بۆ رای گشتی:

ئەمرۆ سەر لەبەیانی كادری پێشەنگی پارتیمان حەبیبوڵا گوڵپەریپور بە ناسناوی رێكخستنی باهۆز سنە، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ و هەر وەها رەزا ئیسماعیلی کادری هەرێمی پارتیمان لە هەمان کاتدا لە زیندانی سەلماس لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدران و قارەمانانە گەیشتن بە پلەی بەرزی شەهادەت. بەر لە هەر شتێك سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلی كورد و بەتایبەت بنەماڵەی بەریزی ئەم شەهیدە قارەمانانە دەكەین و سەری رێز و نەوزایش لەبەردەم قامەتی بەرزی شەهیدی قارەمان هەڤاڵ باهۆز سنە و رەزا ئیسماعیلی و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی گەلی كورد دادەنوێنین.

لەم قۆناخەی دواییدا، كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر گەلی كورد و بەتایبەت لە بەرامبەر پارتیمان، ئاستی هێرشەكان و گەمە سیاسیەكانی بەرفروانتر كردۆتەوە. لە كاتێكدا كە رژێمی ئێران بانگەشەی كرانەوەی سیاسی و دیمۆكراتیانە لە ئاست ئێران و لە ئاستی پێوەندییە ناونەتەوەییەكانی دەكات، لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لەبەرامبەر نەتەوە جیاوازەكانی ئێران رەوتێكی هێرشكارانەی گرتۆتە بەر. بەتایبەت لەم دواییانەدا هەوڵدانەكانی رژێم لە بەرامبەر پارتیمان PJAK و لە پێناو تێكدانی ئاگربەست، بە رێگای پێكهێنانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوان بۆ سەر گەریلا و ملیتاریزە كردنی شارەكانی رۆژهەڵات و هەروەها سازدانی گرووپی كۆنترا و ئازار و ئەشكەنجەدانی خەڵك و هەری دوایی بە بەرفراوان كردنەوە زەختەكانی لە سەر گیراوانی سیاسی كورد، پێشكەوتووە. ئەمە لە حاڵیكدایە كە وەك PJAK لە هەر كات زیاتر سەرجەم هەوڵدانەكانمان بۆ بەردەوامكردنی ئاگربەست و هێنانە ئاراوەی كەش و هەوایەكی دیمۆكراتیانە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشە كورد پەرە پێداوە و لەم پێناوەدا هەر چەشنە فیداكارییەكمان پێك هێناوە. بەڵام وەك هەر جار وەڵامی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەوڵدانی ئاشتیانەی پارتیمان، هێرش و زەخت و لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسی كورد بووە. لە سێدارەدانی كادری پێشەنگی پارتیمان حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور، هەوڵدانێكی مەترسیدار لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە سەرجەم گەلی كورد و بەتایبەت گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی رژێمی ئێران، هەستیاری نەتەوەیی وەك پێویستیەكی جددی خۆی دەسەپێنێت.

وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK رادەگەیێنین كە لە رەوشێكی وەهادا ئاگربەست دەكەوێتە دۆخێكی زەحمەتەوە، لەم چوارچێوەدا پێداچوونەوە بە سەرجەم سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر پرسی كورد دا دەكەین و هاوكات ئەم هێرشكارییانەی رژێمی ئێران و بەتایبەت لە سێدارەدانی كادری پێشەنگی پارتیمان شەهید باهۆز سنە و کادری هەرێمیمان شەهید رەزا ئیسماعیلی، بێ وەڵام ناهێڵینەوە.

لەم پێناوەدا بانگ لە سەرجەم گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان و لە هەندەران و بەتایبەت لە گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، سەرجەم لایەنە مەدنی و كەسایەتی و رەوشەنبیرانی كورد دەكەین كە بە شێوەی جەماوەری و بە چالاكی جیاجیا خاوەنداریەتییەكی شیاو لە شەهیدی قارەمان هەڤاڵ باهۆز سنە و هەڤال رەزا ئیسماعیلی بكەن و هێرشكارییەكانی كۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر گەلی كورد ئیدانە بكەن و خاوەن هەڵوێست بن. هاوكات بانگ لە سەرجەم لایەن كوردستانییەكان دەكەین كە لەبەرامبەر هەوڵدانی مەترسیداری كوماری ئیسلامی ئێران دژ بە گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، خاوەن هەڵوێست بن و ئەركی نەتەوەیی ـ نیشتمانی خۆیان پێك بێنن.

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – PJAK
26.10.2013