گەلی كورد لە پرۆسەی بنیادنانی كوردستان خاوەن سەربوردەیەكی دەوڵەمەندە. لە درێژەی سەدان ساڵەوە ئەو ھەوڵانە بە دی دەكرێ. یەك لەوەقۆناغانە دامەزراندنی كۆماری كوردستانە لە مەھاباد.
رۆژی 22 . 01 . 1946 لە مەیدانی پیرۆزی چوارچرا ی مەھاباد، بە وتارە پڕ شكۆكەی پێشەوا قازی موحەمەد كۆماری كۆردستان ڕاگەیێنرا. كۆماری كوردستان لە مەھاباد لە نێو ھەلومەرجەكانی جەنگی دووەمی جیھان دا دامەزرێنرا.پێشەوا قازی وەكو سەرۆكی حوزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رۆل و ئیرادەی خۆی بەجێگەیاند و بووبە سەرۆك كۆمار.
پێشەوا قازی محەمەد لە راگەیاندنی كۆمار دا بە ئامادەبوونی سەدان ھەزار كەس لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد كە بۆ كورد و ھەروەھا بۆ یارو نەیارانی كوردان بەڕاشكاوانە ووتی كە گەلی كورد وەكو ھەموو گەلانی تری دونیا، مافی ئەوەی ھەیە كە لەسەر ئەرز و خاكی خۆی خاوەنی قەدەری خۆی بێت. ھەروەھا ئەو رستەی كە ھەرە كاریگەربوو لە وتارەكەی دا باسی لێوە كرد كاتێك كە فەرمووی: – ” ئێستا كە كۆماری كوردستانی ئۆتۆنۆمی دامەزراوە” ئەو رستەیە لە مەیدانی چوارچرا و ھەروەھا لە سەرانسەری كوردستان دەنگیدایەوە. دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەھاباد روداوێكی مێژوویی و بە دیھاتنی خەونی مێژینەی كوردان بوو. بەڵام بە داخەوە تەمەنی ئەو كۆمارە درێژەی نەكێشا و دوای ساڵێك ھەڵوەشایەوە. ھۆكارە ھەرە كاریگەر لە جوانەمەرگبوونی كۆمار، ناتەبایی و یەكنەبوونی ناوخۆیی و بەدبەختی دۆستان و ھەروەھا بارودۆخی بە كۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھانی بوو. ئەو كۆمارە بە لە سێدارەدانی پێشەوا و ھەڤاڵانی لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد تێكچوو و روخا.
تراژیدیای ھەڵوەشانی كۆماری كوردستان لە مەھاباد لە ھەموو لایەك و تایبەتمەندیەكانی خۆی واتادارە. ئەمڕۆ كورد لە بەشی باشوور خاوەنی خۆسەری و حكومەت و پەڕلەمانی خۆیانن. لە رۆژاوای وڵات پرۆسەی دامەزراندنی خۆسەری ھەیە. لە باكوری كوردستانیش تێكۆشانێكی ئومێدبەخش دەدرێ و دەستكەوتی گرنگ ھاتۆونەتە دەست.
تێكۆشانی ئازادیخوازانەی رۆژھەڵاتی كوردستانیش، بە خوڕ لە ئارادایە. دۆزی گەلی كورد و كوردستان گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەتوو و وشیاری نەتەوەیی لە بەرزبوونەوە دایە. بارو دۆخی نێونەتەوەیی لە گەڵ لایەنی كوردان دایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا دەستھەڵاتی خوەسەری باشوور، بەرەو دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لە رۆژاوا، ھەوڵ و پرۆسەی چارەسەری لە باكور و ھەوڵەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، بە گشتی لە ژێر گەرەنتیەكی رەھا دا نین. گەرەنتی گەورەو بە ھێز یەكێتی و یەكڕیزی پتەوی ناوخۆیی یە. كورد و كوردستانی تاوەكو یەكێتی ناوەخۆیی پێكنەھێنن، ھێزو توانایان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی یەكنەخەن، ناتوانن و ئەستەمیشە بتوانرێ ئەو دەستكەوتانە بە شێوەیەكی تەندروست بپارێزن.
لە ساڵوەگەری ئەمساڵی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەھاباد، وانەو ئەركی ھەرە گەورە، رێككەوتن و یەكگرتنی ناوخۆیی كوردستانیانە. بە تایبەتی ھێزە كوردو كوردستانیەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، پێویستە ئەو دەرسەی كە بۆتە زەرورەتێكی بێ بەدیلی بەردەوامبوون لە خەبات و گەیشتن بە ئامانجە رەواكان. ئەویش یەكتری قەبوڵكردن و رێككەوتنی ناوخۆیی نێوان ھێزە سیاسیەكانی ئەو بەشە. بە جۆرێك ریزگرتن لە مێژووی خەباتی گەلی كوردی رۆژھەڵات بە سوود وەرگرتن لە دەرس و عیبرەتی دامەزراندن و دواتر لە تێكچوون و روخانی كۆماری جوانە مەرگی كوردستان لە مەھاباد. بۆیە كاری سەرەكی و بە پەلەی دینامیكی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە رۆژھەڵاتی كوردستان دروستبوونی یەكێتی نەتەوەیی یەو پێویستە ئەو پرسە دا خاوەن پلان و پرۆگرام بن و بە زووترین كات ھەنگاوی پراكتیكی كردارەكی بۆ بنرێت.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك، وەكو ھەموو جارێك گرنگی یەكی گەورە بە یەكێتی نەتەوەیی ی رۆژھەڵات و لە ھەر بۆنەیەك دا راسپاردەی ھەموو ھێزە كانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكات كە ئەو ئەركەی خۆیان دوانەخەن و جێبەجێیكەن. بۆ ئەم ئامانجە و مەبەستە لە وڵات و دەرەوەی وڵات كۆڕ و كۆ بوونەوە دەكرێن.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ھەوڵ دەدات لەسەر پرسی رۆژھەڵاتی كوردستان كۆڕبەندی راوێژی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێكبێنێت بۆ مەبەستی یەكێتی ناوخۆیی كە لە ئەنجامیدا دەرھاویشتەو دەستكەوتێكی خێرداری لێبكەوێتەوە.
لە رۆژی ئەمڕۆدا، كە بیرەوەری راگەیاندنی كۆماری كوردستانە لە مەھاباد، بە پێویستی دەزانین كە بە پەلە و بو ھەوڵ و خەباتی گشت لایەن لە پێناویدا كاربكرێت بۆ ھینانەكایەوەی ئیتیفاقێكی ناوخۆیی و دامەزراندنی یەكێتیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی كوردستانی.
كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان — KNK
22.01.2014 برۆكسل