وێنە

9ی گوڵانی 2010 شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان لە لایان رەژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دران. بۆ بیرهێنانەوەی شەهیدانی 9ی گوڵان و هەروەها شەرمەزار کردنی زۆر و زەختی سەر گیراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لە 11ی گوڵانی 2013 لە بروکسێلی پایتەختی وڵاتی بەلژیک بەر دەرکی پارلەمانی ئەوروپا چالاکییەک لە لایان کۆمیتەی پەژاکی بەلژیک بەڕێوە چوو کە کوردانی نیشتەجێی وڵاتانی هۆلەندا، ئاڵمان و فەرەنسا بەشداری ئەم چالاکییەکان کرد.

چالاکییەکە بە خولەکێک بێدەنگی و سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و پاشان سەر گرینگی چالاکییەکە ووتارێک پێشکەشی بەشداربووان کرا.

سەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەرێز حاجی ئەحمەدی لە سەر ڕەوشی هێستاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتە ئانتی دیموکراتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵات ئاخڤتنێکی پێشکەش کرد و هەروەها ووتی کە بە ئێعدام کردنی جوانانی کورد ناتوانن ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، بەلکوو بەرخۆدانی ئێمە بەهێزتر دەبێت. بەرێز حاجی ئەحمەدی وەها قسەکانی بەردەوام کرد: “مێژوو ئەوەی سەڵماندووە کە بە ئێعدام کردن و کوشتن ناتوانن تێکۆشانی گەلی کورد لاواز بکەن. بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە سەرەتا ئێرانێکی دیموکراتیک ئاوا بکرێت و بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دیموکراتیک پێویستی بە یەکەتی هەموو گەلان هەیە.”

هوگۆ ڤان رۆمپای لە سەر ناوی پارلەمانی ئەوروپا ووتارێکی پێشکەش کرد و پشتگیری خۆی لە تێکۆشانی گەلی کورد راگەیاند و هەروەها زۆر و زەختەکانی رەژیمی ئێران لە بەرامبەر گەلی کورد شەرمەزار کرد.

تاهیر کەمالیزادە بە نوێنەرایەتی KNK، سرور کەمانگەر سەر ناوی بنەماڵەی شەهید فەرزاد کەمانگەر و هەروەها وەقفی فەرزاد کەمانگەر ئاخڤتنێکیان پێشکەش کرد و پەیامی BDP لە لایان فائیک یاگزای و پەیامی PYD لە لایان شەرڤان حەسەن خوێندرایەوە. هەروەها ئاوات سادق بە نوێنەرایەتی YNK لە بەلژیک، هەورا سەر ناوی گەلی عەرەب و حەرەکەتی ئەلئەحواز پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.

پەیامی هاوبەشی سێ رێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد لە ئەوروپا، کەمپینی پشتگیری لە گیراوانی سیاسی و ناوەندی چاک لە لایان ئەمجەد حوسەین پەناهی خوێندرایەوە.

چالاکییەکە بە چەند سرودی شۆرەشگەری ئاراستە کرا و بە سرودی “ئیرۆ چەرخا شۆرەشێ” کۆتایی پێهات.

کۆمیتەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK لە بەلژیک
11.05.2013