ساڵێك لەمەوبەر لە دەرئەنجامی سیاسەتی قڕكردن و پێداگری نەیارانی گەلی كورد لە سەر چەوسانەوە و سەپاندنی بێ ئیرادەیی و تەسلیمیەت لە بەرامبەر گەلەكەمان، سێ ژنی پێشەنگ و قارەمانی ئازادیخوازی گەلی كورد لە پاریسی گویا پێتەختی رینوسانس و رۆشەنگەری ئەورووپا، بە شێوەیەكی هۆڤانە قەتلوعام كران. بەر لە هەر شتێك هەڤاڵانی شەهیدمان سەكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە سالڕۆژی شەهادەتیاندا وەبیر دێنینەوە و سەری رێز لە بەردەم قامەتی بەرزیان دادەنوێنین. بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد بە رێبەرایەتی رێبەر ئاپۆ وەك سەڵماندوویەتی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا لە پێناو ئازادی گەلی كورددا نەك تەنیا لە بواری سیاسیدا بەڵكوو لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێكهاتە نگریسانە كە بە سەر كۆمەڵگای كورد دا سەپێندرابوو و رەهەندەكانی دیكەی كێشەی كوردی پێكدەهێنا، تێكۆشانێكی هەمەلایەنەی پێشخست. یەك لە رەهەندە سەرەكییەكانی كێشەی كورد كە پێشینەیەكی دێرینەی هەیە، قەیرانێكە كە بە سەر كۆمەڵگای ژندا سەپێندراوە. بە لە بەرچاو گرتنی ئەم راستییە كە هۆكاری سەرنەكەوتن و یاخود نیوەچڵا مانەوەی سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان و تەنانەت سەرجەم شۆڕشەكانی جیهان چارەسەرنەكردنی ئەم قەیرانەیە، رێبەر ئاپۆ بە دۆزینەوەی رێبازی چارەسەری ئەم قەیرانە و دیار كردنی ئایدئۆلۆژیای ئازادی ژن، هەنگاوی كرداری بۆ ئەم بابەتە نایەوە. لەسەر ئەو بنەمایە تێكۆشانێكی نوێ بە رێباز و ئایدیایەكی دەوڵەمەند لە كوردستان دەستی پێكرد. بێ گومان ئەم تێكۆشانە نەك تەنیا بۆ گەلی كورد و ژنان لە كوردستان، بەڵكوو بۆ سەرجەم ژنانی جیهان هیوا و ئاسۆیەكی نوێی بە دیهێنا. هەرچەندە لە قۆناخەكانی رابردوو لە گەلێك شوێنی جیهان تێكۆشانی بەنرخ لە پێناو ئازادی ژنان پێكهاتبوو، بەڵام زۆربەی زۆری ئەم تێكۆشانانە لە ئەنجام دا نەیانتوانی بەتەواوی خۆ لە عەقلییەتی پیاوسالار و كۆمەڵگای رەگەزپەرەستی رزگار بكەن. شەهید سەكینە جانسز یەك لەو پێشەنگانە بوو كە سەرجەم تەمەنی سیاسی و رێكخستنی خۆی بۆ پتەو كردن و ئیرادەمەند كردنی كۆمەڵگای ژن تەرخان كرد و لەم پێناوەدا فیداكاری و خۆڕاگرییەكی بێوێنەی نیشان دا. تێكۆشانی ژنان لە كوردستان دا، دەستكەوتی مێژوویی و بناخەیی لە بواری دیمۆكراسی و ئازادی راستەقینە، لەگەڵ خۆیدا هێنا و رەومزی بەرفراوان بوونەوە و سەركەوتنی یەك لە دوای یەكی شوڕشی كوردستان بە پێشەنگایەتی بزاڤی ئاپۆچی، كاریگەری بەشداری و پێشەنگایەتی ژنانە.
بە لە بەرچاو گرتنی ئەم راستییە دوژمنان و نەیارانی شۆڕشی كوردستان و گەلی كورد گەلێك جار بە مەبەستی لە ناو بردن و بەردەوامی سیاسەتی قڕ كردن، لە هەوڵی تێكشكاندنی ئیرادەی بەدیهاتووی ژنانی كورد دا بوون و لاواز كردنی ئەم تێكۆشانەیان بە ئامانج گرتووە. هۆكاری سەرەكی ئەو قەتلوعامە هۆڤانەی كە لە پاریسیش پێك هات ئەم راستییەیە. لە قۆناخێك دا كە باس لە چارەسەری كێشە كورد لە باكووری كوردستان لە ئارادابوو، كردەوەیەكی بەم شێوەیە و بەئامانج گرتنی پێشەنگانی تێكۆشانی ژنان لە كوردستان، هەڵگری ئەم پەیامە بوو كە نەیارانی كورد بە هیچ شێوازێك ئامادە نین ئەوە پەسەند بكەن كە لە كوردستاندا شۆرشێكی بناخەیی، پێك بێت. دوژمنان و نەیارانی ئەم تێكۆشانە بە باشی هەستیان بە كاریگەرییەكانی ئەم خەباتە لە ئاستی جیهانی كردبوو و توانای دیتنی “ئەلەفتەریا”كانیان نەبوو.
بێشك ئاشكرا نەكردنی رەهەندەكانی ئەم قەتڵوعامە لە لایەن دەوڵەتی فەرانسە، خاڵێكی نگریسە بە رووخساری ئەم دەولەتەوە. گەلی كورد و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد و سەرجەم ئازادیخوازانی راستەقینە، هەتا روون نەكردنەوەی سەرجەم رەهەندەكانی ئەم كردەوە هۆڤانە، دەست لە تێكۆشان و بەدواداچوونی ئەم بابەتە هەڵناگرێت. چوونكوو شەهید سەكینە جانسز و هەڤاڵانی، شەهید فیدان دۆغان و شەهید لەیلا شایلەمەز، ئیتر لە كوردستان و جیهاندا بوون بە سیمبۆلی ئازادی ژنان و رێبازەكەیان بوو بە رێبازی ئازادی بۆ كۆمەڵگای ژنان لە ئاستی جیهانیدا و بە دواداچوونی ئەم بابەتە ئەركی سەرشانی هەر تاكێكی ئازادیخوازە.
لەسەر ئەو بنەمایە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، وێڕای دووپات كردنەوەی سۆز و پەیمانمان لەگەڵا سەرجەم شەهیدانی ئەم خەباتە و بەتایبەت شەهیدانی پاریس، هەتا دوایی بۆ روون كردنەوەی ئەم بابەتە هەوڵدانەكانمان بەردەوام دەكەین و بەتایبەت بۆ پتەو كردن و پێشخستنی تێكۆشانی ئازادی ژنان سەرجەم هێز و توانامان دەخەینە گەڕٍ.
سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – PJAK
08.01.2014