لە ڕێکەوتی 16 ئوکتوبەر شاندێکی پژاک کە پێکهاتبوو لە هەڤاڵان یوسف سوڵتانی و کامیل مەرەسەنە لەگەڵ پارلەمانتاری پارتی چەپ و ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارلەمانی سوێد هانس لیندێ کۆبۆوە و سەبارەت بە دواین پێشکەوتنەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاوبۆچوونیان گۆڕیەوە.

ئەندامانی شاندەکەی پژاک ئەوەیان خستە ڕوو کە حوکمەتەکەی حەسەن ڕوحانیش هەر وەک حوکمەتەکانی دیکەی ئێران، پێداگیری دەکات لەسەر چارەسەر نەکردنی پرسی ئازادی گەلان و بنپێکردنی سەرجەم مافەکانی مرۆڤ. لە سێدارەدان، گرتن و ئەشکەنجەکردنی زیندانیانی سیاسی لەم دواییەدا و زیاتر میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نمونەی ئەو سیاسەتەی حوکومەتەکەی حەسەن ڕوحانی باسی لێوە کرا.

ئەندامانی شاندەکەی پژاک هەروەها تیشکیان خستە سەر ئەو دیالۆگەی کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا دووابەدوای هەڵبژاردنی حەسەن ڕوحانی لەگەڵ ئێران دەستیان پێکردۆتەوە و ئەوەیان خستە ڕوو کە ئەو سیاسەتە، خۆی تەنها بە بەرنامە ناوکییەکانی ڕژیم سنوردار کردووە و هەربۆیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ماف و ئازادی و پێشکەوتنی دێموکراسی لە ئێراندا نابێت.

پارلەمانتار هانس لیندێ لەو چاوپێکەوتنەدا جارێکی تر هەڵوێستی خۆی و پارتییەکەی سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم گەلان لە ئێران دوپات کردەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان وەک پارتی چەپ پێیان وایە کە دەبێ لە مژاری دیالۆگ لەگەڵ ئێراندا نەک هەر باس لە بەرنامە ناوکییەکانی ڕژیمی بکرێت، بەڵکوو دەبێ زۆر بە بەرفراوانی باس لە پرۆسەی پێشخستنی دێموکراسی و ماف و ئازادییەکان بکرێت لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیم.

تەوەرێکی دیکە کە لە چاوپێکەوتنەکەدا بە وردی باسی لێکرا، ڕەوشی دژواری زیندانیانی سیاسی کورد بوو، بەتایبەت زەینەب جەلالیان.

پارلەمانتار هانس لیندێ بەڵێنی دا بە وردی بەدواداچوون بکات سەبارەت بە رەوشی زەینەب جەلالیان و هەروەها پشتیوانی خۆی دەربڕی لە کەمپینێکی دژبە سزای لەسێدارەدان کە لەلایەن پارتیمان و دۆستانی لە سوێد دەستی پێکردووە.

[gdl_gallery title=”hevditini-pjak-u-parti-cepi-swedi-16102013″ width=”250″ height=”250″ galid=”1″ ]