لە پازردەهەمین ساڵوەگەری گەلەکۆمە و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی 15ی شوبات (26ی رێیەندان) داین. نەیارانی گەلی کورد بە بیرۆکەی پاوانخوازی و داگیرکەرانەیانەوە، هەمیشە هەوڵیان داوە بۆ قڕکردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد. لەم پێناوەشدا هەر چەشنە سیاسەت و پلانێکی دژەمرۆڤانەیان بەوپەڕی درندەییەوە پێک هێناوە. سەرەڕای ئەو هەموو کردەوە هۆڤانە، هەموو کاتێک سیاسەتە ناحەزەکانی خۆیان رەوا نیشان داوە، لە راستیەکان حاشایان کردووە و پەنایان بۆ سیاسەتی چەواشەکاری بردووە.
هاوکات کە گەلی کورد بە پێشەنگایەتی بزاڤی ئاپۆیی، لە پێناو ئافراندنی کەسایەت و کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک دەستی بە تێکۆشان کرد، نەیارانی گەلی کوردیش لە بەردەوامی سیاسەتە چەپەڵەکانیان، دەستیان بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژ بە رێبەر ئاپۆ کرد. رادەست کردنی رێبەر ئاپۆ لە لایەن پیلانگێڕەکانەوە بە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە، رووی راستی ئەوانی نیشاندا. ئەم کردەوە قیزەوەنەیان بیرو و ڕای ئەوانی سەبارەت بە ئازادی گەلان بە تایبەت گەلی کورد ئاشکرا کرد.
ئەم پیلانگێڕیە بە بەرخۆدانی بێ وێنەی رێبەر ئاپۆ و خۆڕاگری بڕوادارانی ئازادی و سەرهەڵدانی گەلی کورد لە هەموو گۆڕەپانەکاندا پووچەڵ بۆوە. گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، شان بە شانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ شەرمەزارکردنی ئەم گەلەکۆمە تێکۆشانی کردووە و هەمیشە لەم پێناوەدا لە جەرگەی خەباتدا ئامادە بووە.
ئەگەر گەلەکەمان هەنووکە رێبەر ئاپۆی بە سەرکردەی خۆی پەسەند کردووە، گەلێک هۆکاری زۆر بنەڕەتی هەیە. بەر لە هەموو شتێک گەلەکەمان زۆر چاک دەزانێ کە “رێبەر ئاپۆ” لەپێناو گەلەکەی و لەپێناو مرۆڤایەتیدا دەژی. گەلەکەمان چەندین جار بە قارەمانێتی گەورەوە پەیوەستی و گرێدراویی بە رێبەر ئاپۆ سەڵماندووە و سەرباری هەموو کارێکی دژبەرانە و هەموو پەیڕەوکارییەکی دووژمنکارانەی دوژمن هێشتا خاوەن لە رێبەر ئاپۆ دەردەکەوێت. بەڵام رێبەر ئاپۆ”کە رێنوێنی گەلە و گەل بەهەموو هێزییەوە لەسەر دڵی خۆی گرتووێتی، ئێستاکە زیندانییە. رێبەرمان سەرکردەیەکە کە دەیهەوێ کۆمەڵگای خۆی ئاوا بکات.
ئەمرۆ گەلی کورد لە ناخەوە هەستیان بەوە کردووە و لەو باوەڕەدان، پێکهێنانی ژیانێکی ئازاد و شیاو، تەنیا لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا بەدیدێت. بۆیە بوێرانە بەو پەڕی فیداکاریەوە هەمیشە لەم پێناوەدا دەوریان گێڕاوە و بەشداری هەر چەشنە تێکۆشانێکیان کردووە. دەرئەنجامی ئەو خۆڕاگری و خوێن بەخت کردنەی لاوان بوو کە چۆکی بە دوژمن دادا و بوو بە لەمپەرێک لە هەمبەری گەیشتن بە ئامانجە نامرۆڤانەکانیان .
ئێمە وەک کومیتەی شەهیدانی PJAK و زیندانیانی سیاسی PJAK پیلانگێڕی 15ی شوبات (26ی رێبەندان) شەرمەزار و لەعنەت دەکەین و بانگ لە هەموو بنەمالەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردوستان دەکەین، بە بەردەوام کردن و پەرەپێدانی چالاکی خۆیان ئەم گەلەکۆمەیە شەرمەزار بکەن و بە بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکیەکانیان، ئەرکی پێشەنگایەتی خۆیان پێک بێنن و وەڵامێکی شیاو و پێویست بدەنە هەموو ئەو لایەنانەی کە لەم پیلانگێڕیەدا دەستیان هەبوو. گەلی کورد تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی خۆیان و پێکهێنانی ئەرکی پێشەنگایەتی و خۆبەرێکخستن کردن لەم پێناوەدا دەتوانن دانەری بەردی بنەڕەتی کۆمەڵگای ئازاد بن و هەموو پیلانگێڕیەکان بێ کاریگەر بکەن. لە کۆتاییدا داوا لە هەموو جەوانان و ژنان دەکەین بە پەیوەست بوون بە ریزی شۆڕشەوە لەم قۆناخە هەستیاردا ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆیان پێک بێنن. لەو باوەڕە داین ئازادی گەلی کورد و هەموو گەلان لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدایە و بە ورەیەکی بەرزەوە دەڵێین ئازادی داهاتوومان بە تێکۆشانمان دەستەبەر دەکەین.
کومیتەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی PJAK
14.02.2014