کاوە سالار —

سوپا چۆن دامەزراوەیەکە؟ بەڕاستی وەک دەوترێت بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دروست کراوە؟ ‌تا ئێستا بیر لەوە کراوەتەوە کە بۆچی هیچ دەوڵەتێکی بێ سوپا، بوونی نییە؟ چ کاریگەریێک لە سەر ئینسان دادەنێت؟ ئەمانە پرسیاری گشتی بوون. بەڵام بۆ کۆمەڵگا و تاکی کورد کە نیشتمان و کۆمەڵگاکەی و سەرجەرم بەها پیرۆزەکانی داگیرکراون، سەربازی کردن بۆ هێزە داگیرکەرەکان واتەی چییە و داگیرکەران، ئامانجیان لە‌ بردنە سەربازی لاوانی کورد چیە؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن‌ کە ئەوانەی وا‌ سەربازییان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران یان دەسەڵاتەکانی پێشووتر کردووە، یان دەیانەوێت بچنە سەربازی، پێویستە لە ناخی خۆیانەوە وەڵامی راستی بۆ بدۆزنەوە. کورد وەک نەتەوه، خاوەن کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی و مێژووی تایبەت بە خۆیەتی. هەر لە سەردەمی مەدەکانەوە هەتا ئێستا، نەتەوەی کورد داگیرکاری پەسەند نەکردووە و لە بەرامبەریدا، بە هەموو رێبازێک رووبەڕووی داگیرکاری و چەوساندنەوە بووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە داگیرکەران بە هەموو شێوازێک کوردەکان بچەوسێننەوە ‌و دەسەڵاتی خۆیان بە سەر کوردستاندا بسەپێنن. هەروەها داگیرکەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاژاوەگێڕی و گەلێک کرداری نائینسانی مامەڵەیان لەگەڵ گەلی کورد کردووە‌. هەر لە رابەرە ئایینیەکانی گرێدراوی ئێران هەتاکوو فەرمانبەران و فەرماندەیەکی ئاسایی ناو دەزگاکانی حکوومەتی، ئەو زهنییەتەیان لا دروست بووە کە کورد، گەلێکی یاخین و پێویستە بە هەر رێ و رێبازێک بووبێت عاقڵ بکرێن. کۆمەڵگا و جوگرافیای ئێران پێکهاتەیەکی فرەڕەنگە و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی لە پشتە، بەڵام هەر چی دەزگا و دامەزراوەی ناوخۆی ئێرانە خزمەت بە گرووپێکی سنوورداری ناو دەسەڵات دەکات و لە دژی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئێرانن‌.

دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی، باس لە چەمکی”ئاسایشی نەتەوەیی” دەکەن و دەڵێن سوپای پاسدارن و هێزەکانی دیکەی سەربازی دەوڵەت، ئاسایشی نەتەوەیی‌ ئێران دەپارێزن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێران تەنیا یەک نەتەوه بوونی‌ نییە و چەندین نەتەوە پێکەوە ژیان دەکەن‌. هەروەها گەورەترین ئامرازی تێکدانی ئاسایشی گەلانی ئێران( بەتایبەت گەلی کورد)، خودی دامەزراوە سەربازییەکانی ئێستا و رابڕدووی ناو ئێران بووە. هەم گەلی کورد و هەم گەلانی تر لە ناو کۆمەڵگای ئێران هیچ شوناسێکی نەتەوەیی و ئایینی و فەرهەنگیان لە دەستووری بنەڕەتی ئێراندا نیە. ئەمەش پرسیارە بۆ گەلی کورد کە چۆن دەبێت دەوڵەتێک ئەمن وەک نەتەوە، لە دەستوری بنەڕەتیدا قەبووڵ نەکات و سەربازی زۆرەملیم پێدەکات؟ تا ئەو کاتەی مافی گەلی کورد وەک نەتەوە و کۆمەڵگا، لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا بە راشکاوانە دەستنیشان نەکرێت، سەربازی کردن بە هیچ شێوەیەک رەوایەتی ئەخلاقی و شەرعی نییە‌. هیچ وتە و کردەوەیەک جگە لە هەموارکردنی دەستووری بنەڕەتی ئێران ناتوانێت پاساوێکی عەقڵی و سیاسی بێت. دەبێت بزانین چ ئامانجێک لە پشت بەشداری پێکردنی لاوانی کورد لە ناو سوپادا شاردراوەتەوە. هەروەها ئەوەش لە بیر نەکەین کە سوپای پاسدارن و هەموو سوپاکانی جیهان پێکهاتەیەکی ئایدۆلۆژیکن؛ واتە تەنها ئەرکی سەربازی بەسەر تاکەکاندا ناسەپێنن، لە هەمان کات‌دا بیر و باوەڕی و فەرهەنگی خۆیان فەرز دەکەن. سەربازی کردن بۆ ماوەی 2 ساڵ لە ناو سوپای کۆماری ئیسلامیدا، پێش هەموو شتێک، پرۆسەی مل‌کەچ‌کردنی کەسایەتی کوردە لە بەردەم دەسەڵات. بەشێکە لە پرۆسەی تێکشاندن و رووخاندنی ئەخلاق و رۆحی تاکی کورد. رێک هاوشێوەی زۆرداری پیاو لە سەر ژن. دروستکردنی کەسایەت و کۆمەڵگایەکی لاواز، ئامانج ئەمەیە، دوورکردنەوە و تواندنەوەی بیر و باوەڕی سیاسی کۆمەڵگا‌. ئەوانەی سەربازیان لە ناو سوپای ئێراندا کردووە، دەزانن چۆن مرۆڤ لە بەها و نرخەکانی خۆی بێگانە دەکرێت. لە کاتێکدا فەرماندەیەک سووکایەتی دەکات بە‌ بەها و نرخە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی کوردێک، ئەو کەسە مافی نییە تەنانەت ناڕەزاییەتی خۆی دەربڕێت و بە شێوەی یاسایی سکاڵای لە سەر تۆمار بکات. لە ئەگەری نیشاندانی هەر جۆرە کاردانەوەیەک رووبەڕووی سزای زیندان و کوشتن دەبێتەوە.

هەر وەها دەوڵەت سەربازە کوردەکان لە دژی بزاڤە شۆڕشگێڕەکان و نارەزاییە دیمۆکراتیەکانی گەلی کورد بە کار دەهێنێت، ئەو دیاردەیەی‌ کە پێی دەوترێت شەڕی کورد لە دژی کورد، ئەمەیە. هەر لە کاتی ئیمپراتوورییەکانی هەخامەنشی، ساسانی و سەفەوییەکانەوە دەسەڵاتدارنی ئێران گرینگی تایبەتیان داوەتە تواندنەوەی کوردان لە ناو سیستەمی سەربازیدا. لە شەڕی چاڵدراندا نە سەفەوی و نە عوسمانی، بەڵکوو لە هەر دوو لایەنی شەڕەکادا کوردان ‌بوون کە بۆ بەرژەوەندی ئەوان شەڕیان دەکرد. هەروەها لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار دەسەڵات، کوردە شێعە و سونەکانی لە دژی یەک‌تر بەکاردەهێنێت. دەوڵەت زۆر بە باشی کوردانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دژی یەک‌تر بەکارهێناوە. لێکۆڵینەوە لە سەر بابەتی سەربازی لە ئێران ئەوەمان بۆ دەردەخات کە‌ لە هیچ نموونەیەکی دیکەی داگیرکاری لە جیهاندا، وەک کۆماری ئیسلامی، کایە بە بەهاکانی گەلی کورد نەکراوە. چەندە دڵتەزێنە کە خۆت هیچ ماف و ناسنامەیەکی ئینسانیت نەبێت و یاریت پێبکرێت. لە راستیدا وەها کارێک، نە لە رووی ئایینی و نە لە رووی نیشتمانپەروەری و ئەخلاقییەوە پەسەند ناکرێت و حەرامە. ئێستا‌ کورد وەک پێشتر بێ رێبەر، بێ سیاسەت و بێ هێز و بێ پێشاهەنگ نییە. لاوانی کورد لە جیاتی ئەوەی کە‌ ببن بە سەربازی داگیرکەران، دەتوانن هەڵوێستیان بگۆڕن و خۆیان بکەنە گەریلای ئازادی و نیشتمانەکەیان.