سەرەتا جەژنی پیرۆزی رەمەزان لە هەموو دونیای ئیسلام بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی پیرۆز دەکەین. بە درێژایی مێژووی ١٤٠٠ی رابردوو هەوڵدراوە کە ئایینی ئیسلام لە پەیامی راستەقینەی خۆی کە هەمان ئاشتیە دوور بکرێتەوە و وەک کەرەسەیەک لە پێناو دەسەڵاتداری بەکار بهێندرێت. بێگومان ئێمە ئیسلام وەک پەیامی ئاشتی وبرایەتی بە پیرۆز دەزانین و لە هەمان کاتیشدا ئەو لایەنانەی کە دەیانهەوێت ئیسلام وەک کەرەسەی دەسەڵاتداری بەکار بێنن بە لادان لە راستینەی ئیسلام و گەورەترین مەترسی بۆ ژیانی بەختەوەرانە و ئاشتیانەی گەلان دەنرخێنین.
لەم جەژنە پیرۆزەشدا گرینگە کە ئێمە وەک گەلی کورد لەسەر پەیامی ئاشتی خوازانەی ئیسلام پێداگری بکەین و لە دژی هیڵە دەسەڵاتخوازە ئیسلامیەکان و ساختەکارانەی ئەلقاعیدە کە هەنووکە لە رۆژئاوای کوردستان سەنگەریان لە دژی گەلی کورد بەستووە، خاوەن هەڵوێست بین. بێگومان ئەمەش بە بەڕێوەبردنی تێکۆشان و فیداکاری بە روحی نەتەوەیی- دیموکراتیکەوە مسۆگەر دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا بانگ لە هەموو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین کە لە رۆژی جەژندا برا و خوشکانی خۆیان لە رۆژئاوای کوردستان لە یاد نەکەن و لە پێناو خاوەندارێتی لە گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان خاوەن هەڵوێست بن. لێرەدا ئەرکی گران دەکەوێتە سەر شانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە پێویستە لە هەموو بوارەکانی مادی- مەعنەوی و سیاسی پشتگیریەکانیان لە رۆژئاوا بەرز بکەنەوە. لە هەمانکاتدا بەتایبەتی بانگ لە خەلکی کورد لە باشووری کوردستان دەکەین کە بتوانن ببنە پاڵپشتی شۆڕشی رۆژئاوا و بە شەرمەزارکردنی داخستنی سنوورەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان ئەرکی نیشتیمانی و ئایینی خۆیان پێکبێنن.
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
08.08.2013