بۆ رای گشتی:

لە رێکەوتی 22.08.2013 لە هەرێمی نیزیک بە گوندی مارەغانی سەر بە شاری سەردەشت لە نێوان هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گەریلاکانی HRK دا شەڕ و پێکدادانێکی هەرێمی هاتۆتە ئاراوە. ئەم پێکدادانە لە دەرەنجامی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گەریلاکانی پارتیماندا هاتۆتە ئاراوە. سەرەرای ئەوەی کە بڕیارێکی ناوەندی بۆ پێکدادان لە لایەن هێزەکانماندا لە ئارادا نەبووە بەڵام هێزەکانمان مەجبووری وەڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بوون و لە دەرەنجامدا 7 کەس لە هێزەکانی رژێم کوژراون و دوو هەڤاڵی گەریلای پارتیمان بە نازناوەکانی هەڤاڵ سیپان غەریب و هەڤاڵ چەکدار هەڵۆ قارەمانانە شەهید بوون.

سەرەتا بە بۆنەی شەهادەتی هەر دوو برای شەهید هەڤاڵ سیپان و هەڤاڵ چەکدار، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلی کورد و بەتایبەت گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەی ئەم شەهیدە قارەمانانە و سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و سەری رێز و نەوازیش لە بەردەم قامەتی بەرزی ئەم شەهیدانە، دادەنوێنین.

بێ گومان لە قۆناخێکی وەها هەستیاری مێژوویی دا کە قەیران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا هەتا دوایی قووڵ بۆتەوە و بەتایبەت لە کاتێک دا چارەسەری دیمۆکراتیک و ئاشتیانەی کێشەی کورد، بە شێوەی بەرفراوان کەوتۆتە رۆژەڤەوە، پیکدادانی لەم شێوەیە، لە بەرژەوەندی هەر دوو لایەن دانییە. بۆ ئەو مەبەستە بانگ لە دەوڵەتی ئێران دەکەین کە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکان بێنێت تا بەستێنی پێکدادانی لەم چەشنە لە ئارادا نەمێنێت.

هاوکات بانگ لە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت گەلەکەمان لە شاری سەردەشت دەکەین کە بە خاوەندارییەتی لەم شەهیدە قارەمانانە، یادی سەرجەم شەهیدانی رێبازی ئازادی گەلی کورد بەرز رابگرن. لە کۆتایی دا وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان جارێکی تر ئەم شەهیدە قارەمانانەی وەبیر دەهێنینەوە و سوێندی بەردەوام کردنی رێبازەکەیان و پتەو کردنی تێکۆشان دووپات دەکەینەوە.

سڵاو و رێزی شۆڕشگێری
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK
25.08.2013