دوابەدوای هاتنە سەركاری دەولەتی یازدەهەم، سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن رووحانی باس لە ئازادی بیروڕا و ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی دەكات، ئەمە لە حاڵێكدایە كە لە چەند مانگی رابڕدوودا، نە تەنیا وتەكانی كرداری نەبووە، بەڵكوو زخت و گوشارەكان بۆ سەر چالاكانی سیاسی وەكوو دەوڵەتانی پێشوو هەر بەردەوامە. هەرچەند كە دەوڵەتی یازدەهەم، رەخنە لە دەوڵەتی پێشوو بۆ نالەباربوونی دۆخی كۆمەڵگای ئێران دەگرێت، بەڵام بۆ خۆشی لە پراكتیكدا رەوتی دەولەتانی پێشتر و دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد بەردەوام دەكات. لەم ناوەدا دەركردنی حوكمی جۆراوجۆری زیندان و سێدارە بۆ چالاكانی مەدەنی و سیاسی ولاوان و جێبەجێكردنی ئەم حوكمانە لە لایەن دەزگای دادەوە پەیڕەو كراوە.

پێشێلكردنی ماف و یاسا نێونەتەوەییەكان و تەنانەت یاساكانی ناوخۆی ئێران، دادگایی ناعادڵانە، بێبەش كردنی زیندانی سیاسی لە مافی بوونی پارێزەر و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵە و رەوشی دژواری زیندانەكان، هەر بەردەوامە. ئێستاش لە دوای سی‌وپێنج ساڵ و هاوكات لەگەڵ رۆژی جیهانی زیندانیان سیاسی، دەبینین كە زیندانەكانی ئێران پڕە لە كەسایەتی رۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، هونەرمەند، خوێندكار، چالاكانی مەدەنی و كەسانی ئازادیخواز كە تەنیا تاوانیان ئازادانە ژیان كردن و تێكۆشان بۆ پێشخستنی دیمۆكراسی لە ناو كۆمەڵگایە. لەم چوارچێوەیەدا كۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە كە بە هەموو شێوازیك هەر چەشنە ئازادی بیروڕا دەربڕین و خەباتی مەدەنی بنبڕبكا تا بەم شێوازە كومەڵگا بێ خۆپاراستن بهێڵێتەوە و تەسلیم وەرگرێت. لەم چوارچێوەدا زیندان ئامرازێكە بۆ بێ ئێرادەكردن، ڕاهێنان، ئامادە كردن و درووست كردنی مرۆڤێك بە پێی بەرژەوەندی سیاسەتی دەسەڵاتخوازانی ئێران. ئەمەش لە پێناو بێ‌ئێرادە كردن و چاوترسێن كردنی كۆمەڵگادا پێكدێت. لە ماوەی سی‌وپێنج ساڵی رابڕدوودا، هەبوونی زێهنییەتێكی ئەمنییەتی لە لایەن كاربەدەستانی ئێران، رێگای بۆ سازبوونی قەیرانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كولتوری، ئابووری و هتد كردۆتەوە. ئەمەش بۆتە كۆسپ و ئاستەنگ لە بەردەم تێكۆشەرانی رێگای ئازادی و هەنگاو هەڵَگرتن بۆ گەیشتن بە مافی رەوای گەلان، بۆتە هۆی گرتن، ئەشكەنجە، زیندان و سێدارە. هەڵبەت هەروها كە بە جاران لە لایەن پارتەكەمانەوە باسی لێكراوە، پەرەپێدان و پێشخستنی كولتوری رێزدانان بۆ مافی مرۆڤ و ژیانی كۆمەڵگا و ئازادی و دیمۆكراسی، تەنیا رێگای سەقامگیر بوونی ئەمنییەت و ئاشتیەكی مایەندە و گەیشتن بە ئارامی و تێپەڕكردنی قەیرانەكانی ئێرانە.

ئێستاش دەبینین كە بۆ ئامادەكردنی بەستێنی دیمۆكراسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بە سەدان لاو و تێكۆشەری رێگای ئازادی، ئەمڕو لە زیندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان هێڵی خۆڕاگریان هەڵبژاردووە و درێژە بە تێكۆشانی ئازادیخوازیان دەدەن. خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی هەموو گەلان و باوەڕییەكانی ئێران ئەوەی سەلماند كە پێش بە چالاكی دیمۆكراتیكی گەلان ناگیردرێ و بەرخۆدان و تێكۆشان و ئیرادە لە بەرامبەر هەر ئاستە‌نگییەك سەر دەكەوێت. هەروەها ناڕەزایەتی هەمەلایەنەی گەلانی ئێران و بەرزبوونەوەی ئاستی تێكۆشانیان، نیشانی دا كە پشت بەستن بە كردەوەی سەركوتكارانە، هیچ دەسكەوتێكی بۆ كۆماری ئیسلامی نابێت. ئەگەر ئێران روو لە سیاسەتی دیمۆكراتیك لە ناوخۆی وڵات نەكات، ناتوانێت لەو قەیرانەی كە تووشی بووە رزگار بێت. بە هەندێك پەیمانی دەرەكی بەڵكوو بتوانێت بۆ ماوەیەكی دەمكورت قەیرانەكان بشارێتەوە بەڵام چارەسەرییەكی بنەڕەتی لەگەڵ خۆی ناهێنێت. ئەم كردەوانە هەمیشە لە لایەن پارتەكەمان و گەلی كوردەوە لە چوارچێوەی پاراستنی رەوا وەڵام دراوەتەوە و لە بەرامبەر زیندان و سێدارە، تەنیا رێگای بەشەرفانە، خۆڕاگری و خۆپاراستنە. بێگومان دانپێدانان بە هەبوونی زیندانیانی سیاسی و ئازاد كردنیان و هەروەها كێشەی گەلان و بە تایبت كێشەی گەلی كورد، یەكەم هەنگاوە بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و دیمۆكراسی لە ئێران.

ئێمە وەكوو كومیتەی زیندانیانی پەژاك، یادی كادێرە پێشاهەنگەكانمان شەهیدان حەسەن حكمەت دەمیر، حوسەین خزری، فەسیح یاسەمەنی، شیرین عەلەم هوولی، فەرزاد كەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەكیلی، حەبیبوڵا گۆڵپەریپوور، رەزا ئیسماعیلی و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و خۆڕاگرانی زیندان بەرز رادەگرین. بەرخۆدانی هەڤاڵانمان تا شەهید بوونیان كە بەرزبوونەوەی ئاستی ورە و ئیرادەی گەلی كورد و بەرخۆدانی گەریلای لەگەڵ خۆی هێنا، نیشانەی شكست هێنانی سیاسەتی زیندان وسێدارەیە. لە كۆتاییدا جارێكی دیكە پەیمان لەگەڵ هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی نوێ دەكەینەوە و سەری رێز لە بەر قامەتی بەرزیان دەنەوێنین.

 

كومیتەی زیندانیانی PJAK
28.01.2014