرخکردنی داگیرکه‌ر ده‌هێڵێته‌وه و هه‌رله‌دووره‌وه ته‌نیا به قسه و بێکرده‌وه، هه‌ست ده‌کات که شۆڕشگێڕه. له راستیدا داگیرکه‌ریش هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێت. له‌وێش ئه‌گه‌ر له توواندنه‌وه‌ی هزری و زمانی و چاندی له نێو بازنه‌ی داگیرکه‌ردا خۆی رزگار کردووه، ئه‌مجاره خۆی و منداڵه‌کانیشی له نێو هزر و زمان و چاندی وڵاتێکی رۆژئاوایی‌دا ده‌توێنێته‌وه. جا نازانم توواندنه‌وه به ده‌ستی داگیرکه‌ر به زۆره‌ملی، یان خۆتوواندنه‌وه له وڵاتێکی رۆژئاوایی چ فه‌رق و جیاوازییه‌کی هه‌یه. مه‌گه‌ر ئاکامی هه‌ردوو رائێڵکه ده‌رچوون له ره‌گ و ریشه نییه. ئه‌ڵبه‌ته لێره‌دا مه‌به‌ست ره‌دکردنه‌وه‌ی زمانی ده‌ره‌کی نییه. به مه‌رجێك که مرۆڤ زمان و زاراوه‌ی خۆی بپارێزێت، ده‌توانێ چه‌نده‌ش بخوازێ زمانی ده‌رکی فێر ببێت. بێگومان ئه‌وه نه‌ته‌نیا نه‌رێنی نییه بگره زۆر ئه‌رێنیشه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و بۆ فێربوونی نه زارێکی ده‌ره‌کی به‌ڵکوو ده‌یان زاریش زمان و زاراوه‌ی خۆت له ده‌ست بده‌ی، نه‌ته‌نیا فێربوون نییه به‌ڵکوو توواندنی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌وشته‌ی گوترا به‌و مه‌به‌سته نییه که هه‌مووی ئه‌و کوردانه‌ی چوونه‌ته هه‌ندران له ره‌گ و ریشه‌ی خۆیان دابڕاون. بێگومان به‌شێکی زۆری گه‌له‌که‌مان له هه‌نده‌ران له بازنه‌ی خۆڕاگری و شۆڕشگه‌ری مه‌زن دان و هیچ هێزێک ناتوانێ دڵیان له کوردستان داببڕێت و ته‌نیا له‌به‌ر زه‌خت و گوشاری داگیرکاری وڵاتیان به‌جێهێشتووه. لێره مه‌به‌ست ئه‌و توێژه‌ن که ده‌چن و ئیدی پاشسهری خۆیان چاولێناکه‌ن و سه‌رخۆشی ژیانی بیانین و نرخ و میراسی پیر و کاڵی خۆیان نیشانه‌ی دوواکه‌وتوویی ده‌بینن. له‌راستیدا ئه‌وانه په‌یوه‌ندیان به رووناکبیرییه‌وه نییه، چۆن رووناکبیری هه‌ر وڵاتێک ئه‌رکداری پاراستنی نرخه نیشتمانی و ئه‌خلاقییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌یه. گه‌لۆ رووناکبیرێک که تا دوایی توواوه‌ته‌وه ده‌تووانێت ئه‌و ئه‌رکه له ئه‌ستۆ بگرێت؟
رێگه چاره:
بێگومان پێکهاته و زێهنییه‌تی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه، وه‌ک به‌رهه‌می کۆمه‌ڵناسی پۆزۆتۆویسم که له به‌ره‌ی راستدا نازیسم و له به‌ره‌ی چه‌پدا ستالینیسمی لێ که‌وته‌وه، نه‌ته‌نیا له‌م دوو سه‌ده‌ی دوواییدا نه‌یتوانیوه وڵامی مرۆڤایه‌تی بداته‌وه، بگره کۆمه‌ڵگاکانی ئاڵۆزتر کردووه و هه‌ر رۆژ قه‌یران درووست ده‌کات. ره‌وشی ئیستاکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که گه‌لانی نیشته‌جێی به ساڵانه، به ئاوایه‌کی ئاشتییانه له‌گه‌ڵیه‌کدا ژیاون به‌رچاوه. ئه‌و ره‌وشه نالهبارهیش که به‌رۆکی ناوچه‌که‌ی گرتۆته‌وه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کیتری جیا له زیهنیه‌تی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه نییه. چۆن ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئینکار و ئیمحا، به مه‌به‌ستی توواندنه‌وه بۆ سازکردنی پێکهاته‌یه‌کی هموژن به ئارمانجی قورخکردنی ره‌نج و به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی. له به‌رانبه‌ر ئه‌و تهووژمهیشهوه، گه‌وهه‌ری به‌رخۆدان و ویستی پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که هه‌موویان له سه‌رچاوه‌ی مزۆپتامیاوه هه‌ڵقوڵاون راست ده‌بێته‌وه. له‌وێدا ئه‌و ناکۆکی، ئاڵۆزی و ره‌وشه ناڵه‌باره دێته ئاراوه، که به‌رۆکی گه‌لانی ناوچه‌که‌ی گرتۆته‌وه و ئێمه ده‌یبینین. ره‌وشی ئیستاکه‌ی ئهفغانهستان و ئێراق و ئێران و تورکیا و سووریا و وه‌ڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که راستی ئه‌م ره‌وته دزێوه دهردهخاتهروو. له لایه‌که‌وه گه‌لان ئیزن ناده‌ن نرخه‌کانییان که هه‌زاران ساڵه به فیداکاری پیر و کاڵیان پارێزراوه له لایه‌ن مێرده‌زمه‌ی داگیرکاری ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌وه دابقورتێت و له نێو ئاگری هموژنیسم بتوێته‌وه، له لایه‌کیتره‌وه له‌به‌ر بێ ئاڵترناتیوی یاکوو نه‌بوونی ئاڵترناتیوێکی شیاو که له‌گه‌ڵ راستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ناکۆکی نه‌بێت، مه‌خابن ته‌ڤگه‌ره‌کانی دژبه‌ری داگیرکه‌ره ده‌رکییه‌کان، که دووای 11 ئه‌یلوولی 2001 چڕووپڕتر ده‌ستییان به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا گرت و ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه ستاتۆپارێزهکانی ناوچه، بوونه‌ته لایه‌نێکیتری قه‌یران له ناوچه‌که.
کاتێک ژیاری مادی له چوارسه‌د ساڵی دوواییدا به سه‌رکرده‌یی مودێڕنیته‌ی کاپیتالیسم هه‌ستی کرد که ئیدی پێکهاته‌ی قه‌بیله‌یی و عه‌شیره‌یی له به‌ر به‌ده‌ستخستنی وزه‌ی کار و قۆرخکردنی به‌رهه‌م و هه‌روه‌ها کڕین و فرۆتنی کاڵاکانی ئاسته‌نگه، بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی داڕژاند و ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌ی وه‌ک هێمای ئازادی گه‌ڵان ناساند. پاشان بۆ کرداریکردنی ئه‌و مه‌به‌سته ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی خسته نێو هزری گه‌لان، تا به به‌کارهێنانی ته‌ڵه‌که‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، گه‌ل بۆ هێرشکردن له‌سه‌ر گهلانیتر له گه‌ڵ خۆی بکاته یه‌ک. به‌و بۆنه‌وه ئیدی پێکهاته‌ی کلاسیکی کۆمه‌ڵگا، ناتووانێ چاوبرسیه‌تی لایه‌نی پاوانخواز تێر بکات و له‌سه‌ر رێی به‌ربه‌سته. پێوه‌ری ئه‌خلاقی عه‌شیره و ئه‌تنیک، ئیزنی نه‌ده‌دا ئه‌ندامانی ببن به کۆیله‌ی سه‌رمایه و هه‌مووکات نرخی مادی و مه‌عنه‌وی خۆیانی ده‌پاراست و هه‌روه‌ها له به‌رهه‌می خۆیان که‌ڵکیان ده‌گرت و پێویستییان به هاورده نه‌بوو. ئه‌وه‌ش له به‌ر کڕین و فرۆتنی کاڵاکانی کاپیتالیسم به‌ربه‌ستی مه‌زن بوو. بۆیه بۆ دروستکردنی پێکهاته‌یه‌کی هموژن به نێوی ته‌ک ــ نه‌ته‌وه، به دروشمی ته‌ک زمان، ته‌ک ئاڵا، ته‌ک چاند، ته‌ک دین و…هتد، که‌وته گه‌ڕ. سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون که هه‌رچه‌ند بتوانی به زۆره‌ملی یا ناچاری نرخی گه‌لی بنده‌ست بتوێنیتهو، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌تووانی ئه‌وان هان بدات به‌ره‌و نه‌ته‌وه بوونێک که ئه‌وان ده‌یانه‌ووێت. ته‌نانه‌ت زۆرجار له نێو نه‌ته‌وه‌یه‌کدا ئهتنیسیتهی سه‌رده‌ست به په‌یره‌وی شوئنیسمی زاراوه‌یی و به هه‌رای سهرتهری کلتووری ئه‌تنیکی، ئهتنیسیتهی سه‌رده‌ست، هێرشی بردۆته سه‌ر ئه‌تنیکه که‌مینه‌کانی خۆیی و زاراوه و چاندی ئه‌تنیکی ئه‌وانی به زۆره‌ملی و ناچاری توواندۆته‌وه. هه‌رچه‌ند رۆژئاواییه‌کان له ژێر گوشاری چه‌مکی پۆستمۆدڕنیسم، ناچار بوون هه‌ندێ له پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه گۆڕان پێک بێنن و نه‌رمتری بکه‌ن، به‌ڵام ناتوانین بڵێین توانیویانه زێهنییه‌تی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌ی کلاسیک تێپه‌ڕ بکه‌ن. هه‌مووکاتیش مه‌ترسی درووست بوونه‌وه‌ی دووباره‌ی، له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌ی گولوبال هه‌یه. به‌ره‌ی ئیسلامیش ده‌خوازێ له رایه‌ڵکه‌ی ئۆمه‌تی ــ ئیسلامییه‌وه ئه‌و دۆخه قه‌یرانییه تێپه‌ڕ بکات که بۆ ئه‌وه‌یش چه‌قبه‌ستوویی، زیهنیه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی ــ دینی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێ نادات. گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌مڕۆژه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، متۆدی کلاسیکی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه خۆی له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لان ده‌سه‌پێنێت و گه‌لی کورد له ژێر داگیرکه‌ری چوار ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌دا قوربانی سه‌ره‌کی ناوچه و ته‌نانه‌ت دونیایه. بێگومان ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه چ به شێوه‌ی کلاسیکی، چ نوێی، چ ئایینی و چ سکولاری، نه‌ته‌نیا ناتوانێ وڵامی گه‌لان بداته‌وه، به‌ڵکوو هه‌ر رۆژ نرخی مادی و مه‌عنه‌وی گه‌لان پێشێل ده‌کات و زمان و چاندیان ده‌توێنێته‌وه، که‌سایه‌تییان بێ رۆح ده‌کات و مافی دیموکراسییان لێ زه‌وت ده‌کات و ئازادییان لێ ده‌گرێت.
کونفیدرالیزم:
ژیاری دیموکراتیک، یان بڵێین کۆمه‌ڵگای ئه‌خلاقی ــ سیاسی، وه‌ک سروشتیترین پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا، تا رۆژی ئه‌مڕۆ به به‌رخۆدانێکی گه‌وهه‌ری و ئه‌خلاقی شانبه‌شانی ده‌سه‌ڵاتداری شاره‌ستانی ناوه‌ندی، هاتووه و نه‌یهێشتووه نرخه مادی و مه‌عنه‌وییه‌کانی به‌ده‌ستی لایه‌نی به‌رانبه‌ر به‌ته‌واوه‌تی پاکتاو ببن. له به‌رانبه‌ر پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه به شێوازی کونفیدرالیزمی ــ عه‌شیره‌تی، هه‌بوونی خۆی پاراستووه و نه‌یهێشتووه زمان و چاندی بتوێته‌وه. چۆن له به‌رانبه‌ر سه‌رکوتکه‌ری فیرعونههکان و نمرودهکان و ده‌وڵه‌ته کلاسیکه‌کانی چاخیناوین زمان و چاندی خۆی پاراستووه به‌و شێوه‌یش له به‌رانبه‌ری هێرشی هژمونی ههمووژنگهرای ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه له رێگه‌ی ته‌ڤگه‌ره زمانی و چاندییهکانهوه خۆی پاراستووه. به‌ڵام ئیدی ته‌نیا پاراستن به‌س نییه و ده‌بێت سیسته‌می په‌روه‌رده به زمانی گه‌لانی ژێرده‌ست به ئاوایه‌کی فه‌رمی دابمه‌زرێ و دیارده‌ی زمانی سه‌رده‌ست و زاراوه‌ی سه‌رده‌ست نه‌مێنێت. بێگومان ده‌بێ په‌روه‌رده له سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ست پێ‌بکات، ته‌نیا به هه‌بوونی کورسی زمان، زمانی زکماکی نه‌ته‌نیا ناتوانێت خۆی پێشبه‌رێت، ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌ی گولوبالیزمدا له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو ته‌کنیکه‌ی له ده‌ستی زمانه سه‌رده‌سته‌کان دایه ناتوانێت خۆیشی بپارێزێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر زمانێک نه‌بێته زمانی راگه‌یاندن و له هه‌موو بواره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه به‌کار نه‌یێ، نا‌تووانێت هه‌بوونی خۆی بپارێزێت.
کۆنفیدرالیزمی ــ دیموکراتیک هه‌م له بواری زێهنی، هه‌م له بواری پێکهاته‌وه به ته‌واوی ئه‌و مافه ڕه‌وا و ئه‌خلاقییه ده‌پارێزێت. چۆن کونفیدرالیزم شێوازی خۆسه‌ری ــ دیموکراتیکی گه‌ڵانه و ده‌سه‌ڵاتێک سه‌رووی ئیراده‌ی گه‌ل، به‌سه‌ریدا زاڵ نییه. ته‌نیا لایه‌نێکیش ده‌توانێ به چڕوپڕی نرخه‌کانی گه‌ل بپارێزێت، هه‌ر گه‌ل بۆ خۆیه‌تی. کۆنفیدرالیزمی ــ دیموکراتیک له بواری زیهنیه‌تی و فه‌لسه‌فییه‌وه به‌ته‌واوی هۆگری فره‌ره‌نگییه و به هیچ جۆرێک چه‌مکی ته‌ک ــ تیپی په‌سه‌ند ناکات. له کونفیدرالیزمی ــ دیموکراتیکدا دیارده‌ی زمانی سه‌رده‌ست جێگه‌یه‌کی نییه و زمانی که‌مینه و زۆرینه وه‌ک یه‌ک له مافی په‌روه‌رده‌ی دیموکراتیک به‌هره‌مه‌ند ده‌بن. ئیزن به شئونیزمی زاراوه‌یی نادا و هه‌ر زاراوه‌یه‌ک له هه‌رێمی خۆیدا فه‌رمییه و ده‌بێ فه‌رمی په‌روه‌رده‌ی پێ بدرێت و ببێت به دیالۆکی ئیداری هه‌رێمی خۆی. له کۆنفیدرالیزمی ــ دیموکراتیکدا هیچ تاکێک له رێگای بڕیار و یاساوه ناچار ناکرێت که زمان و زاراوه‌یه‌ک جیا له زمان و زاراوه‌ی دایکی فێر ببێت. فێر بوونی زمان و زاراوهیهکیتر ته‌نیا گرێدراوی خواست و هه‌ست و پێداویستی تاک بۆ خۆیه‌تی که ئه‌وه‌ش هیچ ناکۆکییه‌کی له‌گه‌ڵ بنه‌ما دیموکراتی و ئه‌خلاقی و ئازادیخوازه‌کاندا نییه. هه‌روه‌ها به‌م پێوه‌رانه مافی تاک و کۆمه‌ڵگا رچاو ده‌کات. له بواری پێکهاته‌وه ده‌رفه‌ت بۆ دامه‌زراندنی کومیته و ته‌ڤگه‌ره زمانی و چاندییه‌کان له هه‌ر شوێن و جێگایه‌ک که پێویست بکات ده‌ره‌خسێنێت. به‌ته‌واوه‌تی ده‌رفه‌ت و ئینسیاتیو ده‌داته به خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری که بۆ پاراستن و په‌ره‌پێدانی زمان و چاندی ئه‌و شوێنه‌ی که له ژێر بهرپرسیارهتیدایه پیلانسازی بکات. هه‌ر که‌مینه زمان و زاراوه‌یه‌ک، وه‌ک لایه‌نی زۆرینه مافی هه‌یه بکه‌وێته نێو راگه‌یاندنی گشتی وڵاته‌وه. هه‌روه‌ها به هیچ شێوه‌یه‌ک له به‌ر دامه‌زراندنی میدیای هه‌رێمی، به زمان و زاراوه‌ی هه‌رێم نابێته کوسپ. به هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی ره‌شکردنی زمان و زاراوه‌یه‌ک له هه‌مبه‌ر منداڵانێک که به ئه‌و زمان و زاراوه قسه ده‌که‌ن، نادات. بگره خه‌باتی هوشمه‌ندی و رووناکبیری به ئارمانجی خۆبه‌رپرسیار دیتنی هاوڵاتییان له به‌رانبه‌ری زمان و زاراوه‌ی خۆیان به ئه‌رکی ئه‌خلاقی و دیموکراتیکی خۆی ده‌زانێت. هیچکات سه‌رچاوه‌ی ئابووری له زمان و زاراوه‌یه‌ک وشک ناکات و له هه‌مبه‌ر که‌وتنی زمان و زاراوه‌یه‌ک، نێو گۆڕه‌پانی هه‌موو بازنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک سیاسه‌ت، ئایدیۆلۆژی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌شکه‌ری، له وڵات به‌گشتی و هه‌رێم به‌تایبه‌تی نابێته به‌ربه‌ست و بگره هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و یه‌که‌یش ده‌دات. زمان وه‌کوو کۆڵه‌که‌یه‌ک، چاند و ژیانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌پارێزرێت و به‌و پاراستنهیش کۆمه‌ڵگا به هه‌موو مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی خۆی ده‌گات و ئاشتی و ئازادی سه‌قامگیر ده‌بێت. بێگومان ئاواکردنی ئه‌و سیسته‌مه ئه‌خلاقییه به‌و هه‌موو ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستانه‌ی که لایه‌نی پاوانخواز و ستاتۆپارێز ده‌ینێته‌وه، پێویستی به تێکوشانێکی ههمهلایانهیه. له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئه‌و سیسته‌مه به به‌رخۆدان و نوێکردنه‌وه‌ی هزری، ده‌تووانێت له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا کرداری و سه‌قامگیر ببێت و ببین به پێشه‌نگی دیموکراتیزه‌کردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت دونیایش. بێگومان بۆ گه‌یه‌شتن به‌وه‌ش له خاڵی سفردا نین و گه‌لێک ده‌ستکه‌وت و ئه‌زموونمان هه‌یه. وه‌کووتر بنکه‌ی ئوبژکتیو و سوبژهکتیوی کوردستان بۆ ئه‌و پێشه‌نگایه‌تییه هه‌مواره. ده‌بێت خۆمان به به‌رپرسیار بزانین و به جێگای دهستڕاوهستان بۆ ئه‌وه‌ی داگیرکه‌ر مافمان پێشکه‌ش بکات، بۆ بنه‌مانانی خۆسه‌ری ــ دیموكراتیکی گه‌له‌که‌مان له هه‌ر شوێن و جێگایه‌ک که هه‌یه، چ له نێو وڵات و چ ده‌روه‌ی وڵات بکه‌وینه هه‌وڵی به‌رێکخستن بوون. چۆنبیرۆکهی خۆسه‌ری دیموكراتیک، به سنوور و ئه‌تنیکه‌وه به‌ربه‌ست نییه.