ئێمە وەكوو كۆمیتەی شەهیدانی پەژاک، لە ساڵرۆژی شەهادەتی لاوی تێكۆشەری كورد، ئیبراهیم لوتفوڵاهی، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی كورد، بە تایبەت گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و بنەماڵەی ئەم شەهیدە سەربەرز و قارەمانە دەكەین.
كاربەدەستان دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی، هیچكاتێک دانیان بە هەبوونی زیندانی سیاسی لە ئێراندا نەناوە و بەم هۆیەوە هەمیشە لە جیاتی چاەسەر كردنی ئەو پرسە، ویستوویانە بە شێوازی جیاواز ئەم ئازادیخوازانە لە ناو ببەن. بەرپرسان ئیتلاعات و دەزگا ئاساییشیەكانی رژێم، لە بەرامبەر كەسانێك كە بیر و باوەڕی جیاوازیان هەیە، بە توند و تیژی هەڵسوكەوت دەكەن و بۆ گرتنی ئیعتراف لە زیندانی، سەر لە هەر رێبازێكی قیزەونانە دەدەن. زۆر جاریش نە تەنیا لە دەزگا ئەمنییەكان بەڵكوو لە زیندان و بە دەستوری دادوەرەوە، شكنجە ئەنجام دەدرێت. حەتتا ئەگەر بە رێبازی ئەشكەنجە نەگەن بە ئامانجی خۆیان، تا قەتل و لە ناوبردن تێكۆشەرانی ئازادی پێش دەچێت و ئەم قەتڵانەش وەكوو خۆكۆژی یان مردنی زیندانی بە هۆی نەخۆشییەوە، ناوی لێدەكرێت. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم كردەوە دژەمرۆڤانەش، شەهادەتی لاوی خوێندكاری كورد لەڵایەن هێزە ئەمنییەكانی رژێم لە ساڵی 86ی هەتاوی بوو كە رووبەڕووی ناڕەزایەتی خوێندكاران و گەلەكەمان بوویەوە. تەنانەت تا ئێستاش شێوازی ئەم قەتلە لە لایەن كاربەدەستانی جمهوری ئیسلامی روون نەبۆتەوە و تەرمی ئەو شەهیدە رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.
ئێمە وەكوو كۆمیتەی شەهیدانی پەژاک لە سەر ناوی هەموو هەڤاڵانمان، سوزی درێژە پێدانی بە رێبازی شەهیدانی رێگای ئازادی دەدەین و هەروەها داوا لە هەموو گەلی كورد بە تایبەت گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هەموو گەلانی و چین و توێژە ئازادیخوازەكانی ئێران دەكەین كە یادی ئەم شەهیدە قارەمانە و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رابگرن و خاوەندارێتی لە رێبازی پیرۆزیان بكەن. گەلی كورد، تەنیا بەم شێوازە دەتوانێت پێشی لە دووبارەبوونی ئەم كردەوە نامرۆڤانانە بگرێت.
لە كۆتاییشدا جارێكی دیكە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەموو شەهیدانی گەلی كورد بە تایبەت بنەماڵەی شەهید ئیبراهیم لوتفوڵاهی دەكەین.
سڵاو و رێزی شوڕشگێڕی
كۆمیتەی شەهیدانی پەژاک – PJAK
13.01.2014