بۆ رای گشتی:
هەر وەک دەزانرێت دەوڵەتی ئێران بەرەو خولی یازدەهەمینی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دەچێت. بێگومان ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی پێشکەوتنە سیاسیەکان و ئاڵوگۆرە هەرێمی و جیهانییەکان و هاوکات بەهۆی قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێران خاوەن گرینگییەکی تایبەتە. بەم هەڵبژاردنەوە، هەتا ئاستێک هەڵسووکەوت و سیاسەتی داهاتووی رژێمی ئێران سەبارەت بە قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی ئێران روون دەبێتەوە و بەتایبەتی لەسەر چارەنووسی رژێم کاریگەری راستەوخۆی دەبێت. لە ئەگەری پێداگری رژێم لەسەر هەڵویست و سیاسەتەکانی رابردوو خۆی و هەنگاو نەنانەوە بۆ چارەسەری کێشەکان، مەزندەی ئەوە دەکرێت کە رەوشێکی مەترسیدار لە گشت ئێران بێتە ئاراوە و ئەم وڵاتە بەرەو چارەنووسێکی نادیار بچێت. هەرچەندە هەڵبژاردن و دیاربوونی سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران، بەتەنیا بەواتای چارەسەری کێشەکان نییە و کردەوەکانی داهاتووی دەوڵەتە کە دیاریکەر دەبێت، بەڵام دەستنیشانکردنی بەرنامە و پرۆژەکانی پاڵێوراوانی سەرۆک کۆماری، هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ ئەم بابەتە دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئاشکراکردنی بەرنامە و پرۆژەکانی پاڵێوراوان سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی نەبوونی دیمۆکراسی لە ئێران و چارەسەری کێشەی شۆناس و مافی نەتەوە و شۆناسە جیاجیاکانی ناو ئێران، خاوەن گرینگیەکی مێژووییە. بەتایبەت هەروەک پێشتریش لە لێدوانەکانی پارتیماندا ئاماژەی پێکرابوو، هەڵوێستی دەوڵەتی داهاتووی ئێران لەمەڕ چارەسەری پرسی کورد، هەڵوێستی گەلی کورد لە بەرامبەر هەڵبژاردن دیاری دەکات. بێگومان تەنیا پێناسەی ئابووری بۆ کێشە کورد لە ئێراندا، بەواتای پێداگریکردن لە سەر سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و قڕکردنی شۆناس و کولتووری گەلی کوردە و بە هێچ شێوازێک پەسەند ناکرێت. بۆیە پێناسەیەکی راست بۆ کێشەی کورد و دیاریکردنی رێبازەکانی چارەسەری بۆ ئەم کێشەیە لە لایەن پاڵێوراوانەوە خاوەن گرینگیە.
لەم قۆناخە هەستیارەدا کە ئێران و گەلانی ناو ئێران تێیدا تێپەر دەبن، پێویستی بە لێکدانەوە و نرخاندنی بەرفراوان و بابەتیانە و هاوکات هەڵوێستی زانستیانە و بەرپرسیارانە لەسەر رووداوەکان، لە هەرکات زیاتر دەردەکەوێتە روو. وەک ئاماژەمان پێدا ئەم رووداوانە راستەوخۆ و بە شێوەی نێگاتیڤ و یان پۆزێتیڤ لەسەر گەلی کوردیش کاریگەرییەکانی نیشان دەدات. لەسەر ئەم بنەمایە وەک PJAK لە هەر کات زیاتر پێویستی بە موناقەشە و دیالۆگی نێوان پارت و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین. بۆیە لەسەرناوی پارتیمان PJAK، بانگ لەسەر جەم پارت و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە لەسەر ئەم قۆناخە و بەتایبەت لەسەر هەڵبژاردن و داهاتووی هەڵبژاردن دیالۆگ و گفتگۆ پێش بخەین و لە ئەنجامدا بە بۆچوونێکی هاوبەش بەرەو هەڵوێستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن بچین. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی سازبوونی بەستێنێکی گونجاو بۆ پتەوبوونی پێوەندی نێوان پارت و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی و یەکڕیزی و یەکدەنگی ریزەکانی گەلی کورد لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت.
سڵاو و رێزی شۆرشگێری
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK
12.05.2013