زاگرۆس ڕۆژهەڵات

ناوی کورد لەگەڵ شۆڕش و ڕاپەڕیندا دووانەیەکن کە لەگەڵ ناوهێنانی یەک لەوانە خێرا ئەویتریان دێتە بیری مرۆڤ، چونکە بە درێژایی مێژووی خۆی گەلی کورد بەردەوام لە ناو شۆڕش و ڕاپەڕیندا بووە لەبەرامبەر دەستدرێژیکاران و زۆرداران، ئەمەش وایکردووە کە کاتێک باس لە کورد دەکرێت هەمیشە ڕاپەڕین و شۆڕش لە یادگای مرۆڤدا خۆی دەنەخشێنێت.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو شۆرش و ڕاپەڕینانەی کە ئەم گەلە بە درێژایی مێژووی خۆی تا بە ئەمرۆ کردووەیەتی، بە هۆی ناکارامەیی پێشەنگەکانی و نەبوونی خوێندنەوەی ڕاست بۆ پێگەی جەماوەری و سیاسی خۆیان لەگەڵ وانە وەرنەگرتن لە ڕابردوو و نەناسینی ڕاستی خۆیان و دوژمنەکانیان بەردوام هەموو هەستانەوە و ڕاپەڕینەکان ڕووبەڕووی شکست بوونەتەوە و تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاپەڕین و شۆرشەکان توانیویەتی لە سەر قاچەکانی خۆی بوەستێت، واتە بەردەوام لەگەڵ هەستانەوە و ڕاپەڕینەکان، شکست و بە ئاکام نەگەیشتنیان بەردەوام قەدەرێکی دانەبڕاو بووە لە مێژووی کورداندا.

بەڵام جیاواز لەگەڵ ئەم فەراز و نشێوانەی کە تاکوو دەچوو لە باری سایکۆلۆژیشەوە کاریگەری ڕۆخێنەری لە سەر دەروونی کۆمەڵگای کوردی و گەل دانابوو، ساڵی ٢٠١٢ کوردان بۆ یەکمجار شۆڕشێکیان بەپا کرد کە نەک تەنها هیوای گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە پێی گەشایەوە بەڵکوو سەرتاسەری جیهان بەم ئەزموونە سەرسام بوو و سات لەگەڵ ساتی تەمەنی ئەم شۆڕشە بووە جێگەی سەرنجی ورد و تێڕوانینی گەلانی جیهان.

شۆڕشی ڕۆژئاوای وڵات کە لە ڕۆژی ١٩ی تیرمەی ساڵی ٢٠١٢دا هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بەهاری گەلان کە لە وڵاتانی عەرەبیدا سەریهەڵدابوو، دەستیپێکرد.بە پێچەوانەی هەموو ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە وڵاتانی عەرەبیدا سەریانهەڵدا و هیچکامیان نەگەیشتنە ئامانجی خۆیان و دۆخەی گەلانی هەرێمەکەش لەوەی کە هەبوو خراپت و خراپتر بوو، بەڵام شۆرشی ١٩ی تیرمە لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە مەکۆی بەدیهاتنی خەون و ئاواتەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەش. بناغەی ئەم شۆڕشە ئەگەرچی بۆ ساڵی هەشتاکانی زاینی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە ڕێبەر ئۆجالان لە باکووری کوردستانەوە هاتە ڕۆژئاوا و دواتر لە دۆڵی بیقاعی لوبنان و دیمەشق ئاکادێمیای دامەزراند و دەستی بە پەروەردەکردنی گەل و کادێرانی پێشەنگ کرد. بۆ ماوەی ٢٠ساڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ناو گەلی ڕۆژئاوادا بوو و پۆل پۆل ژنان و پیاوان، گەنجان و تەنانەت منداڵانیش دەچوونە ئاکادێمیاکان و لە خولەکانی پەروردەدا بەشدارییان دەکرد.

بەوپێیەش بە دەستپێکردنی بەهاری گەلان و ڕاپەڕینەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە سەر بناغەی بە بنەماگرتنی هێڵی سێیەم شۆرشیان بەپاکرد و خۆبەڕێوبەری دیموکراتیکان دامەزراند، واتە ئەم شۆڕشە نە لەگەڵ ڕژیمی ئەسەددا بووە هاوپەیمان و نە لەگەڵ ئەو گرووپە بەرهەڵستکارانەی کە بە ئەنجیدای وڵاتانی دەرەکی دەستیان بە ئاڵۆزی کردبوو. شۆڕشی ١٩ی تیرمە گەل و بەرژەوەندییەکانی کردە بناغەی دامەزراندنی خۆی و لەو پێناوەشدا دەستی بە دامەزراندنی هێزی بەرگری  و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوبەری کرد.

ئەگەرچی هەتا ساڵی ٢٠١٥ شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستاندا تەنها بە دەڤەرە کوردنشینەکانەوە سنووردار ببوو، بەڵام لەسەر پێداگریی ڕێبەر ئۆجالان شۆرش تەنها بە رۆژئاوای کوردستانەوە سنووردار نەما و بە هەڵمەتی شەهید ڕووبار قامشلۆ لە چیای قەزوان دەست بە ڕزگارکردنی هەرێمە عەرەب نشینەکانی هۆل، شەداد و باشووری حەسەکە کرا و لەوێشەوە لێشاوی ئەو هەڵمەتە تەبقا، ڕەقا، منبج و هەرە دوایی دێرەزووڕیشی گرتەوە و بە خێرا دوابەدوای ڕزگارکردنی هەرێمەکان گەلانی ئەو دەڤەرانە پێشوازییەکی بێوێنەیان لە سیستەمی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیک کرد و بەو پێیەش جیهانبینی نەتەوەی دیموکراتیک باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای گرتەوە و ڕیشەی خۆی لە ناو دڵی گەلانی کورد، عەرەب، سوریان، ئاشوور، ئەرمەن، تورکمان و چەرکەزەکاندا داکوتا.

دوا بە دوای بەشداری سەرجەم گەلانی هەرێمەکە لە ناو ئەو سیستەمەدا بوو کە شۆڕشی ١٩ی تیرمە توانی بەسەر سەرجەم کۆسپ و لەمپەرەکان و سەرجەم دوژمنانیدا سەربکەوێت و بناغەکانی خۆی پتەوبکات، واتە لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوویدا سەرکەوتنی جیهانبینی نەتەوەی دیموکراتیک بوو بەسەر جیهانبینی دەوڵەت-نەتەوەی سەرمایەداری جیهانی بوو کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و وەکاڵەتی لە جۆگرافیای سوریا لە ناو شەڕدا بوون، ئەگەرچی دەوڵەتی فاشیستی تورک بە نوێنەرایەتی لە ناتۆ و سەرمایەداری جیهانی ئەم سەرکەوتنانەی پێ هەزم نەکرا و هێرشی ڕۆژئاوای کرد و عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی داگیرکرد بەڵام ئەوەی ڕوویداوە لە ڕاستیشدا شکست بووە بۆ دەوڵەتی تورک چونکە پێشوازی گەرمی گەلانی سووریا لە سیستەمی خۆبەڕێوبەری و سەرکەوتنی سیستەمی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیک و بەهێزتربوونی پێگەی سیاسی و جەماوەری ئەم سیستەمە لە ئاستی هەرێمەکە و جیهاندا، دۆڕانی جیهانبینی سەرمایەداری جیهانی بووە وهیچیتر.

دۆخی ئێستای ئێران و هاوشێوەی ساڵی ٢٠١١ واتە ساتەوەختی دەستپێکردنی ڕاپەڕین و ئاڵۆزییەکانە لە سووریا، گەلانی سووریا هەموویان پێکەوە دژی ڕژیمی بەعسی سووری خۆپێشاندانیان کرد و بەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی ڕژیم دەستیان بە بەرخۆدان و شەڕ کرد، بەڵام ئەگەرچی لە شوێنەکای دیکەی سووریا، ڕەوتی ئیخوان ئەلموسلەمین بە هۆی بەهێز بوونی پێگەی پشتیوانی دەرەکی وەکوو وڵاتانی سعوودیا، تورکیا، قەتەر و ئەمریکا توانیان دەست بەسەر شۆرشی گەلدا بگرن و بیخەنە کۆنترۆڵی خۆیانەوە، ئەمەش وایکرد کە شۆڕشی گەل و ئامانجەکانی ڕاپەڕینی گەلان لە سەر هێڵی ڕاستەقینەی خۆی بە لاڕێدا ببرێت و لە شوێنەکانی دیکەی سووریا بە پێچەوانەی هەرێمەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆبەڕێبەری دیموکراتیک ئەو شەڕەی کە دەکرا ببووە شەڕێک کە لە دژی گەلانی هەرێمەکە شکایەوە و کەوتە خزمەتی ئەو دەوڵەت و هێزانەی کە ئەجینداکانیان لە ناو کایەی ڕاستەوخۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا ڕۆڵیان دەگێڕا. ئەوەی شۆڕشی ١٩ی تیرمەی لە ترازان لەسەر هێڵی ڕاستەقینەی خۆی پاراست، گرتنەبەری هێڵی سێیەم بوو کە سەرجەم گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر ئەم هێڵە توانیان ئایندەی خۆیان بە ئەو ئاراستەیەی کە ئەمڕۆکە دەبینرێت گەرەنتی بکەن.بە لە بەرچاوگرتنی ئەمانە و هێنانە پاڵ یەک لەگەڵ دۆخی هەنووکەی ئێراندا ئەم لێکچواندنانە لەگەڵ ڕاستینەی دۆخی ئێران زۆر نزیک بە یەکن.

ئێستاکە دۆخی ئێران هەروەهاکە باسمان کرد هاوشێوەی دۆخی ٢٠١١ی سووریایە، شکستی یەک لە دوای یەکی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران وای کردووە کە ئاستی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران بگەێتە لووتکە و وەکوو بۆمبێکی لێهاتووە کە لە لێواری تەقینەوەی یەکجاریدایە، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا زۆربەی وڵاتان و هێزە بیانییەکان هاوشێوەی سووریا دەستیان تێوەرداوەتە ناو دۆخی ئێران و بە لێڵکردنی ئاوەکەی لەهەوڵی گرتنی ماسی خۆیاندان، بەڵام ئەوەی دەتوانێت چارەنووسی گەلانی ئێران بە ئاقاری بەرژەوەندی و ئامانجەکانیاندا ببات تەنها و تەنها گرتنەبەری هێڵی سێیەمە هاوشێوەی ئەوەی شۆڕشی ١٩ی تیرمە لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێنایە دی، لە ئەگەرێکی پێچەوانەی ئەمەدا گرتنەبەری هەر جۆرە ڕێکارێکی دیکە و پشتبەستن بە هەر جۆرە هێزێکی دیکە جگە لە هێزی گەل ئەوا بە مەترسیەوە چارەنووسی حەلەب، ئیدلب، حومس و حەما لە شۆێنەکانی دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دووبارە بکاتەوە. جیهانبینی نەتەوەی دیموکراتیک واتە بە دەست لە ناودەستخستنی گەلانی ئێران و دامەزراندنی سیستەمێک کە لەسەر بناغەی دیموکراسی و ئازادی ژن و ژینگەپارێزی خۆی بونیاد نابێت هاوشێوەی ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژئاوا تەنها ڕێگای دەربازبوونی ئێرانە لەم قەیرانەی کە تێی چەقیوە.

سەرچاوە: گۆڤاری ژیلەمۆ ژمارە٢٢